بۆ ناوەڕۆک بازبدە

چیرۆکی شاری قەدەغەکراو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

چیرۆکی شاری قەدەغەکراو بەرهەمی کامیل ئەحمەدی، مرۆڤناس و توێژەری کۆمەڵایەتییە کە ساڵی 2019 لە لایەن وەشانخانەی مێهری لەندنەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم بەرهەمە لە ڕاستیدا ئەنجامی توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدییه لە ساڵەکانی 2017 و 2018ەدا کە بابەتی تێڕوانین و ڕوانگەی کۆمەڵگای هاوڕەگەزبازان و ناهاوسانانی یان کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی ئێرانی بەرامبەر بە تێڕوانینی خەڵکی گشتی بەرامبەر بەو تاقمە و پرس و گرفتەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەگرێتەوە و بە سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و فارسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. [١] [٢] [٣][٤]

چییەتی بابەت و شێوازی لێکۆڵینەوە

[دەستکاری]

توێژینەوەی چیرۆکی شاری قەدەغەکراو کە بە ئامانجی کۆڵینەوەی بارودۆخی شارومەندانی هاوڕەگەزخواز لە ئێران ئەنجام دراوە، وەکوو درێژەی توێژینەوەکانی ناوبراوە لەسەر بابەتی ڕەگەزێتی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان کە لە درێژەی چەندین ساڵدا شوێنگری کردووە. توێژینەوەی چیرۆکی شاری قەدەغەکراو بەرهەمی چالاکییەکانی توێژەر و هاوکارانیەتی کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا و 2017 و 2018 لە سێ گەورەشاری تاران، ئەسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوە.

توێژینەوەی چیرۆکی شاری قەدەغەکراو بریتییە لە وتووێژی چڕوپڕ لەگەڵ زیاتر لە سێسەد کەس لە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەکانی ئێران کە سەتا 60یان پیاو و سەتا 40یان ژنن. پرس و گرفتەکانی ئەوڕۆ و سەردەمی نوێ لەسەر پێوەندییە ڕەگەزییەکان و چۆنێتی ئەم دانوستانانە لە ئێران تاوتوێ کراوە و لە هەمان کاتیشدا، چوارچێوەی تیۆریک و شێوازی زانستی خراوەتە بەردەستی خوێنەران، زانکۆکان، بنکە توێژینەوەییەکان، چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاران تا بەستێن و بنەمای زیاتر بۆ تاوتوێکردن و کۆڵینەوەی پرس و گرفتی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە دابین بکەن.

ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە ڕوونکردنەوە و ناسینی هەست و بیر و باوەڕەکانی پەلکەزێڕینەکانە بە یارمەتی شرۆڤە و شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لە ڕوانگەی خۆیانەوە، و هەروەها گەیشتن بەو کێشە و گرفتانەی کە ئەزموونی دەکەن و بە گێڕانەوەی سەرپەرشتی توێژینەوەکە چونکە لە کۆمەڵگایەکی ئایینی، چین‌تەوەر، پیاوسالار/پیاوتەوەردا دەژین -کە پەلکەزێڕینەکان ڕەت دەکەنەوە- گرفت و پرسی تایبەتی خۆیان هەیە. کامیل ئەحمەدی و هاوکارانی، بەرگەزندبوونی ئەم گرووپە کۆمەڵایەتییە سەرکوتکراو و بێدەنگراوە وەک بزوێنەر و هاندەرێک دەبینن کە بۆ ڕوونکردنەوەی هەلومەرجی ئەم کەسانە هەنگاوێکیان هەڵێناوە و بە بڕوای توێژەران ئەم تاقمە بە ئەنقەست لە لایەن کۆمەڵگاوە پشتگوێ خراون و خراونەتە پەراوێزەوە.

