ئاردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاردی ناوی پاشماوە و دۆزراوەی ئێسکی بە بەردبووە لە جۆری (ئاردپیسکس ڕامدیس) کە باوەڕ وایە جۆرێکی شێوە مرۆڤ و شێوە مەیموون بووبێت و مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ٤٫٤ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر. دۆزراوەکە بە یەکێک لە تەواوترین نموونەکانی جۆری (ھۆمینید) ی سەرەتایی دادەنرێت و زۆربەی ئێسکەکانی (کەلەسەر، ددان، ئێسکی سێبەند (حەوز)، دەست و قاچ) ی[١] بەتەواوی دۆزراونەتەوە و لە نموونەی (ئاسترۆلۆپیسیکس ئەفێرینسس) کە بە «لوسی» ناسراوە تەواوتر و بێ کەموکورترە. تێکڕای ١٢٥ پارچە ئێسکی بەردین دۆزرابۆوە.[٢]

وشەزانی[دەستکاری]

وشەی (ئاردی) واتای «نھۆمی زەمینی» ھەیە و وشەی (ڕامدیس) ش واتای (ڕەگ-سەرچاوە) دەگەیەنێت لە زمانی عفاری دا[٣] کە پیشانی دەدات جۆری ئاردی لەسەر زەوی ژیاوە و ڕەگ و ڕیشەی خێزانی مرۆڤە.

دۆزینەوە[دەستکاری]

ئێسکەپەیکەری ئاردی لە گوندی (ئارامیس) نزیک ڕووباری (ئاواش) لە وڵای ئێسوپیا لە ساڵی ١٩٩٤ دا لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆوە دۆزراوەتەوە بە ناوی (یوھانس ھایلی سیلاسی) کە پارچە بەشێکی ئێسکی دەستی ھاڵدابۆوە. دواترھەڵکۆڵین و دەرھێنانەکە بەڕێوەچوو لەلایەن کۆمەڵێک زاناوە کە سەرپەرشتی دەکران لەلایەن زانای مرۆڤناس (تیم د. وایت) لە زانکۆی کالیفۆرنیا-بێرکلی[٤] و لەلایەن کۆمەڵێکی نێودەوڵەتی لە زانایان ھەڵسەنگاندن و شیکاری بۆ دەکرا کە (ئۆین لەڤجۆی) سەرپەرشتی دەستەی زیندەزانی دەکرد. لە ڕێکەوتی ١ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩ دا گۆڤاری (زانست - Science) ھەستا بە بڵاوکردنەوەی حەوت وتاری لە کۆمەڵەیەکی سەرچاوە کراوەدا کە چەندین وردەکاری و زانیاری دەربارەی جۆری (ئاردپیسکس ڕامدیس) و ژینگەی لەخۆدەگرت. بە بەردبووەکان لە نزیک پاشماوەی ئاژەڵەوە دۆزرابۆوە کە نیشاندەری ئەوەیە نموونەکە لە جۆرە ژینگەیەکی دارستاناوی دا ژیاوە بە پێچەوانەی ئەو باوەڕ و بیردۆزەی پێشووتر بوونی ھەبووە کە زیندەوەرە دوو پەلەکان لە ساڤاناوە سەرچاوەیان گرتووە. ئاردی یەکەمین بە بەردبوو نەبوو کە پەردە لەسەر جۆری (ئاردپیسکس ڕامدیس) لابەرێت بەڵکو یەکەمین پاشماوەکانی ئەم جۆرە لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئێسۆپیا دۆزراوەتەوە بەڵام نزیکەی ١٧ ساڵی ویستووە تا ھەست بە گرنگیی ئەم دۆزراوەی ئەم جۆرە بکرێت.

