بەکارھێنەر:ZheenCenter/خۆڵەپەتانێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەمین فەیزی (لەدایکبووی ١٨٦٢ - مردووی ٦ی ئایاری ١٩٢٩) کەسایەتی نووسەر و سیاسیی کورد بوو. ئەو ئەندامی ئەندامی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان. ئەو لە گۆڤارەکانی ژین و کوردستان نووسیویەتی.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

ئەمین فەیزی

ئەمین فەیزی کوڕی دەروێش عەبدولقادرئاغای مستەفائاغا و برازای حسکەی وەستای چەخماخساز و دروستکەری تفەنگی حسکەیە، لە ساڵی ١٨٦٢ لە سلێمانی چاوی بە دنیادا هەڵێناوە. لە سێ‌چوار ساڵی‌دا، کەوتووەتە ناو ئاگر و هەردوو پێی سووتاوە. پاشتریش جارێکی‌تر لنگی ڕاستی تا ئەژنۆی لە قڵپبوونەوەی لامپادا سووتاوە. هەر بە منداڵی، ئەسپ پێی پێداناوە و ئازارێکی‌ قورسی داوە.

بچووک بووە کە قورئانی خەتم‌کردووە. لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی‌دا لە ڕوشدییەی موڵکیی سلێمانی تووشی گرانەتێ هاتووە. لەبەرئەوە ساڵێکی‌تر لە هەمان پۆل خوێندوویە. مامۆستایان، شێخ عەبدولەتیف ئەفەندی و شێخ نەسیم ئەفەندی -بە قسەی خۆی- کارێکی زۆریان تێ‌کردووە. تا ١١-١٢ ساڵی، براکانی مردوون و ئەمەیش دیسان کارێکی خراپی تێ‌کردووە.

خوێندنی سەربازی[دەستکاری]

ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ١٨٧٥، گەواهینانەی سەرەتاییی وەرگرتووە و چووەتە بەغدا، لە ئەعدادیی عەسکەری قبووڵ‌کراوە. لەبەر هەستکردنێکی زۆری بە غەریبی، لە دوادوای یەکەم ساڵ‌دا نێردراوەتەوە بۆ سلێمانی و پاش ٣-٤ مانگ گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا. لە پۆلی سێیەم‌دا یەکەم بووە. لە پۆلی چوارەم‌دا جارێکی‌تر نەخۆش‌کەوتووە و چەند مانگێک لە خوێندن دواکەوتووە.

ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ١٨٧٩ بە ڕێگەی حەڵەب‌دا ڕووی‌کردووەتە ئەستەمووڵ. لە موهەندیسخانەی قوتابخانەی ئیستیحکام و تۆپچێتی وەرگیراوە. لەوێ دوچاری نەخۆشیی کەم‌خوێنی بووە و لە نەخۆشخانە کەوتووە. ٢ی تەممووزی پلەی مولازمی یەکەمی بەدەست‌هێناوە. کە بۆ هەواگۆڕکێ چووەتە بەغدا، بووە بە مامۆستای عیلمی‌حاڵ و زمانی عوسمانی لە ڕوشدییەی عەسکەریی بەغدا. هاوینی ئەو ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. (١٨/٥/١٨٨٦) پلەی یووزباشی (نەقیب)ی دراوەتێ. جارێکی‌دی گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لەسەر دەستی مەلا وەسمان تەریقەتی نەقشبەندیی وەرگرتووە و پاشتر شیعریشی بۆ نووسیوە. تا (١٨٨٩) درێژەی بە مامۆستایەتی داوە و دەرسی قەواعیدی عوسمانیی داداوە. تا تشرینی دووەمی (١٨٩٠)یش دەرسی حیساب و جوگرافیای لە ڕوشدییەی موڵکییە گوتووەتەوە. (١٨٨٩) کچی نەقیبی بەغدا، سەلمان عەلیی ‌هێناوە، بەڵام ژیانی خێزانیی هەر سێ مانگ بەردەوام‌بووە و دەستی لێ‌هەڵگرتووە.

