پەپوولە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پەپوولە

پەپوولە، پەپریک، پەرپریک، پرپرۆک یان فەریفۆریا (بە ئینگلیزی: Butterfly) جۆرێکە لە مێروو. چەندین جۆری هەیە، هەریەک لەم جۆرانە خاوەن تایبەتمەندیی جیاوازن. پەپوولە هەراشەکان باڵی گەورەیان هەیە کە زۆرجار ڕەنگاوڕەنگن. فۆسیڵەکانی پەپوولە تەمەنیان دەگاتە ٥٦ ملیۆن ساڵ.

پەپوولە وەک مێرووەکانی دیکە، سووڕی ژیانی لە چوار قۆناغ پێکدێت. پەپولە هەراشە باڵدارەکان هێلکە لەسەر ئەو ڕووەکانە دادەنێن کە لێیاندەخۆن، کە دواتر دەبنە خۆراکی کرمۆکەکانیشیان. کرمۆکەکان گەشە دەکەن، هەندێک جار زۆر بە خێرایی، و کاتێک تەواو پەرەیان سەند، قۆزاخە درووست دەکەن. دواتر قۆزاخەکە دوو لەت دەبێ و مێرووە هەراشەکەی لەناو دێتە دەر. وە دوای ئەوەی باڵەکانی تەواو کرانەوە و وشکبوونەوە، دەست بە فڕین دەکات. هەندێک لە پەپوولەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە گەرمەسێر دەژین، چەند جارێک وەچە دەخەنەوە لە ساڵێک، بەڵام ئەوانەی دیکە تەنیا یەکجار وەچەدەخەنەوە. وە هەندێک جۆر لە پەپوولە لەوانەیە چەند سەڵێکیان پی بچێت بۆ ئەوەی سووڕی ژیانیان تەواو بکەن.

پەپوولە چەندین ڕێگا بۆ خۆلادان لە دڕندەکانی بەکاردەهێنێت، لەوانە: نیشاندانی ڕەنگی مەترسیدار، بەکارهێنانی دەوروبەر بۆ خۆشاردنەوە و لاساییکردنەوەی گیاندارە ژەهراوەییەکان. هەندێک جۆریان کۆچ دەکەن و ماوەی زۆر دوور دەبڕن. پەپوولەکان یەکێکن لە نێچیرەکانی بێبڕبڕەکان. هەندێک جۆری پەپوولە لەکاتی قۆناغی کرمۆکەییدا زیان بە دەغڵ ودان و دارەکان دەگەیەنن، هەندێکی دیکە ھەڵاڵەی ڕووەک دەگوازنەوە، کرمۆکەی هەندێک پەپوولەش مێرووی زیان بەخش دەخۆن.

وەسفی گشتی[دەستکاری]

پەپوولە هەراشەکان چوار باڵیان هەیە، باڵەکانیان بە پوولەکەی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراون. وە وەک هەر مێروویێکی دیکە، لاشەی پەپوولە دابەش بووەتە سەر سێ بەش: سەر، سینگ، ورگ. سینگ لە سێ بەش پێکهاتووە، هەر یەکەی جووتێک لاقی پێوەیە. زۆربەی پەپوولەکان لە ڕۆژدا چالاکن، وە تاڕادەیەک ڕەنگی ڕووناکیان هەیە و لەکاتی وەستاندا باڵەکانیان بە ئەستوونی لەسەرووی لاشەیان ڕادەگرن.[١][٢]

شوێنی ژیان و کۆچکردن[دەستکاری]

ڕێڕەوەی کۆچکردنی پەپوولەی شاهانە.

