فۆنۆلۆجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فۆنۆلۆجی یان واچناسی (بە ئینگلیزی: Phonology) یەکێک لە لق وپۆکانی زمانەوانییە کە دەپەرژێتە سەر سیستەمی دەنگی زمان و جێ و شوێنی توخمەکانی دەنگ لە زنجیرەی وتەدا دەسنیشان دەکا. لەم لقەدا، لە بابەتی وەک دەنگ، فۆنیم، بڕگە، وشە، سترێس، نەزم (ئاھەنگ) و کێشی ھۆنراوە قسە دەکرێت.

لە حاڵێکدا کە دەنگناسی خۆ بە دیاریکردن و ساغکردنەوەی دەنگەکانی زمانەوە خەریک دەکا، فۆنۆلۆجی لە چۆنیەتی سیستەمی رێکخستنی ئەو دەنگانە دەکۆڵێتەوە. بۆ نموونە، دەنگناسی ساغیدەکاتەوە کە «ژ» دەنگێکی سەرەکییە (فۆنیم) لە زمانی کوردیدا؛ ئەو دەنگە دەنگێکی «خشۆک»ە، لە سازکردنیدا، سەری زمان دەچێت بۆ سەر سەختەمەڵاژ، پشتەوەی زمانیش بەرەو مەڵاشوو بەرز دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە فۆنۆلۆجی لەوە دەکۆڵێتەوە کە دەنگی «ژ» لە کوێی وشەکاندا دێ. ھەر لەم پێوەندییەشدا، وەڵامی پرسیارێکی ئاوا دەداتەوە: بۆچی دەنگی «ژ» لەم وشانەدا ھەیە، وەکوو «کوژران»، «بکوژ»، یان «کوژراو»، بەڵام لە وشەیەکی دیکەدا، وەکوو ”کوشتن”، نییە و دەبێت بە «ش»؟ ئایا «ش» دەبێت بە «ژ» یان بە پێچەوانەوە، یان ھەردووکیان؟ ئەو جێگۆڕکەی «ش» و «ژ»، بە ھەر شێوەیەک کە ببێ، ئایا ھەر لەم چەند وشەدایە و ھەڵکەوتە، یان بە پێی یاسایەکی تایبەتە و لە وشەی دیکەشدا ڕوو دەدا؟ ئەگەر بە پێی یاسایەکە، ئەو ھەلومەرجە چییە کە ئەو یاسایە تێیدا دێتە ئاراوە؟ ئەمانە ئەو چەشنە پرسیارانەن کە فۆنۆلۆجی یان واچناسی دەیانکا و لە وەڵامەکانیان دەگەڕێ.

کەوابوو فۆنۆلۆجی لە سیستەمی رێککەوتن و رێکخستنی دەنگەکانی زمانێکی تایبەت دەکۆڵێتەوە.

ھەروەھا ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]