بەردەنووسی بێستوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

بێستوون[دەستکاری]

بێستوون نێوی چیایەکی ھەڵکەوتوو لە باکووری رێگایەکی کۆنی پڕ ھات‌وچۆی ئەوان دەمانە، کە لە سەر کاروانەڕێی تێپەڕینی ھێز و لەشکر لە بابێل و بەغداوە بەرەو چیای زاگرۆس و دەڤەری ئێکباتان (ھەمەدانی ئێستا) ھەڵکەوتووە. ئەم چیایە کەوتۆتە ڕۆژھەڵاتی (مەیلەو باکوور) شاری کرماشان و لە مەودای ٣٢کیلۆمیتریی ئەم شارەیە. وەک دەڵێن ناوی دێرینی ئەم چیایە "بەغستانە" و "بەگستانە" بە واتای "شوێنگەی خواکان" بووە. لە دەقە یۆنانی‌یەکان‌دا بە ناوی "بەگیستانۆن"(ئۆرووس) ئاماژەی پێ کراوە. لە بەرھەمی جوغرافیزانە عەرەبەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، وەکوو «ئیبنی حەوقەل»، «ئیستەخری» و «یاقووتی حەمەوی»دا ئەم چیایە بە "بەھێستوون" و "بێھێستوون" و "بەھیستان" ناو براوە. بە گشتی سووانی ئەم وشەیە لە درێژایی مێژوودا وێ‌دەچێ ئاوا بووبێت: بەغستانە- بەگستانە- بێھستان-بێھستوون-بێستوون.[١]

بەردەنووسی بێستوون[دەستکاری]

بەردەنووسی بێستوون وەک یەکێک لە کۆنترین دەقە مێژووییەکانیکوردستان (ئێران) دەناسرێت و لە پاڵ نزیکەی ٣٠ ئاسەواری‌تری مێژوویی‌دا کە لەم دەڤەرە ھەڵکەوتوون، یەکێ لە سرنج‌ڕاکێش‌ترین و گرینگ‌ترینیانە. ئەم بەردەنووسە بۆ باسی یەکەمین ساڵی دەسەڵاتداریی داریووشی یەکەم تەرخان کراوە و لە زمان خۆیەوە نووسراوە. داریووشی یەکەم (٥٥٠-٤٨٦ ب. ز) سێھەمین پاڵشای ھەخامەنشی‌یە. داریووش کە دوای کوژرانی بەردیا دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ، وەک باس دەکا؛ لە یەکەمین ساڵی دەسەڵاتدارێتی‌دا ١٩ شۆڕشی گەورە و بچووکی سەرکوت کردووە و لەم بەردەنووسەدا ئەم ڕووداوانە دەگێڕێتەوە. بەردەنووسی بێستون (بە نووسراوە و نەخشەکانیەوە) ٥/٢٠ میتر درێژ و ٨/٧ میتر پانە (بڵیندە). ڕووبەری ھەڵکەوتەی پەیکەرەکانی ئەم بەردەنووسە ٦ میتردرێژ و ٢/٣ میتر پانە و لە شوێنێکی حاسێ لە بەرزایی ١٠٥ میتریی کێوەکە ھەڵکەوتووە و دەست¬پێ‌ڕاگەیشتنی حەستەمە. لەم نەخشەدا بێجگە لە داریووش و دوو کەس لە دەست و پێوەندەکانی (ویندەفرەنا-ی کەواندار و گەئووبەروە-ی نێزەدار) کە لە پشتەوەی داریووشن، پەیکەرەی ١٠کەسی دیکە دەبینرێ؛ ٩ کەسیان بە دیل‌کراوی لەبەر دەستی داریووش دان و ھەر کام جل‌وبەرگی وڵاتی خۆی لەبەردایە. بە پێی ئەم بەردەنووسە ئەو دە کەسە ئەوانەن وا لە دەڤەرە جیاجیاکان دژی دەسەڵاتی ھەخامەنشی شۆڕشیان ھەڵگیرساندووە و لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا داریووش سەرکوتی کردوون. پەیکەرەی داریووش، بۆ نیشان¬دانی شان و شکۆی، لە چاو دیلەکان بڵیندتر چێ کراوە و بە سەریان‌دا سوارە. باڵای دیلەکان ١٧/١ و باڵای داریووش ٧٢/١میترە. داریووش کەوانێکی بە دەستی چەپیەوە گرتووە، لاقی چەپی لەسەر سینگی گەئۆماتەی موغ، یەکەمین شۆڕش¬ھەڵایسێن، داناوە و گەئۆماتە دەستی بۆ داوای بەخشین و لاڵانەوە بەرز کردۆتەوە. لە پشت گەئۆماتەوە نۆدیلی‌تر دەبینرێن کە بە ڕیزە وێستاون و ملیان بە گوریس تێک بەستراوە و دەستیشیان لە پشتەوە گرێ¬دراوە. (دیلی نۆھەم، واتە «سەکوونخای»، دواتر بەم نەخشەوە زیاد کراوە و ھی ڕووداوێکی پاش ساڵی یەکەمی دەسەڵاتداریی داریووشە). لەسەرووی دیلەکان و ڕووبەرووی داریووش ھێمای «فەرەوەھەر» دەبینرێ و داریووش دەستی ڕاستی خۆی بە نیشانەی سکاڵا لە ئەھوورامەزدا بەرز کردۆتەوە. (نەخشی فەرەوەھەر ھێمایەکە لە فریشتەی پارێزەر و پاسەوانی ئیمپەراتۆریی ھەخامەنەشی و نەخشی ئەھوورامەزدا نییە).[٢]

ناو و پێناسی دیلەکان[دەستکاری]

ناو و پێناسی ئەو دیلانەی پەیکەرەکەیان لەم نەخشەدایە: (بە ڕیزە لە لای داریووشەوە)[٣]

١ گەئۆماتەی موغ/ شۆڕشگێڕی؟

٢ ئاسرینە/ یەکەمین شۆڕشگێڕی عیلام

٣ نیدینتووبێل/ یەکەمین شۆڕشگێڕی بابێل

٤ فرەوەرتیش/ شۆڕشگێڕی ماد

٥ مەرەتیە/ دووھەمین شۆڕشگێڕی عیلام

٦ چیترەتەخمە/ شۆڕشگێڕی ساگارت

٧ وەھیەزداتە/ شۆڕشگێڕی پارس

٨ ئەرەخە/ دووھەمین شۆڕشگێڕی بابێل

٩ فرادە/ شۆڕشگێڕی مەرڤ

١٠ سەکوونخا/ شۆڕشگێڕی سەکائیە

دەقی بەردەنووسی بێستوون[دەستکاری]

- داریووش و پانتای ئیمپەراتۆرییەتەکەی:

١. من داریووش¬شا، کوڕی ویشتاسپ، ھەخامەنەشی، شای شایان، پارسی، شای پارسم.

