ناوچەی هەوشار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

جوگرافیا:[دەستکاری]

ناوچەی هەوشار سەر بە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەبێی دابەشکردنی ناوچەیی لە کوردستاندا هەوشار سەر بە ناوچەی موکریانە. هەروەها کەوتووەتە بەینی شاری تیکاب، ساینقەڵا و فەیزوڵابەگیی بۆکان. هەوشار ناوچەیەکی بەربڵاوە کە ٢٨٠ تا ٣٠٠ گوند لە خۆ دەگرێت و هەڵدەکشێت بۆ تەختی سولەیمان و لەگەڵ زەنجان هاوسنوورە. ژمارەی هەرە زۆری دانیشتووانەکەی لە کورد پێکهاتووە، بەشێکیش تورکی ئازەری و چەرداوڕوویی تێدا نیشتەجێیە. چەرداوڕوویەکان لە شارۆچکەی مەحموودجخ و دێهاتەکانی دەورووبەری نیشتەجێن. بە گشتی٦٩%ی شارستانی(قەزای) تیکاب و ٧٩%ی شارستانی ساینقەڵا کوردن.

هەوشار بەسەر دووناوچە دا دابەش دەکرێت:

١. ناوچەی محاڵی سەروو کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕێگای تیکاب- ساینقەڵا.

٢. ناوچەی محاڵی خواروو کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی ڕێگاکە بەرەو ساینقەڵا و دۆڵی موسڵان و زاخۆران دەڕوات کە چۆمی جەغەتوو سنوورەکەی پێک دێنێت.

زمان و زاراوە:[دەستکاری]

زمانی زۆربەی دانیشتووانی هەوشار کوردییە و بە دیالێکتی کوردیی ناوەندی(سۆرانی) دەئاخڤن، هەرچەند کوردانی بە زاراوەی کوردی کورمانجی و کوردیی باشوورییش نیشتەجێی ئەم ناوچەیەن، بەڵام بەگشتی زاری خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە سۆرانییە. بە گشتی٦٩%ی شارستانی(قەزای) تیکاب و ٧٩%ی شارستانی سایەنقەڵا کوردن. شایانی باسە بەشێک لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیەش تورکی ئازەرین و بە تورکی دەئاخڤن. لە ڕووی دینیشەوە، زۆرینەی کوردان و بەگشتی کوردانی سۆرانی سوننەی شافیعین، هەروەها کوردە کورمانجەکان(زاخۆرانی، موسڵانی)، چەرداوڕوو و تورکە ئازەرییەکان شیعە مەزهەبن. کەمینەیەکی یارسانیش لە گوندەکانی هەوشار دەژین. لە بەشی باکوورییەوە موسڵانیەکان و زاخۆرانیەکان نیشتەجێن. بە پێی سەرچاوەکان ئەم خەڵکە لە موسڵ و زاخۆوە ڕوویان لە هەوشار کردووە. ئەم خەڵکە خۆیان وەک کورد لە قه‌ڵه‌م دەدەن و زاره‌وه‌یان لە کوردەکانی هەوشار جیاوازه و بە کورمانجی دەئاخڤن ‌و هەروەها دابونەریتی تایبەت بە خۆیان هەیە و مه‌زهه‌بیشیان شیعەیه.

باری سروشتی و گەشتیاری:[دەستکاری]

دوو ڕێگا ناوچە و شارەکانی سەر بە هەوشار بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە بریتین لە ڕێگای تیکاب بۆ تەختی سولەیمان و ڕێگای تیکاب بۆ ساینقەڵا.

کوێستانەکانی ناوچەی ماینبڵاغ سەرچاوەی ئاوی زۆرە کە چۆمی قەورە پێک دێنێت، بە نێوان گوندی قسقۆپی و تۆمەراغاجدا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە ناو چۆمی جەغەتوو. پاشان چۆمێکی تری هەیە بە ناوی چۆمی سارۆخ کە لە سەرچاوەی ئاوی کوێستانەکانی ئاغدەرە و قسقاپان پێک دێت.

شایانی باس کردنە کە لە زنجیرە چیاکانی سەهەند و سۆڵان بەفر ساڵەوساڵ دەمینێتەوە و هەر ئەو بەفرەیشە کە دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی ئه‌و چۆمانە.

چۆمی سارۆخ دەڕژێتە ناو سەدی سەقز کە دەکەوێتە بەینی هەوشار و بۆکان. ئەو ڕووبارانە بوونەتە هۆی سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا. هەروەها چۆمەکان دەوڵەمەندن بە بوونەوەری ژێرئاوی کە ئەویش سەرچاوەیەکی گرینگی ئابوورییە.

هەروەکو باسمان کرد کە خاکی هەوشار خاکێکی بە پیت و بەرەکەتە، لە هەمان کاتیشدا شاخەکانی لە بواری کانزاییەوە زۆر دەوڵەمەندن وەکو زێڕ، زێو، زەڕنێق، مس و گۆگرد. لەوانیش کانگای زێڕی ئاغدەرە و زەنجان. هەروەها بەردی مەڕمەڕ کە لە پشت گوندی گێچی قەڵاسی کە هەتا ئێستا حکومەت کارخانەی لێ دروست کردووە و بەردەکەی دەفرۆشێت. پاشانیش کارخانەی چیمەنتۆ لە بەینی گوندی ئاغەجەری و قسقۆپی. شاخەکانیشی بریتین لە بەیان، ئاسمان بڵاغی، کێوەڕەش، سوروسات، بێژنگ بەسەرە، شاخ شاخ، تەوێڵەکۆ و سوورە قەڵا. شوێنە مێژووییەکانیشی وەکوو تەختی سولەیمان، قەڵای کەرەفتوو، زیندانی نەبی کەندی، قەڵای کچان، ئەشکەوتی بەیان، کونە ورچ و کونە مانگا. شایانی باسە تەختی سولەیمان ئاوێکی گەرمی هەیە کە بۆ زۆر نەخۆشی که‌ڵکی لێ وهردەگیرێت. ئاوی گەڕاویش هەیە کە بۆ نەخۆشی پێست سوودی خۆی هه‌یه. شارێکی کۆنی مێژووییش هەیە کە لە بەر کێوی بەیان و پشت گوندی قۆزڵووی هەوشار هەڵکەوتووە. لە بواری هونەریشدا خەڵکەکەی دەستڕەنگینن و یەکێک لە کارە دەستییەکانیشیان فەرشی هەوشارە کە لە کوردستان، ئێران و جیهان دا بەناوبانگە.

سەرچاوە:[دەستکاری]

  • نەخشەی سیاسی و دێموگرافیکیی موکریانی کوردستان، ئامادەکار: سولەیمان چووکەڵی
  • غەفور، عەبدوڵڵا (٢٠٠٢)، فەرهەنگی جوگرافیایی کوردستان، چاپی یەکەم؛ سەردەم