فۆسیل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فۆسیل یان بەبەردبوو (بە ئینگلیزی: Fossil) بریتییە لە ھەر پاشماوە، نەخش، چاپ بوو یان شوێنەواری بوونەوەرێکی زیندوو کە مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی جیۆلۆجی ڕابردوو. نموونەی بە بەردبووەکان ئەمانەن: ئێسک، قاوخ (توێکڵی دەرەوە)، ئێسکەپەیکەر، چاپکراوی ئاژەڵ یان زیندەوەرە بچووکەکانی سەر بەرد، تەنە پارێزراوەکانی ناو زاخ، موو، بە بەردبووی تەخە، بە بەردبووەی نەوت، بە بەردبووی خەڵوز یان پاشماوەکانی ناوکە ترشی ڕایبۆزی کەم ئۆکسجین (DNA). بەشێوەیەکی گشتی بە بەردبووەکان بە تۆمارە بە بەردبووەکان ناسراوە.

زانستی بە بەردبووەکان (بە ئینگلیزی: Paleontology) زانستی لێکۆڵینەوەیە لە بە بەردبووەکان و ئەم بوارانە لەخۆدەگرێت: تەمەنی بە بەردبووەکان، شێوازی دروستبوونیان و گرنگییان لە لایەنی پەرەسەندنەوە. نموونەکان وەک بە بەردبوو دادەنرێت ئەگەر تەمەنیان لە ١٠ ھەزار ساڵ زیاتر بێت.[١] کۆنترین تەمەنی بە بەردبوو ٣٫٨٤–٤٫١ میلیارد ساڵ کۆنە.[٢] چاودێریکردنەکانی سەدەی نۆزدەھەم و دۆزینەوەی پەیوەندی چەند بە بەردبوویەکی دیاریکراو بە چینە بەردی دیاریکراوەوە بووە ھۆی ناساندنی خشتەی کاتیی جیۆلۆجی و تەمەنە ڕێژەییەکانی بە بەردبووە جیاوازەکان. گەشەسەندنی تەکنیکی پێوەری تیشکدانەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا رێخۆشکەر بوو کە زاناکان بتوانن بە شێوەیەکی بڕی (چەندێتی) تەمەنەی تەواو و وردی بەرد و بە بەردبووەکان دیاریبکەن.

بە بەردبووەکان قەبارەیان دەگۆرێت لە یەک مایکرۆمەتری (١ µm) بەکتریاوە[٣] بۆ داینەسۆر و درەختەکان کە چەندین مەتر درێژن و کێشیان چەند تەنێکە. بەشێوەیەکی گشتی بە بەردبووەکان تەنھا یەک بەشی بوونەوەرە لەناوچووەکە دەپارێزێت و زۆرجار ئەو بەشەیە کە بەشێوەیەکی نیمچەیی بەکانزا بووە لە کاتی ژیانی بوونەوەرەکەدا وەک ئێسک و ددانی بربڕەدارەکان. ھەروەھا بە بەردبووەکان دەکرێت نیشانەش لەخۆبگرن کە لەلایەن بوونەوەرەکەوە بەجێھێلدراوە کاتێک لە ژیاندابووە وەک شوێنپێی ئاژەڵ یان پاشەڕۆکانیان (پیسی) و ئەم جۆرە بە بەردبووانە بە (بە بەردبووە شوێنەوارەکان) پێناسەدەکرێت و جیاوازە لە (بە بەردبووە جەستەییەکان). جۆرێکی دی لە بە بەردبووەکان زیندەکیمیایین (Biochemical) بە (بە بەردبووی کیمیایی یان شوێنەواری زیندەیی) ناودەبرێن.

خەمڵاندنی مێژووەکان[دەستکاری]

کۆکردنەوەی بە بەردبووەکان دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای تۆمارکردنی مێژوو وە بە بەردبووەکان خۆیان وەک (تۆماری بە بەردبوو یان تۆماری بەردین) ناودەبرێن. تۆمارە بە بەردبووەکان یەکەمین و سەرەتاترین سەرچاوەکانی زانیاری بوون کە بەکاردەھێنران لە لێکۆڵینەوەکانی پەرەسەندن و بەردەوامیشە لەوەی پەیوەندییەکی پتەوی ھەبێت لە دیاریکردنی مێژووی ژیان لەسەر زەوی. زانایانی بە بەردبووەکان تۆمارە بەردینەکان بەکاردەھێنن بۆ تێگەیشتن لە ڕێکاری پەرەسەندن و شێوازی دیاریکراوی چۆنیەتی پەرەسەندنی جۆرە جیاوازەکان.

