فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست دەستەواژەیەکە بەکاردێت بۆ ئەو فەلسەفەیەی ھەڵکەوتبوو لە کۆتا ساڵەکانی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی لە سەدەی پێنجەمی زایننی ھەتاوەکو سەردەمی رێنیسانس لە سەدەی پانزدەھەمی زایننی.[١]

پێناسەدەکرێت بە دووبارە دۆزینەوە و ژیانەوەی کلتووری کۆن کە لە یۆنان و رۆمادا گەشەی کردبوو لە سەردەمی کلاسیک دا،[١] وە بەشێوەیەکی کەمیش بۆ وروژاندنی کێشە ئایینەیەکان و تێکەڵکردنی ڕێبازە پیرۆزەکان لەگەڵ وانە عەلمانییەکان.

مێژووی فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست دەبەش دەبێت بەسەر دوو سەردەمی سەرەکی دا: سەردەمی ڕۆژئاوای لاتینی کە دوابەدوای سەدەکانی ناوەڕاستی کۆن دا ھات تاوەکو سەدەی بیستەم، کارەکانی ئەرستۆ و پلاتۆ دووبارە پەردەیان لەسەر لا درایەوە، وەرگێردران و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا.

سەردەمی ئاڵتونی سەدەی دوانزدەھەم، سیانزدەھەم و چواردەھەم لە ڕۆژئاوای لاتینی، کە بە بە لوتکەی ھەڵسانەوەی فەلسەفەی دێرن دادەنرێت لەگەڵ پێشوازی کردن لە نووسەر و ڕەخنەگرانی عەرەب و پێشکەوتنی بەرچاو لە بوارەکانی فەلسەفەی ئایینی، ژیربێژی و بابەتی دەرەوەی سروشت (مێتافیزیک).

مێژوونووسە نوێیەکان، سەدەکانی ناوەڕاست بە یەکێک لە گەشەسەندووترین سەردەمی فەلسەفیی دادەنێن کە بیروباوەڕی ئایینی مەسیحی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ھەبووە. یەکێک لە دیارترین بیرمەندەکانی ئەم سەردەمە، تۆماسی ئەکویناس ھەرگیز خۆی بە فەیلەسوف دانەناوە و ڕەخنەی لە فەیلەسوفەکان گرتووە کە ھەموو کاتێک کەمترخەمییان ھەبووە و تێنەگەیشتوون لە ژیری و دانایی ڕاست و درووست.[٢]

کێشە و ململانێ باسکراوەکانی ئەم سەردەمە پەیوەندی نێوان ئەم بابەتانەوە بووە: باوەڕ لەگەڵ ژیربێژی، بوون لەگەڵ سادەیی خودا، ئامانجی ئایین لەگەڵ دەرەوەی سروشت (مێتافیزیک) و کێشەکانی زانیین.[٣]

تایبەتمەندێتی[دەستکاری]

فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست پێ داگرییەکی زۆر دەکات لەسەر ئایین.[٤] ئیبن سینا و ئیبن ڕوشدی لێ دەرچێت فەیلەسوفی سەدەکانی ناوەڕاست خۆیان بە فیلەسوف نەدەزانی؛ بەڵکو لای ئەوان فەیلەسوف بریتیی بوو لە نووسەرە دێرینەکانی وەک پلاتۆ و ئەرستۆ.[٣] ھەرچەندە رێگاکانیان بۆ ڕونکردنەوەی پرسیار و بابەتە ئالۆزەکانی ئایین بەند بوو لەسەر شێواز و ڕێگا ژیربێژیەکانی فەیلەسوفە دێرینەکان. تۆماس ئەکویناس و پیتەر دامیان پێیان وابوو کە فەلسەفە خزمەتکاری ئایینە.[٣] سەرەڕای ئەم تێڕوانینانە، ڕێگری دروست نەبوو لەبەردەم فەیلەسوفەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لە پەرەسەندن و نوێکردنەوەی فەلسەفەی جیاواز لە پرۆژە ئایینیەکان. بۆ نموونە، بیرمەندەکانی وەک ئۆگستین ھیپۆ و تۆماس ئەکویناس سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەست ھێنا لە بابەتەکانی فلسەفەی کاتیی و دەرەوەی سروشت (مێتافیزیک) دا.

بنەماکانی کە فەیلەسوفەکانی سەدەکانی ناوەڕاست پێی تایبەتمەندن بریتییە لە:

  • بەکارھێنانی ژیربێژی، گفتوگۆ و شیکارکردن بۆ گەیشتن بە ڕاستی کە ھەروەھا بە "ڕێژەیی"یش ناسراوە.
  • رێزگرتن لە تێڕوانینەکانی فەیلەسوفە دێرینەکان و بەرگری کردن لێیان، زۆر بە تایبەتی لە ئەرستۆ.
  • ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دروست کردنی پەیوەنی لە نێوان تێڕوانینە فەلسەفەییەکان لەگەڵ وانە ئایینیەکان.

یەکێک لە گرنگترین و سەرەکیترین بابەتەکانی ئەو سەرەدەمە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرا بریتیی بوو لە باوەڕ لەگەڵ ژیربێژی دا. ئیبن سینا و ئیبن روشد زیاتر مەیلیان بەرەو لایەنی ژیربێژی ھەبوو. ئۆگستین دەیگووت کە ھەرگیز رێگە نادات لێکۆڵینەوە فەلەسەفەکانی لە دەسەڵاتی خوداوەند تێپەرببێت،[٥]:٢٧ وە ئۆگستین بۆ کێشەی باوەڕ/ژیربێژی چارەسەری (١- باوەڕکردن و ٢- ھەوڵ بۆ تێگەیشتن) ی دانابوو.

باوەڕ[دەستکاری]

فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو ئایینین. بابەتەکانی لەم سەردەمەدا باس دەکرا ئەمانە بوون:

  • کێشەی خراپەکاری (شەیتان): فەیلەسوفە کلاسیکەکان پێشبینیان دەکرد دەربارەی سروشتی شەیتان، بەڵام کێشەکە بەلایانەوە ئەوە بوو کە چۆن خودایەکی ھێندە بەھێز، خۆشەویست و خاوەن ھەموو زانیینێک ھەڵدەستێت بە دروست کردنی سیستەمێک کە شەیتان (خراپە) بوونی ھەبێت. وە ئەمە بە یەکەم بابەت دادەنرێت کە لە فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست دا سەری ھەڵداوە.
  • کێشەی خواستی ئازاد: بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم کێشەیە بەم شێوەیە ڕوون دەکرایەوە، کە چۆن "زانیینی تەواوەتی پێشینەی شتەکان لەلایەن خوداوە" یان زانیینی ڕوودانی شتەکان لەلایەن خوداوە چۆن دەگوونجێت لەگەڵ باوەڕی مرۆڤ بە خواستی ئازادی خۆی.
  • پرسیارەکان دەربارەی نەمری زانست و ڕۆشنبیری، یەکگرتووی یان یەکنەگرتووی لە نێوان رۆح و زانیین دا.
  • پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەکرێت شتگەلێک بوونیان ھەبێت کە مادی نەبن، وەک فریشتەکان.

فەلسەفەی سروشتی[دەستکاری]

لە فەلسەفەی سروشتی و فەلسەفەی زانست دا، فەیلەسوفی سەدەکانی ناوەڕاست بەزۆری کاریگەری ئەرستۆیان لەسەر بووە. ھەرچەندە لە دوای سەدەی چواردەھەم بەدواوە، زیادبوونی بەکارھێنانی ژیربێژی بیرکارییانە لە فەلسەفەی سروشتی دا بووە ھۆی ئامادەکردنی گەشەکردنی زانست لە سەرەتای سەدەکانی نوێ دا. شێوازەکانی ژیربێژی بیرکارییانە لەلایەن ویڵیەم ھەیتسبێری و ویڵیەم ئۆکھام نیشانەن بۆ بەربڵاووی ئەم ڕەوتە. نووسەرەکانی تری فەلسەفەی سروشتی بریتیین لە ئەلبێرتی ساکسۆنت، جۆن بیوریدەن، نیکۆڵاسی ئۆتریکۆرت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Spade, Paul Vincent (٢٠١٨). Edward N. Zalta (ed.). "Medieval Philosophy". Stanford Encyclopedia of Philosophy. Center for the Study of Language and Information.
  2. ^ Davies, Brian (2004). Aquinas. Continuum International Publishing Group. p. ١٤.
  3. ^ ئ ا ب Gracia, Jorge J. E.; Noone, Timothy B. (٢٠٠٣). A Companion to Philosophy in the Middle Ages. Oxford: Blackwell. ISBN 9780631216728.
  4. ^ Medieval Philosophy: Essential Readings with Commentary, edited by Gyula Klima, Fritz Allhoff, Anand Jayprakash Vaidya, Wiley-Blackwell, 2007, p. 3.
  5. ^ Kretzmann, Norman (٢٠٠٢). Stump, Eleonore (ed.). The Cambridge Companion to Augustine. Cambridge, UK: Cambridge University Press. ISBN 9780521650182.