٢. داریووش¬شا دەڵێ: باوکی من ویشتاسپە، باوکی ویشتاسپ ئەرشامە، باوکی ئەرشام ئەریەرەمنە-یە، باوکی ئەریەرەمنە چێش¬پێشە، باوکی چێش-پێش ھەخامەنشە.

٣. داریووش¬شا دەڵێ: ئێمە خۆمان لە بنەچەی ھەخامەنش دەزانین، ئێمە ھەر لە سەرەتاوە لە گەورەکان بووین، لە کۆنەوە ڕەچەڵەکمان شای شایان بوون.

٤. داریووش¬شا دەڵێ: ھەشت پشت لە بنەچەی ئێمە بەر لە من شا بوون، من نۆھەمینیانم، ئێمە نۆ شاین لە تۆرەمەیەکی نەمر.

٥. داریووش¬شا دەڵێ: من بە ویستی ئەھوورامەزدا بوومەتە شا. ئەھوورامەزدا شا¬ـ¬یەتی پێ بەخشیوم.

٦. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوانەن ئەو وڵاتانەی بە ویستی ئەھوورامەزدا لە ژێر فەرمانی من‌دان و من بوومەتە شا-یان: پارس، عیلام، بابێل، ئاشوور، عەرەبیە، میسر، نیشتەجێیانی [دەڤەری] دەریا، سارد، یۆنان، ماد، ھەرمەنستان، کاپادوکیە، پارت، سیستان، ھەرات، خارەزم، بەلخ، سوغەد، قەندھار، سەکا، سەتەگووش، ڕۆخەج، مەکە؛ بەتێکڕایی ٢٣ وڵات.

٧. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوانەن ئەو وڵاتانەی کە لە ژێر فەرمانی من‌دان، بە ویستی ئەھوورامەزدا کۆیلەی منن و پیتاکم دەدەنێ. شەو و ڕۆژ چ بڵێم گوێدێری فەرمانمن.

٨. داریووش¬شا دەڵێ: لەو وڵاتانەدا ئەوی ئەمەگدارم بوو لاواندمەوە و ئەوی لەگەڵم خاین بوو چاک تەمبێم کرد. بە ویستی ئەھوورامەزدا دەستووری خۆم لەم وڵاتانەدا چەسپاند و لە قسەم دەرنەچوون، بە شەو و بە ڕۆژ.

٩. داریووش¬شا دەڵێ: ئەھوورامەزدا ئەم شایەتییەی پێ بەخشیم. ئەھوورامەزدا پشتەوانی من بوو تا ببمە خاوەنی ئەم شکۆیە. بە ویستی ئەھوورامەزدا ئەم پاڵشایەتییەم پێ بڕا.

-کوژرانی بەردیا و ھەڵگیرسانی شۆڕشی گەئۆماتەی موغ:

١٠. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوەیە ئەو کارانەی کە پاش ئەوەی بە ویستی ئەھوورامەزدا بووم بە شا، کردمن: کەمبووجیەی کوڕی کۆرش، شای پارس، شای شایان، لە بنەچەی ئێمە، شای ئێرە بوو. کەمبووجیە برایەکی بوو بە ناوی بەردیا، کە برای دای و بابی بوون. کەمبووجیە بەردیای کوشت. دوای ئەوەی کەمبووجیە بەردیای کوشت، [سڕپۆش کرا و]کەس لە کوژرانی بەردیا ئاگادار نەبوو. پاشان کەمبووجیە [بۆ شەڕ]چوو بۆ میسر. دوای ئەوەی کەمبووجیە چوو بۆ میسر خەڵک ڕوویان لە خراپە کرد. ئیتر درۆ وڵاتی پارس و ماد و بابێل و باقی وڵاتانی تەنییەوە.

١١. مادی‌یەک بە ناوی گەئۆماتەی موغ لە «پەئیشیائووادە» و چیای «ئەرەکەدری»سەربزێوی کرد. ئەو کات چاردە ڕۆژ بە سەر مانگی ڕەشەمەدا ھاتبوو (١١ی مارسی ٥٢٢ ب. ز). ئەو بە درۆ بە خەڵکی ڕاگەیاند "من بەردیام، کوڕی کۆرش، برای کەمبووجیە". ئەو کات ھەموو سپای کەمبووجیە ڕوویان لێ وەرگێڕا و چوونە پاڵ ئەو. پارس و ماد و وڵاتانی‌تریش. ئەو [تەختی] شایەتیی داگیر کرد. ئەو کاتەی ئەو بوو بە شا نۆ ڕۆژ بە سەر مانگی پووشپەڕداھاتبوو(١ی جوولای ٥٢٢ ب. ز). دواتر کەمبووجیە بە مردنی ئاسایی مرد.

١٢. داریووش¬شا دەڵێ: ئەو پاشایەتی‌یەی گەئۆماتەی موغ لە کەمبووجیەی داگیر کرد لە سەرەتاوە ھی ئێمە و بنەچەی ئێمە بوو. گەئۆماتەی موغ پارس، ماد، بابێل و وڵاتانی‌تری خستە ژێر ڕکێفی خۆی و بوو بە شا.

- سەرکوت کردنی شۆڕش و کوژرانی گەئۆماتە:

١٣. داریووش¬شا دەڵێ: لە ڕچەڵەکی ئێمە کەس نەبوو، نە پارسی‌یەک، نە مادی‌یەک، نە بابێلی‌یەک، نە کەسێک لە دەڤەرەکانی‌تر پاشایەتی لە گەئۆماتەی موغ بستێنێتەوە. خەڵک لێی تۆقیبوون؛ چونکە زۆربەی ئەو کەسانەی قەڵت‌وبڕ کرد کە پێشتر بەردیایان دەناسی. بۆ ئەوەی کەس نەزانێ "من بەردیای کوڕی کۆرش نیم". کەس نەیوێرا لە حاندی گەئۆماتە ورتەی بێ، ھەتا من گەیشتمێ. ئەو کاتە من نزام لە ئەھوورامەزدا کرد. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا من و چەند گەورەیەک گەئۆماتەی موغ و گەورەکانی ھاوڕێیمان لە ڕۆژی دەی مانگی ڕەزبەردا کوشت(٢٩ی سێپتەمبەری ٥٢٢ ب. ز). لە قەڵای «سیکایا ئوواتیش» لەدەڤەری «نسا» لە وڵاتی ماد کوشتم. من شایەتیم لێ سەندەوە. بە ویستی ئەھوورامەزدا بووم بە شا. ئەھوورامەزدا شایەتی پێ بەخشیم.

١٤. داریووش¬شادەڵێ: ئەو پاشایەتیەی لە ڕەچەڵەکی ئێمە ئەستێندرابوو سەرلەنوێ داممەزراندەوە، وەک ڕابردوو. گەڕاندمەوە سەر جێی خۆی. ئەو پەرستگانەی گەئۆماتەی موغ خاپووری کردبوون نوێژەنم کردنەوە. من چوارپێکان، ڕەوەکان، لەوەڕگەکان و ئەو مڵکانەی گەئۆماتەی موغ تاڵانی کردبوون دامنەوە بە خەڵک. من خەڵکم گەڕاندەوە سەر جێی خۆیان. پارس، ماد و وڵاتانیتریش. من ھەرچی تاڵان کرابوو، گێڕامنەوە سەر جێی خۆی. من بە ویستی ئەھوورامەزدا ئەم کارەم کرد. من حەولم دابنەچەمان لەسەر جێی خۆی سەقامگیر کەمەوە، وەک ڕابردوو. من بە ویستی ئەھوورامەزدا نەمھێشت گەئۆماتەی موغ ڕەچەڵەکمان بشێوێنێت.

١٥. داریووش¬شا دەڵێ: ئاوەھایە ئەوەی پاش شایەتیم کردم، وەک چۆن پێشتر وا بوو.

- شۆڕشی ئاسرینە لە عیلام و نیدینتووبێل لە بابێل:

١٦. داریووش¬شا دەڵێ: پاش ئەوەی گەئۆماتەی موغم کوشت، عیلامی‌یەک بە ناوی «ئاسرینە» کوڕی «ئووپەدرەمە»، سەربزێوی کرد و بە خەڵکی کوت "من شای عیلامم". ئەوکاتە عیلامییەکان لە من ھەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ ئەو ئاسرینەیە. ئەو بوو بە شای عیلام. ھاوکات «نیدینتووبێل» کوڕی «کینزێر» لە بابێل سەری بزاوت و بە درۆ خەڵکی ھەڵفریواند کە "مننەبووکەدنەسەر کوڕی نەبوونید، پاشای بابێلم". خەڵکی بابێل ھەموو لە دەوری ھاڵان. بابێل لێمان ھەڵگەڕاوە و ئەو پاشایەتی داگیر کرد.

١٧. داریووش¬شا دەڵێ: دواتر من قاسیدێکم ناردە عیلام. ئاسرینە بە قۆڵبەست‌کراوی ھێنرایە لای من. من کوشتم.

١٨. داریووش¬شا دەڵێ: من ئەوجار ڕوو بە نیدینتووبێل کە کوتبووی من نەبووکەدنەسەرم، بەرەو بابێلوەڕێ‌کەوتم. سپای نیدینتووبێل لە درێژایی بەستێنی دیجلە خستبوویان. دیجلە سەری کردبوو. ئەوکاتە من سپاکەم بە ھەسپ و وشترەوە، بە سواری مەشکەی فوودراو لە دیجلە پەڕاندەوە. بە پشتەوانیی ئەھوورامەزدا لە دیجلە پەڕینەوە. لەوێ ھێزی نیدینتووبێلم شکست دا. ئەو ڕۆژەی شەڕمان کرد ٢٦ ڕۆژ بە سەر مانگی سەرماوەزداھاتبوو(١٣ی دێسەمبەری ٥٢٢ ب. ز). ئێمە ھەموانمان کوشتن و تاقمان بە سەری زیندی نەھێشتنەوە.

١٩. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوجار من بەرەو بابێل بەڕێ کەوتم. بەر لەوەی بچمە ناو بابێلەوە، سپای نیدینتووبێل، کە کوتبووی من نەبووکەدنەسەر پاشای بابێلم، بۆ شەڕ لەگەڵ ئێمە گەیشتە شارێک بە ناوی «زازانە»، لە کەناری فورات. پاشان شەڕ قەوما. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای نیدینتووبێلم تەفر و توونا کرد. [ئەوانەی مابوون] لە ڕووباریان دا و ھەڵاتن. ئاو بردنی. ئێمە لە ڕۆژی دووی مانگی بەفرانباردا شەڕمان کرد(١٨ی دێسەمبەر ٥٢٢ ب. ز). ئێمە سەرپاکیانمان کوشتن و شتاقمان لێ¬بڕین.

٢٠. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوکاتە نیدینتووبێل لەگەڵ چەند سوارێکی دەرباز بوو و بەرەو بابێل تێی‌تەقاند. ئەوجار من بەرەو بابێل شوێنیم ھەڵگرت. بە ویستی ئەھوورامەزدا ھەم بابێلم گرت و ھەمیش نیدینتووبێل. ئەوجار لە بابێل دارم لە پاشەڵی نیدینتووبێل و گەورەکانی ھاوڕێی بڕی و کوشتمن. ھەر ٤٩ نەفەریان. لە بابێل ئاوام کرد.

٢١. داریووش¬شا دەڵێ: تا من لە بابێل بووم، ئەو دەڤەرانە لە من ھەڵگەڕانەوە: عیلام، پارس، ماد، ئاشوور، میسر، پارت، مەرڤ، سەتەگووش و سەکا.

- شۆڕشی مەرەتیە لە عیلام:

٢٢. داریووش¬شا دەڵێ: پیاوێک بە ناوی «مەرەتیە» کوڕی «چێچێخڕائیش» دانیشتووی شاری «کووگەنەکا»ی پارس بوو. ئەو لە عیلام قوت بۆوە و بە خەڵکی کوت "من ئیمەنیش، شای عیلامم".

٢٣. لەو کاتەدا من لە نزیک عیلام بووم. عیلامییەکان لە ترسی من، ھەر بۆخۆیان مەرەتیەیان گرت و کوشتیان.

- شۆڕشی فرەوەرتیش لە ماد:

٢٤. داریووش¬شا دەڵێ: مادی‌یەک بە ناوی «فرەوەرتیش» لە ماد سەربزێوی کرد و بە درۆ بە مادییەکانی کوت: "من خشەسریتە لە تۆرەمەی ھۆوەخشتەرەم". ئیدی ئەو ھێزەی ماد کە لە پێتەخت بوون لە من ھەڵگەڕانەوە و لە فرەوەرتیش ھاڵان. ئەو لە ماد بوو بە شا.

٢٥. ھێزی ماد و پارسی لایەنگری من کەم بوون. ئەوکاتە ھێزێکم نارد بۆ وڵاتی ماد. سەرکردایەتیی سپاکەم بە کەسێکی پارسیی لایەنگری خۆم بە ناوی «ویدەرنە»ئەسپارد. ئەمرم پێ¬کردن بڕۆن ئەو سپایەی ماد کە مل‌کەچی من نابن، تێک شکێنن. ئەوجار ویدەرنە بە لەشکرەوە بەرەو ماد ڕۆیشت. کە گەیشتە ماد، لە شارێک بە ناوی «مارووش»، لەگەل مادییەکان لێکیان دا. سەرلەشکری مادەکان لەو کاتەدا لەوێ نەبوو. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای ئەو نەیارانەی تەرت‌وتوونا کرد. کە ئەم شەڕە ھەڵگیرسا ٢٧ ڕۆژ بەسەر مانگی بەفرانبارداھاتبوو(١٢ی ژانویەی ٥٢١ ب. ز). ٣٨٢٧ کەسیان کوشت و ٤٣٢٩ کەسیان بەدیل گرت. پاش ئەوە ویدەرنە ھیچ شەڕێکی‌تری لە وڵاتی ماد نەکرد. سپاکەم لە دەڤەرێک بە ناوی «کەپەدە» لەسەرم وێستا، ھەتا گەیشتمە ماد.

- شۆڕشی ھەرمەنیان:

٢٦. داریووش¬شا دەڵێ: یەکێک لە بەندەکانمم، ھەرمەنی‌یەک، بە ناوی «دادەرشی» بەو ئەمرەوە بۆ ھەرمەنستان نارد: "بڕۆ و ئەو نەیارانەی مل‌کەچی من نین تێک‌شکێنە". پاشان دادەرشی بەڕێ کەوت. لەگەڵ گەیشتنە ھەرمەنستان، نەیاران یەکیان گرت و دژی دادەرشی وێستان. لە ئاوایی‌یەک بە ناوی «زووزە»تێک‌ئاڵقان. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من، سپای دوژمنی تێک‌شکاند. ئەوکاتەی شەڕ ھەڵایسا ٨ ڕۆژ بە سەر مانگی بانەمەڕداھاتبوو(٢٠ی مای ٥٢١ ب. ز).

٢٧. نەیاران بۆ شەڕێکی‌تر یەکیان گرتەوە؛ تا بەرەنگاری دادەرشی بن. شەڕ لە «قەڵای تیگرە»، لە ھەرمەنستان ھەڵایسا. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من، سپای دوژمنی تێک¬شکاند. کە ئەو شەڕە ھەڵایسا ١٨ ڕۆژ بە سەر مانگی بانەمەڕداھاتبوو(٣٠ی مای ٥٢١ ب. ز). ٥٤٦ کەسیان لێ کوشتن و ٥٢٠ کەسیان بەدیل گرت.

٢٨. سەربزێوان بۆ شەڕێکی‌تر یەکیان گرتەوە تا بەرەنگاری دادەرشی بن. لە «قەڵای ئوویەمە» لە ھەرمەنستان شەڕ ھەڵایسا. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای دوژمنی تێک شکاند. کە ئەو شەڕە ھەڵایسا ٩ رۆژ بە سەر مانگی سای¬گەرچی‌داھاتبوو(٢٠ی ژووئەن ٥٢١ ب. ز). ٤٧٢ نەفەریان لێ کوشتن و ٥٢٥ کەس بەدیل گیران. دوای ئەوە دادەرشی ھیچ ھەڵمەتێکی‌تری نەنواند، چاوەڕوان ما تا من گەیشتمە ماد.

٢٩. داریووش¬شا دەڵێ: یەکێک لە بەندەکانمم بە ناوی «وەئوومیسە» بەم دەستوورەوە نارد بۆ ھەرمەنستان: «بڕۆ و ئەو ھێزەی دوژمن کە مل بۆ من کەچ ناکا تێک‌شکێنە». ئەوجار وەئوومیسە بەڕێ کەوت. کە گەیشتە ھەرمەنستان نەیاران بۆ شەڕ لەگەڵ وەئوومیسە یەکیان¬گرت. لە دەڤەرێک بە ناوی «ئیزەلا» شەڕیان کرد. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای دوژمنی تێک‌شکاند. کە ئەو شەڕە ھەڵایسا ١٥رۆژ بە سەر مانگی بەفرانبارداھاتبوو(٣١ی دێسەمبەر ٥٢٢ ب. ز). ٢٠٣٤ کەسیان لێ کوشتن.

٣٠. نەیاران لە ھەڵمەتێکی‌تردا کۆ بوونەوە و لە ھەمبەر وەئوومیسەدا وێستان. شەڕ لە شوێنێک بە ناوی «ئەئووتیارە»قەوما. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای دوژمنی تێک‌شکاند. کە ئەو شەڕە ڕووی دا کۆتایی مانگی بانەمەڕ بوو(١١ی ژووئەنی ٥٢١ ب. ز). ٢٠٤٥ کەسیان لێ کوشتن و ١٥٥٨ کەسیان بەدیل گرت. دوای ئەوە وەئوومیسە ھیچ شەڕێکی‌تری نەکرد و لە ھەرمەنستان لەسەرم وێستان تا خۆم گەیاندە ماد.

- کۆتاییی شۆڕشی مادـەکان:

٣١. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوکاتە من بابێلم بەجێ‌ھێشت و بەرەو ماد بەڕێ کەوتم. کە گەیشتمە ماد، «فرەوەرتیش» کە کوتبووی "من شای مادم و لە تۆرەمەی ھۆوەخشتەرەم" لە شارێک بە ناوی «کودۆرۆش» بۆ شەڕ لە بەرانبەر من‌دا وێستا. شەڕ لە نێوانمان قەوما. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای فرەوەرتیشی تێک‌شکاند. کە شەڕمان کرد ٢٥ ڕۆژ بە سەرمانگی خاکەلێوەداھاتبوو(٨ی مای ٥٢١ ب. ز). ئێمە ٣٤٤٢٥ کەسمان کوشت و ١٨٠١ کەسیشمان بەدیل گرت.

٣٢. پاشان فرەوەرتیش لەگەڵ چەند سوارێک دەرباز بوو و بەرەو دەڤەری «ڕەی» لە ماد تێیان‌تەقاند. ئەوکاتە ھێزێکم بە شوێن‌دا ناردن. فرەوەرتیش و دار و دەستەکەیان قۆڵبەست کرد و ھێنایاننە لای من. لووت، گوێچکە و زمانیم بڕی و چاوێکیم کۆڵی. دەست و پێ بە کۆت و زنجیرەوە لە بەر دەروازە[ی شار] ڕامگرت تا ھەموو خەڵک چاویان پێی‌کەوت. پاشان لە «ھەگمەتانە» دارم لە قوونان بڕی. دوایە ٤٧ گەورەپیاوی ھاوڕێشیم لە قەڵایەکی ھەگمەتانەدا ھەڵواسی.

