میلاد مروەتی
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
ئەمە ژیاننامەی کەسایەتییەکە کە زیندووە و پێویستی بە سەرچاوەی زیاترە بۆ سەلماندنیبوون. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
میلاد مروەتی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٣٦٦ هەتاوی (١٩٨٧ زایینی) |
نیشتەجێی | سنە |
پیشە | تەلارسازە دیزاینەر کاریکاتۆریست |
چالاکبوون | ٢٠١٣ تا ئێستا |
کارە ناودارەکان | کەڵەبابی ناوەخت دیسترۆفی مینا |
چەشن | کۆمیدیای ڕەش سوریالیزم ئێکسپرێشنیزم |
میلاد مروەتی (لەدایکبووی ١٣٦٦ هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨٧ زایینی لە سەقز) نیگارکێش و کاریکاتۆریستی کوردە.
ژیان
[دەستکاری]ئەم هونەرمەندە گەنجە بەردەوام هەوڵی داوە بەرهەم و شێوەی کارکردنەکەی نوێ بکاتەوە. هەر بۆیەش بەرهەمەکانی ڕەنگوبۆنێکی داهێنانی تێدایە کە جیاوازە لە بەرهەمی هونەرمەندانی تر. میلاد مروەتی بە هۆی نەبوونی ئاسانکاری و هەندێک کێشە سەرەڕای حەزی بۆ هونەری وێنەکێشان لە خوێندنی زانستی و ئەکادیمی لەم بوارەدا بێبەش بووە. هەر بۆیە ساڵانی دوایی بە خوێندنی تەلارسازی و وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر لەم بوارەدا توانی بەشێکی کێشەکانی کەمی خوێندن تێپەڕێنێت.
بواری چالاکی و شیوازی کارکردن
[دەستکاری]میلاد مروەتی لە ساڵی ١٣٩٢ هەتاوییەوە (٢٠١٣ زایین) چالاکیی هونەری خۆی دەست پێکردووە و لە ماوەیەکی کورتدا توانیویەتی وەکوو داڕێژەر و کاریکاتۆریستێکی ئاڤانگارد خۆی بە بەردەنگەکانی بناسینێت. بواری چالاکییە سەرەکییەکەی نیگارکێشی و کاریکاتۆرە. ئەم هونەرمەندە هەوڵی داوە تا دەتوانێت هەموو شێوازەکانی نیگارکێشان تاقی بکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش دەکرێ بڵێین زۆربەی بەرهەمەکانی لە شێوەی سوریالیزم و ئێکسپرێشنیزم و تابلۆی ئەبستراکتدا کەوتوونەتە بەر دیدەی بینەران. هەرکام لەم بوارانە چەند لقی جیاوازی لێ دەبێتەو کە هەرکامیان بۆ خۆیان دونیایێکی جیاوازیان هەیە. هونەرمەند میلاد مروەتی هەوڵی داوە کە سەرێک لە هەر بەشێک بدات و بە پێی توانای خۆی کاری تازە و نوێخوازانە بخاتە پێش چاوی بینەران. لە لایەکی ترەوە ئەم هونەرمەندە زۆر حەزی لە وێنەکێشانی پۆرترێتە، بە جۆرێک لە یەکەم پێشانگایدا زۆربەی کارە پێشکەشکراوەکانی پۆرترێت بوون. شێوازی کارەکانی میلاد مروەتی بە جۆرێکە کە ھاوتایی بە دەگمەن تێیدا دەبینرێت و بەزاندنی جیهانی سروشتی و گرنگیدان بە دیسترۆفیەکان بەشێکن لە ناسنامەی کاری هونەرمەند. میلاد مروەتی شێوازی کۆمیدیای ڕەش لەگەڵ دیزاینە سوریالییەکان تێکەڵ کردووە. ئەمەش وادەکات کە تێگەیشتن لە کارەکانی تۆزێک ئەستەم بیت. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە لێی تێدەگەن سەرسووڕمان و چێژێکی تایبەت بەدوای خۆیدا دێنێت.
