ئاھەنگی کردنەوەی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاھەنگی کردنەوەی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە یاریگای ئەلبەیت لە خووڕ بەڕێوەچوو، دواتر یاریی دەستپێکی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ لە نێوان قەتەر و ئێکوادۆر بەڕێوەچوو. لە ئاھەنگی کردنەوەکەدا، ھەریەک لە غانیم میفتاحی قەتەری و مۆرگن فریمنی ئەمریکی و گۆرانیبێژانی کۆریای باشوور جەنگکوک و فەھد کوبەیسیی قەتەری دەرکەوتن.

ئاھەنگەکە بە تابلۆی بانگکردن دەستی پێکرد و بە وتەی میری قەتەر کۆتایی ھات، کە دەستپێکی تابلۆی لێرە و ئێستا بوو. ئاھەنگەکە لەکاتژمێر ١٧:٣٠ خولەک دەستی پێکرد و نزیکەی ٣٠ خولەکی خایاند. یاری دەستپێکی پاڵەوانیەتیەکە لە کاتزمێر ١٩:٠٠ بەکاتی دەوحە دەستی پێکرد.

ئامادەکارییەکان[دەستکاری]

ئاھەنگی کردنەوە و کۆتاییھاتنی پاڵەوانییەتییەکە لە دەرھێنانی مارکۆ بالیچی ئیتاڵی و ئەحمەد باکیری قەتەری بووە.

نریکەی ١ ساڵ کار لەسەر ئاھەنگەکە کراوە، کە ماوەکەی ٣٠ خولەک بوو. دەستەی باڵای پڕۆژەکان و میرات دەیانویست نمایشێکی ڕاستی و ھاوشێوەی ئاھەنگەکانی ئۆڵۆمپیاد بێت. ھەروەھا وڵاتی ڕێکخەر دەیویست وەڵامی تۆمەتەکان بداتەوە و پەیامی خۆی بگەیەنێت.

دیاریکردنی مارکۆ بالیچی ئیتاڵی وەکو دەرھێنەری ئەم ئاھەنگە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی لە مەڕاسیمی گواستنەوەی ئاڵای ئۆڵۆمپیادی ٢٠٠٢ لە شاری ساڵت لەیک بۆ تورین، ھەروەھا ڕۆڵی سەرەکی لە ئۆڵۆمپیادی ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٦ و ٢٠٢٠. کە ئەو کات تەمیم کوڕی حەمەدی دووەم ئەندامی لیژنەی ئۆڵۆمپیادی جیھانی بوو بۆ ماوەی ٢ دەیە و کارەکانی بالیچی بینیووە.

پێش ئامادەکارییەکان ھەردوو دەرھێنەرەکە میری قەتەریان بینیووە و میری قەتەر خۆی سەرپەرشتی کارەکانی دەکرد و پەیامەکانی ئاھەنگەکەی دیاریکردووە، کە خۆی دەبینیەوە لە فرەکەلتوریی و یەکترقبوڵکردن و ئاشتی.

ستافی ئاھەنگەکە لە نزیکەی ٩٠٠ کەس پێکھاتبوو، کە کەسانی بەناوبانگ لە تەکنیکارانی ڕووناکی و نەخشەسازانی ئاھەنگی تێدابوو٫ بالیچ دەرھێنەری ئاھەنگی کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە بوو کە پێش یاریی کۆتایی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ لە لوسێل بەڕێوەچوو. نمایشە ڕۆژانەییەکانی کۆرنیشی دەوحە لە ئامادەکردنی بالیچ بوو، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئاگر و ئاو ئەنجامدەدرا.

تابلۆکان[دەستکاری]

تابلۆکانی ئاھەنگەکە بەیەکەوەبەستنی کەلتووری قەتەر و جیھان پیشاندەدات، ٧ تابلۆکە کەلتوور و بەھای فەتەر و ڕێزگرتنی بۆ کەلتووری تر پیشاندەدات، گرنگی گۆڕینی تێڕوانین بۆ جیھانی عەرەبی دەخاتەڕوو.

تابلۆی یەکەم "بانگکردن" (النداء) بوو، بە دەنگی ھاونی ئاڵتونی دەستی پێکرد، کە ئاماژەیە بۆ ھاتنی میوان. پاشان نەھەنگی ئاوی دەردەکەوێت ئاماژەیە بۆ دەسەڵات و دۆستی مرۆڤە. گەشتیاران دەردەکەون و وەڵامی ئەو بانگکردنە دەدەنەوە و بەرەو خێمەی شیعر بەڕێدەکەون و مۆرگن فریمن لەپێش پردێکی ڕووناکی دەردەکەوێت. پاشان ھەمووان بە شوێن پردە ڕووناکەکان دەکەون تا دەگەنە ئەلبەیت.

