جۆرج ماڵۆری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جۆرج ماڵۆری (بە ئینگلیزی: George Mallory) (١٨٨٦ – ١٩٢٤) شاخەوانێکی ئینگلستانی بوو.

جۆرج ماڵۆری یەکەمین شاخەوان بوو کە حەولی دا دەستی بە لووتکەی ئێڤەرست ڕابگا. دوو جار تا نزیک لووتکە چوو و نەیتوانی و گەڕاوە. سێھەمین جار ساڵی ١٩٢٤ (١٣٠٣ ھەتاوی) کە لەگەڵ ھاوڕێیەکی دیسان بەو چیایەدا ھەڵگەڕا، ٢٥٠ میتریان مابوو بگەنە دوندێ و بێ‌سەروشوێن بوون. ساڵی ١٩٥٣ (١٣٣٢ ھەتاوی) ئێدمۆند ھیلاری شاخەوانی نیووزێلاندی وەک یەکەم مرۆڤ لووتکەی "ئێڤەرست"ی بەزاند. پاش ٧٥ ساڵ، ساڵی ١٩٩٩ (١٣٧٨) گورووپێکی شاخەوانی بەنیازی دۆزینەوەی ڕازی ون‌بوونی جۆرج ماڵۆری و ھاوڕێکەی (ئەندرۆ ئێروین) چەند جار ھەڵچوونە سەرێ و دەورووبەری لووتکەی ئێڤەرستیان پشکنی. سەرەنجام تەرمێکی لە سەغڵەتی‌دا بەستوویان دۆزییەوە. پەیکەری بێ‌گیانی جۆرج ماڵۆری بوو کە پاش ٧٥ ساڵ تێک‌نەچووبوو و لەپەوڕوو ڕاکشابوو. سەرما و تیشکی تاو تەرمەکەیان وەک گەچ سپی ھەڵگەڕاندبوو و مۆمیاکرابوو. ئێستاش ئەو مەتەڵە ھەر ھەڵنەھاتووە کە جۆرج ماڵۆری گەیشتۆتە لووتکە و لە گەڕانەوەدا تووشی ڕووداوێک بووە، یان ھەر دەستی بە لووتکە ڕانەگەیشتووە. کچەکەی دەڵێ باوکم وێنەیەکی دایکمی لەگەڵ خۆی برد کوتی لە سەر دوندی ئێڤەرستی دادەنێم، کاتێک تەرمەکەیان دۆزییەوە کەل‌وپەلەکەشی ھەر وا مابوون، بەڵام وێنەکەیان تێدا نەبوو، بەوەدا دەڵێن لەوانەیە جۆرج ماڵۆری یەکەم مرۆڤ بووبێت کە گەیشتبێتە دوندی ئێڤەرست.[١] ڕستەیەکی مەنشوور لە زاری جۆرج ماڵۆرییەوە دەگێڕدرێتەوە؛ گۆیا لێیان پرسیوە "بۆ دەتھەوێ بچیە سەر لووتکەی ئێڤەرست؟"، کوتوویەتی: "چونکە لووتکەی ئێڤەرست لەوێیە!"

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ویکیپێدیای ئینگلیزی؛ https://en.wikipedia.org/wiki/George_Mallory