خەتەنە (زاراوە)
خەتەنە ( عەرەبی : ختنة ) یان خیتان ( عەرەبی : ختان ) دەستەواژەیەکی ئیسلامیە بۆ خەتەنەکردن ، وەک چاڵاکیەکی پێشنیارکراو لە کەلتوری ئیسلامیدا لەلایەن موسڵمانانەوە جێبەجێ کراوە [١]. خەتەنەکردنی نێرینە لە جیهانی موسڵماناندا بەربڵاوە و بە کردەوەیەکی دروست دادەنرێت و بۆتە ئەرک بەسەر نێرینەکان و سونەت بۆ مێینەکان . بە نیشانەی ئینتیما بۆ کۆمەڵگەی بەربڵاوی موسڵمانان دادەنرێت[٢].
خەتەنەکردنی نێرینەی موسڵمانان وەک خەتەنەکردنی نێرینەی جولەکەکانە وەک شێواز بەڵام لەکاتی جێبەجێکردنیدا هەندێک جیاوازیان هەیە [٣] . موسڵمانان لە ئێستادا گەورەترین گروپی تاکە ئاینن لەجیهاندا کە ئەم کردارە ئەنجام دەدەن [٤] ، هەرچەندە خەتەنەکردن هەرگیز لە خودی قورئاندا باس نەکراوە، بەڵام لە ئەدەبیاتی حەدیس و سوننەتیدا باسی کراوە[٥] .
سەرچاوە ئایینییەکان
[دەستکاری]قورئان خۆی لە هیچ ئایەتێک بە ڕاشکاوی باسی خەتەنە ناکات . لە کاتی پێغەمبەری ئیسلام (موحەمەد)(د.خ) هەردوو خەتەنەی نێر و مێ لە لایەن هۆزەکانی عەرەبی کراوە، خەتەنەکردنی نێریش لە لایەن هۆزە عەرەبە جولەکەکان کراوە بە هۆکاری ئاینی . ئەمەش لەلایەن توێژەری موسوڵمانی ئەلجەهیزەوە پشتڕاست کراوەتەوە، هەروەها لەلایەن مێژوونووسی ڕۆمانی جولەکە فلاڤیوس جۆزیف باس کراوە[٦].
بەپێی هەندێک فەرموودە، (محەمەد)(د.خ) بەبێ پێست لە دایک بووە، هەندێکی دیکەش دەڵێن کە عەبدولموتەلەبی باپیری خەتەنەی کردووە کاتێک تەمەنی حەوت ڕۆژ بووە. زۆرێک لە شوێنکەوتووە سەرەتاییەکانی ئاینی ئیسلام خۆیان خەتەنەکردووە تاوەکو نیشانی بدەن وەک کەسێکی موسڵمان دەربکەون .هەندێک گێڕانەوەکان باس لە ئەوە دەکەن کە هراکلیوس، ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی، (محەمەد)(د.خ) ی وەک "پاشای خەتەنەکراو" ناوی بردووە[٧].
هەندێک فەرموودە ئاماژە بە خەتەنەکردن دەکەن لە لیستی مەشقەکان کە بە فیترا ناسراوە ( ئەو کارانەی بە کەسێکی پوختەکراو دادەنرێن) ئەبو هورەیرە یەکێک لە هاوەڵەکانی موحەمەد (د.خ) وتی: "پێنج شت فیترایە: خەتەنەکردن، تاشینی قژی بەر بە گوێزان، بڕینی سمێڵ، پارووکردنی نینۆکەکانی دەست وپێ و قژ تاوەکوو سەرشان " (لە فەرموودەکانی سەحیحی بوخاڕی و سەحیحی موسلیمدا هاتووە) کەواتە سەرەڕای نەبوونی لە قورئاندا ، هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە کەلتورێکی ئایینی بووە . بەڵام فەرموودەی دیکە هەن کە خەتەنە کردن بە بەشێک لە تایبەتمەندی فیترا ناونابەن و فەرموودەیەکی تر هەیە کە تەنها بە تایبتمەندیکردن ناوی دەبات، دیسان بێ ناوهێنانی خەتەنە؛ لە سەحیحی موسلیم هاتووە کە عائیشە کە یەکێکە لە ژنەکانی موحەمەد (د.خ)بە وتەی خۆی دەڵێت : " پێغەمبەری خوا ( درودی خوای لەسەربێت ) فەرمووی : دە کردەوە هەن کە فیترەن : بڕینی سمێڵ ، ڕێگەدان بە ڕیش گەورە کردن ، پاک کردنەوەی ددان بە بەکارهێنانی داری ددان ، ئاو وەرکردن لە لووت ، قرتاندنی نینۆکەکان ، شوشتنی نێوان پەنجەکان، هێشتنەوەی قژ تاوەکو ژێر قۆڵەکان ، تاشینی بەر و پاککردنەوەی بەشە تایبەتییەکان بە ئاو . گێڕەرەوەکە گوتی : دەیەم م بیرچۆتەوە ، بەڵام لەوانەیە ئاو بەدەم داکردن بێت . بۆیە فەرموودە جیاوازەکان لەسەر ئەوە ڕێکناکەون کە ئایا خەتەنەکردن بەشێکە لە فیترە یان نا [٨].
