ونبوونی واقیع

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ونبوونی واقیع یان پەرشوبڵاوی واقیع (بە ئینگلیزی: derealization) باس لە گۆڕانکاری لە تێگەیشتن لە واقیعی دەوروبەر دەکات کە جیھانی دەرەوە وەک جیھانێکی ناڕاستەقینە دەردەکەوێت، ھەروەھا ئەو ھەستەش دەگرێتەوە کە ژیان بە گشتی خۆبەخۆیی و ھەست و قووڵایی تێدا نییە، بەو پێیەی ژیانێکی بێ ڕۆحە. ونبوونی واقیع یەکێکە لە نیشانە جیابوونەوەییەکان، ھەروەھا یەکێکە لە نیشانەکانی زۆرێک لە نەخۆشییە دەمار و دەروونییەکان، بەڵام بۆ خۆی نەخۆشییەکی سەربەخۆ نییە.

ھەرچەندە زۆربەی نووسەران جیابوونەوە لە نێوان ونبوونی واقیع و بێکەسایەتییکردن دەبینن، بەڵام ھەندێکیان نایانەوێت ئەو دوو زاراوەیە جیابکەنەوە و ھۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ھەریەکەیان لە یەک کاتدا لەگەڵ ئەوی دیکەدا ڕوودەدەن، بەڵام ھۆکارێکی لۆژیکیتر ھەیە کە ئاگایی مرۆڤ لە خۆی و ئەوانی تر و ژینگەی دەوروبەری بە پرۆسەیەکی تاک و بەستراو دادەنرێت، ھەربۆیە ھەستکردن بە نەبوونی ڕاستی ڕەنگە بچێتە ناو دەروونی کەسەکەوە و ببێتە ھۆی سەرلێشێواوی، بەجۆرێک کە نەتوانێت بڕیار بدات کە کامیان ڕاستەقینە نییە: وێنەی خۆی (بێ کەسایەتییکردن). یان جیھانی دەرەوە (ونبوونی واقیع‒derealization). ڕەنگە بێکەسایەتییکردنی درێژخایەن لە ئەنجامی تێکچوونی کارکردنی بڕبڕەی کاتی و بڕبڕەی پشتەوە (ھی مێشک) بێت، و ڕێژەی ونبوونی واقیع لە دۆخی دەروونبرینداریدا زیاد دەکات.[١]

وەسف[دەستکاری]

ئەو دابڕانە دەروونییەی کە ھاوڕێی ونبوونی واقیع دەبێت، دەتوانرێت وەک بەربەستێکی نەبینراو وەسف بکرێت کە مرۆڤ لە دەوروبەر یان جیھانی دەرەوە جیا دەکاتەوە، ھەروەک ھەستکردن بە بوون لە ناوەڕاستی تەمێکی ئەستووردا، کە ئەوانەی کە پەرشوبڵاوی (ونبوونی واقیع)یان ھەیە گلەیی لە کەمییەک دەکەن لە ڕۆح و ھەستەکان لە ژیانیاندا، و شوێنە ئاشناکان وەک ئەوەی سەیر و سەمەرە بن، ڕەنگە ئەم دۆخە دەروونییە درێژ بێتەوە بۆ ئەوەی تێکچوونی بیستن و بۆنکردن و چێژکردن بگرێتەوە.

ڕادەی ئاشنابوون بە شوێنێک یان شتێک بە تێگەیشتنی ھەستیاری و خۆناسنامە و یادەوەری و مێژووی پەیوەست بەو شوێنە دیاری دەکرێت، کاتێک مرۆڤ لەژێر کاریگەریی ونبوونی واقیعدایە «دەکوژێندرێتەوە» یان «دەوەستێت» پرۆسەی وەبیرھێنانەوەی یادەوەرییەکان، ئەم «وەستان»ە نوێنەرایەتی ئەو میکانیزمە دەکات کە جیاوازی یان تەنانەت دژایەتی نێوان ھەستی مرۆڤ لە ژێر کاریگەریی ونبوونی واقیع و ھەستەکەیدا دروست دەکات لەکاتێکدا لە دۆخی سرووشتی خۆیدایە.

زۆرجار ونبوونی واقیع لە چوارچێوەی دڵەڕاوکێ یان بیرکردنەوەی بێزارکەرانە ڕوودەدات کە تاک ناتوانێت ڕزگاری ببێت لێی، لەم دۆخەدا ڕەنگە ونبوونەکە ھاوکات لەگەڵ ئەو گرژییەی پەیوەستە بە بیرکردنەوە بێزارکەرەکانەوە ڕووبدات. ھەندێک جار ئەستەمە تاکێک ئەو بیرۆکەیە پەسەند بکات کە پەرشوبڵاوی دەرئەنجامی پەشێوییە، و ئەو مەیلی ئەوەی ھەیە کە ئەم پەرشوبڵاوییە تێکچوونێکە کە لە ئەنجامی نەخۆشییەکی سەختەوە دروست دەبێت کە نایزانێت، یان شتێکی ھەڵە لە خۆیدا ھەیە، و ئەمەش لە بەرامبەردا گرژی زیاد دەکات و بەم شێوەیە ونبوونەکە خراپتر دەکات. ھەروەھا ونبوون کاریگەری لەسەر پرۆسەی فێربوون ھەیە چونکە تاکەکان ناتوانن زانیارییەکان بە دروستی لێی تێبگەن.

کەسانی زیانلێکەوتوو وەسفی «پەرشوبڵاوی» یان «ونبوون» دەکەن، دەڵێن: «کە درێژبوونەوەی دەرەکیی جیھان (بۆ ئەوان) وا دەردەکەوێت کە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی یان فیلمێک بێت»، وەک ئەوەی لە ڕێگەی شاشەی تەلەڤیزیۆنەوە سەیری جیھان بکەن، و ئەم ھەستە و ئەو ھەستەکانی دیکە وا لە تاکەکەسەکە دەکەن کە پەرشوبڵاوی ھەیە ھەست بە نامۆیی بکات و مەودای نێوانیان خۆی و ئەوانی تردا زیاد بکات.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا "تبدد الواقع", ويكيبيديا (بە عەرەبی), 2023-03-15, retrieved 2023-07-19