بەشیر موشیر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بەشير موشير : (١٨٩٠ - ١٩٦٣) بەرگدروویەکی بەناوبانگ بووە، ناوی خاوەندی مقەستی زێڕین (المقص الذهبي)ی بوو

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

بەشیر موشیر

بەشیر کوڕی موشیر کوڕی سڵێمانە، ١٨٩٠ لە سلێمانی لەدایک‌بووە. ئەوەندە زانراوە کە خولی شەش مانگیی لەگەڵ ڕەشید سدقی غەفوور و حەسەن حیلمی لە سەردەمی عوسمانی دیوە و بووە بە زەفتیە (پۆلیسی خولی پۆلیسی- دیو). پاشان گواستراوەتەوە بۆ بەغدا، لەسەر -گوایە- بەیاننامە بڵاوکردنەوە دژی حکوومەتی عوسمانی. پێش شەڕی یەکەمی جیھانی، سلێمانیی بەجێ‌ھێشتووە. ماوەیەک لەسەر ھێڵی شەمەندەفەری بەرلین - بەغدا کاری‌کردووە لەگەڵ ئەڵمانەکان.[١][٢]

بەرگدروێتیی[دەستکاری]

کە شەڕ دەستی پێ‌کردووە، بووە بە سەرباز تا بڕانەوەی جەنگ. کۆتاییی ساڵانی بیست، سەرەتا دووکانێکی بەرگدروێتیی کردووەتەوە لەسەر شەقامی ڕەشید لە بەغدا. بەرگدروویەکی بەناوبانگ بووە، ناوی خاوەندی مقەستی زێڕین (المقص الذهبي)ی لە خۆی ناوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی بەغدادا لەسەریان نووسیوە. شاگردی ناسراوی دەستڕەنگینی وەک عاصم فلەييح و هادى خەمماسى بووە، بەرگی دەوڵەمەندان و کاربەدەستانی وەک مەلیک و وەصیی درووە. بۆ یەکەمین جار مارکەی دروونی بە ناوی خۆیەوە لە ھیندستان بەکردداوە و بە دیوی ناوەوەی چاکەت‌دا دایدرووە. دوایی دووکانەکەیی کردووە بە جێی وردەواڵە و گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب فرۆشتن. [١][٢]

کۆمەڵی (کاژیک)[دەستکاری]

ساڵی ١٩٢٨ خۆی پاڵاوتووە بۆ ئەندامێتیی پەرلەمانی عیراق و بەیاننامەی خۆپاڵاوتنی بڵاوکردووەتەوە. دووکانەکەی لە بەغدا بووەتە جێی کۆبوونەوە و گفتوگۆی ڕۆشنبیرانی کورد و خۆیشی، بە حوکمی دڵسافی و دڵسۆزی و پاکیی، لایەنگر و دۆستی زۆری لێ‌کۆبووەتەوە. کۆمەڵی (کاژیک) لە ١٤/٤/١٩٥٩دا لە دووکانەکەی ئەو دامەزرێنراوە و ڕاگەیێندراوە.[١][٢]

نوسینەكانی[دەستکاری]

نووسینی لە (زاری کرمانجی، ھەتاو، ڕۆژی نوێ)دا بڵاوە. کەسانی وەک عەلائەدین سەجادی، محەمەد تۆفیق وردی، مەلا محەمەدی قزڵجی، جەمال نەبەز، ھەژاری مورکریانی بابەتیان بۆ نووسیوە و بە ناوی خۆیەوە بڵاوی‌کردووەتەوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

بە ھاتنە سەرکاری بەعسییەکان، گیراوە و بەو تەمەنی پیرییە ئازاردراوە. کە بەردراوە، ڕۆژی ٣/٧/١٩٦٣ کۆچی‌دواییی کردووە و لە گۆڕستانی (شێخ مەعرووف کەرخی) نێژراوە.[١][٢]

منداڵەكانی[دەستکاری]

بەشیر موشیر، کچێک (فەوزییە) و سێ کوڕ (شامیل، ھیشام،؟)ی لەپاش بەجێ‌ماوە[١][٢]

بەرھەمانەی لە چاپ دراون[دەستکاری]

  1. سیپارەی حەقپەرستی، چاپخانەی سریان- بەغدا، ١٩٣١، (ئەسیریی شاعیر بۆی نووسیوە) [١][٢]
  2. بەختنامە، چاپخانەی نەجاح - بەغدا، ١٩٣٩- وەرگێڕان لە عەرەبییەوە (مەلا موحسینی ھۆشیاری ھەورامانی بۆی ئامادەکردووە)، [١][٢]
  3. دیوانی شاعری بەناوبانگ مصباح الديوان، بەغدا، ١٩٣٩ (شێخ سەلام پێشەکییەکەیی بە ناوی ئەوەوە نووسیوە) .[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ جمال بابان، ڕعلام کرد العراق، ص164-166؛ (سی دی)ی (بلیمەت بەشیر موشیر)، دەرھێنان و ئامادەکردنی سیروان ڕەحیم، (بڵاوکراوەی دەزگای ئاراس)، ھەولێر، ٢٠٠٩.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8017 - 8018 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .