محەممەد عەلی عەونی
محەممەد عەلی عەونی ( له دایکبووی ۱۸۹۷ زایینی له شاری سوێرکی، لیوای ئامهد- مردووی ۱۱ی تەموزی۱۹٥۲ له قاهیره ) پلەی یەکەم و دووهەمی خوێندنی له تورکیا تەواو کردووه و بۆ فێربوونی زانستی ئایینی و عەڕهبی چۆته میسر و له قاهیرە له ئەزهەر خوێندوویەتی و کارنامە بەرزی ساندووە. زمانەکانی فارسی و فەڕهنسی زۆر باش زانیوە، دەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانیەکاندا لە دامەزراندنی کۆمەڵی خۆیبووندا بەشدار بووە. لە بەر کوردایەتی کردنی، تورک نەیانهێشتووە بگەڕێتەوە نیشتمانی خۆی و ههر له میسر ماوەتەوە و لە دیوانی شاهیدا به وەرگێڕی زمانە ڕۆژهەڵاتیەکان دامەزراوە. شەڕەفنامەی فارسی له چاپ داوەتەوە و پێشەکی و پەڕاوێزی زۆر بە هێژای لەسەر نووسیوە. هەروەها شەڕەفنامە کردۆتە عەڕەبی و لە پاش مەرگی ئەو ساڵی ۱۹٥۸ لە لایەن وزارەتی تەربیەی میسر لە چاپ دراوە. "مەسەلەی کورد" (القضیة الکردیة) ی "بلوچ شێرکۆ"ی بە عەڕەبی نووسیوەتەوە. " خولاسەی تاریخی کورد و کوردستان" و " تاریخی دوەل و ئەماراتی کوردی"ی مامۆستا ئەمین زەکی بەگی کردوون بە عەڕەبی و بە پەراوێزی زۆر بایخدار ڕازاندوونەوە. جزمی دووهەمی "مشاهیر الاکراد"ی مامۆستا ئەمین زەکی بەگی لە چاپ داوەتەوە. هەروەها گەلێک نووسراوەی زۆر بە نرخی لە سەر کورد و کورستان هەن کە تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |