عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دكتۆر عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا ساڵی ١٩١٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، و لە سالی ٢٠٠٢ لە بەغدا مردووە. عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا پزیشک و نووسەر بوو.

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

دكتۆر عەبدولڕەحمان عەبدوڵا

عەبدوڕەحمان کوڕی میرزا عەبدوڵڵا کوڕی حاجی سەعید کوڕی قادر ئاغا کوڕی ھۆمەر ئاغایە، ١٩١٥ لە گەڕەکی (دەرگەزێن)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە. تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵان بووە کە باوکی مردووە و دایکیشی پاش ئەو مردووە. خوشک و برایەکی دیکەی ھەبووە، ئەوانیش بەرودوا مردوون. بۆیە مامەکانی خستوویانەتە ژێر باڵی سەرپەرشتیی خۆیان. بە منداڵی خراوەتە حوجرە لای خواجە ئەفەندی و مەلا شەلە. ھەلومەرجی نالەباری سلێمانی ڕێی نەداوە بکەوێتە خوێندن، تا لە ١٩٢٥دا لە قوتابخانەی سەرەتایی وەرگیراوە و ١٩٢٩ تەواوی کردووە. پاشان چووەتە ناوەندیی (الغربیە) و ناوەندیی کەرخ لە بەغدا و ١٩٣٢ بڕیویە. ئەمجا لە سانەویی مەرکەزی قبووڵ کراوە و دوای دوو ساڵ تەواوی کردووە. ١٩٣٤ بە سەرکەوتوویی لە کۆلیجی پزیشکیی شاھانە دەرچووە.[١][٢]

وەزیفەی عەسکەریی[دەستکاری]

وەزیفەی عەسکەریی بەم شێوەیە بووە:[١][٢]

  • ٦/٧-٣٠/٨/١٩٤٠ چووەتە خولی سێیەمی ئەفسەرانی ناچەکداری ئیحتیات، ٣١/٨- ٥/١٠/١٩٤٠ خولەکە ھەڵوەشاوەتەوە و لە نەخۆشخانەی سێیەمی مەیدان دامەزراوە،
  • ٦/١٠١٩٤٠-٥/١/١٩٤١ پلەی مولازمی دووەمی ئیحتیاتی پێ بەخشراوە،
  • ٦/١-٨/٣/١٩٤١ پلەی مولازمی یەکەمی دراوەتێ،
  • ٩/٣-٢٤/٥/١٩٤١ گواستراوەتەوە بە پلەی پزیشک بۆ نەخۆشخانەی دووەمی مەیدان لە تیپی سێیەم،
  • ٢٥/٥- ١٦/١١/١٩٤١ لە لیوای سێیەم بووە،
  • ١٧/١١/١٩٤١- ٢٣/١/١٩٤٢ لە عەمباری مەشق پێکردن بووە،
  • ٢٤/١-١٥/٦/١٩٤٢ گواستراوەتەوە بە پلەی فەرماندەی نەخۆشخانەی دووەمی مەیدانی تیپی دووەم،
  • ١٦/٦-١٤/٧/١٩٤٢ بە پلەی یاریدەدەر لە نەخۆشخانەی دووەمی تیپی دووەم جێگیر کراوە،
  • ١٥/٧/١٩٤٢-٧/٧/١٩٤٣ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی عەسکەریی کەرکووک،
  • ٨/٧/١٩٤٣-٢٨/٤/١٩٤٤ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازخانەی سلێمانی،
  • ٢٩/٤-١/٥/١٩٤٤ لە ناوەندی قەزای زێبار کاری کردووە،
  • ٢/٥-١٧/٦/١٩٤٤ پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ ڕەئیس (نەقیب)،
  • ١٨/٦-٢٦/٦/١٩٤٤ لە نەخۆشخانەی یەکەمی مەیدانی تیپی دووەم بووە،
  • ٢٧/٦-١٨/١١/١٩٤٤ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی یەکەمی مەیدانی تیپی دووەم،
  • ١٩/١١/١٩٤٤-٣/٩/١٩٤٥ کراوە بە پزیشکی فەوجی دووەمی سنوور،
  • ٤/٩/١٩٤٥ گواستراوەتەوە بۆ فەرماندەییی نەخۆشخانەی دووەمی مەیدانی تیپی دووەم،
  • بە ئیرادەی شاھانەی ژمارە ٥٦٨ی ڕۆژی ٢٥/١١/١٩٤٥ دەستلەکارکێشانەوەی لە خزمەتی عەسکەری لێ قبووڵ کراوە و پاشتر ئەو خزمەتەی بە دوو ھێندە بۆ دانراوە.

وەزیفەی مەدەنیی[دەستکاری]

پاش خزمەتی عەسکەری، گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و عەیادەی تایبەتی داناوە. بەڵام کە مەعرووف جیاووک بووەتە موتەسەڕیفی سلێمانی، دایمەزراندووە لە دائیرەی تەندروستی.[١][٢]

لێرەبەدواوە وەزیفەی مەدەنیی بەم جۆرە بووە:[١][٢]