٣٣. داریووش¬شا دەڵێ: پیاوێکی «ساگارت»ی بە ناوی «چیترەتەخمە» لە من ھەڵگەڕاوە و بە خەڵکی کوت "من شای ساگارتیم و لە تۆرەمەی ھۆوەخشتەرەم". ئەوکاتە من سپای پارس و مادم کردە سەر. مادی‌یەکی لایەنگری خۆمم بە ناوی «تەخمەسپادە»، کردە سەرلەشکریان و کوتم: «بڕۆن و ئەو سپا سەربزێوە تێک‌شکێنن کە مل بۆ من کەچ ناکەن». ئەوکاتە تەخمەسپادە بەسپاوە بەڕێ¬کەوت و ھێرشی کردە سەر چیترەتەخمە. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای دوژمنی تەرت‌وتوونا کرد. شەڕ لە ڕۆژی ٥ی مانگی ڕەزبەردا ڕووی دا. ئەو [تەخمەسپادە] چیترەتەخمەی گرت و پەلکێشی کردە لای من. پاشان من لووت و گوێچکە و زمانیم بڕی و چاوێکیم کۆڵی. بە کۆت و زنجیرەوە لە بەر دەروازە ڕامگرت تا ھەموو خەڵک چاویان پێی کەوت. پاشان لە «ئەربیل» دارم لە قوونان بڕی. سەرجەم کوژراو و دیلی سەربزێوەکان ٤٤٧ کەس بوون.

٣٤. داریووش¬شا دەڵێ: من لە ماد ئاوام کرد.

- شۆڕشی پارتی¬¬ـ¬یەکان:

٣٥. داریووش¬شا دەڵێ: پارت وگورگان دژی من ھەستان و کوتیان گوێدێری فرەوەرتین. ویشتاسپی باوکم لە پارت بوو. [دژەکانی ناو] سپاکەی، ئەویان بەجی‌ھێشت و ڕەگەڵ فرەوەرتی کەوتن. ئەوکاتە ویشتاسپ لەگەڵ [ئەمەگدارەکانی] سپاکەی بەڕێ‌کەوت. لە شارێکی پارت بە ناوی «ویشپەئووزاتیش» شەڕ قەوما. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا ویشتاسپ ئەو ھێزە سەربزێوەی تێک‌شکاند. کە ئەو شەڕەیان کرد ٢٢ ڕۆژ بە سەر مانگی ڕەشەمەداھاتبوو(٨ی مارسی ٥٢١ ب. ز). ٦٣٤٦ کەسیان لێ کوشتن و ٤٣٤٦ کەسیان بەدیل گرت.

٣٦. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوکاتە من سپای ئەمەگداری پارسم لە ڕێگەی ڕەی-ەوە بۆ ویشتاسپ نارد. کە ئەو ھێزە گەیشتێ ویشتاسپ وەری‌گرتن و بەڕێ‌کەوت. لە شارێکی پارت بە ناوی «پەتی‌گەربەنە» لەگەڵ سەربزێوان بوو بە شەڕیان. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا ویشتاسپ ئەو ھێزە سەربزێوەی تێک‌شکاند. کە ئەم شەڕە ھەڵایسا یەک ڕۆژ بە سەرمانگی پووشپەڕداھاتبوو(١١ی جوولای ٥٢١ ب. ز). ٦٥٧٠ کەسیان کوشتن و ٤١٩٢ کەسیان بەدیل گرت. ٨٠ کەس لە سەرکردە و گەورەپیاوانی ھاوڕێشی کوژران.

٣٧. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوکاتە ئەو وڵاتە بوو بە ھی من. من لە پارت ئاوام کرد.

- شۆڕشی فرادە لە مەرڤ:

٣٨. داریووش¬شا دەڵێ: وڵاتێک بە ناوی «مەرڤ» لە من ھەڵگەڕاوە. مەرڤی‌یەکیان بە ناوی «فرادە» بە سەرلەشکری خۆ ھەڵبژارد. ئەوکاتە من یەکێک لە بەندەکانم، پارسی‌یەک، بە ناوی «دادەرشی»، حاکمی «بەلخ»، نارد و ئەمرم پێ کرد: "بڕۆ و ئەو ھێزەی مل بۆ من کەچ ناکا تێک‌شکێنە." پاشان دادەرشی بە لەشکرەوە بەڕێ کەوت و بەسەر مەرڤی‌دادا. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا ھێزی من ئەو ھێزە سەربزێوەی تێک‌شکاند. کە ئەم شەڕە ھەڵایسا ٢٣ڕۆژ بە سەر مانگی سەرماوەزداھاتبوو(٢٨ی دێسەمبەری ٥٢١ ب. ز). ئەو [دادەرشی] فرادە و ٤٦ کەس لە گەورەکانی ھاوڕێی کوشت. ئەو... کەسیانی کوشت و ٦٥٧٢ کەسی لێ بەدیل گرتن.

٣٩. داریووش¬شا دەڵێ: ئیدی ئەو وڵاتە بوو بە ھی من. من لە بەلخ و مەرڤ ئاوام کرد.

- شۆڕشی وەھیەزداتە لە پارس:

٤٠. داریووش¬شا دەڵێ: پارسی‌یەک بوو بە ناوی «وەھیەزداتە» لە شارێک بە ناوی «تارەوا»، لە دەڤەرێکی پارس بە ناوی «یەئووتی‌یا» نیشتەجێ بوو. ئەوە لە پارس سەری بزاوت و بە خەڵکی کوت: "من بەردیای کوڕی کۆرش، شای شایانم". ئەو کاتە ئەو ھێزانەی پارس کە پێشتر لە کۆشکی بابێل بوون و لە ڕێگەی ئەنزان و یەدایا-وە ھاتبوون لە من ھەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ وەھیەزداتە. ئەو بوو بە شای پارس.

٤١. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوکاتە ئەو ھێزە کەمەی پارس کە لێم ھەڵ‌نەگەڕابوونەوە-م لەگەڵ ھێزی ماد، نارد بۆ پارس. یەکێک لە بەندەکانی پارسیم، بە ناوی «ئەرتەوەردیە» کردە سەرجەلەیان. ھێزەکانی‌تری پارس لەگەڵ من بەرەو ماد بەڕێ‌کەوتن. ئەوکاتە ئەرتەوەردیە بەرەو پارس بەڕێ‌کەوت. لەگەڵ گەیشتنە پارس لە شارێکی پارس بە ناوی «ڕەی» وەھیەزداتە کە کوتبووی "من بەردیای کوڕی کۆرشم"، بە سپاوە شاڵاوی بردە سەر ئەرتەوەردیە و شەڕ ھەڵایسا. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من ھێزی [ئەو] وەھیەزداتە-یەی تێک‌شکاند کە کوتبووی من بەردیام. کە شەڕ ھەڵایسا ١٢ڕۆژ بە سەرمانگی بانەمەڕدا ھاتبوو(٢٤ی مای ٥٢١ ب. ز). ٤٤٠٤ کەسیان لێ کوشتن و... کەسیان بەدیل گرت.

