زایەڵەی بێدەنگی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کتێبی زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر ھاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران) بابەتێکە لەسەر ھاوسەرگیریی منداڵان کە بە سەرپەرشتی کامیل ئەحمەدی توێژەری کۆمەڵایەتی و مرۆڤناسی کورد و لیژنەی ھاوکارانی ئەنجام دراوە و لە ڕێکەوتی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ و ھاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیھانیی کچ لەلایەن وەشانخانەی شیرازە چاپ و بڵاو کرایەوە و لە کتێبخانەی نەتەوەیی پەردەلادانی لەسەر کرا.[١][٢] ئەم کتێبە بنەمای دەگەڕێتەوە سەر توێژینەوەیەک کە کامیل ئەحمەدی و ھاوکارانی ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لەسەر چییەتی و چۆنێتی دیاردەی ھاوسەرگیریی منداڵان لە حەوت پارێزگای ئێران جێبەجێیان کردووە تا چمک و لایەنە شاراوەکانی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە دیاری بکەن و پێشنیار و ڕێچارە زانستی و کردەوەیییەکان بخەنە بەردەست سیاسەتدانەرانی کەلتووری و کۆمەڵایەتی.[٣][٤][٥]

شیاوی باسە کە ئەم توێژینەوەیە درێژەی توێژینەوەکانی ناوبراوە لەسەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران. لە پێشەکی ئەم کتێبەدا باس لەوە کراوە کە لە سەروبەینی توێژینەوە لەسەر پەرەسەندنی دیاردەی خەتەنەکردنی ژنان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێوەندییەکی زۆر نزیک و چڕوپڕ لە نێوان ئەم دوو دیاردەدا ھەیە، واتە خەتەنەکردنی ژنان و ھاوسەرگیریی منداڵان، توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کچانەی لە سەرەتای ژیانیانەوە کۆئەندامی سێکسییان سەقەت دەکرێت، لە تەمەنی منداڵی و یان لە ھەڕەتی لاویدا دەچنە نێو ژیانی ھاوبەشەوە؛ بەم بۆنەوە کامیل ئەحمەدی و ھاوکارانی دوابەدوای تەواوکردنی توێژینەوەی خەتەنەکردنی ژنان لە سێ پارێزگای ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەروەھا پارێزگای ھورموزگان لە باشووری ئێران، توێژینەوەی دواتری خۆیان لەسەر بابەتی ھاوسەرگیریی منداڵان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی ئێران دەستپێکرد.[٦]

نموونەی ئاماری و کۆمەڵگای مەبەست[دەستکاری]

بەپێی ئامارە فەرمییەکان وەک سەرژمێریی ساڵی ٢٠١١، ئامارەکانی زەواج و جیابوونەوەی ڕێکخراوەی تۆمارکردنی شارومەندی و زانیارییەکانی دیکە، ڕێژەی ھاوسەرگیریی کەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە ھەندێ پارێزگای ئێران لە چاو پارێزگاکانی دیکە زیاترە. بەم بۆنەوە توێژەر تەرکیزی خستووەتە سەر حەوت پارێزگا کە زۆرترین ڕێژەی ھاوسەرگیریی منداڵانیان ھەیە، واتە پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی، ئازربایجانی ڕۆژھەڵات، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازربایجانی ڕۆژاوا، ھورموزگان و ئەسفەھان. شێوازناسیی دەکارھێنراو لەم توێژینەوەیەدا شێوازێکی چۆنێتییە لە بازنەی گەورەدا و شێوازی نموونەگیرییەکەی ھێشوویی بووە.[٧][٨][٩]

دەسکەوتەکانی توێژینەوە[دەستکاری]

ھۆکار و شوێنھاتەکانی ھاوسەرگیریی منداڵان[دەستکاری]