پەپوولە لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە جگە لە کیشوەری بەستەڵەکی باشوور. پەپوولە نزیکەی ١٨٫٥٠٠ چەشنی هەیە لە جیهان.[٣] زۆر لە پەپوولەکان وەک: پەپوولەی شاهانە، بۆ ماوەدایەکی زۆر دوور کۆچ دەکەن. کۆچکردنەکە چەند نەوەیەکی پێدەچێت تا تەواو دەبێت، و هیچ نەوەیێک تەواوی گەشتەکە نابینێت. لە زستانان پەپوولەی شاهانە لە ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوورەوە هەزاران کیلۆمەتر دەبڕن بەرەوە باشووری ڕۆژهەڵات تا دەگەنە شوێنی زستانەیان لە مەکسیک. وە لە بەهاران دەگەڕێنەوە بۆ هەمان شوێنی خۆیان.[٤][٥] هەندێک جۆری پەپوولە بە شەش وەچە ٩٫٠٠٠ میل (١٤٫٤٤٨ کم) دەبڕن.[٦]

سووڕی ژیان[دەستکاری]

پەپوولە لە قۆناغی هەراشیدا، تەمەنی هەفتەیەک تا یەک ساڵ دەبێت، بە پێی جۆرەکەی. هەندێک جۆر ماوەیەکی درێژ لە قۆناغی کرمۆکەدا دەمێننەوە، هەندێکی دیکە تا زستان تەواو دەبێت لە ناو قۆزاخە یان هێلکەکانیان سڕ دەبن.[٧] پەپوولە دەتوانێ یەک جار یان زۆرتر لە یەکجار هێلکە دابنێ لە ساڵێکدا.[٨]

پەپوولە لە ئاسماندا هەوڵی ڕازی کردنی ڕەگەزی بەرانبەر دەدات، ئەویش بەهۆی ڕەنگییەوە. دواتر لەسەر زەوی یان درەختێک دەنیشنەوە بۆ ئەوەی جووتبن.[١] جووتبوون چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت.

زۆربەی جۆرەکانی پەپوولە سووڕی ژیانیان لە چوار قۆناغ پێکهاتووە: گەرا (هێلکە)، کرمۆکە، پیوپا (قۆزاخە)، پەپوولەی هەراش. هەندێک جۆری پەپوولە کاتێک مێینەیەک هەراش دەمرێت، کرمۆکەیەکی نیمچە گەشەسەندوو دێتە دەرەوە لە لاشەی.[٩]

گەرا (هێلکە)ی پەپوولە.

گەرا[دەستکاری]

کۆریۆن، کە چێنێکی ڕەقە، گەرای پەپوولە دەپارێزێت. وە هەروەها بە چینێکی تەنکی چەوریش داپۆشراوە کە ڕێگری دەکات لە وشکبوونەوەی هێلکەکە پێش ئەوەی کرمۆکەکە بەتەواوی گەشە بکات. هەریەک لە هێلکەکان دەرچەیەکی بچووکیان هەیە، ئامانجی ئەو دەرچانە ئەوەیە کە سپێرم بتوانێ بچێتە ناو هێلکەکان و هێلکەکە بپیتێنێت. هێلکەی جۆرێکی پەپوولە زۆر جیاوازە لە جۆرێکی دیکە، لە قەبارە و شێوە. هەندێک چەشن یەک یەک هێلکە دادەنێن، ئەوانەی دیکە بە کۆمەڵ. زۆر لە مێینەکان نزیکەی سەد بۆ دەسەد هێلکە بەرهەم دێنن.[٩]

گەرای پەپوولە بە گەڵایەکەوە نووسێندراون بە بەکارهێنانی چەسپێکی تایبەتی کە زۆر زوو ڕەق دەبێت. کە چەسپەکە ڕەق دەبێت، گرژدەبێت و دەچێتەوەیەک، بەمەش پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر گەراکان و شێوەیان دەگۆڕێت.[١٠] ئەو چەسپە بە ئاسانی لە دەورووبەری بنکەی هێلکەکان دەبینرێت. هەندێک جۆری پەپوولە گەراکانیان بە گەڵاکانەوە قایم ناکەن، بەمەش هێلکەکان دەکەونە خوارەوە بۆ بنکەی ڕووەکەکە.[١١]

کرمۆکەی پەپوولە.
قۆزاخەی پەپوولەی شاهانە.

