یاسای ھەڵبژاردن

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

یاسای ھەڵبژاردن دیسپلنێکە دەکەوێتە سەر خاڵی بەیەک گەیشتنی یاسای دەستوری و زانستی سیاسی. یاساکە لە بواری "سیاسەتەکانی یاساو یاسای سیاسەت" دەکۆڵێتەوە. بەتایبەتیش لە دوای ھەڵبژاردنە بەناوبانگەکەی ٢٠٠٠ ی بوش – ئال گۆر گرنگی ئەم یاسایە پەرەی سەند و ئێستا لە زۆربەی قوتابخانە یاساییەکان لەسەرتاسەری وڵاتە یەکگرتووەکان ، وڵاتانی دەرەوە بە وانە دەگوترێتەوە.

ئەمانەی خوارەوە ھەندێ پرسن کە یاسای ھەڵبژاردن چارەسەریان دەکات:

  • کێنە ئەوانەی مافی دەنگدانیان لە ھەڵبژاردن ھەیە (مەرجەکانی: تەمەن، شوێنی دانیشتن یان مەرجەکانی فێرکردن یان باجی دەرامەت) ھەروەھا رێورەسمی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بۆ دەنگدان و بەڵگە و ناسنامانەی پێویست لە کاتی دەنگدان پێشکەش بکرێن.
  • کێنە ئەو کەسانەی مافی خۆپاڵاوتنیان ھەیە (مەرجەکانی: تەمەن، شوێنی نیشتەجێبوون، لەدایکبوون یان مەرجەکانی ھاوڵاتیبوون)، ھەروەھا رێورەسمی پێویست کە بە ھۆیانەوە پاڵێوراوەکان لەسەر کارتی دەنگدان ناویان تۆمار دەکرێ ( وەک دروستکردنء پڕکردنەوەی فۆرمەکانی خۆپاڵاوتن) ھەروەھا رێساکانی ناونوسکردنی پاڵێوراوان دیار دەکات.
  • رێساکان لەبارەی دیاریکردنی ئەو بابەتانەی دەکرێ بخرێنە بەر دەنگدانی راستەوخۆ بە رێگەی ریفراندۆم یان راپرسیی گشتی، ھەروەھا رێساکانی پێویست بۆ فەرمانگە حکومیەکان ء ھاوڵاتی پێڕەویان بکەن بۆ خستنە رووی ھەر پرسێک بۆ دەنگدانی جەماوەر.
  • دیاریکردنی چوارچێوەی کارکردنی پارتە سیاسیەکان وشێوازی بەررێوەبردنی چاڵاکییەکانیان و، چۆن کاندیدەکانی خۆیان ھەڵدەبژێرن (بۆ نموونە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکان).
  • دیاریکردنی بودجەی تایبەت بە ھەڵبژارادنەکان (ھەروەھا دیاریکردنی: سنوری بەخششە داراییەکان و، رێساکانی رێکخستنی بەخششە جەماوەریەکان بۆ ھەڵبژاردنەکان و، راگەیاندنی ناوی لایەنە پارەبەخشەکان و، رێساکانی رێکخستنی کاری گروپەکانی داکۆکیکردن جگە لە رێکخستنی ھەڵمەتی پاڵێوراوەکان).
  • دابینکردنی پێداویستیەکانی دیاریکردنی ناوچەکانی ھەڵبژاردن کە نوێنەرەکان لەوێوە ھەڵدەبژێردرێن بۆ ئەنجومەنی یاسادانان ( بۆ نمونە وەک ناوچەکانی ھەڵبژاردنی: ئەندامانی کۆنگرس یاخود یان یەکە ئیداریەکان لە سنووری شارەوانیەک).
  • چ کۆت و بەندێک لە سەر ھەڵمەتەکانی داکۆکیکردندا دادەنرێن ( وەک: رێساکانی سەبارەت بە رێکلامە ساختە یان بێناوەکان).
  • دەنگدان لە ھەڵبژاردن بە چ شێوەیەک دەبێ ( بۆ نمونە بەکارھێنانی کارتی دەنگدان وەک کاغەز یاخود شێوەی تری دەنگدان وەک ئامێری دەنگدانی میکانیکی یان ئامێری دەنگدانی ئەلکترۆنی، ھەروەھا چۆنیەتی خخستنە رووی زانیاریەکانی سەر کارتەکان یان ئامێرەکان بۆ دەنگدەران).
  • چۆن دەنگەکان دەژمێردرێن لە ھەڵبژاردن ء دووبارە ژماردنەوەیان ء ھەروەھا بەرەنگاریەکانی ھەڵبژاردن.
  • چۆن دەنگدەران ء پاڵێوراوان داوا تۆمار بکەن لە دادگا یاخود فەرمانگەیەکی حکومی بۆ سەپاندنی مافەکانیبان یاخود تانەدان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردندا.
  • چ کردارێکی دژی پرۆسەی ھەڵبژاردن شایەنی سزادنە و بە تاوان دەژمێردرێت.
  • سەرچاوەی یاسای ھەڵبژاردن (بۆ نموونە سەرچاوەکەی: دەستورە، یاسا نیشتیمانیەکانە یاخود بڕیاری دادگاکانە) ھەروەھا کارلێکردنی نێوان ئەم سەرچاوانەی یاسا.