  • ٦/٧/١٩٤٦ بە پزیشکی نەخۆشخانەی سلێمانی دامەزراوە.
  • لە ٢٠/٤/١٩٤٩دا کراوە بە سەرۆکی تەندروستیی لیوای سلێمانی تا ١٠/٧/١٩٥١. ١٥/٧ی ئەو ساڵە بووە بە سەرۆکی تەندروستیی لیوای دیالە تا ١٩/٧/١٩٥٢. ٢١/٧/١٩٥٢-٥/١٠/١٩٥٤ سەرۆکی تەندروستیی لیوای عیمارە بووە.
  • ٩/١٠/١٩٥٤-١٠/٢/١٩٥٦ سەرۆکی تەندروستی بووە و کاروباری بەڕێوەبەری تەندروستیی پایتەختی ڕاپەڕاندووە.
  • ١١/٢/١٩٥٦-٩/٨/١٩٥٨ سەرۆکی تەندروستیی لیوای ھەولێر بووە.
  • لە ١٩٥٨دا ھاوسەرەکەی مردووە، بۆیە ناچار بووە بە چوار منداڵەکەیەوە بچێتەوە بۆ سلێمانی. ئەوە تەنانەت پڕۆژەی چوونە ئەمریکایشیی بۆ خوێندنی بەرز ھەڵوەشاندووەتەوە. ١٢/٨/١٩٥٨-١٠/١٢/١٩٦١ سەرۆکی تەندروستیی لیوای سلێمانی بووە.
  • ١١/١٢/١٩٦١-٢٩/١٠/١٩٦٢ سەرۆکی تەندروستی بووە و کاروباری پزیشکی پشکنێری لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی ھەڵسووڕاندووە.
  • ٣٠/١٠/١٩٦٢-٢٢/٣/١٩٦٣ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێتان بووە.
  • ٢٣/٣/١٩٦٣-٢٠/٢/١٩٦٨ سەرۆکی تەندروستی و کارھەڵسووڕێنی پزیشک و پشکنێر بووە لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی.
  • ٢١/٢/١٩٦٨ بووە بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و کارھەڵسووڕێنی بەڕێوەبەری عەیادەی کەڕادەی شەرقی بووە.
  • ڕۆژی ٣١/٨/١٩٦٩ خانەنشین بووە.

زیندانی كردنی[دەستکاری]

١٩٤٥ لە سەردەمی جووڵانەوەی بارزان دا لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر و چالاکی سیاسیی کورد گیراوە و براوە بۆ گرتووخانەی کووت. ڕۆژی ١٥/٧/١٩٦٣یش گیراوە و ٢٩/٧ خانەنشین کراوە، پاشان گێڕدراوەتەوە بۆ وەزیفە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ساڵانی دواییی ژیانیی، لەگەڵ کچەکەی لە گەڕەکی (ئەعزەمییە)ی شاری بەغدا بەسەربردووە، تا ڕۆژی ٣٠/٥/٢٠٠٢ بە نەخۆشی کۆچی دواییی کردووە. ڕۆژی دوایی تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە (گردی سەیوان) نێژراوە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

دکتۆر عەبدولڕەحمان ، ساڵی ١٩٤٢ "لوتفییەی کچی ئەدیب عەزیز"ی ھێناوە و (ڕزگار، ژیر، ئاسۆ، ئاواز)ی لێ بووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٤٧ لە "گەلاوێژ"دا دەستی بە نووسینی پزیشکی کردووە و لە (یادگاری لاوان، دیاری لاوان، گەلاوێژ، ھیوا، کاروان، تەندروستی و کۆمەڵ، ڕەنگین، گۆڤاری کۆڕی زانیاریی کورد)دا لێی بڵاوکردووەتەوە. ئەو ماوەیەی ساڵانی پەنجا کە وەزیفەکەی لە بەغدا بووە، لە ١٢/١٢/١٩٥٥ەوە وتاری تەندرستیی بۆ ڕادیۆی کوردیی بەغدا نووسیوە و پێشکەشی کردووە.[١][٢]

ئەم لەچاپدراوانەیشی ھەن:[١][٢]

  1. چواردەی تەمووز- لاپەڕەیەک لە شۆڕشی فەڕەنسە، بەغدا، ١٩٥٨،
  2. تەندروستی گشتی، چاپخانەی سلمان الاعظمي- بەغدا، ١٩٧٣،
  3. فەرھەنگی پەزیشکی، ئینگلیزی- عەرەبی- کوردی، ئامادەکردنی جەمال عەبدول، دەزگای ئاراس- ھەولێر، ٢٠٠٩،
  4. نەخۆشییەکانی کۆئەندامی ھەرس (٢٠٠٢ محەمەد زەھاوی لەچاپی داوە)،
  5. کاروانەکە ھەر ئەڕوا (بیرەوەرییەکانیەتی)، ھێشتا دەستنووسە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل 8133-8135
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ یادگاری لاوان و دیاری لاوان، ئامادەکردن و لێکۆڵینەوە ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، (لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین)، چاپخانەی شڤان- سلێمانی، ٢٠٠٥، ل٢٥-٢٦ ؛ جمال بابان، أعلام کرد العراق، ص٤٦٤؛ کەمال ڕەئووف محەممەد، مێژووی ڕادیۆی کوردیی بەغداد ١٩٣٩-١٩٥٨، بەرگی یێکھەم- جزمی یێکھەم، ل٦٧٦-٦٧٧؛ مێگفی نەریمان، میوانی ئەم جارەمان دکتۆر ئەوڕەحمانە، گۆڤاری "ڕەنگین"، بەغدا، ژمارە ٢٧، ١٩٩٠؛ عەبدولکەریم عەبدولڕەحمان خەفاف، دکتۆر عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا سلێمانی ١٩١٤- بەغدا ساڵی ٢٠٠٠، گۆڤاری "سلێمانی"، ژمارە ١٠٠، شوباتی ٢٠٠٩، ل٥٢؛ چارەکەسەعاتێک قسەی ساڵی ٢٠٠١ی بە دەنگ لەسەر کاسێت تۆمارکراوی خوالێخۆشبوو لە لایەن نووسەرەوە؛ وێنەیەکی (ترجمە الحال)ی خانەنشینییەکەی کە ١٩ لاپەڕەیە، بەڕێز مامۆستا جەمال عەبدوول لە خاتوو ئاوازی کچیی وەرگرتووە.