نووسین و مامۆستایی[دەستکاری]

بە دوو کتێبی ­­­»هوای نسیمی«­­­-١٣٠٨ (١٨٩٢) و ­­­»اجمال نتایج«­­­-­١٣٠٨­ دەستی بە نووسین کردووە. (٢٦/٤/١٨٩٢) بە پلەی قول‌ئاغاسی (ڕائید) کراوە بە بەڕێوەبەری ڕوشدییەی عەسکەریی بەغدا، بە ڕێگەی سینۆپ، سامسوون (لە دەریاوە)، ئاماسیە، سیواس، مەڵاتیە، خەرپووت، دیاربەکر (بە ئوتومبیل) و مووسڵ‌ (بە کەڵەک)دا چووەتەوە بۆ بەغدا. (١٨٩٥) عەبدولفەتاحی برای، کە قوتابیی مەکتەبی حەربییە بوو، لە ئەستەمووڵ مردووە و ئەمە زۆر کاری تێ‌کردووە. (١٨٩٦) ماڵی لە گەڕەکی فەزڵ بووە. (١٥/١٠/١٨٩٧) بووە بە بینباشی (موقەدەم)ی لیوای تۆپخانەی بەغدا. تا ١٩٠٢ کاروباری بەڕێوەبردنی ئەو لیوایە و ڕوشدییەی عەسکەریی ڕاپەڕاندووە. لە قوتابخانەی کلدانیش، دەرسی عوسمانی و ماتماتیکی هەبووە. سێ ساڵ دەرسی فەننی مەکینە و موهەندیسی، ساڵێک دەرسی مێژوو و فەڕەنسزی، پێنج‌شەش ساڵ دەرسی قەواعیدی عوسمانیی گوتووەتەوە. (٤/١٠/١٩٠٢) بە بڕیاری دەستەی مەعاریف بووەتە مامۆستای زمانی تورکی لە ئەعدادیی موڵکییە. لەبەر دڵسۆزیی، چەند جارێک خەڵات‌کراوە، نیشان و مەدالیای وەرگرتووە.

دوادوای ١٩٠٤ چووە بۆ حەج، هەرچەندە شێخ ڕەزای تاڵەبانی هانی‌داوە نەچێ. (١٠/١١/١٩٠٤) لە بەغداوە بەڕێ‌کەوتووە. لە بەسڕە بە کەشتی چووەتە بۆمبای و پاشان هەرێمی قەرەچی. ئەمجا بە کەشتییەک ڕووی‌کردووەتە جددە. پاش حەجکردن، چووەتە پۆرسەعید، بەیرووت، یافا، زیارەتی مزگەوتی ئەقسا، خەلیلوڕەحمان، بەیتەلەحم، شام. نزیکەی ساڵێک لە شام ماوەتەوە و (٣/١١/١٩٠٦) گەیشتووەتەوە بەغدا. (٣٠/٩/١٩١٠) بووە بە قوماندانی لیوای ٣٥هەمی تۆپخانە و چووەتە ئەستەمووڵ و نزیکەی حەوت مانگی لێ‌ماوەتەوە. ئەو ماوەیە ­­­­»شعاعات«­­­­ و ­­­­»تفرقە ریاضیە«­­­­ی لەچاپ‌داوە. پاش گەڕانەوە بۆ بەغدا، چووەتە مووسڵ بۆ پێکهێنانی لیوای تۆپخانە وەک وەکیلی فیرقەی ٣٥هەمی ئۆردووی ١٢هەم. (٢٤/١١/١٩١٢) بە بڕیاری ژمارە ٥٥٦ لە وەزیفە دوورخراوەتەوە. هەموو پەڵپ‌گرتنێکی لەو بڕیارە، بێ‌هوودە بووە. تا پلەی میراڵای بەرزبووەتەوە و (٢٤/٥/١٩١٣) بە مووچەی ٢٥٢٢ قرۆش خانەنشین‌بووە. (٢٨/٤/١٩١٤) ویلایەی مووسڵی بەجێ‌هێشتووە. بە حەڵەب و بەیرووت‌دا چووەتە ئەستەمووڵ.

