ڕۆڵی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پەڕگە:Ksu logo2.jpg
لۆگۆی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان

ڕۆڵی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یەکێکە لە ناسراوترین چەمکەکان کە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بەر گوێمان دەکەوێت، ھەردەم بەگرنگییەوە باسی لێوە دەکرێت و چاوی تێدەکرێت.

ساڵی ١٩٩١، ساڵی ھات بوو بۆ گەلی کورد و کوردستانیانی بەشی باشوور. ساڵی وەدەستھێنانی گەورەترین دەستکەوت بوو. جاڕدانی گەورەترین بەڵێی ئازادیی بوو. مەزنترین -نا- بوو، بەڕووی داگیرکەردا. لەو ساڵەدا، گەلی کورد لە بەشی باشوور، یەکدەست و یەکھێز و یەک ئارمانج بەرامبەر بە بەعسی فاشیست و داگیرکەر ھاتەدەست و لە نیشتمان وەدەرینا.

ڕاپەڕین مەزنترین دەستکەوتی نەتەوەیی بوو، بۆ ئەو قۆناغە، کە تێیدا کورد توانی لە سێبەریدا خۆبەڕێوەبەریی و سەرخۆبوون بەدەستبێنێ. لە ٥ی ئازاری ١٩٩١، ڕاپەڕین دژ بە حکوومەتی عێراقی و بەعسی داگیرکەر و فاشیست لە شاری ڕانیە دەستی پێکرد و لە ٢١ی ئازار، بە ڕاپەڕینی شاری کەرکووک کۆتاییی پێھات. ڕۆژمێری ڕاپەڕین

  • -٥ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی شاری ڕانیە
  • -٦ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی (بازیان، چوارقوڕنە و دەشتی پشدەر)
  • -٧ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی شاری سلێمانی
  • -٨ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی (چەمچەماڵ، ھەڵەبجە، عەربەت، زەڕایەن، سمود، نەسر و پیرەمەگرون)
  • -٩ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی (کۆیە، شەقڵاوە و کفری)
  • -١٠ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی (مەسیف، ھەریر، باتاس، خەلیفان، ڕەواندز، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسۆر، ئاغجەلەر، قەرەھەنجیر و تەقتەق)
  • -١١ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی شاری ھەولێر
  • -١٢ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی (مەخموور، جەلەولا، خانەقین، ئاکرێ و شێخان)
  • -١٣ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی (زاخۆ، پردێ، کۆڵەجۆ و جەبارە)
  • -١٤ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی شاری دھۆک
  • -٢١ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینی شاری کەرکووک.

ڕۆڵی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان لە ڕاپەڕیندا[دەستکاری]

لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩١ یەکێتییەکەمان وێڕای لایەن و ڕێکخراوەکانی تر، مەزەندەی تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوەری کرد دژی دام و دەزگا داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەرەکانی ڕژێم و بە دەرھاویشتەیەکی بەجێی سەرجەم بارو دۆخەکەی دادەنا. ھەر بۆیە لیژنەی ڕاپەڕاندنی (یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان) سێیەم کۆبوونەوەی سازدا بۆ لێکۆڵینەوە لە بارو دۆخەکە و خوێندنەوەی واقیعەکە و ئەگەری ڕووداو و گۆڕانکاری و داڕشتنی بەرنامە و پلان بۆ ھەر ڕووداو و گۆڕانکارییەک کە لە بارو دۆخەکە ڕوو بدەن و نەخشەی ھاتنەوە ناو وڵات و لە کاتی پێویستیش بۆ ناو شارەکانیش. ١

بۆ ئەو مەبەستە لە کۆبوونەوە لیژنەی ڕاپەڕاندندا، میحوەر بۆ کاری ھەڤاڵانی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکرات دادەنرێت، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ناوی نھێنیی بۆ کاتی پێوەندیکردن، بەم شێوەیەی خوارەوە:

ھەڤاڵان (ڕێبوار یەڵدا) بەناوی نھێنی (کۆڕەک) و (ڕەفعەت سەعید) بەناوی نھێنی (ئاوارە) و (کوردستان پیرداود) بەناوی نھێنیی (شیراز) لە مەرکەز دەمێننەوە، کە ناوی نھێنیی ناوەند (١٠٠) بووە.

میحوەرەکانیش بەم شێوەیە دابەشکرابوون:

  1. میحوەری ھەولێر، بەناوی نھێنیی (٢٤٢ە)، بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ (عەبدوڵا خەلیل/ کێوەڕەش) و (عادل عەلی/ ھەورامان).
  2. میحوەری سلێمانی، بەناوی نھێنیی (٤٤٤س) و بەسەرپەرشتی ھەڤاڵان (حاجی عەبدوڕەحمان/ ژیاون) و (فریاد شەفیع/ جووتیار).
  3. میحوەری دھۆک، بەناوی نھێنیی (١٧١ د) بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ (ئیحسان عەبدوڵا/ مەتین).
  4. میحوەری کەرکووک، بەناوی نھێنیی (٣٧٣ک)، بەسەرپەرشتی ھەڤاڵان (ئیبراھیم مستەفا/ خاڵحاڵان) و (دژوار فائق/دیلمان). ٢

دوای ئەوەی بڵێسەی ڕاپەڕین سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەگرێتەوە و پێشمەرگە و جەماوەر یەکدەست دێنە مەیدان، ھەڤاڵانی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان ھاوشان لەگەڵ پێشمەرگە بەھانای خەڵکی ڕاپەڕیو دەھاتن. یەکێتییەکە ھەر لەگەڵ گەیشتنیان بە شار و شارۆچکەکان وەخۆ دەرکەوتن لە ڕێکخستنی قوتابیان و لاوان و بڵاوکردنەوەی ئارک و دروشم و چاپەمەنییەکان و دانانی بارەگای سکرتارییەت و گواستنەوەی بۆ قووڵایی کوردستان.

دەتوانین ڕۆڵی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە ڕاپەڕینی ئازادی کوردستاندا لەچەند خاڵێکدا پوخت بکەینەوە:

  • بەشداریکردنی یەکێتییەکە وەکوو توێژی قوتابییان و لاوان و ھەمەڕەنگتربوونی ڕاپەڕینەکە.
  • بەپیل وەچوونی جەماوەریی ڕاپەڕیو ھاوشانی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە.
  • کارکردنی بە بەرنامە لەڕێگەی ھەر چوار میحوەرەکەی یەکێتییەکە، بۆ ھاندان و پاڵپشتی جەماوەریی ڕاپەڕیو.
  • ھاتنەوە ناوەوەی وڵات و شار و قووڵایی شارە ئازادکراوەکان و پێداگری و دانانی بارەگا.

یەکەم بارەگای مەکتەبی سکرتارییەت

لەگەڵ ڕاپەڕین و وەدەرنانی حکوومەتی عێراقی داگیرکەر، بۆ یەکەم جار بارەگای مەکتەبی سکرتارییەت، لە ھاوینەھەواری پیرمام دانرا و ھەر لەگەڵ دانانی یەکەم پێشەنگەی پۆستەر و نیگارکێشانی کردەوە.

دوای ئازادکردنی شاری کەرکووکیش لە ٢١ی ئازاری ١٩٩١ بارەگای مەکتەبی سکرتارییەت گوێزرایەوە شاری ھەولێر و تا ئێستاش ماوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

- ڕۆڵی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، نووسینی: پێشەوا ئیبراھیم، گۆڤاری خەباتی قوتاب