نۆمینالیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نۆمینالیزم یا ناوباوەڕی ئەو ڕوانگە میتافیزیکییەیە کە پێی وایە ئەوەی کە ھەیە تاکە و، تێکڕایییەکان و شتە دەرھەستەکان لە ناوێک زیاتر نین و تەنیا وشەیەکن کە بۆ گێڕانەوەی شتە تاکەکان بە کار براون.[١] بۆ وێنە، تایبەتمەندییەک وەک «خرتی» کە تێکڕا لە سککە و تۆپ و چەرخ و پیاڵە و گەلێ شتی تریشدا بەدی دەکرێ (یانی تێکڕایییەکە)، تەنیا ناوێکە بۆ نیشاندانی باری لێکچوونی ئەو شتانە. خرتی خۆی شتێ نییە و ھیچ ھەبوون و واقیعێکی نییە.

نۆمینالیزم ھەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوە بە پرسی تێکڕایییەکان. ئەو پرسەی کە دەپرسێ ئاخۆ شێوازی بوونی تێکڕایییەکان چۆناوچۆنە؟ وەک جۆن ستیوارت میل دەڵێ وەڵامی نۆمینالیزم ئەوەیە کە «تێکڕایی و گشتی نییە، ناو نەبێ.»[٢]

ڕوونکردنەوە[دەستکاری]

بە پێی ڕوانگەیەک، ئێمە لە جیھاندا لەگەڵ دوو جۆر ھەبوودا ڕووبەڕوو دەبینەوە: تاکەکان و تایبەتمەندییەکانیان. مێز و کورسی و سێو و مەڕ چەند نموونەیەکن لە تاکەکان. وا دێتە بەر چاو کە ئەم تاکانە ھەمیشە تەنیا لە یەک جێگادان و ھاوکات ناتوانن لە دوو جێگا بن (بۆیە تاک -یان پێ دەوترێ). لە بەرامبەردا، خرتی و سووری و ڕەشی و ڕەقی چەند نموونەیەک تایبەتمەندین. تایبەتمەندییەکان ھاوکات لە چەند جێگادا ھەن و لە گەلێ شتی تاکدا دەردەکەون. ئەم دەرکەوتنەش وەکوو ئەوە نییە بڵێی تایبەتمەندییەکە بەش بەش بووەتەوە و ھەر بەشێکی بەری شتێ کەوتووە، بەڵکوو لە ھەر تاکێکدا کە [ئەو تایبەتمەندییە] ھەیە، بەتەواوی ھەیە. تایبەتمەندییەکان تێکڕاییشیان پێ دەوترێ، چونکە چەند تاک تێکڕا ھەیانە. ھەم سێوی سوور ھەیە و ھەم کورسیی سوور و ھەم گەلێ شتی تری سوور.

ئێستا گریمان ھەموو شتە سوورەکانی دنیا لە ناو ببرێن و نەمێنن. ئاخۆ سووری -ش ئیتر لە ناو چووە؟ ئەگەر لە ناو نەچووە ئەدی لە کوێیە؟ ئەم پرسیارە لە میتافیزیکدا بە پرسیاری تێکڕایییەکان دەناسرێ و، نۆمینالیزمیش ھەوڵ دەدا ئەم پرسیارە جواب باتەوە.

نۆمینالیزم ھەموو شت بە تاک دەزانێ. دەڵێ تایبەتمەندییەکان تەنیا ناوێکن کە بۆ وەسفکردنی کۆمەڵێ لە شتە تاکەکان بە کار دەبرێن. یانی سوور یا چوارگۆش یا کوڵکن یا گڕگرتەنی تەنیا ناوگەلێکن کە نراونەتە سەر کۆمەڵێ شتی لێکچووەوە و ئاماژەیەکن بە بار و لایەنی لێکچوونیان و خۆیان ھەبوون و واقیعیان نییە.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "NOMINALISM | Definition of NOMINALISM by Oxford Dictionary on Lexico.com also meaning of NOMINALISM". web.archive.org. 2021-08-26. Retrieved 2023-08-17.
  2. ^ Mill, John Stuart (1877). An Examination of Sir William Hamilton's Philosophy: And of the Principal Philosophical Questions Discussed in His Writings (بە ئینگلیزی). H. Holt.
  3. ^ Mumford, Stephen (1400). Metaphysics, a very short introduction. Translated by یوسفی, محمد. ققنوس. pp. 47–54.