زانستی بە بەردبووەکان ھەوڵ دەدات نەخشەسازی چۆنیەتی پەرەسەندنی ژیان بکێشێت لە سەردەمە جیۆلۆجییەکان دا بەڵام سەختی دۆزینەوەی سەردەمە بە بەردبووەکان بە ئاستەنگی ڕاستەقینە دادەنرێت وە نەبوونی توخمە تیشکدەرەوەکان لەو چینانەی پارێزگاری لە بە بەردبووەکان دەکەن کە پێویستە بۆ دۆزینەوەی مێژوو لەڕێی (پێوەری تیشکدانەوە) وە. ئەمە تاکە ڕێگایە لە دیاریکردنی تەمەنێکی دیاریکراوی ورد بۆ ئەو بەردانەی لە ٥٠ میلیۆن ساڵ کۆنترن.[٤]

ھەروەھا ڕێگای پێوەری تیشکدانەوە پێویستی بە کاری تاقیەگەی ورد و وریا ھەیە. بنەما سەرەکییەکە سادە و ئاسانە: خێرایی شیبوونەوەی توخمە تیشکدەرە جیاوازەکان زانراوە و بۆیە ڕێژەی توخمە تیشکدەرەوەکە لەسەر بەرھەمە شیبۆوەکە پیشاندەری ئەوەیە کە چەندێک لەمەوبەر توخمە تیشکدەرەوەکە یەکی گرتووە لەگەڵ بەردەکەدا. توخمە تیشکدەرەوەکان تەنھا لەو بەردانەدا باون لە سەرچاوەیەکی گڕکانیان ھەیە و بۆیە ئەو بەردانەی دەتوانن بە بەردبووەکان ھەڵبگرن و مێژووەکەیان بە ڕێگەی پێوەری تیشکدانەوە دیاریبکرێت بریتییە لە چینە خۆڵەمێشە گڕکانییەکان.[٥]

سنووردار کردنەکان[دەستکاری]

بەشێوەیەکی دەگمەن زیندەوەرەکان بە باشترین بارودۆخ لە بە بەردبووەکان پارێزراون و بەشێکی زۆر کەمی ئەو بە بەردبووانەش ھەتا ئێستا دۆزراونەتەوە. ئەمەش پشتڕاست کراوەتەوە بە پێی ئەو ڕاستییەی کە ژمارەی جۆرەکانی دۆزراونەتەوە لەڕێی تۆماری بەردینی ڕێژەکەیان کەمترە لە %٥ ی جۆرە زیندووە زانراوەکان و ئەمەش پێشنیارکەری ئەوەیە کە ڕێژەی ئەو جۆرە زیندەوەرانەی زانراون لەڕێی بە بەردبووەکانەوە کەمترە لە %١ی ھەموو جۆرە زیندەوەرەکانی ژیاون لە ھەر کاتێک دا.[٦]

لەبەر ئەو بارودۆخە دەگمەن و تایبەتەی پێویستە بۆ بە بەردبوونی پێھاتەیەکی زیندەیی، چاوەڕێ دەکرێت تەنھا ڕێژەیەکی کەمی جۆرەکانی زیندەوەران بوونیان ھەبێت لە دۆزینەوە بەردینەکان دا و ھەر دۆزینەوەیەک پیشاندەری تەنھا وێنەیەکی خێرا و تێپەڕی ڕێکاری پەرەسەندنە.

تۆمارە بەردینەکان بە زۆری تایبەتمەندە بۆ ئەو زیندەوەرانەی خاوەنی پارچە و جەستەی ڕەق و پتەون و وایکردووە زۆربەری کۆمەڵە زیندەوەرە جەستە نەرمەکان کەمترین پێگەیان ھەبێت.[٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Oxford English Dictionary. Oxford University Press. Archived from the original on 11 January 2008. Retrieved 17 June 2013.
  2. ^ "theNAT :: San Diego Natural History Museum :: Your Nature Connection in Balboa Park :: Frequently Asked Questions". Sdnhm.org. Archived from the original on 10 May 2012. Retrieved 5 November 2012.
  3. ^ Westall, Frances; et al. (2001). "Early Archean fossil bacteria and biofilms in hydrothermally influenced sediments from the Barberton greenstone belt, South Africa". Precambrian Research. 106 (1–2): 93–116. Bibcode:2001PreR..106...93W. doi:10.1016/S0301-9268(00)00127-3.
  4. ^ Shute, C. H.; Cleal, C. J. (1986). "Palaeobotany in museums". Geological Curator. 4: 553–559.
  5. ^ Zylberberg, L.; Laurin, M. (2011). "Analysis of fossil bone organic matrix by transmission electron microscopy". Comptes Rendus Palevol. 11 (5–6): 357–366. doi:10.1016/j.crpv.2011.04.004.
  6. ^ Wilson, MA; Palmer, T. J.; Taylor, P. D. (1994). "Earliest preservation of soft-bodied fossils by epibiont bioimmuration: Upper Ordovician of Kentucky". Lethaia. 27 (3): 269–270. doi:10.1111/j.1502-3931.1994.tb01420.x.
  7. ^ Taylor, P. D. (1990). "Preservation of soft-bodied and other organisms by bioimmuration: A review". Palaeontology. 33: 1–17.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]