پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە کوەیت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەتای جیهانیی کۆڤید-١٩ لە وڵاتی کوەیت بەشێکە لە پەتای جیهانیی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ (COVID-19) کە هۆکارەکەی نەخۆشی سەختی کۆئەندامی هەناسەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ٢ (SARS-CoV-2). لە ڕێکەوتی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٠دا یەکەمین باری تووشبوون لە وڵاتەکە پشتڕاستکرایەوە و هەتا ٢٠ی تشرینی یەکەم ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراو ١١٧٫٧١٨ کەس لەگەڵ ١٠٩٫١٩٨ باری چاکبوونەوە و ٧١٤ باری گیانلەدەستدان.[١]

لە سەرەتادا وڵاتەکە لە ١١ی ئازارەوە دەستی کرد بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری مانەوە لە ماڵەوە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و داخستنی کارەکان لە تەواوی دامودەزگا حکومییەکان جگە لە ناوەندە خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان. لە ١٤ی ئازارەوە هەموو جۆرە هاتووچۆییەك لەڕێی گەشتی ئاسمانیی و خاڵە سنوورییەکانەوە هەڵپەسێردرا. لە ٢٢ی ئازاردا قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەیی لە نێوان کاتژمێر ٥ی ئێوارە بۆ ٤ی بەیانی جێبەجێ دەکرا وە لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا لە ٢٤ی نیسانەوە کاتەکانی قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەیی دڕێژکرایەوە لە ٤ی ئێوارەوە بۆ ٨ی بەیانی لەگەڵ ڕێگەدان بە کارکردنی خزمەتگوزاری گەیاندن لە ٥ی ئێوارەوە بۆ ١ی شەو بە ڕەچاوکردنی ڕێکار و مەرجە تەندروستییەکان. پاشان لە ١٠ی مایس دا بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە خرایە ژێر قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەرییەوە.[٢]

ڕێكارەکان[دەستکاری]

لە ڕێکەوتی ١٣ی ئازاردا هەموو گەشتە ئاسمانییەکان هەڵپەسێردران جگە لە فرۆکە بارهەڵگرەکان و ماوەی نێوان ١٢ بۆ ٢٦ی ئازار بە پشووی گشتی ڕاگەیەندرا و لە ٢٩ی ئازارەوە ناوندەکان دەست بە کار دەکەنەوە. حکومەت داوای لە خەڵك دەکرد بۆ نوێژی هەینی لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و لێدوانیان دا کە "دەرگای مزگەوتەکان بە داخراوی دەمێننەوە" وە فەتوایەکەیان بە نموونە دەهێنایەوە کە ڕێگەدەدات خەڵك بەژداری نوێژ نەکەن لە مزگەوتەکان دا.

پێدانی ڤیزای وڵاتەکە بەشێوەیەکی نیمچەیی هەڵپەسێردرا و کەرەنتینی ناچاری پێویست کرابوو لەسەر سەردانیکەرانی چەند وڵاتێكی خاوەن تووشبووی زۆر و هەروەها داوا دەکرا لە گەیشتوانی وڵاتانی دیکە بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵاتی کوەیت کە هەستن بە کەرەنتینە کردنی خۆیان بۆ ماوەی ١٤ رۆژ   و سنوورەکانی وڵاتەکە لەگەڵ عێراق و سعودییەدا داخران.

هەناردەکردنی هەموو جۆرە خۆراکێك قەدەغەکرا و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی (خالید ئەل رودان) خەڵکی دڵنیا دەکردەوە کە وڵاتەکە خاوەنی بەشی پێویست خۆراکە و کردەی هاوردەکردنیش هەر بەردەوام دەبێت. بەهەمان شێوە لە ١٥ی ئازاردا وەزیری ناوخۆ (ئەنەس خالید ئەل سالح) بە خەڵكی ڕاگەیاندن کە پابەندی ڕێکارەکانی حکومەت بن و بە هیچ شێوەیەك بۆ کاری ناپێویست نەچنە دەرەوە و هۆشداری دا کە ئەگەر هاوڵاتیان پابەند نەبن ئەوا دەکرێت هەستن بە جێبەجێ کردنی قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری و کەسانی بیانیش بگەرێندرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.[٣]

لێکەوتەکان[دەستکاری]

هەڵپەساردنی خوێندنی قوتابخانەکان پێویست بوو بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناو منداڵ، هەرزەکار و گەنجان دا وە کاریگەریی هەڵپەساردنی خوێندن زۆرترین بوو لەسەر خوێندکارانی ئامادەیی (پۆلی ١٢ی ئامادەیی) بەهۆی ئەوەی ساڵانە کاتی دەرچوون دەکەوێتە نێوان مانگەکان مایس بۆ حوزەیران. بەڵام ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ لە مانگی ئاب دا دووبارە دەست پێ دەکاتەوە  کە ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کردەی دەرچوونی خوێندکارانیش بەهەمان شێوە دوا دەکەوێت کە دەبێتەهۆی دواکەوتنی وەرگرتنی  زەمالەی خویندن لە زانکۆکان.

نەخشەسازی ورد و زیادەی خۆراك و پێویستییەکان بەشی شەش مانگ دەکات و تەواوی بازار و فرۆشگاکانی خۆراك خاوەنی هەموو ئەو بەرهەمانەن کە لە پێش داخستنی سنوورەوە بوونیان هەبووە بەڵام زۆرترین کاریگەریی لەسەر پیشە بچووکەکان بووە کە سەرەڕای بەرکەوتنی زیانێکی دارایی زۆر بەڵام هێشتا دەبێت کرێی شوێن و مووچەی کارمەندەکانیان بدەن. لە وەڵام دا حکومەت بەلێنی چەندین هەڵمەت و چارەسەری دارایی داوە کە ئەو پیشە و بازرگانییانە قەرەبووی زیانەکانیان دەکرێنەوە کە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەییەوە ڕووبەڕوویان بۆتەوە.

سەرەڕای ئەوە خەڵکی لە ماڵەکانی خۆیان دەمێننەوە بەڵام هێشتا ئارەزوویەك هەیە بۆ بەپەلە کڕینی شتوومەك لە کاتژمێرەکانی ڕێگەپێدراودا هەرچەندە حکومەتی کوەیتی چەندین جار دووبارەی کردبۆوە کە خاوەنی پێویستی و شتوومەکن بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Kuwait imposes 12-hour curfew Sat. - Min. Al Saleh". Kuwait News Agency. 28 May 2020.
  2. ^ "Kuwait begins gradual return to normal life May 31 - PM". Kuwait News Agency. 28 May 2020.
  3. ^ "Kuwait suspends work in gov't departments March 12–26 - spokesman". Kuwait News Agency. 11 March 2020.
  4. ^ "Kuwait gov't imposes partial curfew - MoI". Kuwait News Agency. 21 March 2020.