پەرەسەندنی ژیریی مرۆڤ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەرەسەندنی ژیریی مرۆڤ بەتوندی پەیوەستە بە پەرەسەندنی مێشکی مرۆڤ و سەرچاوەی ڕەسەنی زمان. زنجیرەی کاتی پەرەسەندنی مرۆڤ لە ماوەی ٧ میلیۆن ساڵ پێکدێت،[١] لە سەرەتای جیابوونەوەی جۆرە مەیمونی (پان) ەوە تاوەکو سەرھەڵدانی ھەڵسوکەوتە نوێگەرییەکان بەردەوام دەبێت لە پێش ٥٠ ھەزار ساڵ لەمەوپێش.

چەندەھا لە خەسڵەتەکانی ژیری مرۆڤ وەک (ھاوسۆزی، بیردۆزی مێشک، پرسەگرتن، نەریت و بەکارھێنانی نیشانە و کەرەستەکان) بەھەمان شێوە لە جۆری مەیموونەکانیش دا ھەیە بەڵام بەشێوازێکی کەمتر پێشکەوتوو بە بەراورد لەوەی لە مرۆڤەکان دا ھەیە و نموونەیەکی زۆر دیار بەکارھێنانی زمانە لەلایەن مەیموونەکانەوە.

مێژوو[دەستکاری]

نزیکەی ١٠میلیۆن ساڵ لەمەوبەر، کەشوھەوای زەوی بەرەو قۆناغێکی ساردتر و وشکتر ھەنگاوی دەنا کە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم ڕووداوە بووە ھۆی دارستانی کەمەرەیی ئەفریقا بەرەو کەم بوون و بچووک بوونەوە بڕوات و دەشتی سەوزایی کراوە و فراوان جێگەی بگرێتەوە و لە کۆتایی دا بگۆردرێت بۆ بیابان (بیابانی سەحارای ئێستا). لەگەڵ گۆڕانی ژینگەکە لە دارستانەوە بۆ پارچە دارستانەکان کە دەشتە سەوزاییە فراوانەکان جیای دەکردنەوە ئاژەڵە شیردەرە سەرەکییەکان خۆیان دەگونجان لەگەڵ ژیانێکی سەرزەوییانەی تەواو یان نیمچە سەرزەوییانە و ئەم جۆرە ژیانە نوێیەی سەر زەوی بووە ھۆی بینینیان لەلایەن ئاژەڵە ڕاوکەرەکانەوە، وەک جۆرە گەورەکانی پشیلە.[٢]

ئەم فشارە ژینگەییانە بووە ھۆی پاڵنان بەرەو ھەڵبژاردنی رۆیشتن لەسەر پەلەکانی دواوە. ئەم گۆرانە ئاسنکاری کرد بۆ بەخشینی بەرزییەکی زیاتر و ماودەیەکی بینینی باشتر بەم ئاژەڵانە کە توانایان زیادی کرد لە بینینی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبۆوە و ھەروەھا باشتربوونی شێوازی جوڵەکانیان. ھەروەھا بووە ھۆی ئازادبوونی دەستەکان لە فەرمانی ڕۆیشتن و بەکارھێنانیان بۆ کردەی دیکەی وەک کۆکردنەوەی خۆراک. لە ماوەیەک دا ئەم ئاژەڵانە پەرەیانسەند لە بەکارھێنانی پەنجەکانیان کە بووە پێدەری توانای ھەڵگرتنی چیلکە، پارچە دار، ئێسک و بەردەکان بەمەبەستی بەکارھێنانیان وەک چەک یان کەرەستە بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵە بچووکەکان، کردنەوەی خۆراکە رەقەکانی وەک گوێز و ھەڵدڕینی جەستەی ئاژەڵان، بە واتایەکی دی جۆرەکانی ئەم مەیموونە پەرەیانسەند لە بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای سەرەتایی.

نزیکەی ٥ میلیۆن ساڵ لەمەوپێش مێشکی مەیموونەکان دەستی کرد بە گەشەسەندنێکی لەناکاو لەڕووی قەبارە و جیاوازی ئەرکەکانەوە. زیادبوونێکی جێگر ھەیە لە قەبارەی مێشکی مرۆڤەکان دا بە درێژای زنجیرەی پەرەسەندن کە لە ٦٠٠سم٢ دەست پێ دەکات ھەتا ١٥٠٠سم٢ و بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندییەک ھەیە لەنێوان قەبارەی مێشک و ژیری دا. ھەرچەندە قەبارەی مرۆڤی نوێ (١٢٥٠سم٢) توزێک بچکووترە لە ھی نێردەتاڵەکان. جۆرە مەیموونێکی دی ھەبوون کە بە جۆرێکی بستەباڵاکان دادەنرێن و قەبارەی مێشکیان ٣٨٠سم٢ بووە بەڵام سەرەڕای ئەم قەبارە بچووکەی مێشکیان توانای بەکارھێنانی ئاگر و دروستکردنی کەرەستەکانیان ھەبووە لە ئەنجامی ئەمەوە دەردەکەوێت کە لە بواری ژیری دا شێوازی بنیادی مێشک زۆر لە قەبارەکەی گرنگترە.

