سوڕی کریبس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێڵکاریی سووڕەکە

سوڕی کریبس (بەئینگلیزی: Krebs Cycle، Citric acid)، ڕێچکەیەکی کیمایی زیندەییە، بەھەڵوەشاندنی ئەسیتایل CoA کە دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و گەردیلەکانی ھایدرۆجین و گەردیلەکانی ATP بەرھەم دێنێت، ھەڵدەستێت. کارلێکەکانی سووڕی کریبس لەلایەن ھانس کریبس ـەوە دۆزرایەوە. سووڕی کریبس پێنج ھەنگاوی سەرەکی دەگرێتەوە کە ھەموویان لەناوەخنی مایتۆکۆندریای خانە ناووک ڕاستەقینەکاندا ڕوودەدەن.

باسێکی سووڕەکە[دەستکاری]

گەردێک لە گلوکۆز، دوو گەرد لەترشی پایرۆڤیک پەیدا دەکات لەکرداری شەکرە شیبوونەوەدا. ئەم دوو گەردەش دەتوانن دوو گەرد لە ئەسیتایل CoA پێکبێنن. بەم جۆرە یەک گەردی گلوکۆز دەبێتە ھۆی ڕوودانی دوو سوڕی کریبس بۆ پەیداکردنی شەش گەرد لە NADPH و دوو گەرد لە FADH٢ و دوو گەرد لە ATP و چوار گەرد لە دووانە ئۆکسیدی کاربۆن کە بڵاودەبێتەوە بۆ دەرەوەی خانەکان و لەش خۆی لێ ڕزگار دەکات. دەتوانرێت ATP بەکاربێت بۆ بەرھەمھێنانی وزە. سەرنج بدە ھەر گەردێکی گلوکۆز دوو گەردی ATP لەسوڕی کریبسدا پەیدا دەکات، کە ھەمان ژمارەی گەردەکانە لە شەکرە شیبوونەوەدا، سووڕی کریبس لە ناوەخنی مایتۆکۆندریادا ڕوودەدات و لەپێنج ھەنگاوی سەرەکی پێکدێت.

ھەنگاوەکانی سوڕی کریبس[دەستکاری]

ھەنگاوی یەکەم: ئەسیتایل CoA یەکدەگرێت لەگەڵ ترشی ئۆگزالۆ سرکیک[١] بۆ بەرھەمھێنانی ترشی ستریک (لیمۆ)[٢].
ھەنگاوی دووەم: لەترشی سرکیک گەردێک دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەپەڕێت بۆ پێکھێنانی ئاوێتەیەکی پێنج کاربۆنیی.
ھەنگاوی سێیەم: لەئاوێتەی پێنج کاربۆنیی گەردێک دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەپەڕێت بۆ پێکھێنانی ئاوێتەیەکی چوار کاربۆنیی.
ھەنگاوی چوارەم: ئاوێتەی چوار کاربۆنیی دەگۆڕدرێت بۆ ئاوێتەیەکی چوار کاربۆنیی نوێ.
ھەنگاوی پێنجەم: دووبارە گۆڕینەوەی ئاوێتەی چوار کاربۆنیی نوێ بۆ ترشی ئۆکزالۆ سرکیک سەرەڕای پەیدابوونی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، ھەر سووڕێک لە سووڕەکانی کریبس گەردەکانی ATP و NADH و FADH٢ پەیدا دەکات. سەرجەم وزەی دەرپەڕیوو لەکرداری شەکرە شیبوونەوە ھێشتا نەگوازراوەتەوە بۆ ATP. ئەم کرداری شیبوونەوەیەش پێویستی بەھەردوو ماددەی NADH و FADH٢ لەڕێی ئەو ڕێچکانەوە درووست دەبن کە ڕوویان داوە. کرداری شەکرە شیبوونەوە دوو گەرد NADH پەیدا دەکات، و گۆڕانی ترشی پایرۆڤیک بۆ ئەسیتایل CoA دوو گەرد لە NADH پەیدا دەکات، زۆرکردنی شەش گەرد لە NADH ی پەیدابوو لە سوڕی کریبسدا کۆی ئەمەش ١٠ گەرد NADH ـە بۆ ھەر گەردێک لە گلوکۆز کە ئۆکسێنراوە، ھەر دەگەردی NADH و دوو گەردی FADH٢ ی پەیدابوو لەسوڕی کریبسدا بەکاردێن بۆ ھەنگاوی دواتری با ھەناسە کە تیایدا زۆربەی وزەی گلوکۆز بەتەواوی دەگوازرێتەوە بۆ ATP.

پەڕاوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ Oxaloactic acid - P.37
  2. ^ Citric acid - P.37


بەستەری دەرەکی[دەستکاری]


سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • پەڕتووکی خوێندکار - زیندەزانیی بۆ پۆلی یانزەھەمی زانستیی - ھەرێمی کوردستانی باشوور.