٤٢. ئەوکاتە وەھیەزداتە لەگەڵ چەند سوارێکی ھەڵات و بەرەو «پەئیشی یائووەدا» چوو. لەوێندەرێ ھێزێکی پێک¬ھێنا و دیسان بۆ شەڕ لەگەڵ ئەرتەوەردیە بەڕێ‌کەوت. شەڕ لە چیایەکی پارس بە ناوی «پەرگە»ڕووی دا. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من ھێزی وەھیەزداتەی تێک‌شکاند. کە شەڕ ھەڵایسا ٥ ڕۆژ بە سەر مانگی پووشپەڕداھاتبوو(١٥ی جوولای ٥٢١ ب. ز). ٦٢٤٦ کەسیان لێ کوشتن و ٤٤٦٤ کەسیان بەدیل گرت. وەھیەزداتە و گەورەکانی ھاوڕێیان بەند کرد.

٤٣. داریووش¬شادەڵێ: ئەوکاتە لە شارێکی پارس بە ناوی «ئووادەئیچەیە» دارم لە پاشەڵی وەھیەزداتە و گەورەکانی ھاوڕێی بڕی و ٥٢ کەسیانم کوشت.

٤٤. داریووش¬شا دەڵێ: ئیدی ئەو وڵاتە بوو بە ھی من. من لە پارس ئاوام کرد.

٤٥. داریووش¬شا دەڵێ: ئەو وەھیەزداتەیەی کوتبووی من بەردیای کوڕی کۆرشم ھێزێکی بۆ ڕۆخەج نارد و سەرلەشکرەکەیانی ڕائەسپاردبوو بۆ شەڕ لەگەڵ یەکێک لە بەندەکانم، پارسی‌یەک بە ناوی «ویوانە»، حاکمی ڕۆخەج؛ "بڕۆن و ئەو ھێزانەی خۆیان بە ھی داریووش دەزانن تێک‌شکێنن". پاشان ئەو ھێزەی لەلایەن وەھیەزداتەوە نێردرابوو چوو بۆ شەڕی ویوانە. شەڕ لە قەڵایەک بە ناوی «کەپیشەکانی»ڕووی دا. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای سەربزێوی تێک‌شکاند. کە شەڕ ھەڵایسا ١٣ڕۆژ بە سەر مانگی بەفرانبارداھاتبوو(٢٩ی دێسەمبەری ٥٢٢ ب. ز). سەرجەم کوژراوان و بەدیل گیراوانی سپای نێردراوی وەھیەزداتە....

٤٦. دواتر بۆ جاری دووھەم سەربزێوان کۆ بوونەوە و بە سەر ویوانەیان‌دا دا. شەڕ لە دەڤەرێک بە ناوی «گەندەتەمەکی»قەوما. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا سپای من سپای سەربزێوی تێک‌شکاند. کە شەڕ ھەڵایسا ٧ ڕۆژ بەسەر مانگی ڕەشەمەداھاتبوو(٢١ی فێوریەی ٥٢١ ب. ز). سەرجەم کوژراوان و بەدیل¬گیراوانی سپای نێردراوی وەھیەزداتە ٤٥٧٩ کەس بوون.

٤٧. ئەوکاتە ئەو پیاوەی وەھیەزداتە وەک سەرلەشکری ھێز ناردبووی لەگەڵ چەند سوارێک دەرباز بوون. چوون بەرەو «قەڵای ئەرشادا» لە ڕۆخەج. پاشان ویوانە بە ھێزەوە کەوتە سەریان. لەوێ ئەو [سەرلەشکری سپای وەھیەزداتە] و گەورە¬ھاوڕێکانی گرت و کوشتنی. سەرجەم کوژراوان و بەدیل گیراوان.... کەس بوون.

٤٨. داریووش¬شادەڵێ: ئیدی ئەو وڵاتە بوو بە ھی من. من لە سەتەگووش و ڕۆخەج ئاوام کرد.

- ئەرەخە، دووھەمین شۆڕشگێڕی بابێل:

٤٩. داریووش¬شا دەڵێ: کە من لە پارس و ماد بووم «بابێل»یەکان سەرلەنوێ ھەستان. ئەرمەنی‌یەک بە ناوی «ئەرەخە» کوڕی «ھەلدیتە» لە دەڤەرێک بە ناوی «دۆبالە» لە ئوور، لە بابێل سەری بزاوت. خەڵکی ھەڵفریواند و کوتی: "من نەبووکەدنەسەر کوڕی نەبوونیدم". ئەوکاتە بابێلیەکان لە من ھەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ ئەو. ئەو بابێلی گرت و بوو بە شای بابێل.

٥٠. پاشان من ھێزێکم نارد بۆ بابێل. بەندەیەکی پارسی لایەنگری خۆمم بە ناوی «ویدەفەرنە» کردە سەرکردەیان و کوتم: "بڕۆن و ئەو نەیارانەی بابێلی بکووژن کە خۆیان بە ھی من نازانن". ئەو کاتە ویدەفەرنە بە سپاوە بەرەو بابێل بەڕێ کەوت. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام. بە ویستی ئەھوورامەزدا ویدەفەرنە بەسەر سپای دوژمن‌دا زاڵ بوو و سەرجەم ھێزی دوژمنی بەدیل گرت و ھێناینە لای من. ٢٢رۆژ بەسەر مانگی خەزەڵوەردا ھاتبوو(٢٧ی نۆڤەمبەری٥٢١ ب. ز) کە شەڕ ھەڵایسا و ئەرەخە کە بە درۆ کوتبووی من نەبووکەدنەسەر کوڕی نەبوونیدم، لەگەڵ گەورەگەورانی ھاوڕێی بەدیل گیران. پاشان من دەستوورم دا ھۆرەیان بۆ بتاشن. دواتر ئەرەخە و گەورەکانی ھاوڕێی لە بابێل داریان لە قوون بڕدرا. سەرجەم کوژراوان و بەدیل گیراوانی سپای ئەرەخە ٢٤٧٩ کەس بوون.

٥١. داریووش¬شا دەڵێ: لە بابێل ئاوام کرد.