لەنێو ئەلبەیت، حوشتری عەرەبی دەردەکەوێت کە ئاماژەیە بۆ شانازیکردن بە ڕەسەنایەتی عەرەبی و نیشانەی ئارامگرتن و ڕاوەستانە لەپێش ئاستەنگەکان. بانگکەرێکی ژن لەنێو ھاوەڵەکانی بانگی ھەمووان دەکات بۆ ماڵەکە، کە بانگکەرەکە دانە میری قەتەرییە. ژن وەکو کۆڵەکەیەکی ماڵ تەماشا دەکرێت و بە جلوبەرگی کەلتوورییە دەردەکەون. حوشترەکان کۆڵەکەیان ھەڵگرتووە کە لەکاتی دەرچووندا ئافرەت تێیدا دەمایەوە و گەشتی پێدەکرد.

تابلۆکە بە گۆرانی (ليتني خيمة) کۆتایی دێت، کە گۆرانیەکی فۆلکۆریی کەنداوە، لەکاتی دەرچوون بۆ بیابان دەوترا.

تابلۆی دووەم "یەکتر بناسن" (لتعارفوا) بە دەرکەوتنی عانیم میفتاح لەلای ڕاست و مۆرگن فریمن لەلای چەپ دەستپێدەکات. میفتاح وەکو نەوەی نوێی ناوچەکە گفتوگۆ لەگەڵ فریمەن دەکات لەبارەی ئەو تێڕوانینانەی دەربارەی ناوچەکە ھەن. لەوەڵامی چۆنیەتی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لەجیاوازییەکان. میفتاح ئایەتی ١٣ی سوورەتی حوجورات دەخوێنێتەوە:

يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ (حوجورات:١٣) (کوردی: ئەی خەڵکینە، بێگومان ئێمە ھەمووتانمان لە نێر و مێیەک دروستکردووە (کە باوکە ئادەم و دایکە حەوایە) و کردوومانن بە چەندەھا گەل و تیرە و ھۆزی جۆر بەجۆر، تا یەکتر بناسن و پەیوەندیتان خۆش بێت بەیەکەوە، بەڕێزترینتان لای خوا ئەو کەسانەتانن کە زیاتر لەخواترسن و فەرمانبەرداری خوان، بێگومان خوا زانا و ئاگایە بە ھەمووان.)

دواتر میفتاح بۆی ڕووندەکاتەوە، کە دەتوانین پێکەوە بژین و ڕێز لەجیاوازییەکانی یەکتر بگرین، ھەروەک چۆن ئێستا تۆ لەنێو ئەلبەیتدایت و وەکو ماڵی خۆت وایە.

تابلۆکە بە گۆرانی (هلا) کۆتاییدێت بۆ بەخێرھێنانی نەتەوەکان بۆ قەتەر و ناوچەکە. غانیم نمایشەکە جێدەھێڵێت و مۆرگان دەمێنێتەوە.

تابلۆی سێیەم "ئاوازی نەتەوەکان" بە ئاھەنگی کەلتووری قەتەر دەستپێدەکات و تێیدا دروشمی ھاندەرانی ٣٢ی ھەڵبژاردەکە دەوترێتەوە، ھاندەران بەشێکی گرنگی ئەم پاڵەوانیەتیەن. لەمیانەی دروشمەکان، ئاڵای وڵاتە بەشداربووەکان دەردەکەون و پاشان پۆشاکی ھەڵبژاردەکان دێنە سەر شانۆی ئاھەنگەکە. بەکۆتاییھاتنی دروشمەکان، تابلۆکە کۆتایی دێت.

تابلۆی چوارەم "نۆستالیجیای تۆپی پێ" یە، کە بریتییە لە یادکردنەوەی وەشانەکانی پێشووی جامی جیھانیی فیفا و وڵاتانی میواندار، تێیدا بووکەڵەکانی وەشانەکانی پێشوو و ھاوڕێ لەگەڵ ئاوازی فەرمی وەشانەکە دەردەکەون و پێکەوە لەسەر شانۆ دەبن و یادی ئەو ساتانە دەکەنەوە کە خەون بوون و بوون بەڕاستی. ھەروەھا ساتە مێژوویەکان لەسەر شاشەکانی یاریگا پیشاندەدرێت.