بەشێ سێھەمی ئەم کتێبە تەرخان کراوە بۆ شرۆڤەی دەسکەوتەکانی توێژینەوە و فاکتەرە جۆراوجۆرە کەلتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایینییەکان وەک فاکتەری کاریگەر بۆ پەرەسەندنی دیاردەی ھاوسەرگیریی منداڵان ئاماژە پێدەدات. بە وتەیەکی دیکە، ئەم توێژینەوە مەیدانییە وەک گرنگترین ھۆکارەکانی ھاوسەرگیریی پێشوادە لە ئێران، ئاماژە دەداتە ھەژاری، ئاستی نزمی خوێندن، پاڵپشتی یاسا و دەزگای داد، گوشارە کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانگەی پیاوسالارانە و ھەروەھا نەریت و باوەڕە ئایینییەکان.[١٠][١١] لەم بەشەدا کتێب باس لەوە دەکات کە لە زۆرینەی وڵاتانی دواکەوتوو وەک ئێران، ھاوسەرگیریی پێشوادەی منداڵان بە مەبەست و ئامانجی ئابوورییە و لەبەر باشترکردنی دۆخی ئابووریی بنەماڵە جێبەجێ دەکرێ و ئەگەرچی دەستەواژەی ھاوسەرگیریی منداڵان ھەر دوو لایەنی ھاوسەرگیری، واتە ھەم کوڕان و ھەم کچانی کەم تەمەن دەگرێتەوە، بەڵام ئامار و ڕاستییەکانی کۆمەڵگا پیشاندەری ئەوەن کە شوێنھات و کاریگەرییەکانی دیاردەی ھاوسەرگیریی منداڵان بۆ کچان زۆر مەترسیدار و جیددیترە.[١٢]

لە بەشی دیکەدا باس لەوە دەکرێ کە ئەو کەسانەی ئامادە دەبن منداڵانیان پێوەندیی ھاوسەرگیری پێک بێنن، پێیان وایە کە ئەم جۆرە ھاوسەرگیرییانە پێوەندە بنەماڵەیییەکان پتەو دەکاتەوە و گەرەنتییەکە بۆ پەردەی کچێنی کچان پێش پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش کە خواستە سێکسییەکانیان کۆنتڕۆڵ دەکات و دەتوانێ وەک بەربەستێک بێت بۆ گەیشتنی کچان بە تەمەنێک کە ڕاکێشەربوونی سێکسییان وەک ھاوسەر و ھاوژین لاواز دەبێتەوە.[١٣][١٤]سەرپەرشتی توێژینەوە لەم کتێبەدا و بەپێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی خۆی دەڵێت: «ھاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا شوێنھاتی نەرێنی دیکەشی لەسەر کچان دەبێت، وەک کێشەی سێکسی، دووگیانبوون و زاوزێ کە بەھۆی ئامادەنەبوونی تەواوی جەستە، کچان بەرگەزندتر دەکات و تووشبوون بە گرفتە دەروونی و سایکۆلۆجییەکان و کێشەی کەسایەتی بەھۆی توندوتیژیی ناوماڵ وەک لایەنەکانی دیکەی ھاوسەرگیریی پێشوادەی منداڵانن».[١٥] ئەم توێژینەوە وێڕای دەرخستنی پێوەندیی نێوان کوشتنەکان لەبەر شەرەف و نامووس لەگەڵ دیاردەی ھاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی، کاریگەری و شوێنھاتەکانی دیکەی ھاوسەرگیریی منداڵان ئاماژە پێدەدات وەک زیادبوونی جودابوونەوەکان، بێوەژن و بێوەپیاوی منداڵ، زیادبوونی ژمارەی منداڵانی بێ سەرپەرشت، خۆسووتان، خۆکوژی، ھەڵاتن لە ماڵ، لەدەستچوونی دەرفەتی گەشەکردنی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی وەک خوێندن و دۆزینەوەی پیشە و کار.[١٦]

ئەنجامەکانی توێژینەوە و پێشنیار و ڕێچارەکان[دەستکاری]

