دواخستنی حوکم
دواخستنی حوکم دابودەستوورێکی ژیرانە و قۆناغێک لە قۆناغەکانی گەیشتن بە ناسیارییە کە تیایا مرۆڤ حوکمکردن لەبارەی مەسەلەیەکەوە ڕادەگرێ و، بڕیاردان دادەنێ بۆ دواتر، بۆ کاتێ کە زانیاریی زیاتری پێ بگا و گشت ڕاستییەکانی لە بەردەست بێ، بە تایبەت ئەگەر مەسەلەکە ئاکاری و ئەخلاقی بێ.
لە زانستدا، دواخستنی حوکم لە کۆڵەکەکانی میتۆدۆلۆژیی لێکۆڵینەوەی ستاندارد بە ئەژمار دێ. بەشێکی گەورەی میتۆدی زانستی لێکۆڵەران ھان دەدا بە پەلە حوکم نەکەن و ئاکام وەرگرتن دوا بخەن تا ھاوتاکان و ھاوکارەکانیان بە ڕوانینەکاندا بچنەوە و تاقییان بکەنەوە و ئاکامەکان ساغ و پشتڕاست بکەنەوە.
دواخستنی حوکم لە فەلسەفەدا زۆرتر دەبەسرێتەوە بە پۆزیتیڤیزم و سکێپتیزم و بە تایبەت پیرھۆنیزمەوە (کە لەوێ ئیپۆخێ -ی پێ دەوترێ)، بەڵام وا نییە کە ھەر تەنیا دەربەستی ئەم بوارانە بێ. بۆ نموونە، ڕاسیۆنالیستی سەدەی ١٧یەم، ڕێنێ دێکارت دواخستنی حوکمی وەکوو بەردی بناخەی مەعریفەناسییەکەی بە کار ھێنا. لە پرۆسەیەکا کە لە دوای ئەوە بە شکی دێکارتی ناسرا، دێکارت جەختی لەوە کردەوە کە مرۆڤ لە کاتی سازکردنی بینای زانایی و باوەڕەکانی خۆیا، بۆ بەدەستھێنانی بنەڕەتێکی پتەو و خۆگرتوو لەبۆ دانانی ئەو بینایە لەسەری، دەبێ سەرەتا لە ھەموو شتێ شک بکا. تەنیا دوای خاشەبڕکردنی ھەموو لایەنگرییەکان و ھەموو حوکمە پێشوەختەکانیەتی کە مرۆڤ دەزانێ ڕاستی چییە.