تابلۆی پێنجەم "خەوندارەکان" (الحالمون) بە دەرکەوتنی ھۆڵۆگرامی بووکەڵەی پاڵەوانیەتیەکە یاریزان (لعّيب) دەستپێدەکات و لەگەڵ چوونە نێو یاریگاکەی نێو ھۆڵۆگرامەکە، لەعیب لەسەر شانۆ دەردەکەوێت، پاشان ئەستێرەی پۆپی کۆری جەنگکوک دێتە سەر شانۆ و گۆرانی پاڵەوانیەتیەکە دەڵێتەوە کە (The Dreamers)ە، پاشان گۆرانیبێژی قەتەری فەھد کوبەیسی بەشداری تێدا دەکات.

گۆرانی خەوندارەکان بەشێکە لە ئەلبوومی دەنگیی پاڵەوانیەتیەکە، تێیدا باس لەو خەونە دەکات کە ١٢ ساڵ پێش ئێستا (٢٠١٠) قەتەر باسی دەکرد، سەرەڕای ئاستەنگ و کێشەکان توانی بەھاوبەشی لەگەڵ دۆستەکانی جێبەجێی بکات و ئێستا ئێوە لێرەن.

تابلۆی شەشەم "ڕەگی خەونەکان"ە، کە مەبەست لێی بەھای تۆپی پێیە لەلای حەمەد خەلیفە ئال سانی باوکی میری قەتەر. بە وتەی مۆرگن دەست پێدەکات، کە تۆپی پێ نەتەوەکان یەکگرتوو دەکات و ھەموو گەلێک خەونی ھەیە و قەتەریش خاوەنی ئەم خەونەیە و لەلای باوکی میری قەتەرەوە دەستی پێکرد و ٢٠١٠ ھەوڵی بۆیدا و ئێستا بەڕێوەدەچێت.

گرتەیەکی مێژوویی یاریکردنی تۆپی پێی حەمەد خەلیفە ئال سانی پیشاندەدرێت، کە لە ئەرشیفی بنەماڵەی حکومڕان بەدەستھێنراوە. پاش کۆتاییھاتنی گرتەکە، ئەو پۆشاکەی باوکی میر لە یارییەکە پۆشیبووی، لەلایەن کوڕەکەیەوە پێشکەشی دەکرێت و ئیمزای لەسەر دەکات.

تابلۆی حەوتەم و کۆتایی "لێرە و ئێستا" یە، بەوتەی میری قەتەر تەمیم کوڕی حەمەدی دووەم دەستپێدەکات. وتەکەی میری قەتەر بە (بەناوی خوای بەخشندە و میھرەبان٫ لە قەتەر، لە وڵاتی عەرەبەوە، بەخێرھاتنی ھەمووان دەکەم بۆ پاڵەوانیەتی جامی جیھانیی ٢٠٢٢) دەستی پێکرد. پاش وتەکەی میری قەتەر، لەعیب و ھاوڕێکانی و پۆشاکی ٣٢ ھەڵبژاردەکە و ھاندەرانیان لەسەر شانۆکە لەگەڵ دروشمی پاڵەوانیەتیەکە ئاھەنگیان گێڕا و یارییە ئاگرینییەکان دەستیان پێکرد، دروشمی پاڵەوانیەتیەکە بەرزییەکەی ١٥ مەتر بوو.

ناوی ئەم تابلۆیە وەڵامی پرسیاری مۆزە ناسر دایکی میری قەتەر بوو، کە ٢٠١٠ ئاڕاستەی فیفای کرد لەبارەی ئەوەی تا ئێستا ھەل بەوڵاتانی ناوچەکە نەدراوە میوانداریی پاڵەوانیەتیەکە بکەن و ڕایگەیاند: "ئایا تا ئێستا کاتی ئەوە نەھاتووە ناوچەکە میوانداریی جامی جیھانیی فیفا بکات؟".

کاردانەوەکان[دەستکاری]

ئەلبەیت توانای لەخۆگرتنی ٦٠ ھەزار ھاندەری ھەیە، ڕێکخەرانی پاڵەوانیەتیەکە دیاریی پاڵەوانیەتیەکەیان پێشکەشی ئامادەبووانی یاری دەستپێک کرد.

تەلەفیزیۆنی بی بی سیی بەریتانی ڕەتیکردەوە ئاھەنگی دەستپێکی پاڵەوانیەتیەکە بگوازێتەوە، بەڵام دواتر لە خزمەتگوزارییە سەرھێڵەکان بەردەستی خست.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • "ئاھەنگی کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکە". یوتیوب. بی ئین سپۆرت. Retrieved 2ی Decemberی 2023. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  • "قەتەر ٢٠٢٢ بە ٧ تابلۆ دەستی پێکرد". جەزیرە نێت. Retrieved 2ی Decemberی 2023. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  • "AP Exclusive: Balich leads Olympics-style World Cup ceremony". ئاژانسی AP. Retrieved 2ی Decemberی 2023. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)