عائیشە هاوسەری محەمەد(د.خ) دەگێرێتەوە، کە لە محەمەدی هاوسەری (د.خ)زانیوە، کە "ئەگەر هەردوو ئەندامە خەتەنەکراوەکە بەریەک کەوتن ، ئەوە غووسل پێویستە" بەپێی هەندێک لە فەرموودەکان، محەمەد (د.خ) لە ڕۆژی حەوتەمی دوای لەدایکبوونیان کوڕەزاکانی حەسەن و حوسەینی خەتەنە کردووە. سەحیحی بوخاری و سەحیحی موسلیمیش لە موحەمەدەوە(د.خ) دەگێرنەوە کە پێغەمبەر ئیبراهیم لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا خەتەنەکردنی خۆی ئەنجام داوە . هەروەها لە گێرانەوەیەکی ئەبو داود و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل دا هاتووە کە محەمەد(د.خ) ڕایگەیاندووە خەتەنەکردن "ئەرکە بۆ پیاوان و سونەت و پاراستنی شەرەفە بۆ ژنان".
خەتەنە کردن بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی ئیسلامەوە بە چەندین ناوچەی دوورە دەستی زەوی گەیشت ، بەتایبەت دوای فراوانبوونی دەسەڵاتی ئیسلامی لەسەردەمی ڕاشدیەکان کە هاوکات و هاودەمەکانی موحەمەد (د.خ)!بوون . دوای ئەمانیش فارسەکانن ، کە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام نە خەتەنەی نێر و نە مێیان نەکردووە . ئەوانەی دوای ئیسلام وەک ئەفشین تاوانبار بوون لە دادگاییکردنەکانی بە خەتەنەنەکراوی ماونەتەوە؛ ئەمە زیاتر ئەوە دەردەخات کە ڕاهێنانەکە بە زۆر لەلایەن موسوڵمانە سەرەتاییەکانەوە دانراوە.
لە مەزهەبی سونیدا
[دەستکاری]هەر چوار قوتابخانەکەی مەزهەبی سوننە لە شەریعەتی ئیسلامی دا بیروڕا و هەڵوێستی جیاوازیان هەیە بۆ خەتەنەکردن : هەندێک ڕێباز پێیان پەسەندە ، هەندێکی تریان پێیان پەسەندە بەڵام پابەند نیینە پێی، هەندێکی تریش بە پێویستیەکی شەرعی دایدەنێن . ئیمام ئەبوو حەنیفە کە دامەزرێنەری قوتابخانەی حەنەفی فیقهی ئیسلامیە و مالیکی کوڕی ئەنەس دامەزرێنەری قوتابخانەی مالیکیە هەردووکیان پێیان وایە کە خەتەنەکردن تەنها سونەتێکە و ناچاری نیە . هەرچی قوتابخانەی شافعی و حەنبەلیە خەتەنەکردن بە ئەرک دادەنێن ،هەروەها قوتابخانە و ڕێبازی حەنەفی خەتەنەکردن بە ئەرک دەبینن تەنها بەسەر موسڵمانانی نێر کە دوای حەوت ڕۆژ لەدایک بوون دەبێت خەتەنە بکرێن . هەرچی پەیرەوانی ڕێبازی شافعی و حەنبەلین خەتەنەکردن بۆ نێر و مێ بە ئەرک دادەنێن [٩]. توێژەری سەلەفی عەرەبی سعودی محەمەد ئەلمونجاهید لە شلۆڤەکردنی هەندێک لە فەرموودەکان باسی لەوە کردووە، کە مەرجی خەتەنەکردن لە ئیسلامدا لەسەر پەیمان لەگەڵ ئیبراهیمە، خەتەنەکردنی نێر بۆ پیاوانی موسڵمان ناچاریە بۆ ئەوەی پاکوخاوێنی دابین بکات لە کاتێکدا مەبەست لە خەتەنەکردنی مێینە بۆ ژنانی موسڵمان "ڕێکخستن" و کەمکردنەوەی ئارەزووە سێکسییەکانیانە.
