بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دەنگدان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دەنگدان بریتییە لە شێوازێک کە کۆمەڵەیەک پێی ھەڵدەستێت بە مەبەستی ھەڵبژاردنی بریارێک یان دەربڕینی بۆچوونێک لە دوای چەندەھا گفتوگۆ، مشتومڕ و، بانگەشەی ھەڵبژاردن. بەپێی دیموکراسی، کەسەکان بە دەنگدان دادەنرێن بۆ شوێن و پلە بەرزەکان. دانیشتووانی ناوچەیەک کە نوێنەرایەتی دەکرێن لەلایەن کەسێکی ھەلبژێردراوی فەرمییەوە بە «دەنگدەر» ناودەبرێن و کەسە پالێوراوەکەش بە «پاڵێوراو - نوێنەر». چەندەھا سیستەمی جیاواز ھەیە بۆ کۆکردنەوە و ھەژمارکردنی دەنگەکان.

لە سیاسەتدا

[دەستکاری]

لە دیموکراسیدا، حکوومەت لەڕێی دەنگدان لە ھەڵبژاردنێکدا بنیات دەنرێت: شێوازێک کە ھاووڵاتییان یەکێک ھەڵدەبژێرن لە نێوان کۆمەڵێک کەسدا بە مەبەستی فەرمانڕەواییکردن.[١] لە دیموکراسییەکی نوێنەریدا، ھاووڵاتییان ھەڵدەستن بە دەنگدان و دەستنیشانکردنی نوێنەرەکان لە حکوومەتدا. لە دیموکراسیی ڕاستەوخۆدا، دەنگدان ڕێگایەکە کە دانیشتووان بە ڕاستەوخۆ بڕیار دەدەن و دەتوانن ڕەشنووسەکان بگۆڕنە سەر یاسا.

دەنگدان بریتییە لە دەربڕینێکی فەرمیی بڕیار و ھەڵبژاردنی کەسێک بۆ دژێتی یان پەسەندکردنی یەکێک لەمانە: پرسیار یان بابەتێکی پێشنیارکراو، کەسێک، پالێوراوێکی دیاریکراو، کۆمەڵێک کەسی پاڵێوراو یان حیزبێکی سیاسی. زۆرێک لە وڵاتان شێوازی پێشنیاری نھێنی بەکار دەھێنن بۆ نەترساندنی دەنگدەران و پاراستنی تایبەتێتی سیاسییان.

دەنگدان لە وێستگەی (یەکەی) دەنگدان بەڕێوە دەچێت. کردەی دەنگدان لە ھەندێک وڵات خۆویستانەیە و لە ھەندێک وڵاتی وەک ئوستراڵیا ناچارییە.

کۆمەڵێک کەس ڕێک نەکەوتن و ھاوڕا نەبوون لە بڕیاردان لەسەر بابەتێک، دەنگدان یەکێکە لە شێوازە ھەرە باو و بەربڵاوەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بڕیارێک بە شێوازێکی ئاشتییانە و بێ توندوتیژی. زۆرجار مافی دەنگدان سنووردار کراوە بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو. ئەندامانی کۆمەڵگە، ئەندامانی یانەیەکی دیاریکراو یان پشکداری کۆمپانیایەک دەتوانن فەرمانبەرانیان ھەڵبژێرن و دەستکاریی یاسا بکەن یان ھی نوێ دابڕێژن، بەڵام کەسانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە مافی ئەم دەنگدانەیان نییە.

دەنگدان دەکرێت ئەم شێوازانە لەخۆبگرێت: نووسراوێکی فەرمی، ژماردنێکی سادە بە دەستەکان، دەنگدانی دەنگی، سیستەمی وەڵامی ئامادەبووان یان بە نافەرمی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کامەیان لەبارترە لەلایان زۆرینەی خەڵکییەوە.

ڕێگاکانی دەنگدان

[دەستکاری]

ڕێگای پشتئەستوور بە کاغەز

[دەستکاری]

باوترین ڕێگە بۆ دەنگدان شێوازی پێشنیاری کاغەزییە کە دەنگدەران ھەڵدەستن بە ھەڵبژاردنی ئەو کەسەی پێیان باشە و لەگەڵیاندا دەگونجێت. ئەمەش لە ڕێگەی لایەنگری و دەستنیشانکردنی ئەو کەسە یان حیزبە پاڵێوراوەی لە ڕیزبەندیی پێشنیارەکە ناوی ھاتووە، یان دەنگدەر ناوی پاڵێوراوەکە دەنووسێت ئەگەر ناوەکە نەھاتبوو.

