نەخۆشخانەی نانەکەلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تەلاری نەخۆشخانەی نانەکەلی

نەخۆشخانەی نانەکەلی نەخۆشخانەیەکی حکوومییە دەکەوێتە شاری هەولێر،[١][٢][٣] له لایەن ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی وەک دیاریی بەخشراوە بە فەرمانگەی تەندروستیی گشتی هەولێر. نەخۆشخانەکە لە ١٦ی ئایاری ٢٠٠٤ دا کرایەوە. نەخۆشخانەکە تایبەتە بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی خوێن (هیماتۆلۆجی) و بەربوونی خوێن و شێرپەنجەی خوێن (ئۆنکۆلۆجی). دکتۆر سامی ئەحمەد بەڕێوبەری ئێستای نەخۆشخانەکەیە.[٤][٥]

لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥، نەخۆشەکانی هیماتۆلۆجی و ئۆنکۆلۆجی بە شێوەیەکی لاوەکی بەڕێ دەکرا لە لایەن پزیشکی هەناوە، چونکە خوێندنی پسپۆڕی تایبەت لە بارەدا نەبوو لە کوردستان. لە کۆتایی ساڵی (٢٠٠٥) دا، خوێندنی پسۆری تایبەتمەندی بە نەخۆشییەکانی هیماتۆلۆجی و ئۆنکۆلۆجی کرایەوە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە. لەو کاتەوە، نەخۆشەکانی هیماتۆلۆجی و ئۆنکۆلۆجی بەڕێوە دەبرێن لە لایەن پزیشکانی نیشتەجێی دێریین و پسپۆڕ.

بەهۆی نەبوونی شوێن و نەخۆشخانەی پێویستی تایبەت بە شێرپەنجە، لە شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق، خەڵک ڕوو لە نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکەن، بەجۆرێک بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٤٠٪ نەخۆشەکان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوونە.[٦]

تەلار[دەستکاری]

نەخۆشخانەکە لە دوو بینا پێکهاتووە. یەکەم بینا کە لە ساڵی (٢٠٠٤) دا دروستکراوە، لە دوو نهۆم پێکهاتووە. نهۆمی یەکەم بەشی کارگێڕی و کلینیکی ڕاوێژکاری بۆ بینینی نەخۆش دەگرێتەوە. هەروەها نهۆمی دووەم بریتیە له تاقیگە و بانکی خوێن.

بینای دووەم لە ساڵی (٢٠١٦) دا دروستکراوە و پێکهاتووە لە سێ نهۆم و ژێرزەمینێک، کە ئەم بەشانە و خزمەتکوزارییانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێت:

  • ژێرزەمین: پێکهاتووە لە بەشی تیشک بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بە ئامێری (تیشک، سۆنەر، مامۆگرافی، سی تی سکان).
  • نهۆمی یەکەم: پێکهاتووە لە سێ بەش و پرسگە و ژووری چاوەڕوانی.
  1. بەشی یەکەم بریتییە لە دەرمانخانە، ژوری بینینی نەخۆشەکانی خوێن (هیماتۆلۆجی)، هەروەها دوو هۆڵی گەورە تایبەت بە نەخۆشەکانی گەورە ساڵان، و هۆڵێکی گەورە تایبەت بە منداڵان کە بە مەبەستی پێشوازی کردن لە نەخۆشەکانی فریاکەوتن و پێدانی چارەسەری کیمیاوی بەکاردێت.
  2. بەشی دووەم بریتییە لە ژووری بینینی نەخۆشەکانی شێرپەنجەی گرێکان (ئۆنکۆلۆجی) لەگەڵ سێ هۆڵ بۆ پێشوازیکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ئۆنکۆلۆجی.
  3. بەشی سێیەم بریتییە لە ژوورێکی بینینی نەخۆشەکانی خوێن بەربوونی بۆماوەیی (هیمۆفیلیا) لەگەڵ هۆڵێکی تایبەت بە پێدانی چارەسەر بە نۆخۆشەکانی هیمۆفیلیا.
  • نهۆمی دووەم: تایبەتە بە ژوورەکانی مانەوەی نەخۆش کە پێکهاتووە لە بەشی پیاوان، ئافرەتان، و منداڵان لەگەڵ ژووری پزیشک و پەرستیاری ئیشکگر.
  • نهۆمی سێیەم: پێکهاتووە لە دوو هۆڵی کۆبوونەوە لەگەڵ ژووری تایبەت بە خوێندنی بۆردی کوردستانی، هەروەها نیوەی نهۆمەکە تەرخان کراوە بۆ بەشی چاندنی مۆخی ئێسک بە هیوای دانان و دروستکردنی لە داهاتوویەکی نزیکدا.

هەروەها نموونەیەک لە ئاماری نەخۆشخانەی نانەکالی: لە مانگی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٠) دا، ٣٤٠٣ نەخۆش سەردانی بەشی ڕاوێژکارییان کردووە، ١٢٣ نەخۆش فایلی تازەیان کردۆتەوە، ٢٨٥٥٦ نەخۆش پشکنینی تاقیگەیان بۆ کراوە، ١٨٢ نەخۆش پشکنینی تیشکیان کردووە، ٣٠٣ نەخۆش پشکنینی سۆنەریان کردووە، ١٣٤ نەخۆش پشکنینی مۆخی ئێسکیان بۆ کراوە، ٥١ نەخۆش پشکنینی پلازمایان بۆ کراوە ، ٦٢ نەخۆش سی تی سکانیان بۆ کراوە.

بەشەکانی نەخۆشخانەی نانەکەلی[دەستکاری]

  • نەخۆشییەکانی خوێن (هیماتۆلۆجی/هێمۆفیلیا)
  • نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی گرێکان (ئۆنکۆلۆجی)
  • فریاکەوتن
  • پزیشکایەتی منداڵان
  • چارەسەرکردنی کیمیایی
  • تیشک (رادیۆلۆجی)
  • تاقیگە
  • دەرمانخانە
  • بانکی خوێن
  •  کارگێری
  • فێرکاری

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پارێزگاری هەولێر بڕی 100 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی فریاکەوتنەکانی هەولێر تەرخانکرد ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر، ٩ی شوباتی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  2. ^ کازم فاروق: خەریکە نەخۆشخانەی ھیوا دەکرێت بە قوربانی نەخۆشخانەیەکی ئەھلی، ئێن ئارتی، ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ نەخۆشخانەیەکى هەولێر لەبارەى گرتە ڤیدیۆیەکەوە رونکردنەوە دەدات ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی زەمەن پرێس، ١٧ی ئازاری ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی: لە ٢٠٠ هەزاری کەسی هەرێم ١٠٠ کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، سپی میدیا، ٢١ی ئابی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  5. ^ دوای بەرنامەیەکی بەرپرسیار، نەخۆشخانەی نانەکەلی تووشبوویەکی شێرپەنجە وەردەگرێت، ڕووداو، ٨ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  6. ^ بەرپرسانی نەخۆشخانەی نانەکەلی: 40%ی نەخۆشەکانمان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن، ماڵپەڕی ڕووداو، ٥ی شووباتی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.