عەلی بەردەشانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بەردەشانی

شاعیری میللی و بەیتبێژی کورد: عەلی بەردەشانی.

ڕۆژی لەدایکبوونی عه‌لی بەردەشانی شاعیر ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە،  سدیق بۆرەکەیی لە کتێبی (مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم)دا دەڵێ:  عەلی لە ساڵی (1767)ی زایینی هاتووەتە ژیانەوە و لەساڵی (1809)دا مردووە.

هەرچەندە عەلی بەردەشانی پیاوێکی گەڕیدە ژیان بووە و لە گوندەکانی لۆتەر و هەڵۆنەی ناوچەکەیدا ژیاوە، بەڵام بەردەشان گوندی زۆربەی ژیان و زێدی ڕەسەنی هەمیشەیی ئەم شاعیرە بووە، وەکو لە بەیتە شیعرەکەی حاجی قادری کۆییدا کە دەفەرمووێ:

دوو عەلین شاعیرن، وەکو حەسان

بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان

لەبەر ڕوناکی ئەم دێڕە شیعرە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە-:

۱- حاجی، شوێنی ڕەسەنی عەلی دیاری کردووە، کە بەردەشانە.

٢- پەیوەندی عەلی بە ڕەحمان پاشاوە، وەکو پەیوەندی حەسانی کوری سابیتی شاعیر بە موحەمەدی پێغەمبەرەوە داناوە، کە ئەمەش سەرسوڕمانی حاجی قادرمان لە زیرەکی و کوردویستی و تەڕدەستی عەلی بۆ دەردەخات.

٣- دیارە عەلی حەریریش لەم شیعرەیدا لە لایەن حاجییەوە جێگای بەرز و بەڕێزی وەکو عەلی بەردەشانی دەدرەوشێتەوە.

٤- بەردەشان و حەریریش لە پیرۆزی و مەزنیدا بە زێدی موحەمەدی پێغەمبەر و حەسانی شاعیر چوێندراون.

یەکێ لە بەیتەکانی بەردەشانی بەناوی (کیسەڵی).

خالق هەر ئەتۆی بۆ خۆ

خودا هەر ئەتۆی بۆ خۆ

هیچ کەس نییە لە ڕەنگی تۆ

کۆلەسەم کێڵا بەکۆ

دامچاند بە برنج و پەمبۆ

چووم ئاوێی لێنێم بۆ خۆ

کیسەل لێی گرتبوو جۆ

پرسیم کیسەڵ لەکوێیە؟

گوتیان لەوبەری ڕێیە

وا لە پەڵەخڕکێیە

لەوێ دەکا شەڕێیە

بەجۆیەدا چوومە خوار

جۆیە بە قڕژاڵ و مار

پنگەڵێن و چقڵ و دار

جارێک ڕۆیین، جارێک غار

گەیمە کیسەڵی بەدکار

ئەمنی دیت و لێم بوو هار

کردی بەقیڕە و هاوار

دەیفیشکاندمێ جارناجار

دەیفیشکاند وەکو ماری

وەک ماری دێمەکاری

دەیگرت بەلەکێ سواری

ڕێی دەگرت لە ڕێبواری

دەمگوت تەحا چەند هاری

گوتم کیسەڵ هەستە بڕۆ

ئێرە نییە مەکانی تۆ

مەملان و مەملی و مەمۆ

ئی خۆمن و نایدەم بە تۆ

“شیعرەکانی عەلی بەردەشانی”

١- ڕەگەز و وشەی فۆلکلۆرییان پێوە دیارە.

٢- لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە لە ئەدەبی هونەرەوە نزیکن و بابەتەکانی لێکچواندن و خوازە و پۆشینی زۆر تێدایە.

٣- تۆمارکردنی چۆنییەتی ڕووداوەکان بە وردەکارییەوە نیشاندەدەن.