لە مەزهەبی شیعیدا
[دەستکاری]زۆربەی دابونەریتە شیعیەکان ئەو کردەوەیە بە ناچاریی تەماشا دەکەن پشت بەو گوتانە دەبەستن کە لە نووسەرە کۆنەکانی شیعەوە هاتوون . لە گێرانەوەیەکدا پرسیار لە موحەمەد (د.خ) کرا کە ئایا پیاوێکی خەتەنەنەکراو دەتوانێت بچێت بۆ حەج . ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەتا خەتەنە نەبێ». وەک دەڵێن : ئەگەر پیاوێک موسڵمان بوو ، دەبێت ملکەچی خەتەنەکردن بێت ئەگەر تەمەنی ٨٠ ساڵیش بێت . گێڕانەوەیەکی تری ئەلسادق دەڵێت : " خەتەنەکردنی کوڕەکانتان لە کاتێکدا کە حەوت ڕۆژ بن پاکترە و برینەکەشی خێراتر ساڕێژ دەبێت و چونکە زەوی ڕقی لە میزی خەتەنەنەکراوەکانە . " هەروەها وا بڕوا دەکرێت میزی خەتەنە نەکراوەکان گڵاوە ، لەکاتێکدا ئەگەر کەسێک بە ئەندامی زاوزێی گڵاو نوێژ بکات ڕەنگە نوێژەکەی بە پەسەند دانەنرێت . فەرموودەیەکی تری موحەمەد (د.خ) دەڵێت: «زەوی بە هۆی میزی خەتەنە نەکراوەکانەوە سکاڵا لای خوا تۆمار دەکات »، هەروەها دەڵێت: «زەوی لە میزی خەتەنە نەکراوەکاندا چل ڕۆژ گڵاو دەبێت».
کاتی خەتەنەکردن
[دەستکاری]سەرچاوە ئیسلامییەکان کاتێکی دیاریکراو بۆ خەتەنەکردن دیاری ناکەن بۆیە لەناو کۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا جیاوازییەکی زۆر هەیە، کە زۆرجار منداڵان لە کۆتایی تەمەنی منداڵی یان سەرەتای هەرزەکاری خەتەنە دەکرێن.چونکە کاتەکەی پشت بە خێزان و ناوچە و وڵات دەبەستێت تەمەنی پەسەندکراو لە حەوت ڕۆژی دەست پێدەکات تاوەکو حەوت ساڵان .
ڕێکارەکان
[دەستکاری]لەمالیزیا هەرکاتێک کوڕانی موسڵمان توانیان هەموو قورئان لە سەرەتاوە تا کۆتایی بخوێننەوە ئەوە خەتەنە دەکرێن بۆیە زۆرینەی ئەوانەی خەتەنە دەکرێن تەمەنیان لە نێوان دوازدە بۆ پانزە ساڵیە، بەم شێوەیە هەرزەکارەکە هەست دەکات ئامادەیە بۆ ناساندنی بە دۆخی نوێی پێگەیشتوو ئەم پرۆسەیە هەندێک جار نیمچە گشتییە، لەگەڵ مۆسیقا و خواردنی تایبەت وەک جەژن بەڕێوە دەچێت.