نزیکەی ٢٫٤ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر یەکەم جۆری مرۆڤەکان لە رۆژھەڵاتی ئەفریقا دەرکەوتن کە بە یەکەمین جۆری بوونەوەر دادەنرێن لە دروستکردنی کەرەستە بەردییەکان.[٣]

بەکارھێنانی ئەم جۆرە کەرەستانە بووە ھۆی گەیاندنی سوودێکی زۆر بە پەرەسەندن و ئەرکی بەکارھێنانی کەرەستەکان وای دەکرد پێویستییان بە مێشکێکی گەورەتر و پێشکەوتووتر بێت بۆ ھاوکاری کردنی بەکارھێنانی جوڵە دەستییەکان.[٣] پەرەسەندنی مێشک بۆ گەورەتر بووە ھۆی ھێنانەکایەی چەند کێشەیەک بۆ مرۆڤە سەرەتاییەکان چونکە مێشکێکی گەورەتر پێویستی بە کەلەسەرێکی گەورەتر ھەیە و دەبێت مێیەکان خاوەنی دەرچەیەکی منداڵبوونی گەورەتر بن ھەتا کۆرپەلە کەلەسەرە گەورەکان توانای تێپەربوونیان ھەبێت بەڵام ئەگەر دەرچەی منداڵبوون و ئێسکی حەوزی مێییەکان زۆر فراوان ببێت ئەوا توانای ڕاکردنیان لەدەست دەدەن کە ٢ میلیۆن ساڵ لەمەوپێش ئەمە خەسڵەتێکی یەکجار گرنگ بووە بۆیان.[٤]

چارەسەری ئەم دیاردەیە ئەوە بوو کە مێیەکان لە تەمەنێکی سەرەتایی گەشەسەندنی کۆرپەلە و پێش گەورە بوونی کەلەسەری کۆرپەلە کردەی لە دایک بوونەکە ئەنجام بدەن و ئەم خۆگونجاندنە توانای بەردەوام گەشەسەندنی بەخشی بە مێشکی مرۆڤ بەڵام بووە ھۆی ھاتنەکایەی دەرھاویشتەیەکی دی ئەویش ئاگالێبوونی کۆرپەلە ساوا و بێ تواناکان بوو بۆ ماوەیەکی درێژ کە وای لە مرۆڤەکان دەکرد کەمتر جوڵاو و گەرۆک بن. ھەتا دەھات کۆمەڵە مرۆڤەکان زیاتر لە یەک جێگەدا دەمانەوە بۆ ماوەی دوورودرێژ بۆ ئەوەی مێیەکان بتوانن ئاگایان لە کۆرپەلەکان ببێت و نێرەکانیش ڕاوی خۆراک بکەن و شەڕ بکەن لەگەڵ کۆمەلە مرۆڤەکانی تردا کە لەسەر ھەمان سەرچاوەی خۆراک دەژیان. لە ئەنجام دا مرۆڤەکان زیاتر و زیاتر پشتیان دەبەست بە دروستکردنی کەرەستەکان بۆ پێشبرکێ کردن بەرانبەر ئاژەڵ و مرۆڤەکانی دیکە و کەمتر پشتیان دەبەست بە قەبارە و ھێزی جەستە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Chimpanzee intelligence". Indiana University. 2000-02-23. Retrieved 2008-03-24. ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "Chimpanzee intelligence". Indiana University. 2000-02-23. Retrieved 2008-03-24. ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Puech P. -F. , Puech S. , Cianfarani F. , Albertini H. (1989). "Tooth wear and dexterity in Homo erectus", pp. 247–251 in Hominidae. Proceedings of the 2nd International Congress of Human Paleontology, Jaca Book (Milan: Italy)
  4. ^ Ko, Kwang Hyun (2016). "Origins of human intelligence: The chain of tool-making and brain evolution" (PDF). Anthropological Notebooks. 22 (1): 5–22.