- پوختەی ڕووداوەکان و پەیامی داریووش بۆ دوا ڕۆژ:

٥٢. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوەی من بە درێژایی ساڵێک بە ویستی ئەھوورامەزدا کردم ئەوەیە. پاش ئەوەی بووم بە شا. من ١٩ شەڕم کرد. بە ویستی ئەھوورامەزدا من بە سەر ٩ شاـ‌دا زاڵ بووم و بەدیلم گرتن: موغێک بە ناوی گەئۆماتە. ئەو بە درۆ کوتبووی من بەردیای کوڕی کۆرش، پاشای پارسم. ئەو پارس و مادی تین دا و ھەڵڵای نایەوە. عیلامی‌یەک بە ناو ئاسرینە. ئەو بە درۆ کوتی من شای عیلامم. ئەو عیلامی تین دا. بابێلی‌یەک بە ناوی نیدینتووبێل. ئەو بە درۆ کوتی من نەبووکەدنەسەری کوڕی نەبوونید، پاشای بابێلم. ئەو بابێلی بزاوت. پارسی‌یەک بە ناوی مەرەتیە. ئەو بە درۆ کوتی من ئیمەنیش، شای عیلامم. ئەو عیلامیەکانی دەنگ دا. مادی‌یەک بە ناوی فرەوەرتیش. ئەو بە درۆ کوتی من خشەسریتە لە ڕەچەڵەکی ھۆوەخشتەرەم. ئەو مادی ھەستاند. ساگارتی‌یەک بە ناوی چیترەتەخمە. ئەو بە درۆ کوتی من شایەکم لە تۆرەمەی ھۆوەخشتەرە. ئەو سەگارتیانی ھان دا. مەرڤی‌یەک بە ناوی فرادە. ئەو بە درۆ کوتی من شای مەرڤم. ئەوە مەرڤی ھەستاند. پارسی‌یەک بە ناوی وەھیەزداتە. ئەو بە درۆ کوتی من بەردیای کوڕی کۆرش، شای پارسم. ئەو پارسی ھەڵایساند. ھەرمەنی‌یەک بە ناوی ئەرەخە. ئەو بە درۆ کوتی من نەبووکەدنەسەر کوڕی نەبوونیدم. ئەو بابێلی ھەستاند.

٥٣. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوانە ئەو ٩ شایەن کە سپای من لەگەڵیان بەشەڕ ھات و گرتنی، بە سەری زیندی یابە مردوویی. لەو شەڕانەدا ھێزی من ھێزی ئەوانی قڕ کرد.

٥٤. داریووش¬شا دەڵێ: ئەو وڵاتانەی سەربزێوییان کرد، درۆ کردنی بە سەربزێو و خەڵکیان ھەڵخەڵەتاند. ئەو کاتە ئەھوورامەزدا لە مستی منی نان. ئێستا من چم بوێ وا دەکەن.

٥٥. داریووش¬شا دەڵێ: تۆ! کە پاش من لە سەر تەختی پاشایەتی دادەنیشی تەواو خۆت لە درۆ بپارێزە. بە توندی بەگژ درۆزن¬داوەرە، ئەگەر بە تەمای بڵێی: "وڵاتی من ھێمنە".

٥٦. داریووش¬شا دەڵێ: من ئەوەم کرد. بە ویستی ئەھوورامەزدا لە ماوەی ساڵێک‌دا کردم. تۆ کە دواتر دەیبینی بڕوا بکە بەوەی لەسەر ئەو کەڤرە ھەڵقەندراوە و ئەوەی کردوومە. نەچی بڵێی درۆ دەکا.

٥٧. داریووش شا دەڵێ: من بە ئەھوورامەزدا سوێند دەخۆم ئەوەی دەڵێم لە ساڵێک‌دا کردم ڕاستە و چەوتی تێدا نیە.

٥٨. داریووش¬شا دەڵێ: من بە ویستی ئەھوورامەزدا گەلێک کاری‌ترم کرد کە لەو بەردەنووسەدا نەھاتوون؛ نەکا ئەوەی دواتر ئەو بەردەنووسە دەبینێ بڕوا نەکا و پێی وابێ فڕوفیشاڵە.

٥٩. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوانەی بەر لە من شا بوون ھیچ کامیان بە سەری زیندی وەھا کارێکیان نەکردووە کە بە ویستی ئەھوورامەزدا و بە دەستی من لە ماوەی ساڵێک‌دا سەری¬گرت.

٦٠. داریووش شا دەڵێ: ئێستا بڕوا بکە بەوەی من کردم و قسەی ڕاست بۆ خەڵک بدرکێنە. ئەوانە مەشارەوە. ئەگەر لە خەڵکیان نەشاریەوە [داوا دەکەم] ئەھوورامەزدا بتپارێزێ و خۆشی بوێی و وەجا‌غت ڕوون بێ و تەمەن درێژ بی.

٦١. ئەگەر ئەم نووسراوەیە بشاریەوە و ئەم قسە ڕاستانەی ئێرە بە خەڵک ڕانەگەیەنی، ئەھوورامەزدا بە لەعنەتت کا و دوابڕاو بی.

٦٢. داریووش¬شا دەڵێ: من ئاوام کرد. بە ویستی ئەھوورامەزدا لەو یەک ساڵەدا کردم. ئەھوورامەزدا یارمەتی دام و باقی خوداکانیش.

٦٣. داریووش¬شا دەڵێ: بۆیە ئەھوورامەزدا و سەرجەم خواکان پشت‌گیرییان کردم چون‌کە من دەروون‌خراپ نەبووم، درۆزن نەبووم، زوڵمم نەکرد، نە من، نە تۆرەمەی من. من عادڵانە جوولامەوە. نە دەرحەق بە زۆردار و نە دەرحەق بە لانەواز زوڵمم نەکرد. ئەوەی ھاتە یارمەتیمان بەوپەڕی ھێزەوە لاواندمەوە، ئەوەی زەڕیشی بوو حیسابی تەمبێم کرد.

٦٤. داریووش شا دەڵێ: تۆ کە پاش من لەسەر تەختی پاشایەتی دادەنیشی لایەنگری لە درۆزن مەکە، ھەر وەھا زاڵمیش، حیسابی تەمبێیان کە.

٦٥. داریووش شا دەڵێ: تۆ کە دواتر ئەم بەردەنووس و نەخشانە دەبینی، مەیانشێوێنە، ئەوەندی پێت دەکرێ بیانپارێزە.

٦٦. ئەگەر تۆ ئەم نووسراو و نەخشانە ببینی و خراپیان نەکەی و ئەوەندی بۆت دەکرێ بیانپارێزی [داوا دەکەم] ئەھوورامەزدا بتپارێزێ. ڕۆزیت زیاد کا. لەگەڵت بەڕوحم بێ. وەچەت لێ‌بکەوێتەوە و تەمەنت درێژ بێ. [داوا دەکەم] ئەھوورامەزدا بەختەوەرت کا. ئەوەی تۆ بیکەی ئەھوورامەزدا بە بەختیاریی‌یەوە بە دەستتەوەی بێنێت.

