پەرەسەندنی پەپوولەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەرەسەندنی پەپوولە پێناسە دەکرێت بە سەرچاوە و ھەمەجۆربوونی پەپوولەکان لەسەر بەشێکی گەورەی ڕووی زەوی بەدرێژای کاتە جیۆلۆجییەکان. سەرەتاترین بە بەردبوو و پاشماوەی پەپوولەکان دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی چاخی جیۆلۆجی (ئیۆسین - Eocene) لە نێوان ٤٠–٥٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر.[١] گەشەکردنی پەپوولەکان بەشێوەیەکی توند پەیوەستە بە پەرەسەندنی ڕووەکە گوڵدارەکانەوە چونکە ھەردوو جۆری پەپوولە پێگەیشتووەکان و کرمی پەپوولە (لارڤای پەپوولە) لەسەر ڕووەکە گوڵدارەکان دەژین. بەشێوەیەکی گشتی لە کۆی ٢٢٠ ھەزار جۆرە پەپوولەکان (Lepidoptera) نزیکەی ٤٥ ھەزاریان جۆری پەپوولەی باڵداری نەخشێنراون (باڵەکانیان نەخشی لەسەرە) کە ئەگەرێکی زۆر ھەیە لە مێرووی مۆرانەوە پەرەیانسەندبێت. جۆری پەپوولەکان لە تەواوی دونیادا بوونیان ھەیە جگە لە کیشوەری بەستەڵەکی باشور (ئەنتەرتیکا) و بەشێوەیەکی بەرچاو زۆرن لە ناوچە کەمەرەییەکان دا کە لەم ناوچە کەمەرەییانە بە ٨ خێزان پۆلێن دەکرێن.

ئەگەر ھەیە کردەکانی (لاسایی کردنەوە، دوو ڕەگبوون (ڕەگەز تێکەڵاوبوون) و پێکەوە پەرەسەندن) لەگەڵ ئەو ڕووەکانەی پەپوولەکان لەسەر دەژین ھاوکاربووبێت لە کرداری دروستبوونی جۆرەکان و ھەمەجۆرێتی لە پەپوولەکان دا. ھەروەھا کارێکی ئەستەم نییە پەپوولەکان سەرچاوەیان گرتبێت (دروست بووبێتن) و پەرەیانسەندبێت لەپێش پەرەسەندنی ئەو ڕووەکە گوڵدار و تۆدارانەی ئەمرۆ پەپوولەکان لەسەری دەژین.

شانشینی جۆرەکانی پەپوولەی (ڕوپەلاسۆرا - Rhopalocera) سێ خێزانی گەورە پێکدەھێنێت (ھێدلدیا - Hedyloidea، ھێسپێریۆدیا - Hesperioidea و پاپیلیۆنۆدیا - Papilionoidea).

بەڵگەکان[دەستکاری]

لێکۆڵینەوەی نوێ لەسەر پۆلێنکردنی جۆری پەپوولەکان لە ئاستێکی بەرز و وردا دەستی پێکرد لەگەڵ بەکارھێنانە بۆماوەییەکانی ئێرلیک دەربارەی سەدەھا خەسڵەتی ڕووخساریی و شێوەیی کە لەوەوپێش بە شێوازێکی ڕووکەشی تەماشای تەواوی خێزان و کۆمەڵە گەورەکانی پەپوولەکان کرابوو. ماڵکۆم ژ. سکۆبڵ لەگەڵ زاناکانی دیکەدا بەردەوام بوون لە گەڕان بە دوای خەسڵەتە نوێیەکان دا بەڵام لە چوارچێوەی کارپێکردنی پۆلێنەکان دا. بەھەمان شێوە بەھۆی سوودبینین لە زانیارییە خانەییەکان ڕێ خۆشکەر و یارمتەیدەر بووە کە لێکۆڵەران چەندین جۆر و کۆمەڵەی پەپوولەکان یەکلای بکەنەوە.

لە دوای دۆزینەوە و ناساندنی ٥٠ بەردینی پەپوولەکان بەڵگەکان کۆکراونەتەوە و تۆمارکراون لەڕێی لێکۆڵینەوە لەم بوار و زانستانەدا: زانستی بەردینەکان، زانستی پێکھاتەکان، لێکچوویی، بۆماوەی خانەیی، زیندەکیمیای بەراوردکاری، بەراوردکاری ھەڵسووکەوتەکان، ژینگەزانی و دابەشبوونە جیۆگرافییەکانی ئەم سەردەمە. ھەرچەندە پەپوولەکان یەکێکن لەو مێرووانەی زۆرترین لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەنجام دەدرێت بەڵام دەرئەنجام و دۆزینەوەی نوێ بە بەردەوامی پەردەی لەسەر لادەدرێت لەگەڵ دەرکەوتنی پۆلێنی جێگیری پەپوولەکان.

بەردینەکان[دەستکاری]

بە بەردبووی پەپوولەکان بەشێوەیەکی باش و ورد لەلایەن زانایان (دەیڤد گریمالدی و مایکڵ س. ئێنگڵ) لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کە ھەردوو زانایان پێیان وایە خاڵی لاوازی لێکۆڵینەوە و بەردینەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی و ڕوونکردنەوەی دەستەخوشکەکانی جۆرە پەپوولەی (ڕوپەلاسۆرا - Rhopalocera). ھەروەھا یەکەمین بە بەردبووی پەپوولەکان نزیکەی ٥٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەرەوە دروستبووە.

مێژووی سەرچاوەی پەپوولەکان[دەستکاری]

بە پێی بیردۆزی ھەندێک لە لێکۆڵەران پێان وایە کە سەرچاوەی سەرەتایی و یەکەمینی پەپوولەکان دەگەرێتەوە بۆ چاخی جیۆلۆجی (گەچی – تەباشیری – Cretaceous – ٦٦ بۆ ١٤٥ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر) لەو کاتەی کە شوێنی کیشوەرەکان بەشێوەیەکی جیاواز ڕێککەوتبوو وەک لە شوێنی ئێستایان و کەشوھەوا ھاوشێوەی رۆژگاری ئەمرۆ نەبووە، لەبەر ئەم ھۆیە دەبێت پەرەسەندنی پەپوولەکان ئاشکرابکرێت لەڕێی ھەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی (گریمانە درەختە وەچەیەکان) و مێژووی جوگرافیای ئاژەڵییەوە. ئەو لێکۆڵەرانەی بیرۆکەی سەرچاوە و سەرەتای (گەچی – تەباشیری - Cretaceous) پەپوولەکانیان بەلاوە پەسەندە، بەشێوەیەکی گشتی لایەنگری گریمانەی (دروستبوونی جۆرەکانن بەشێوەیەکی جیاکراوە لە یەکدی) لە مێژووی جوگرافیای ئاژەڵان دەربارەی چۆنیەتی دابەشبوونی بەشە گەورەکانی پەپوولە بە جیھان دا و لە کاتێک دا ئەو زانایانەی باوەڕایان بەوەیە سەرەتای پەپوولەکان دەگەرێتەوە بۆ چاخی جیۆلۆجی (تێرشێری – Tertiary – ٢٫٦ بۆ ٦٦ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر) ھاوڕا نین لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Hall, J.P.W., Robbins, R.K. and Harvey, D.J. (2004). "Extinction and biogeography in the Caribbean: new evidence from a fossil riodinid butterfly in Dominican amber." Proceedings of the Royal Society of London B, 271: 797–801. doi:10.1098/rspb.2004.2691 PMID 15255097