دەنگدانی ئامێری

[دەستکاری]

ئەم شێوازە ئامێری دەنگدان بەکار دەھێنێت کە دەکرێت دەستی یان ئەلیکترۆنی بێت. لە وڵاتی بەڕازیل، دەنگدەران ژمارەی پاڵێوراوەکە دەنووسن کە دەیانەوێت دەنگی بۆ بدەن و، دواتر بە دەرکەوتنی وێنەی پاڵێوراوەکە لەسەر شاشەی ئامێرەکە دەنگەکەیان دووپات دەکەنەوە.[٢]

دەنگدانی سەرھێڵ

[دەستکاری]

لە ھەندێک لە وڵاتاندا ھاووڵاتییان ڕێگەپێدراون لەسەر ھێڵی ئینتەرنێت دەنگ بدەن؛ وڵاتی ئیستۆنیا یەکێک بوو لە یەکەمین وڵاتەکان کە دەنگدانی سەرھێڵی بەکارھێنا و لە دەنگدانی ناوخۆییی ساڵی ٢٠٠٥ بەکار ھاتبوو.[٣]

دەنگدان بە نامە (پۆستە)

[دەستکاری]

چەندەھا وڵات ڕێگە دەدەن بە دەنگدانی نامە کە تێیدا دەنگدەران پێشنیار و پاڵێوراوەکانیان بە نامەیەک بۆ دەڕوات و پاشان دەنگەکە بە پۆستە بۆیان دەگەڕێتەوە.

دەنگدانی کراوە (ئاشکرا)

[دەستکاری]

بە پێچەوانەی دەنگدانی نھێنییەوە، دەنگدانی ئاشکرا ھەیە کە لە شوێنێکی گشتیی باودا ئەنجام دەدرێت و بە ژماردنی دەنگەکان بە ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بەڕێوە دەچێت وەک وڵاتی سویسرا لە ھەرێمەکانی گلارۆس، گریسۆنس و شیڤس.

ڕێگەی دیکە

[دەستکاری]

لە گامبیا، دەنگدان بە بەکارھێنانی ھەڵمات بەڕێوە دەچێت؛ ئەم ڕێگایە لە ساڵی ١٩٦٥ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخوێندەواری ھاتە کایەوە. وێستگەکانی دەنگدان دەفرێکی ئاسنی لەخۆ دەگرن کە بۆیە کراوە بە ڕەنگی حیزبی پاڵێوراو و وێنەیەکی کەسی پاڵێوراوی پێوە نووسێنراوە.[٤][٥] دەنگدەران ھەڵماتێکیان پێ دەدرێت بۆ دانانی لە دەفری ئەو پاڵێوراوەی دەیانەوێت و، کە ھەڵماتەکە دەخەنە دەفرەکەوە، زەنگێک لێ دەدرێت وەک نیشانە بۆ ھەژمارکردنی دەنگەکە. بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرلێشێوان، ھەموو جۆرە ھاتوچۆیەک بە پاسکیڵ لە نزیک وێستگەی دەنگدان قەدەغە دەکرێت لە ڕۆژی دەنگداندا.[٦]

سیستەمێکی ھاوشێوە لە یانە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکار دەھات بە دانانی تۆپێکی سپی وەک پشتگیریکردن و تۆپێکی ڕەش وەک ڕەتکردنەوەی بابەتێک.

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Voting – GOV.UK». www.gov.uk (بە ئینگلیزی). لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  2. ^ Illiterate voters: Making their mark The Economist, 5 April 2014
  3. ^ Voting methods in Estonia: Statistics about Internet Voting in Estonia VVK
  4. ^ Gambia vote a roll of the marbles The Telegrapgh, 29 November 2016
  5. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری BBC نەدراوە
  6. ^ Gambia election: Voters use marbles to choose president BBC News, 30 November 2016

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]