(١٣/٧/١٩١٤) کەوتەڕێ بە ئەدرنە، سۆفیا، ئالەک‌سنجاق، نیش، بەلگراد، بوداپێست‌دا (١٦/٧/١٩١٤) گەیشتە ڤیەننا. پاش سیازدە ڕۆژ ڕووی‌کردە پاریس. کە لەوێ بووە، یەکەم جەنگی جیهانی قەوماوە، بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەمووڵ و (٢٦/٨/١٩١٤) گەیشتووەتە جێ. بە داوای خۆی بەشداری جەنگ بووە. تا دوادوای ١٩١٤ هەر لە ئەستەمووڵ ماوەتەوە و لە مارتی ١٩١٥دا چووەتە حەڵەب و ئەمجا بەیرووت. ساڵێک لە حەڵەب گیرساوەتەوە و (١٥/٥/١٩١٦) چووەتە مووسڵ. مایسی ١٩١٨ گەڕاوەتەوە بۆ حەڵەب و سێ‌چوار مانگی لێ‌ماوەتەوە. پاشان ڕووی‌کردووەتە ئەستەمووڵ. ٢٣/١١ چووەتە قۆنیە و بەهاری ١٩١٩ چووەتە ئەستەمووڵ. لە گەڕەکی مەحموودپاشا، خانی باڵتەجی هۆدەیەکی بەکرێ‌گرتووە و پاشماوەی ژیانیی تێدا بەسەربردووە.

ئەمین فەیزی، ئەندامی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بووە و لە ­­­»ژین«­­­، ­­­»کوردستان‌«­­­ و ­­­»ترجمان حقیقت«­­­دا نووسیویە.

مردن[دەستکاری]

ئەمین فەیزی لە ٦ی ئایاری ١٩٢٩ لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا، لە خانەی پیرانی ئەستەمووڵ سەری‌نایەوە و گۆڕی لە نزیکی تەکیەی خوارووی مەیدانی قاسم‌پاشایە.

بەرهەمەکان[دەستکاری]

  1. لغتچەسی ضروب أمثال فرنسوی، قصبر مطبعەسی، استانبول، ١٣٠٨
  2. هوای نسیمی، اختر مطبعەسندە طبع اولنمشدر، استانبول، ١٣٠٨
  3. اجمال نتایج یاخود مخطرەء فنون اعدادیە، قرەبت مطبعەسی، استانبول، ١٣٠٩
  4. علم و ارادە: مادیون مذهبنک ردینی محتویدر، نجم استقبال مطبعەسی، ١٣٢٤
  5. تفرقە ریاضیە، شرکت طبیە مطبعەسی، استانبول، ١٣٢٧
  6. شعاعات، قشان-بابکیان مطبعەسی، درسعادت، ١٣٢٨
  7. ئەنجومەنی ئەدیبانی کورد، چاپخانەی تەرجومانی حەقیقەت، ئەستانبووڵ، ١٣٣٩
  8. أثر حیات فیضی، نجم استقبال مطبعەسی، استانبول، ١٣٤٠
  9. علاوەی شعاعات، نجم استقبال مطبعەسی، استانبول، ١٣٤١.

لەچاپ‌نەدراون[دەستکاری]

  1. حیوانات مائیە
  2. شئون کردستان
  3. طوپجو جوزدانو
  4. گرفیک تعلیم و تربیە پروغرام
  5. یاخود وظیفە خریطەسی، ١٣٢٩
  6. وەسێتنامەیێکی دەستنووسیشی لەپاش‌بەجێ‌ماوە.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ گۆڤاری کوردستان ١٩١٩-١٩٢٠، ئەستەمووڵ، ئامادەکردنی سدیق ساڵح و ڕەفیق ساڵح، بنکەی ژین، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٢٠-٢٢