ئینستیتیوتی کوردیی ستۆکھۆڵم
ئینستیتیوتی کوردیی ستۆکھۆڵم | |
Kurdish Institutet in Stockholm | |
دامەزران | ١٩٩٦ |
---|---|
وێبگە | پێگەی فەرمی |
ئینستیتیوتی کوردیی ستۆکھۆڵم یان ئەنیستیتۆی کوردی لە ستۆکھۆڵم (ÎKS) لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ لەلایەن ڕۆشنبیران و نووسەران و نیشتمانپەروەرانی کوردەوە دامەزرا. سەرۆکی ڕێکخراوەکە حوسێن خەلیقییە و ناوی گۆڤارەکەیان ئاڤاشینە و ڕەوشەن ناوی وەشانخانەی ئینستیتیوتی کوردیی ستۆکھۆڵمە.
محەممەد ئوزون یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بوو. نووسەری کورد مەحموود باکسی کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، لە وەسیەتنامەکەیدا ھەموو ئەرشیڤەکانی بەخشییە ئینستیتیوتی کوردی ستۆکھۆڵم.
ئینستیتیوتی کوردیی ستۆکھۆڵم لە ١٦ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٠دا لەگەڵ ئینستیتیوتی کوردیی ئەستەمبوڵ، ئینستیتیوتی کوردی بۆ توێژینەوە و زانست لە ئەڵمانیا و ئینستیتیوتی کوردیی بروکسێل بەیاننامەیەکی ھاوبەشی بڵاو کردەوە و داوای کرد ململانێکانی نێوان کورد بوەستێنرێت و ئاشتیی ناوخۆیی بەدی بھێنرێت.
- لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوە و بەھێزکردن و پێشخستنی زمان و ئەدەب و کولتووری کوردی.
- ڕێکخراوەکە توێژینەوە لەسەر زمان و ئەدەب و کولتووری کوردی ئەنجام دەدات و لەوبارەوە سیمینار و کۆبوونەوە ئامادە دەکات.
- کار لەسەر زاراوەکانی زمانی کوردی دەکات.
- بەپێی توانای خۆی ھەواڵنامە و بروشور و گۆڤار و کتێب و ڕۆژنامە بەرھەم دەھێنێت و بڵاویان دەکاتەوە.
- لە ھەموو ئاستێکدا خولی زمانی کوردی بەڕێوە دەبات.
- ئەو بەرھەمانەی بە زمانی کوردی و دەربارەی کورد و کوردستان چاپ کراون و بڵاو دەکرێنەوە کۆ دەکاتەوە.
- بەپێی تواناکانی خەریکی دروستکردنی کتێبخانەی کوردییە.
- ئەنیستیتۆی کوردی لە ستۆکھۆڵم لە بازنەی چالاکییەکانیدا، لەگەڵ دامەزراوە کولتوورییەکانی دیکەی سویدی و کوردی ھاوکاری پێک دێنێت.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Înstîtuya Kurdî li Stockholmê»، ویکیپیدیای کوردیی کورمانجی. سەردان لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.