وردەکاری مرۆڤی ئاردی[دەستکاری]

کێشی ئاردی نزیکەی ٥٠ کیلۆگرام و بەرزی باڵای ١٢٠ سم بووە. لەسەر دوو پێ ڕۆیشتووە و خاوەنی پەنجەی گەورە دەست و قاچ بووە بەمەبەستی ئاسانکاری کردن بۆ سەرکەوتن بەسەر دارەکان دا. وا خەملێنراوە کە ڕۆیشتن لەسەر دوو پێیەکەی بۆتە ھۆی ئاستەنگ دروستکردن لە جوڵەکانی دا بەڵام یارمەتیدەر بووە لە خستنەوەی ژمارەیەکی زیاتری وەچە.[٥]

ھەرچەندە دۆزینەوەی ئاردی گرنگییەکی یەکجار زۆری ھەبوو وە چەندین زانیاری نوێی بەخشیە بابەتی (ئاردپیسکس) و پێگەی ئەم جۆرە لە پەرەسەندنی مرۆڤ دا بەڵام ھێشتا نەزانراوە کە ئایا جۆری ئاردی پەیوەستدارە بە جۆری (ھۆمۆ سەیپیەن) ەوە یان نا. دەربارەی پێکھاتەی جەستەی ئاردی، زانایانی بەردینەکان تێبینیان کردووە کە خاوەنی جەستەیەکی تایبەت و بێھاوتایە لەبەر ئەوەی ھەردوو خەسڵەتەکانی مەیموونە لەناوچووەکان و (ھۆمینید) ە سەرەتاییەکانی ھەیە.[١٠]

ھەرچەندە بابەتی ئەوەی کە ئایا ئاردی توانای جوڵەی دوو پێی ھەبووە یان نا ھێشتا جێی ناکۆکی و گفتوگۆیە چونکە پەنجە گەورەی لادراوی پێ خەسڵەتێک نییە لە زیندەوەرە دوو پێیەکان دا. بەڵام پاشماوە دۆزراوەکانی لاق، قاچ، ئێسکی سێبەندە و دەستەکانی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەشێوەیەکی ھەستاو (پشتڕێک) ڕۆیشتووە کاتێک لەسەر زەوی بووە و لەسەر چوار پێ رۆیشتووە کاتێک لە ناو درەختەکان دا بووە. بۆ نموونە پەنجە گەورەکانی ھەندێک لە پێی دوور کەوتۆتەوە بەمەبەستی زیادبوونی و باشتربوونی توانای گرتنی لق و پۆپی دارەکان.

ئاردی لەسەر بەندی پەنجەکانی نەرۆیشتووە بەڵکو تەنھا لەپی دەستەکانی بەکارھێناوە بۆ جوڵان لەنێوان لقی درەختەکان دا. لە کاتی دۆزینەوەی ئاردی دا ھەندێک لە ددانەکانی ھێشتا پەیوەستبوون بە ئێسکی شەویلگەیەوە و ھەروەھا شوێنەواری خورانی میانی ددانی پێوە دیاربووە کە پێشنیار دەکات ژەمە خۆراکەکەی پێژھاتبێت لە میوە و گوێز. ھەمان قەبارەی ددانەکان کەڵبەکان لە نێر و مێیەکان دا بوونی ھەبووە کە پێشنیار دەکات لە کەمبوونەوەی ناکۆکی نێوان نێر-نێر و دروستبوونی پەیوەندی بەھێز لە نێوان نێر و مێ دا بۆیە لە جۆری (ھۆمینید)ەکان دا گۆرانکارییە بنچینەییەکانی زاوزێ و ھەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویداوە زۆر لەپێش گەورەبوونی مێشک و دەست پێ کردن بە بەکارھێنانی کەرەستە بەردینەکان.[٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Ann Gibbons (2 October 2009). "A new kind of ancestor: Ardipithecus unveiled". Science. 326 (5949): 36–40. doi:10.1126/science.326.5949.36. PMID 19797636. Retrieved June 23, 2013.
  2. ^ Lemonick, Michael D.; Dorfman, Andrea (2009-10-01). "Ardi Is a New Piece for the Evolution Puzzle". Time (بە ئینگلیزی). ISSN 0040-781X. Retrieved 2017-10-01.
  3. ^ "Who's Who in Human Evolution". NOVA. PBS. Retrieved 2009-10-08.
  4. ^ Shreeve, Jamie, "The Evolutionary Road," National Geographic, 218, No. 1 July 2010: 66. Print.
  5. ^ Dorey, Fran. "Ardipithecus Ramidus." Ardipithecus Ramidus - Australian Museum. Accessed December 01, 2016. http://australianmuseum.net.au/ardipithecus-ramidus.
  6. ^ Reexamining human origins in light of Ardipithecus ramidus, C. Owen Lovejoy, Science, 2 October 2009, 326:74