کومیدیای ڕەش بوونی مرۆڤ لە مەڵبەندی مۆتەکە و دیل لە هەبوون و کاتدا نیشان دەدات. لە بەرهەمەکانیدا ئازاری مرۆڤ بەهایەکی بەرزی هەیە و گرنگییەکی زۆر بە ڕووخسار و دەربڕینەکان دەدرێت. جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان لە بەرهەمەکانیدا زۆر کەمە و هەندێکجار پێکەوە تێکەڵ دەبن، یان جەستەی مرۆڤ تێکەڵ بە توندوتیژی و سروشتی تاڵانکاری بوونەوەرە کێوییەکان دەبێت. لە پۆرترێت و کارەکتەری تاکەکەسی هەر مرۆڤێکدا هەوڵێک دراوە قووڵایی هەست و دڵتەنگی و خۆبەزلزانین و خۆپەرستی و میهرەبانیەکانی وێنا بکرێت. ئەمش نیشاندەری ئەوەیە کە بەرهەمەکانی میلادی مروەتی گرینگیەکی زۆر بە هەست و ئاواتەکانی مرۆڤەکان دەدات. ئەم هونەرمەندە گەنجە هەوڵی داوە زمان، فۆرم و ناوەڕۆکێکی نوێ بێنێتە نیو هونەری نیگارکێشیەوە و وەکوو کەسێکی نوێخواز و ئاڤانگارد دەر بکەویت. ناڕەزایەتی و هەڵویست گرتن لە بەرهەمەکانیدا بە ڕوونی بەرچاو دەکەون و بە بینینی بەرهەمەکانی هەست بە نامۆیی و ئاڵۆزیێک دەکەیت کە هانتدەدا لیکۆڵینەوە و شیکاری زیاتر بۆ کارەکانی بکەی. مرۆڤ لە پێناو چێژوەرگرتن لە جوانییەکانی جیهان و تۆمارکردنی چەمک و ڕاستیی ناسنامەی تاکەکەسی و کولتووری خۆی و نیشاندانی ئەو بەهایانەی کە لە مێشکیدا پەروەردەی دەکەن، بەردەوام هونەری جیاواز دەخولقینێت. هونەرمەند بەردەوام دەیەوێت و هەوڵدەدات شێوازی نوێ بۆ دەربڕینی هەست و بیرۆکە و هەڵوێستەکانی بدۆزێتەوە. هەموو کارێکی هونەری هەست و سۆزی جیاواز لە مرۆڤدا بە شێوەیەک نیشان دەدات کە بتوانرێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و ببێت بە پردێک بۆ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
بەرهەمەکان
[دەستکاری]دیسترۆفی، کەڵەبابی ناوەخت و مینا سێ کۆمەڵە بەرهەمی ناسراو و گرینگی میلاد مروەتین کە لە ماوەی چالاکی خۆیدا خستویەتە بەر دیدەی بینەران. کۆمەڵە بەرهەمی دیسترۆفی (بە ئینگلیزی: Dystrophy) دەرخەری بیری نوێخوازانەی ئەم هونەرمەندەیە. ئەم کۆمەڵە بەرهەمە چند وێنەی جەستە و دەموچاوی مرۆڤ لە خۆی دەگریت کە تووشی دیسترۆفی واتا تێکچوون بوون. لەم بەرهەمانەدا هونەرمەند هەوڵی داوە دیسترۆفی لە چوارچێوە نەریتی و ئاساییەکەی خۆی بباتە دەرەوە و زەقی بکاتەوە. بەشێوەیەک کە هەستی مرۆڤەکان بوروژێنێ و کاریگەرییەکی بەهیز بخاتە سەریان.
کۆمەڵە بەرهەمی کەڵەبابی ناوەخت (بە فارسی: خروس بیمحل) بەشێک لە گرینگترین کارەکانی ئەم هونەرمەندە ئاڤانگاردە پێک دێنێت. کاکڵەی ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمانە دەچێتە خانەی هونەری چەمکی (بە ئینگلیزی: Conceptual art). لە هونەری چەمکیدا بیرۆکە یان چەمک گرنگترین لایەنی کارەکەیە. کاتێک هونەرمەندێک فۆرمێکی چەمکی هونەر بەکاردەهێنێت، بەو مانایەیە کە هەموو پلان و بڕیارەکان پێشتر دراون و نواندنەکەی دەبێتە ڕواڵەتی کارەکە. لێرەدا بیرۆکە دەبێتە ئامێرێک کە هونەرەکە دروست دەکات.
پێشانگاکانی میلاد مروەتی
[دەستکاری]- پێشانگای گروپی، گەلەری ئیحسان، تاران- ٢٠٢٣
- پێشانگای گروپی، ئەکادیمیای هونەر (فرهنگستان هنر)، گەلەری سەبا، تاران- ٢٠٢٣
- پێشانگای تاکەکەسی: فێستیڤاڵی هونەری شەقام، ئیسپانیا - ٢٠٢٣
- پێشانگای دیزاینی ئاڤانگارد: گەلەری مانا، سەقز- ٢٠٢٢
- ئارتفەر: ساکسۆنیا، ئانهاڵت، ئەڵمانیا- ٢٠٢٢
- پێشانگای مەجازی بە تەوەری ئەنفال: ماڵپەڕی نێودەوڵەتی زارین سپادانا، ئیسفەهان- ٢٠٢١
- پێشانگای مەجازی هەمیشەیی: ماڵپەڕی troopart.com، ئەرجەنتین- ٢٠٢١