زۆربەی هەرەزۆری پەپوولەکان گەراکانیان لەسەر ڕووەک دادەنێن. هەر چەشنەی جۆرە ڕووەکێک بەکاردەهێنێت بۆ دانانی گەراکانی لەسەری، هەندێک چەشن تەنیا یەک جۆر ڕووەک بە شیاو دەزانێت، بەڵام هەندێک دیکە چەند گەراکانیان لەسەر چەند جۆرێک ڕووەک دادەنێن. [٩]

تروکانی گەراکان لە زۆربەی چەشنەکانی پەپوولە چەند هەفتەیەکی کەمی پێدەچێت، بەڵام لەو کاتانەی کە هێلکەکان زستانیان بەسەردادێت، هێلەکەکان سڕ دەبن و تا بەهار نێت، ناتروکێن.[١٢] هەندێک جۆر پەپوولەش، لە بەهاران هێلکە دادەنێن و لە هاوینان دەتروکێن.[١٣]

کرمۆکە[دەستکاری]

کرمۆکەی پەپوولە لەسەر خواردنی گەڵای ڕووەکەکان دەژیێ، زۆربەی کاتەکانی خۆی بە گەڕان بەدوای خواردن و خواردنی بەسەر دەبات. زۆربەی کرمۆکەکان گیاخۆرن، بەڵام هەندێک چەشنیان مێرووی دیکە[١٤] و کرمۆکەی مێروولە دەخۆن.[١٥] کرمۆکەی پەپوولە پەیوەندی بەرژەوەندی هاوبەشی هەیە لەگەڵ مێروولە، مێروولەکان کرمۆکەکان دەپارێزن. وە لەبەرەمانبەریشدا، کرمۆکەکان دوای خواردنی گەڵا، جۆرە شلەیەکی شیرین دەردەکەن کە سەرچاوەیەکی خواردنی باشە بۆ مێروولەکان. هەندێک جۆری کرمۆکە فێڵ لە مێروولەکان دەکەن و وایان لێدەکەن کە بیانبەنەوە ناو شارەکەی خۆیان. کە مێروولەکان کرمۆکەکیان بردەوە ناو شارەکەیان، لەوێدا کرمۆکەکە دەست بە خواردنی کرمۆکە و گەرای مێروولەکان دەکات.[١٦]

کرمۆکە چەند چاوێکی سادەیان هەیە، دەمیشی زۆر شیاوە بۆ بۆ جوین بەهۆی شەویلگە بەهێزەکانی. وە سێ جووت لاقی ڕاستەقینەی هەیە لە ژێر سینگیدا، و لە ژێر ورگیشی شەش جووت پارچەی گۆشتنی لە شێوەی لاق هەن، کەچەند بازنەیەکی قولاپی بچووکیان پێوەیە و یارمەتی کرمۆکەکە دەدەن بۆ ئەوەی بەباشی خۆیان بە گەڵاکانەوە قایم بکەن.[١٧]

قۆزاخە (پیوپا)[دەستکاری]

کاتێک کرمۆکە بە تەواوی گەشە دەکات، هەندێک هۆڕمۆن بەرهەمدێن. لەو کاتەدا کرمۆکەکە واز لە خواردن دێنێت و بەدوای شوێنێکی شیاو بۆ قۆزاخەکەی دەگەڕێت. زۆرجار لە شوێنێکی شاراوە وەک: ژێر گەڵایەک، قۆزاخەکەی درووست دەکات. هەندێک جۆری پەپوولە بەرگێکی ڕەق لەدەوری قۆزاخەکە درووست دەکەن بۆ پارێزگاری لێی. لەناو قۆزاخەدا، زۆبەی خانەکانەو شانەکانی کرمۆکەکە تێکدەشکێندرێن و دەبنە کەرەستەی خاو بۆ دووبارە درووستبوونەوەی پەپوولەکە. پێکهاتەی مێرووەکە لەدەرەوە دیارە کاتێک دەگۆڕدرێ لە کرمۆکەوە بۆ پەپوولە.[١٨]

پەپوولەی ئەدمیڕاڵی سوور. (Vanessa atalanta)

هەراش (پەپوولە)[دەستکاری]

لە دواین قۆناغی سوڕی ژیانی ئەو مێرووە، پێی دەگوترێ پەپوولە. پەپوولە سەرێکی بچووکی هەیە، کە دوو چاوە گەورەکانی زۆربەی سەریان داگیرکردووە. ئەو چاوانە توانای ئەوەیان هەیە کە شێوەی گوڵەکان لە یەکتر جیا بکەنەوە و هەست بە جووڵەی دەوروبەر بکەن، بەڵام وردەکاری شتەکان لە دوورەوە زۆر باش نابینن. بەڵام ڕەنگەکان بەباشی لێک جیا دەکەنەوە. هەستەوەری تامی لەسەر قاچ و دەمی هەیە. لەم قۆناغەدا، دەمی مێرووەکە زۆرتر بۆ مژین شیاوە، شەویلگەکانی بچووک بوونەتەوە یان هەر نییەتی.[١٨]

سینگی پەپوولە تایبەتە بە جووڵە. جووتێک لاق بە هەر یەک لە سێ بەشەکەی سینگی نووساوە. دووەم و سێیەم بەشی سینگیشی باڵەکانی هەڵدەگرن.[١٨]

دوای ئەوەی لە قۆزاخەکەی دێتە دەرەوە پەپوولە ناتوانێت بفڕێت تا باڵەکانی دەکرێنەوە. پەپوولەی تازە هەڵهاتوو پێویستی بە هەندێک کاتە بۆ ئەوەی باڵەکانی وشک ببنەوە. لەو ماوەیەدا لە ژێر زۆرترین مەترسی دڕندەکان دایە.[١٩]

ڕەفتار[دەستکاری]

پەپوولە بە زۆری لەسەر شیلەی گوڵ دەژیێت. بەڵام هەندێکیان هەڵاڵە، شلەی نێو دارەکان، میوەی گەنیو، پاشماوەی گیانداران، گۆشتی شیبووەوە، کانزای توواوە لە لمی تەڕ و قوڕ وەک سەرچاوەی خۆراک بەکار دەهێنن. پەپوولە گرنگن بۆ گواستنەوەی هەڵاڵەی هەندێک جۆری ڕووەک. بەشێوەیەکی گشتی پەپوولە ناتوانن بەقەد هەنگ هەڵاڵە هەڵگرن، بەڵام دەتوانن هەڵاڵەکان بۆ مەودایەکی دوورتر بگوازنەوە.[٢٠] هەندێک جۆری پەپوولە هەڵاڵەی تەنها یەک جۆری گوڵ دەگوازنەوە.[٢١]

