جۆمۆ کینیاتا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جۆمۆ کینیاتا

کامۆ جۆناتۆن کینیاتا ناسراو بە جۆمۆ کینیاتا (٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٨٩٤ - ٢٢ی ئابی ١٩٧٨) یەکەم سەرۆکی کینیا بووە، لە ٢٠ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٩٤ لە نیرۆبی لەدایک بووە، سیاسەتمەدارێکی کینی بووە و سەر بەخێڵی کیکۆیۆ بووە و ئەمینداری گشتی یەکێتی کینی ئەفریقی بووە لە پێناو سەربەخۆیی کینیا.

جۆمۆ کینیاتا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣ بۆتە سەرۆکی حکومەتی کینیا، لەدوای ساڵێک واتە لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٤ بۆتە سەرۆکی کینیا و تاکو دوا ژیانی لەو پۆستە ماوەتەوە، دراوی نیشتیمانی ھارۆمبی دروستکردووە کە پێشتر لەکینیا بە دراوی کیسواحیلی مامەڵەیان کردووە، دراوە نیشتیمانیەکەی بۆتە ھێمایەک بۆ بەرگریەکی بەھێز دژ بەداگیرکار و تێکۆشان لەپێناو یەکخستنی ھەموو نەتەوە و تایەفەکانی کینیا.

لەدوای بەدەستھێنانی سەربەخۆیی بارودۆخی کینیا ھەندێک گۆڕانکاری بەسەرداھات و لەجێی وێنەکانی شاژن ئەلیزابێت وێنەی جۆمۆ کینیاتا دانراوە و ژمارەیەک قوتابخانەی نوێ دروستکراوە و ھەندێک لە شەقامەکانی ناوی نوێیان لێنراوە و دەوڵەتی کینیا پارەیەکی زەبەلاحی وەکو ھاوکاری لەلایەن وڵاتە بیانیەکانەوە پێگەیشتووە.

جۆمۆ کینیاتا ھەر کە منداڵ بووە دایک و باوکی کۆچی دواییان کردووە و باپیرەی پەروەردەی کردووە تا ئەو کاتەی ڕۆشتووە بۆ قوتابخانە و لەنێو خزمەکانی لەخێڵی مسای لە نارۆک ژیانی بەسەربردووە، لەگەڵ ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی یەکەم بۆتە مەسیحی و وەکو ژمێریاری بۆ بازرگانێکی خەڵکی ئاسیا کاری کردووە، لەدوای جەنگی جیھانی یەکەم لەکۆمپانیایەکی ئەورووپی کاری کردووە دواتر بۆتە نووسەر لە شارەوانی نیرۆبی. کامۆ جۆناتۆن کینیاتا ناسراو بە جۆمۆ کینیاتا، یەکەم سەرۆکی کینیا لە ٢٢ی ئابی ساڵی ١٩٧٨ کۆچی دوایی کردووە.