توێژینەوە لە بەشی چوارەم و کۆتایی خۆیدا، پاش ئاماژەدان بە شوێنھات و خەسارەکانی ھاوسەرگیریی لە تەمەنی منداڵیدا، ڕێچار و پێشنیارەکانی خۆی دەخاتە ڕوو. زیادکردنی تەمەنی یاسایی بۆ پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش تا ١٨ ساڵ، گۆڕین و پێداچوونەوە لەسەر یاساکانی ھاوسەرگیریی کاتی (سیغە)، ئامادەکردنی بەستێنی کەلتووری و فێرکاری و ڕاھێنان، تۆمارکردنی تەواوی زەواجەکان، جیددیبوونی دەوڵیت و ھەماھەنگبوونی ڕێکخراوە پێوەندیدارەکان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی ھاوسەرگیریی منداڵان، خوێندنی زۆرەملی و خۆڕایی بەتایبەت لە ناوچە بێبەش و دواکەوتووەکان، باسکردن و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە شوێنھات و خەسارەکانی ئەم دیاردەیە لە ڕێگای میدیا و تەکنۆلۆژیا نوێکانەوە، پاڵپشتیی یاسا و دەزگای داد بۆ نایاساییکردنی ھاوسەرگیریی منداڵان و دانانی سزا لەسەر کردەوەکە و بکەرانی و لە کۆتاییشدا کەڵک وەرگرتن لە کەسایەتییە ئایینییەکان وەک چینێکی گرنگی کۆمەڵگا کە خەڵک چاویان لە زاریانە و بە قسەیان دەکەن.[١٧][١٨][١٩]

بەستێنی زانستیی «پلانی زیادکردنی تەمەنی ھاوسەرگیری» لە پەڕلەمان[دەستکاری]

ھاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر دیاردەی ھاوسەرگیریی منداڵان و پاشان بڵاوبوونەوەی فەرمی ئەنجامەکانی توێژینەوە لە پەڕلەمانی ئێران، پلانێک لەژێر ناوی «زیادکردنی تەمەنی ھاوسەرگیری» کەوتبووە بەر باس و لێکۆڵینەوە کە تێیدا وێڕای باسکردنی خەسار و گرفتە پێوەندیدارەکانی بابەتەکە، پەڕلەمانتاران داواکاریی ئەوەیان کردبوو کە تەمەنی زەواج بۆ کچان ببێتە ١٥ ساڵ و بۆ کوڕان ببێتە ١٨ ساڵی تەواو. لە کۆتاییدا توێژینەوەی «زایەڵەی بێدەنگی» وەک بەستێنی زانستی پیداچوونەوەی ماددەی ١٠٤١ی دەستوور و زیادکردنی تەمەنی ھاوسەرگیری دانرا و لە پەڕلەمان پەسند کرا بەڵام بەھۆی ھەستیارییە سیاسی و ئایینییەکان دواتر لەلایەن کۆمیسیۆنی دادوەریی پەڕلەمانەوە ڕەت کرایەوە. تەمەنی زەواج ئێستا بۆ کچان ١٣ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵە کە ئەڵبەت ئەگەر دادگا دەنگی لەسەر بدات و باوک یان باپیری باوکی ڕەزامەندی لەسەر بێت بۆ کچان تا ٩ ساڵانیش ڕێگای دابەزاندنی ھەیە.[٢٠]

تاوانباربوونی نووسەر لە دادگا[دەستکاری]

یەک لەو تاوانانەی خرایە پاڵ کامیل ئەحمەدی و دەستبەسەر کرا و سێ مانگ لە بەندیخانە مایەوە و دواتریش حوکمی ٩ ساڵ و سێ مانگ بەندیخانەی کەوتە سەر، توێژینەوەیەک بوو لەسەر ھاوسەرگیریی منداڵان و تێیدا باسی زیادکردنی تەمەنی ھاوسەرگیریی کردبوو چونکە کێشە و گرفت بۆ بنەماڵەکان، منداڵان و کۆمەڵگا ساز دەکات. توێژینەوەیەک کە وەک پاشکۆیەکی زانستی بۆ پلانی زیادکردنی تەمەنی ھاوسەرگیری لە پەڕلەمان دانرابوو لەلایەن حکوومەتەوە دژی یاسای ١٠٤١ بوو و دەبووە ھۆی کەمبوونەوەی زاوزێ و گەشەی نەرێنی ئاپوورەی ئێران و بەرژەوەندی دوژمنانی تێدا بوو و ھەروەھا دەبووە ھۆی زیادبوونی پێوەندییە ناشەرعی و نایاسایییەکان.[٢١][٢٢][٢٣][٢٤][٢٥]

