بنبڕکردن
بنبڕکردن (بە ئینگلیزی: Eliminationism) بریتییە لەو بیروڕایەی کە ڕکابەرە سیاسییەکان بە شێرپەنجەی قەوارە و ئەزموونی سیاسی دادەنێت کە دەبێت لەناوببرێن و دووربخرێنەوە بە شێوازی جیاکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، سانسۆر کردن یان بنبڕکردنی ڕاستەوخۆیانە بەمەبەستی پارێزگاری کردن و ھێشتنەوەی " ڕەسەنایەتی-پاکی" نەتەوە و کۆمەڵەگە.[١]
وشەڕەتناسی[دەستکاری]
زانا و نووسەری سیاسی "دانیاڵ گۆڵدھەیگن - Daniel Goldhagen"ی بە ڕەچەڵەک ئەمریکی دەستەواژەی "بنبڕکردن"ی داڕشتووە لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٩٦ دا بە ناونیشانی "پیاوکوژە (جەلادە) ئامادەکانی ھیتلەر - Hitler's Willing Executioners" کە پێی وایە ھاونیشتمانییە ئەڵمانییەکان نەک تەنھا ئاگاداربوون لە ئەنجام دانی ھۆلۆکۆست بەڵکو تەنانەت پاڵپشتیشیان لێ کردووە بەھۆی ھەبوونێکی قوڵ و پتەوی چەمکی "بنبڕکردن و سڕینەوەی سامییەکان" لە ناسنامە و کەسایەتی ئەڵمانی دا کە گەشەی سەندبوو لە سەدەکانی ڕابردوودا.[١]
کاریگەرییەکان[دەستکاری]
لە کتێبی "خراپتر لە جەنگ: کۆمەڵکوژی، بنبڕکردن، و ھێرشە بەردەوامەکانی سەر مرۆڤایەتی" ساڵی ٢٠٠٩، نووسەر دانیاڵ گۆڵدھەیگن پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی کە بیروڕای بنبڕکردن ھۆکاری ڕیشەیی و سەرەکی ھەموو کۆمەڵکوژییەکانە کە لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمین ئەنجام دراوە، ئەمانەی خوارەوەش بەشێکن لێی:[٢]
- لاقەکردن لە ماوەی جەنگ دا لە دارفور (٢٠٠٣ – ٢٠١٠)
- پەلامارە خۆکوژییەکان لەلایەن تیرۆرستە ئیسلامییەکانەوە.
- کۆمەڵکوژی ڕواندا (١٩٩٤)
- سڕینەوەی نەژادی و کۆمەڵکوژی لە ماوەی جەنگی یوگۆسلاڤیا (١٩٩١ – ١٩٩٩)
- کۆمەلکۆژی کەمبۆدیا (١٩٧٥ – ١٩٧٩)
- کردە سەربازییەکانی کۆندۆر لە ئەمریکای لاتینی (١٩٧٣ – ١٩٨٥)
- کردە کوشتارگەییەکان لە خێوەتگە زۆرملێیەکانی ئاشویتس (١٩٤٤ – ١٩٤٥)
- بۆردومانە ئەتۆمییەکانی سەر ھیرۆشیما و ناگاساکی (١٩٤٥)
- خێوەتگە زۆرملێیەکانی بەڕیتانیا بۆ ڕەچەڵکی ماو ماو دوای ڕاپەڕینەکانیان لە کینیا (١٩٥٢ – ١٩٦٠) و لە ماوەی جەنگی بۆێر (١٨٨٠ – ١٨٨١، ١٨٩٩ – ١٩٠٢)
ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی "دەیڤد نیوێرت - David Neiwert" لە ساڵی ٢٠٠٩ دا گفتووگۆی لەسەر ئەوە دەکرد کە دیاردەی گووتار و لێدوانی بنبڕکردن بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە لە باڵی ڕاستڕەوەکانی ئەمریکادا کە ھاندەری سەرەکی لێداونە توندڕەوەکانە لە چاوپێکەوتنە ڕادیۆیی و نووسینەکان دا و ئەگەرێکی زۆری ھەیە ڕێ خۆشکەر بێت لە سەرھەڵدانی تیرۆرستی دا.[٣]
پرۆفیسۆری ئەمریکی لە بواری یاسا، "فیلیس ئــ. بێرنارد - Phyllis E. Bernard" پێی وایە کە دەست تێ وەردانەکانی ئەمریکا لە ڕووداوەکانی رواندا و نەیجیریا کە وای دەکرد چارەسەری ململانێ و کێشەکان لەسەر شێوازی ئەمریکی بێت. ئەم جۆرە مامەڵەیە دەکرێت یارمەتیدەر و ڕێ خۆشکەر بێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێت بابەتەکانی بیروڕای "بنبڕکردن" تاوتوێ بکات و کاریگەریی ھەوڵی نەھێشتنی لەسەر کۆمەڵگە زیاد بکات.
"سیوەدۆر ن. کۆفمەن – Theodore N. Kaufman "، لە ساڵی ١٩٤١ دا خۆبەخۆیی کتێبی "ئەڵمانیا دەبێت لەناوبچێت! - Germany Must Perish!" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە. لە کتێبە ١٠٤ پەڕەکەی دا، کۆفمەن بانگەوازی دەکرد بۆ لەناوبردن و بنبڕکردنی ھەموو ئەڵمانییەکان و داگیرکردن و بەشکردنی ھەموو ناوچەکانی ئەڵمانیا. ئەم کتێبە نادیارە گرنگییەکی زۆر کەمی پێدرا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵام دواتر لەلایەن رژێمی نازییەکانەوە وەک بەڵگە بەکاردەھات لەسەر دەسیسەی (پیلانگێری) جوولەکەکان بۆ لەناوبردنی ئەڵمانیا و ئەڵمانییەکان. لە کاتی پروپاگەندەی جەنگ دا، نازییەکان ھەڵدەستان بە چاپکردنی چەند دەق و نووسینێک لە کتێبەکە وەک نیشانەیەک بۆ ڕوانینەکانی ھێزی ھاوپەیمانان لەسەر ئەڵمانیا و بووە ھۆی پاساو و بەھانەیەک بۆ نازییەکان لە بەردەوام بوونیان لە چەوساندنەوە و لەناوبردنی جولەکەکان لە ھۆلۆکۆست دا.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ ی ا Bernard، Phyllis E. (June 12, 2009). "Eliminationist Discourse In A Conflicted Society: Lessons For America From Africa?". لە ڕێکەوتی ٢٠٠٩-١٢-٢٥ ھێنراوە.
- ^ Gray, John (4 February 2010). "Worse Than War: Genocide, Eliminationism and the Ongoing Assault on Humanity By Daniel Jonah Goldhagen". لە ڕێکەوتی ٢٠١٠-٠٣-١٥ ھێنراوە.
- ^ Holland, Joshua (12 June 2009). "The Terrorist Threat: Right-Wing Radicals and the Eliminationist Mindset". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٠٠٩-٠٧-٢٣. لە ڕێکەوتی ٢٠٠٩-٠٧-٢٣ ھێنراوە.