٦٧. ئەگەر تۆ ئەم نووسراوە و نەخشانە ببینی و بە ھەموو توانستەوە نەیانپارێزی و بیانشێوێنی ئەھوورامەزدا بە لەعنەتت کا، تۆوت بڕێ و ھەرچی بیکەی ئەھوورامەزدا بە دەستتەوەی نەھێنێت.

٦٨. داریووش¬شا دەڵێ: ئەو کاتەی کە گەئۆماتەی موغم کوشت ـ کە کوتبووی من بەردیای کوڕی کۆرشم ـ ئەو پیاوانەم لەگەڵ بوون، ئەو پیاوانە یارمەتییان دام و لایەنگرم بوون: ویدەفەرنە-ی پارسی کوڕی وایەسپارە. ئووتانە-ی پارسی کوڕی سووخرە. گەئووبەرووە-ی پارسی کوڕی مەرەدوونیە. ویدەرنە-ی پارسی کوڕی بەگابیگنە. بەگەبووخشە-ی پارسی کوڕی داتووەھیە. ئەردۆمەنیش-ی پارسی کوڕی وەھەئووکە.

٦٩. داریووش¬شا دەڵێ: تۆ کە پاش من لەسەر تەختی پاشایەتی دادەنیشی، چاوت بەسەر ئەو پیاوانە و وەچەکانیشیانەوەببێ.

دەقی بابێلی لێرەدا کۆتایی دێ و ئەوەی لە ژێرەوە ھاتووە لە دەقی پارسی کەونارا وەرگیراوە:

٧٠. داریووش¬شا دەڵێ: بە ویستی ئەھوورامەزدا ئەم بەردەنووسەم بە شێوازی‌تریش چێ کرد. لەگەڵ ئەوە بە زمانی ئاریایی لەسەر تەتەڵە و پێستیش نووسرا. ئەم نووسراوەیە مۆری منی لێدرا. نووسراوەکە لەکنە خۆم خوێنرایەوە. دواتر ئەم نووسراوەیەم بۆ ھەموو وڵاتێک نارد. خەڵک پێشوازییان لێ‌کرد.

- شۆڕشی نوێی عیلام (پاییزی ٥٢١ ب. ز):

٧١. داریووش¬شا دەڵێ: ئەوەی لە ساڵی دووھەم و سێھەمی پاشایەتیم‌دا کردم بەم جۆرەیە: وڵاتی «عیلام» لێم ھەڵگەڕاوە. پیاوێکی عیلامی بە ناوی «ئەتەمەئیتە»یان کردە سەرلەشکر. ئەوکاتە من ھێزێکم نارد بۆ عیلام. بەندەیەکی پارسی لایەنگری خۆمم بە ناوی «گەئووبەرووە» کردە سەرلەشکریان. گەئووبەرووە بە سپاوە بەرەو عیلام بەڕێ کەوت. لەگەڵ عیلامی‌یەکان تێک‌ھەڵچوو. گەئووبەرووە لەگەڵ عیلامی‌یەکان بەشەڕ ھات و تەفروتوونای کردن و سەرلەشکرەکەیانی گرت. ھێنایە لای من و من کوشتم. ئیدی وڵاتەکەیان ھاتە ژێرڕکێفی من.

٧٢. داریووش¬شا دەڵێ: ئەو عیلامییانە بێ‌ئەمەگ بوون و ئەھوورامەزدایان نەدەپەرەست. من ستایشی ئەھوورامەزدام دەکرد. بە ویستی ئەھوورامەزدا چۆنم ویست وایان لەگەڵ جوولامەوە.

٧٣. داریووش¬شا دەڵێ: ھەر کەس ئەھوورامەزدا بپەرەستێ تا بۆی دەکرێ، لە مان و نەمان‌دا خێری وەڕێ دێ.

- شەڕ لەگەڵ سەکا-کان (٥١٩ ب. ز):

٧٤. داریووش¬شا دەڵێ: پاشان بە لەشکرێکەوە بەرەو «سەکائیە» چووم. بە شوێن ئەو سەکایە خوودقوتانەدا. کە گەیشتمە بەستێن وێڕای ھەموو لەشکرەکەم بە لۆتکە پەڕینەوە. لەگەڵ سەکا-کان شەڕێکی چاکم کرد و سەرلەشکرێکی‌ترم لێ بەدیل گرتن. پەل‌بەستە ھێنرایە لای من. من کوشتم. ھەر وەھا سەرلەشکرەکەیان کە ناوی «سەکوونەخا» بوو بەدیل گیرا و ھێنرایە لای من و ئەوکاتە بە دڵی خۆم سەرلەشکرێکی‌ترم بۆ دانان. ئیدی ئەم وڵاتە ھاتە بەر فەرمانی من.

٧٥. داریووش¬شادەڵێ:ئەو سەکا¬ـ¬یانە بێ‌ئەمەگ بوون و ئەھوورامەزدایان نەدەپەرست. من ستایشی ئەھوورامەزدام دەکرد. بە ویستی ئەھوورامەزدا بەکەیفی خۆم لەگەڵیان جوولامەوە.

٧٦. داریووش¬شا دەڵێ: ھەر کەس ئەھوورامەزدا بپەرەستێ تا بۆی دەکرێ، لە مان و نەمان‌دا خێری وەڕێ دێ.

ـ کۆتایی بەردەنووسی بێستوون ـ[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ دارا بێخەم، بەردەنووسی بێستوون، دەقی بابێلی، بنکەی دەسنووسەکانی پیرەدنیا، لاپەڕەی ٦، بۆکان خاکەلێوەی ٢٠١٨
  2. ^ دارا بێخەم، بەردەنووسی بێستوون، دەقی بابێلی، بنکەی دەسنووسەکانی پیرەدنیا، لاپەڕەکانی ٦ تا ٧، بۆکان، خاکەلێوەی ٢٠١٨
  3. ^ دارا بێخەم، بەردەنووسی بێستوون، دەقی بابێلی، بنکەی دەسنووسەکانی پیرەدنیا، لاپەڕەی ٩، بۆکان، خاکەلێوەی ٢٠١٨
  4. ^ دارا بێخەم، بەردەنووسی بێستوون، دەقی بابێلی، بنکەی دەسنووسەکانی پیرەدنیا، لاپەڕەکانی ١٤ تا ٣١، بۆکان، خاکەلێوەی ٢٠١٨