چاپی دووبارە و بڵاوبوونەوەی کتێب بە زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی[دەستکاری]

ماوەیەکی کورت پاش چاپبوونی وەشانی فارسیی کتێبی زایەڵەی بێدەنگی لەلایەن وەشانخانەی شیرازە، ساڵی ٢٠١٧ وەشانی ئینگلیزی ئەم کتێبە لەلایەن وەشانخانەی Nova Publishingی ئەمریکاوە چاپ و بڵاو کرایەوە. ھەروەھا ساڵی ٢٠٢١ وەشانی دەنگ و ئەلکترۆنیی کتێبەکە پاش کۆمەڵێک گۆڕانکاری و نوێکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف و LAP Lambert Academic Publishing چاپ و بڵاو کرایەوە و لەسەر ئینتەرنێت بە زمانەکانی کوردی، فەڕەنسی، ئینگلیزی فارسی، ئیسپانی و چەند زمانی دیکە دانراوە.[٢٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ازدواج کودکان تجاوز به آنهاست".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "زایەڵەی بێدەنگی توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له ئێران". {{cite web}}: line feed character in |title= at position 16 (help)CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "«طنین سکوت» پژوهشی جامع در باب ازدواج زودهنگام در ایران".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "نشست تخصصی کودک همسری؛ ریشه ها، آسیب ها و سیاستگذاری ها".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ "بیوه‌های نابالغ!".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)[بەستەری مردوو]
  6. ^ "گفت‌وگو دکتر سینا کلهر و کامیل احمدی درباره کودک همسری یا ازدواج به هنگام؟".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ "كودك همسری، آرزوهای كودكانه در مسلخ دنیای بزرگسالی".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  8. ^ "۱۷درصد ازازدواج‌ها مربوط به دختران زیر ۱۸سال / ۱۴ هزار کودک بیوه زیر ۱۸سال در کشور".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  9. ^ "ازدواج زودهنگام کودکان؛ خانه‌ای ڕووی آب".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  10. ^ "17درصد ازدواج‌های کشور زیر سن قانونی است".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  11. ^ "ازدواج در کودکی؛ طلاق در نوجوانی".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  12. ^ "کودکان‌عروس، کودکان داماد، نوجوانان مطلقه/ پژوهشی درباره ازدواج کودکان/ خراسان در صدر، اصفهان در قعر".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  13. ^ "زنانه شدن فقر- علتها و پیامدها" (PDF).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  14. ^ "كودك همسری، آرزوهای كودكانه در مسلخ دنیای بزرگسالی".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  15. ^ "ازدواج در کودکی؛ طلاق در نوجوانی".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  16. ^ "ذبح كودكی در مسلخ بردگی خانگی!".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  17. ^ "گفت‌وگو دکتر سینا کلهر و کامیل احمدی درباره کودک همسری یا ازدواج به هنگام؟".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  18. ^ "بررسی راهکارهای پیشگیری فقر کودکان".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٧ی نیسانی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  19. ^ "نیازمند نگاه جامع در قوانین مربوط به كودكان هستیم".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  20. ^ "ازدواج کودکان تجاوز به آنهاست".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  21. ^ ""کامیل احمدی" به ۹ سال حبس محکوم شد".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  22. ^ "کامیل احمدی پژوهشگر مسائل اجتماعی، در ایران به '۹ سال حبس' محکوم شد".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  23. ^ "کامیل احمدی، پژوهشگر ایرانی-بریتانیایی، به «هشت سال» حبس و جریمه نقدی محکوم شد".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  24. ^ "دادگاه انقلاب کامیل احمدی را به ۹ سال زندان محکوم کرد".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  25. ^ "کامیل احمدی، مردم‌شناس ایرانی-بریتانیایی به «۹ سال حبس» محکوم شد".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  26. ^ "Temporary and Child Marriages in Iran and Afghanistan".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)