پەپوولەی هەراش تەنها شلە دەخواتەوە. ئاو لە گۆمی بچووک بچووک دەخۆنەوە و شیلەش لە گوڵەکان هەڵدەمژن، کە سەرچاوەی شەکر، سۆدیۆم و کانزا گرنگەکانی دیکەیە. هەندێک جۆری پەپوولە پێویستیان بۆ سۆدیۆم زۆترە لەو بڕەی لە شیلەی گوڵ وەرگریدەگرن. بۆیە سۆدیۆمی خوێ سەرنجیان ڕادەکێشیت. هەندێک جار لەسەر مرۆڤەکان دەنیشنەوە بۆ مژینی سۆدیۆمی ناو ئارەقەی مرۆڤ. هەندێک جۆری تری پەپوولە سەردانی پاشەڕۆی ئاژەڵ، میوەی گەنیو و لاشەی ئاژەڵی مردوو دەکەن بۆ وەرگرتنی کانزای پێویست.[٢٢]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Gullan, P. J.; Cranston, P. S. (2014). The Insects: An Outline of Entomology (5 ed.). Wiley. pp. 523–524. ISBN 978-1-118-84616-2.
  2. ^ "Butterflies and Moths (Order Lepidoptera)". Amateur Entomologists' Society. Retrieved 13 September 2015.
  3. ^ Williams, Ernest; Adams, James; Snyder, John. "Frequently Asked Questions". The Lepidopterists' Society. Retrieved 9 September 2015.
  4. ^ "Chill Turns Monarchs North; Cold Weather Flips Butterflies' Migratory Path" ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. Science News 183 (6). 23 March 2013.
  5. ^ Pyle, Robert Michael. National Audubon Society Field Guide to North American Butterflies. Alfred A. Knopf. pp. 712–713.
  6. ^ "Butterfly Conservation: Secrets of Painted Lady migration unveiled". BirdGuides Ltd. Retrieved 22 October 2012.
  7. ^ Powell, J. A. (1987). "Records of Prolonged Diapause in Lepidoptera". J. Res. Lepid. 25: 83–109.
  8. ^ Timothy Duane Schowalter (2011). Insect Ecology: An Ecosystem Approach ٢٥ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. Academic Press. p. 159. ISBN 978-0-12-381351-0.
  9. ^ ئ ا ب Capinera, John L. (2008). Encyclopedia of Entomology. Springer Science & Business Media ٢٠ی ئایاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. p. 640. ISBN 978-1-4020-6242-1.
  10. ^ Beament, J.W.L.; Lal, R. (1957). "Penetration Through the Egg-shell of Pieris brassicae". Bulletin of Entomological Research 48 (1): 109–125.doi:10.1017/S0007485300054134.
  11. ^ Scott, James A. (1992). The Butterflies of North America: A Natural History and Field Guide ١٨ی ئایاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. Stanford University Press. p. 121. ISBN 978-0-8047-2013-7.
  12. ^ "British Butterflies: Education: Butterflies in Winter" ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. Retrieved 12 September 2015.
  13. ^ "Camberwell Beauty" ٢١ی نیسانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. NatureGate. لە ئەیلوولی ٢٠١٥ وەرگیراوە.
  14. ^ Venkatesha, M. G.; Shashikumar, L.; Gayathri Devi, S.S. (2004). "Protective Devices of the Carnivorous Butterfly, Spalgis epius (Westwood) (Lepidoptera: Lycaenidae)". Current Science 87 (5): 571–572.
  15. ^ Bingham, C. T. (1907). Fauna of British India. Butterflies. Volume 2.
  16. ^ Thomas, Jeremy; Schönrogge, Karsten; Bonelli, Simona; Barbero, Francesca; Balletto, Emilio (2010). "Corruption of Ant Acoustical Signals by Mimetic Social Parasites" ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. Communicative and Integrative Biology 3 (2): 169–171. doi:10.4161/cib.3.2.10603. PMC 2889977
  17. ^ "Peggy Notebaert Nature Museum"Larva Legs. Chicago Academy of Sciences. Archived from the original on 19 March 2012. Retrieved 7 June 2012.
  18. ^ ئ ا ب Culin, Joseph. "Lepidopteran: Form and function" ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. Encyclopedia Brittanica. Retrieved 8 September 2015.
  19. ^ Woodbury, Elton N. (1994). Butterflies of Delmarva ٩ی ئایاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. Delaware Nature Society; Tidewater Publishers. p. 22.ISBN 978-0-87033-453-5.
  20. ^ Herrera, C. M. (1987). "Components of Pollinator 'Quality': Comparative Analysis of a Diverse Insect Assemblage" ٢٥ی شوباتی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. (PDF). Oikos (Oikos) 50 (1): 79–90.doi:10.2307/3565403. JSTOR 3565403.
  21. ^ Goulson, D.; Ollerton, J.; Sluman, C. (1997). "Foraging strategies in the small skipper butterfly, Thymelicus flavus: when to switch?". Animal Behavior 53 (5): 1009–1016. doi:10.1006/anbe.1996.0390.
  22. ^ Molleman, Freerk; Grunsven, Roy H. A.; Liefting, Maartje; Zwaan, Bas J.; Brakefield, Paul M. (2005). "Is Male Puddling Behaviour of Tropical Butterflies Targeted at Sodium for Nuptial Gifts or Activity?". Biological Journal of the Linnean Society 86 (3): 345–361. doi:10.1111/j.1095-8312.2005.00539.x.