مرۆڤی ئیشکەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھۆمۆ ئێرگاستەر، ھۆمۆ ئێراکتس ئێرگاستەر[١] یان ھۆمۆ ئێراکتسی ئەفریقی زیندەوەرێکی لەناوچووی جۆری (ھۆمۆ)یە کە لە ڕۆژھەڵات و باشوری ئەفریقادا ژیاوە لە سەرەتای سەردەمی (بلیستوسین) دا نزیکەی ١٫٤ میلیۆن بۆ ١٫٩ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر. ھەرچەندە لە سەرەتاوە (ھۆمۆ ئێرگاستەر) وەک جۆرێکی جیاواز ھەژماردەکرا بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی تەواوەتی بە جۆرێکی سەرەتایی یان جۆرێکی ئەفریقی (ھۆمۆ ئێراکتس) ھەژماردەکرێت.[٢][٣]

ناوە لێکدراوەکە لەلایەن (گرۆڤز) و (مازاک)ەوە لە ساڵی ١٩٧٥ دا بڵاوکراوەتەوە. دەستەواژەی (ئێرگاستەر) لە وشەی یۆنانی کۆنەوە وەرگیراوە بە واتای (پیاوی ئیشکەر) ھۆکاری ئەم ناولێنانەش دەگەرێتەوە بۆ پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای دروستکردن و بەکارھێنانی کەرەستەکان لەلایەن ئەم جۆرەوە.

دۆزینەوەی بەردینەکان[دەستکاری]

زانای بە بەردبووی باشوری ئەفریقا (جۆن ت. رۆبنسن) لە ساڵی ١٩٤٩ دا یەکەمین شەویلگەی خوارووی جۆرێکی نوێی (ھۆمینین) ی دۆزیەوە کە ناوی لێنا (تێلنسۆروپس کەپێنسس) کە لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا بە ھۆمۆ ئێرگاستەر پۆلێن دەکرێت.[٤] پۆلێنەی ھۆمۆ ئێرگاستەر بۆ یەکەمین جار لەلایەن (کۆڵین گرۆڤز) و (ڤراتیسلاڤ مازاک) ەوە ناسێنرا لە ساڵی ١٩٧٥ دا بەھۆی دۆزینەوەی شەویلگەیەکی خوارووی جۆرەکە لە نزیک دەریاچەی رۆدۆلف (دەریاچەی تورکانا) لە کینیا و ھەروەھا ھێماکاری زانستی (KNM-ER 992) بۆ نموونەی جۆرەکە بەکاردێت. لە ساڵی ١٩٨٤ دا لەلایەن (کامۆیا کیمیو) و (ئالان واڵکەر) ەوە کەلەسەرێکی نیمچە تەواوی جۆری ھۆمۆ ئێرگاستەر لە دەریاچەی تورکانا دۆزرایەوە (لەژێر ناوی زانستی نموونەکەی KNM-WT 15000) کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ١٫٦ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر و یەکێکە لە تەواوترین بەردینی (ھۆمینین)ەکان تا ئێستا دۆزرابێتەوە.

لە ٢٠٠٥ەوە دۆزینەوەی کەلەسەرەکانی (دمانیسی) لە باشوری قاوقازدا بۆتە ھۆی سەرھەڵدانی پرسیارێکی نوێ.

دۆزینەوەی کەلەسەری ژمارە ٥ی (دمانیسی)(ھێمای زانستی D4500) لە ساڵی ٢٠١٣ دا کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ١٫٨ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر پیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە بەڵگەی (ھۆمۆ ئێراکتس)ی ئەوراسیا ھەمان تەمەن و مێژووی ھەیە لەگەڵ بەڵگەی (ھۆمۆ ئێرگاستەر)ی ئەفریقا بۆیە ڕوون نییە دروستبوونی جۆرەکانی (ھۆمۆ ئێراکتس-ھۆمۆ ئێرگاستەر) لە (ھۆمۆ ھابیلس) ەوە لە ئەفریقا ڕوویداوە یان لە ئاسیا.[٥] ئەمەش بۆتە بەھێزکردنی ئەو کردە باوەی زۆرجار (ھۆمۆ ئێرگاستەر) وەک ھاوواتای (ھۆمۆ ئێراکتس) بەکاربێت.

بەکارھێنانی کەرەستە[دەستکاری]

ھۆمۆ ئێرگاستەر ئامێر و کەرەستەی بەردینی ھەمەجۆرتر و پێشکەوتووتری بەکاردەھێنا بە بەراورد بە جۆرەکەی پێش خۆی (ھۆمۆ ھابیلس). ھەروەھا بۆ یەکەمین جار تەوری دووسەری گەشەپێکرد.[٦]

کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

خەسڵەتی جیاوازی ڕووخساری سێکسی لە (ھۆمۆ ئێرگاستەر)دا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بە بەراورد بە جۆرە بنەچەکەی (ئەسترالۆپیسیساین) (نزیکەی لە %٢٠ کەمی کردووە)[٧] و بەڵام ھێشتا ڕێژەکەی زیاترە لە جیاوازی ڕووخساری سێکسی مرۆڤی نوێ دا. دەکرێت ئەم ھۆکاری کەم بوونەوەیەش نیشانەیەک بێت بۆ کەمبوونەوەی کێبرکێ لە نێوان نێرەکان دا بۆ ئەنجامدانی ھاوسەرگیری و زاوزێکردن.[٨]