کتێبی چیرۆکی شاری قەدەغەکرا بۆ شرۆڤەکردنی داتا و زانیارییەکان کەڵکی وەرگرتووە لە ڕوانگە دیاردەناسانەکان، ڕوانگە هێرمێنۆتیکەکان و شرۆڤەگەرایی. یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە کە تەرکیزی لەسەر تاقمی (LGB) بووە و ترانسجێندەرەکانی تاوتوێ نەکردووە کە خاوەنی تایبەتمەندییەکانی هەر دوو ڕەگەزی پیاوانە و ژنانە و یان هەردووکیان پێکەوەن. [٥] [٦]

دەستبەسەرکردنی نووسەر و دادگاییکران

[دەستکاری]

ئەم توێژینەوە لە ئێراندا و بەپێی پێکهاتەی دەزگای دادوەری و یاسای ئێران کە لەسەر شەریعەتی ئیسلامی دامەزراون مۆڵەتی چاپی پێ نەدرا. لەئێراندا هەموو چەشنە پێوەندییەکی سێکسی بەدەر لە پێوەندیی هاوسەرگیری نێوان ژن و پیاو وەک تاوان دەبینێ و ئەو کەسانەش کە بڕوایان بە جۆرەکانی دیکەی پێوەندیی سێکسی هەیە و بەتایبەت هاوڕەگەزخوازان دەکەونە ژێر چاوەدێری پۆلیس و دەزگای دادوەری و بۆ جاری یەکەم لە دەرەوەی ئێران و لە لایەن وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا.

ساڵی 2019 میدیاکانی ناوخۆ و دەرەوە ڕایانگەیاند کە کامیل ئەحمەدی لە لایەن دەزگای زانیاری و بنکە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ساڵی دواتر دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی کامیل ئەحمەدی کرایەوە، ناوبراو تاوانی جۆراوجۆری خرابووە پاڵ و یەک لە تاوانەکانیش ئەم توێژینەوە بوو کە تاوانی "پاڵپشتی و پەرەپێدانی هاوڕەگەزخوازی" زیاد کرابووە سەر دۆسیەکەی لە دادگا و لە ئەنجامدا حوکمی 9 ساڵ بەندیخانەی بۆ بڕایەوە. ئەو کاتەی کە ئەحمەدی لە بەندیخانەدا بوو و لەلایەن دەزگای زانیاری و ئیتلاعاتی ئێرانەوە لێپێچینەوەی لێدەکرا ئەم توێژینەوە لە لەندەن و لەلایەن وەشانخانەی مێهرییەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. [٧] [٨] [٩] [١٠]

چاپی دووبارەی ئەم توێژینەوە

[دەستکاری]

کتێبی چیرۆکی شاری قەدەغەکراو سەرەتا بە زمانی فارسی و پاشان بە زمانی ئینگلیزی لە لایەن وەشانخانەی مێهرییەوە لە لەندەن چاپ کرا. ساڵی 2022 و 2023یش وەشانی دەنگی و ئەلکترۆنیک (ئی بوک) بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی، ئینگلیزی لە لایەن وەشانخانەی سەرهێڵی ئاوای بووف و Lambert Academic Publishing و وەشانی کوردیشی لە لایەن وەشانخانەی دانیشفەڕ لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «چیرۆکی شاری قەدەغە کراو توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به ناهاوسانان له ئێران».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  2. «The Narrative of Lesbian Gays and Bisexual in Iran and the Chronic Closet» (PDF). لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٧ی ئازاری ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  3. «چیرۆکی شاری قەدەغەکراو» (PDF). لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  4. «دگرباشان ایران شهروندانی بی‌حقوق! تحلیلی بر قوانین موجود و راهکارهای حقوقی برای دگرباشان در ایران».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  5. «The Narrative of Lesbian Gays and Bisexual in Iran and the Chronic Closet» (PDF). لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٧ی ئازاری ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  6. «دگرباشان ایران شهروندانی بی‌حقوق! تحلیلی بر قوانین موجود و راهکارهای حقوقی برای دگرباشان در ایران».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  7. «دادگاه انقلاب کامیل احمدی را به ۹ سال زندان محکوم کرد».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  8. «محکومیت کامیل احمدی، پژوهش‌گر ایرانی بریتانیایی به ۸ سال زندان».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  9. «کامیل احمدی، مردم‌شناس ایرانی-بریتانیایی به «۹ سال حبس» محکوم شد».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  10. «کامیل احمدی پژوهشگر مسائل اجتماعی، در ایران به '۹ سال حبس' محکوم شد».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)