چیرۆکی حوسێن کوردی شەبستەری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

چیرۆکی حوسێن کوردی شەبستەری، چیرۆکێکی فۆلکلۆر بە زمانی فارسییە کە نووسەرەکەی نەزانراوەتەوە. ئەم چیرۆکە سەبارەت بە پاڵەوانەکانە و باس لە شەڕەکانێکی ئەفساناوی لەنێوان پاڵەوانانی سەفەوی، عوسمانی، ھندی و ئوزبەک دەکات.[١] بە بڕوای ئۆلریش مارزۆلف ئەم چیرۆکە بە سەردەمی قاجارەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام مێھران ئەفشاری پێی وایە بەھۆی ئەوە کە دەستەواژەکانی تایبەتی کۆمەڵایەتی و بەریوەبەرایەتیی سەردەمی سەفەوییەکان لەم چیرۆکە بە کار ھینراوە، دەبێت بگەڕیتەوە بە سەردەمی سەفەوییەکان و زۆر کۆنتر لەوە بێت.

چیرۆک[دەستکاری]

چیرۆکی حوسێنی کوردی شەبستەری لە سەردەمی سەفەوییەکان ڕوودەدات. کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکەکە پاڵەوانێکە بە ناوی حوسێنی کورد. حوسێنی کورد شاگردی پاڵەوان مەسیح توکمەبەندی تەورێزییە کە لە پاڵەوانەکانی بارەگای شا عەباسی سەفەوییە. حوسێنی کورد بەھۆی ناڕەزاییی ھاوسەری مەسیحی توکمەبەند، لە تەورێز دەردەچێت و لە شاری ئەسفەھانی پێتەخت دەبێت بە یەکێک لە پاڵەوانەکانی بارەگای شا عەباس. حوسێنی کورد باجی ھەوت ساڵەی ئێران لە پاشای ھند دەگرێت و بۆ شاعەباس دەھینێت و بەم ھۆکارە شاعەباس خەڵاتێکی یەکجار زۆری پێشکەشی دەکات و دەبێت بە یەکێک لە نزیکانی شا عەباسی سەفەوی. لە بارەگای شاعەباس پاڵەوانەکانێکی زۆر لەژێر سەرپەرشتیی سەید میرباقر ئاجورکەر لە خزمەتی شا عەباسدان و لە شەڕەکانی ئێرانی سەفەوی لەگەڵ عوسمانییەکان و ئوزبەکەکان بۆ بەرژەوەندیی سەفەوییەکان شەڕ دەکەن. جێگای حوسێنی کورد لە نێوان پاڵەوانەکانی بارەگای شاعەباس وەکوو جێگای ڕوستەم لە نێو پاڵەوانەکانی شانامەدایە.

چیرۆکی حوسێن کوردی شەبستەری بۆ ساڵانێکی زۆر لەنێوان قاوەخانەکان و شەقامەکانی شارەکانی ئێران خوێندراوەتەوە و بە دڵی خەڵک بووە. لەم چیرۆکەدا ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵایەتی، چاندی و زمانیی کۆمەڵگای سەردەمی سەفەوییەکان کراوە و سەرچەمێکی باش بۆ ناسینی چاندی ئەو سەردەمە بە ئەژمار دێت.[١][٢]



لە سینەما[دەستکاری]

ئیسماعیل کۆشان لە ساڵی ١٩٦٦ فیلمێکی سینەمایی بە ناوی حوسێنی کورد لەسەر ئەم چیرۆکە بەرھەم ھیناوە. لەم فیلمە حوسێن کوردی شەبستەری بۆ مەسیح خان شوانی دەکات و کچی خان بە ناوی فەریناز لە دەستی دزدەکان ڕزگار دەکات و بەدوای ڕووداوەکانی پاڵەوانی لەلایەن شا عەباس دەبێت بە دارۆغەی ئەسفەھانی پێتەخت و لە ئاکامیش لەگەڵ فەریناز ھاوسەرگیری دەکات.[٣]

لە چاندی گشتی[دەستکاری]

حوسێن کوردی شەبستەری چیرۆکێکی درێژە و لە زمانی فارسی بە کینایە بە کەسانێک کە زۆر قسە دەکەن دەڵێن چیرۆکی حوسێنی کوردی شەبستەری دەخوێنێتەوە، یان سەبارەت بە ڕووداو و باسەکانی درێژخایەن دەڵێن بە چیرۆکی حوسێن کوردی شەبستەری دەمێنێت.

کتێب[دەستکاری]

چیرۆکی حوسێن کوردی شەبستەری زۆر جار لە ئێران چاپ و بڵاو کراوەتەوە. چڕوپڕترین چاپی ئەم چیرۆکە لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن ئیرەج ئەفشار و مێھران ئەفشاری لە ٥١٦ پەڕە لە تاران چاپ کراوە.[٤] ئەم چیرۆکە ھەروەھا بە شێوەی دەنگ بڵاو کراوەتەوە.

حوسێنی کوردی شەبستەری تا بە ئێستاکە بە زمانی کوردی وەرنەگێڕاوەتەوە.

لێکۆڵێنەوە[دەستکاری]

ئۆلریش مارزۆلف لەسەر چیرۆکی حوسێنی کوردی شەبستەری سەرنجی ڕاکیشاوە. ھەروەھا ئیرج ئەفشار و مێھران ئەفشاری لەسەر کتێبەکەی خوەیان پێشەکییەکی پسپۆڕانەیان نووسیوە. یەکەمین وتارەکان سەبارەت بە ئەم چیرۆکە لەلایەن زەھرا دێھقان دێھنەوی و یەدوڵڵا جەلالی پندەری لە گۆڤاری ئەدەبپەژووھی نووسراوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا کلیات حسین کرد شبستری، با تصحیح کامل، بە کوشش: سعید قانعی، تھران: دنیای کتاب، ۱۳۷۷ خورشیدی.
  2. ^ قصە حسین کرد شبستری، بە کوشش ایرج افشار و مھران افشاری، تھران: نشر چشمە، ۱۳۸۵، مقدمە کتاب.
  3. ^ بانکی چڕوپڕی زانیارییەکانی سینەمای ئێران: حوسێنی کورد (فارسی)؛ سەردان لە ۱١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.
  4. ^ کتاب نیوز: چیرۆکی حوسێن کوردی شەبستەری زیندوو کرایەوە (فارسی)، نووسراو لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦؛ سەردان لە ۱١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.