نەک تەنھا ھۆمۆ ئێرگاستەر لەڕووی جەستەوە ھاوشێوەی مرۆڤی نوێ بووە بەڵکو لە ھەموو جۆرەکانی پێشووتر زیاتر ھاوشێوەی مرۆڤ بووە لە ڕووی کۆمەڵایەتی بوون و ڕێکخراوەییەوە. ھەروەھا ئەگەرێکی زۆر ھەیە ھۆمۆ ئێرگاستەر یەکەمین جۆری ھۆمینین بووبێت لە بەدەستھێنانی ئاگردا، بەڵام ھێشتا جێگەی مشتوومڕ و ناکۆکییە کە لەڕێی گرتنی ئاگری سروشتییەوە بووبێت یان بەھۆی داگیرساندنی ئاگری دەستکردەوە..

بەکارھێنانی زمان[دەستکاری]

بە پێی دۆزراوەی بڕبڕەی ملی (کوری تورکانا) کە زۆر باریکترە لەچاو مرۆڤەکان دا، لە بڕاویەدان ھۆمۆ ئێرگاستەر توانای جەستەیی سنوورداری ھەبووە لە ڕێکخستنی ھەناسەدان و بەرھەمھێنانی دەنگی ئاڵۆز. بەڵام دۆزینەوەکانی دواتر کە دەگەرێتەوە بۆ ٣٠٠ ھەزار ساڵ پێش (کوڕی تورکانا) دەریدەخات کە بڕبڕەی ملی (دمانیسی) ھاوشێوەی بواری ئاسایی بڕبڕەی ملی مرۆڤ بووە.[٩] لەبەر ئەم ھۆکارە وا بیردەکرێتەوە کە ئەگەرێکی زۆر ھەیە (کۆڕی تورکانا) خاوەنی نەخۆشییەکەی ئەستوونەی دڕکە پەتک بووبێت کە بۆتە ئەنجامی باریک بوونەوەی بڕبڕەی ملی بە بەراورد بەوەی لە مرۆڤی نوێ دا ھەیە. دۆزراوەکانی (دمانیسی) بەشێوەیەکی ورد و یەکلاکەرەوە وەک (ھۆمۆ ئێرگاستەر) نەناسێنراوە بەڵام پێشنیار دەکرێت بە نزیکی و پەیوەستی خوێنی و زیندەیی پێیەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Noel T. Boaz, Russell L. Ciochon, Dragon Bone Hill: An Ice-Age Saga of Homo erectus, Oxford University Press (2004).
  2. ^ "Homo ergaster – Many researchers deny any validity to the species at all. On the whole though, most researchers see too little difference between ergaster and erectus to form the basis of a species of the former, separated from the latter". ArchaeologyInfo.com. Retrieved 30 October 2015. ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Hazarika, Manjil. "Homo erectus/ergaster and Out of Africa: Recent Developments in Paleoanthropology and Prehistoric Archaeology" (PDF). Universitat Rovira i Virgili, Tarragona, Spain. Retrieved 26 December 2015. ١ی ئابی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ William H. Kimbel, Brian Villmoare, "From Australopithecus to Homo: the transition that wasn't", Philosophical Transactions of the Royal Society B, 13 June 2016, DOI: 10.1098/rstb.2015.0248.
  5. ^ Lepre CJ, Kent DV, "Chronostratigraphy of KNM-ER 3733 and other Area 104 hominins from Koobi Fora" , J Hum Evol. 2015 Sep; 86:99-111. doi: 10.1016/j.jhevol.2015.06.010.
  6. ^ Suwa G, Asfaw B, Haile-Selassie Y, White T, Katoh S, WoldeGabriel G, Hart W, Nakaya H, Beyene Y (2007). "Early Pleistocene Homo erectus fossils from Konso, southern Ethiopia". Anthropological Science. 115 (2): 133–151. doi:10.1537/ase.061203.
  7. ^ Hazarika, Manji (16–30 June 2007). "Homo erectus/ergaster and Out of Africa: Recent Developments in Paleoanthropology and Prehistoric Archaeology".
  8. ^ Gabunia, L.; Vekua, A.; Lordkipanidze, D.; Swisher Cc, 3.; Ferring, R.; Justus, A.; Nioradze, M.; Tvalchrelidze, M.; Antón, S. C.; Bosinski, G.; Jöris, O.; Lumley, M. A.; Majsuradze, G.; Mouskhelishvili, A. (2000). "Earliest Pleistocene hominid cranial remains from Dmanisi, Republic of Georgia: Taxonomy, geological setting, and age". Science. 288 (5468): 1019–1025. Bibcode:2000Sci...288.1019G. doi:10.1126/science.288.5468.1019. PMID 10807567.{{cite journal}}: CS1 maint: numeric names: پێرستی نووسەران (link)
  9. ^ McHenry, Henry M. (1994). "Behavioral ecological implications of early hominid body size". Academic Press Limited.