خەتەنەکردنی کوڕان لە ئیسلامدا وەک خەتەنەکردنی جوولەکەکان نییە. خەتەنەکردنی کوڕان بە زۆری لە بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە ئەنجام دەدەرێت و لەلایەن پزیشکی ڕاهێنراوئەنجام دەدریت. خەتەنەکەر دەتوانێت نێر بێت یان مێ، پێویست ناکات موسڵمان بێت. گرنگ ئەوەیە کەسی خەتەنەکەر بەتەواوی پێستەکە لا ببات و سەری کوێر بە دەربێخێت و دڵنیا ببێتەوە کە هیچ شتێک نەماوە دڵۆپی میز یان هەر پیسیەکی تر ڕابگرێت . ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە پێویستیەکانی پاکوخاوێنی بۆ کەسەکە (نوێژەکانی ڕۆژانە) پێویستە. بەڵام بە هۆی نزیکبوونەوەیەکی تا ڕادەیەک عەلمانی بۆ خەتەنەکردن لە ئیسلامدا ، " شێوازەکان " ی خەتەنەکردنی موسڵمانێک بەسەر هەموو تاکێکیدا گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە ، وە گۆڕدراون لە ژێر ڕۆشنایی زانستی پزیشکی نوێ .
پێشتر لەکاتی کۆندا لەبری ئەوەی لەنەخۆشخانەکان جێبەجێبکرێت ، لە نۆرینگە ناوخۆییەکان و لەماڵەکاندا بەسەردانی کردنی پزیشکان ، جێبەجێدەکرا .
بۆنەکردنەوە
[دەستکاری]لە ئەندەنوسیا پاش ئەوەی منداڵێک خەتەنە دەکرێت ، جەژنێک هەیە بەناوی ( پێرایان سوناتان ) ، بەڵام هەندێک ئولیما لە ئەندەنوسیا دەڵێن ئەمە بیدعەیە لە کاتێکدا زۆربەیان دەڵێن وا نییە ( ( پێویستە بە چاولێکەری ).لە کوردستان پێی دەڵێن سونەت کردن وە لەکاتی خۆی بە کەسی خەتەنەکەریان دەگوت کوێربڕ لە تورکیاش بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاهەنگ دەگێرن و بە " سەننێت تۆرنی " سوننێت مێڤلودو " ناودەبرێن .
خەفد ، یان خەفەد ، ئاماژەیە بۆ گۆڕینی کۆئەندامی زاوزێی مێینە ( FGM ) . FGM هەندێک جار بە خیتان ناودەبرێت. لە زۆر لە کۆمەڵگاکان خەتەنەکردنی کچان ڕێباز و ڕێوشوێنێکە و ئاماژە بە بڕین و دورینەوەی ئەندامی زاوزێی مێینە دەکات . بە گوێرەی ڕاپۆرتی یونیسێف، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن ژن لە ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خەتەنەکراون و لەگەڵ کاریگەریەکانی خەتەنەکردن دەژین. هەرچەندە لە قورئاندا باس نەکراوە ، بەڵام لە چەند فەرموودەیەکی ( لاواز ) دا بە پیرۆز و نا پێویست ستایش دەکرێت و بە ناچاری لە لایەن قوتابخانەی شافعی و حەنبەلی ئیسلامی جێبەجێ دەکرێن . لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ئەنجومەنی باڵای لێکۆڵینەوەی ئیسلامی ئەزهەر لە قاهیرە حوکمی ئەوەی دا کە خەتەنەکردنی کچان هیچ بنچینەیەکی لە ناوکۆی شەریعەتی ئیسلامی دا نییە.
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ https://books.google.com/books/about/The_Encyclopaedia_of_Islam.html?id=cJQ3AAAAIAAJ
- ^ https://books.google.com/books/about/Bible_and_Qur%CA%BC%C4%81n.html?id=WNId86Eu4TEC
- ^ https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5282422/
- ^ https://www.britannica.com/topic/khitan-Islam
- ^ https://scholar.valpo.edu/cgi/viewcontent.cgi?article=1036&context=twls
- ^ http://www.bbc.co.uk/religion/religions/islam/islamethics/malecircumcision.shtml
- ^ https://iranicaonline.org/articles/circumcision
- ^ https://www.worldcat.org/title/symposium-series/oclc/150215041
- ^ https://books.google.com/books/about/Bible_and_Qur%CA%BC%C4%81n.html?id=WNId86Eu4TEC
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە خەتەنە (زاراوە) تێدایە. |