گوڵەستێرە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Photuris lucicrescens

گوڵەستێرە (Firefly) مێروویەکی درەوشاوەی وردە کە دەدرەوشێتەوە و ڕووناکی دروست دەکات. ئەو مێرووە وردەیە کە لە کوردەواریدا بە گوڵەستێرە ناسراوە.

گوڵەستێرە جۆرێکی قالۆنچەیە، قەبارەیەکی وردی ھەیە، لەو مێرووانەیە کە بەشەوان چالاکن. مێروویەکی ڕاوکەرە و بە دووی نێچیردا دەگەڕێت، ئامرازی پێوەدانی نییە و ھیچ زیانێک بە مرۆڤ ناگەیێنێت و نەخۆشیش ناگوێزێتەوە. ئەم مێرروانە بەوە ناسراون کە دەدرەوشێنەوە و ڕووناکی درووست دەکەن، ئەم ڕووناکییەش بە ڕێگەیەکی بایۆلۆجییانە دروست دەبێت لەناو خانەکانی لەشی گوڵەستێرەکەدا بەتایبەتی خانەکانی لای کۆتایی لەشییەوە. کە خانەی تایبەتمەندن بە درووستکردنی ڕووناکی بە بوونی گەردیلە کیمیایییە وزەھەڵگراکان ATP و ئەنزایمی لیوسیفیرینەیز ئەو وزەیە لە بری گۆڕینی بە گەرمی، دەگۆڕدرێت بە ڕووناکی و بە درەوشانەوە لە کۆتایی لای سکییەوە دەردەپەڕێت. دیاردەی درووستکردنی ڕووناکی و فلاش لێدان لەم قالۆنچەیەدا بۆ مەبەستی پەیوەندی کردنە لە نێوان تاکەکانی ھەمان جۆردا، زیاتریش بۆ لێکتر نزیکبوونەوەی نێر و مێیییەکانە و دۆزینەوە و ھەڵبژاردنی تاکی بەرامبەرە بۆ بەجێھێنانی کرداری جووت بوون. جاریش ھەیە بە ڕێکەوت مێیینەکە برسییەتی و بۆ نێچیری باش دەگەڕێت، بۆیە دەکەوێتە فلاش لێدان، لەو لاشەوە نێرینەیەکی داماو بە دوای ھاوەڵێکی مێینەدا دەگەڕێت بۆ جووتبوون، بۆیە دەکەوێتە داوی ئەو گووڵە ئەستێرە برسییەی کە فلاش لێدەدات و لێی نزیکدەبێتەوە، بەڵام لە بری جووتبوون دەبێت بەخۆراک!