٤- زۆربەیان لە شێوەی بەسەرهات و بەیتان دان و سەرەتا زنجیربەندی ناوەڕۆک و کۆتاییان هەیە.

٥- شیعرەکان سادە و ساکارن و هەموو خەڵک لە شیعرەکان تێدەگات.

٦- شێوەی شیعری ڕەسەنی کوردین و لەسەر کێشی حەوت و هەشت بڕگەیی گوتراون.

۷- لە ڕووی ئایینەوە، پێشەکی زۆربەی شیعرەکانی پاڕانەوەن لەبەر خودا و پێغەمبەران.

٨- حاجی قادری کۆیی لەبارەی هەستی نەتەوایەتییەوە عەلی بەردەشانی بە شاعیرێکی بەرز دەنرخێنێ و بە (حەسانی کوڕی سابیت) ی شاعیری موحەمەدی پێغەمبەری دەچوێنێ.

۹- لە بارەی هەجووکردنەوە زمانی عەلی زۆر بە بڕشت بووە وردەکاری و کاریگەری لە جنێوداندا بە شیعرەکانییەوە دەدرەوشێتەوە، بە پێچەوانەشەوە لە بارەی ستاییشدا دەستێکی باڵای هەبووە.

۱۰- شیعری پێکەنین و دڵخۆشکەر، لەناو زۆربەی شیعرەکان دیارن.

۱۱- لە هەندێک کاتدا بیر بەسەر فۆڕمدا سەردەکەوێ و کێش تێکدەری و سەروا بەزێنی دەکات وەکو لە شەڕی مام و برازایدا دەردەکەوێ.

۱۲- ساکاری و کاریگەری پێویستی بوونی شیعرەکانی عەلی، خۆیان پارێزگاری نەفەوتانیان لە خۆیان کردووە، کە دەماودەم هاتوون و نەکەوتوونەتە بن لیتەی دەریای بزربوون و لەبیرچوونەوە.

هەندێ لە بەرهەمەکانی:

بەیتێ ئەوڕەحمان پاشای بابان.

بەیتی کیسەڵێ.

بەیتێ باپیرئاغای مەنگوڕ.

بەیتێ تفەنگێ.

جووتێک کەوشی ڕەش.

عەلی و زەریە بەرنانی.

چیغ و ڕەشماڵ و چادر.

عەلی و کیژۆڵەی شوانی بەرخان.

بەیتێ پیوازان.

شەڕێ مام و برازایان، یان بەیتی ناز و خدر.

فاتەکوێر و ئایشەکوێر.

ئەمن و عەلی برابووین.

کاروانی مەرگەی.

عەلی و خاڵندی چاڵاوایە.

شاییە دۆڵەبییە.

شیعری هەناران.

عەلی بەردەشانی و مەستان.

تاڵانێ بەردەشانی.

ڕاوێ پاشای.

عەلی بەردەشان و عەلی حەریری.

هانا.

بەیتێ داران.

خەزێم.

شیعری هەللاجی.

شاییە ئەجندان.

“مردنی عەلی بەردەشانی” لەساڵی (1809)دا مردووە و لە گۆڕستانی بەردەشانی بە خاک سپێردراوەو شوێنی گۆڕەکەشی زانراوە.  عەلی بە نەخۆشی ماوەیەک لە بەردەشان لەسەر جێگا کەوتووە و لەکاتی نەخۆشییەکەشیدا وڕێنەی کردووە و خەڵکانی بەردەشانیش زۆرجار لە دەوری کۆبوونەوە و گوێیان لێگرتووە، کە مردووشە لە گۆڕستانی بەردەشان نێژراوە.

سەرچاوە:

کتێب دیوانی عەلی بەردەشانی، کۆکردنەوە و لێکدانەوەی، زیاد حەمە ئەمین، چاپی دووەم، چاپخانەی ئنستیتیوی کەلەپوری کورد- سلێمانی. ساڵی چاپ، . 2015