کوردبوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کوردبوون
نووسەرحەمەدی مەولوودی
سەردێڕی سەرەکیکوردبوون بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی
دانەری بەرگفاڕووق قوبادی
زمانکوردیی ناوەندی
بابەتخۆژیاننانە
بڵاوبوونەوە٢٠٢٢
بڵاوکەرەوە٤٩ کتێب، ڕەھەند
جۆری کتێبچاپ، ئەلکترۆنی، دەنگی
لاپەڕەکان٥٥٠


کوردبوون بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی (بە ئینگلیزی: Being a kurd A chapter of captian Hamadi Mawludi's memories) کتێبێکە لە نووسینی حەمەدی مەولوودی و کۆکردنەوە، ساخکردنەوە و بەڵگەمەندکردنی وریا ماملێ[١]. کوردبوون یەک لە پڕفرۆشترین کتێبە مێژووییەکانی ناوەندی ڕەھەند لە پێشانگای نێونەتەوەیی کتێبی سلێمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بوو.

ناوەرۆک[دەستکاری]

ئەم کتێبە ساڵی ١٩٧٢ بە قەڵەمی کاپیتان خۆی نووسراوە و بەشێکی زۆر لە ژیان و بەسەرھاتی ھەر لە ساوایەتییەوە تا گەیشتنی بۆ وڵاتی ئازەربایجان لەخۆ دەگرێت. ھەرچەند بەشێکی بەرچاوی بیرەوەرییەکان ونن و چەند قۆناغێک لە ژیانی حەمەدی مەولوودی بە ناڕوونی ماوەتەوە (بۆ نموونە سەردەمی لاویی کاپیتان و شاربەدەرکردنی بۆ شاری شیراز) کە وریا ماملێ ھەوڵی داوە لە ڕێگەی بیرەوەریی کەسە نزیک و ناسیاوەکانی کاپیتان ئەم بۆشاییانە پڕ کاتەوە. گرینگیی کوردبوون لەوەدایە قۆناغگەلی مێژووی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستانی ئەو سەردەم بە زمانێکی پاراو و ڕاستگۆیانە دێنێتە بەرباس و بەسەر زۆر ڕووداوی مێژوویدا دێتەوە کە ھەندێک لەوان بریتین لە: شەڕی ڕووس و عوسمانی لە مەھاباد، ڕەشکوژیی خەڵکی سابڵاغ، ھاتنی سمایل ئاغای سمکۆ بۆ مەھاباد، دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ-کاف و کۆماری کوردستان، ڕوو وەرگێڕانی خەڵک لە داوای قازی محەممەد بۆ پارێزگاری لە کۆمار و شەڕەکانی مەکڵاوێ، مەحاڵی مەرگەوەر و ھتد[٢][٣].

بڵاوبوونەوە[دەستکاری]

یەکەم جار عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە وڵاتی سۆڤییەت داوای لە حەمەدی مەولوودی کردبوو کە بەسەرھاتەکانی خۆی بنووسێتەوە تاوەکوو بۆی بکات بە کتێب بەڵام ئەم دەستنووسانە فەوتاون و لەسەرڕاوە ساڵی ١٩٧٢ کاپیتان دەست بە نووسینی ژیاننامەکەی دەکات کە ڕووداوەکانی پێش جەنگی جیھانیی یەکەم تاوەکوو ھەمان ساڵ لەخۆ دەگرێت. ئەم دەفتەرانە بە بێ ئەوەی کەس ئاگاداریان بێت تاوەکوو ساڵی ٢٠١٧ لەکن ڕووناکی کچی دەمێننەوە و دواتر کە دەردەکەوێت ئەوانە نووسراوەی کوردی و ژیاننامەن دەدرێنە دەست وریا مامڵێ. ئەم دەستنووسانە لەلایەن وریا ماملێوە تایپ، ستاندارد و بەڵگەمەند کراون تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێب لە چوارچێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە[٤].

بەشەکان[دەستکاری]

کوردبوون لە چوار دەفتەر پێک ھاتووە کە جگە لەوان وریا ماملێ و شێرکۆ ھەژاریش پێشەکییەکیان لەسەر نووسیوە و لە کۆتایی کتێبەکەشدا کاپیتان حەمەدی مەولوودی لە ڕێگەی دەق و سەرچاوەکانی دیکەوە دەناسین و لە نووسراوەکانی ئەواندا دەیخوێنینەوە. وتووێژەکان، پەراوێزەکان، ئاڵبۆمی وێنەکانی کاپیتان، ئالبۆمی وێنەکان و فەرھەنگۆکێک لە ئامادەکردنی ساڵح بێچار دوایین بەشی ئەم کتێبەن. ھەر شوێنێک لە کتێبەکە کە پێویستی بە لێ تێگەیشتنێکی زیاتر ھەبووە لەلایەن وریا ماملێوە بەڵگەمەند کراوە و لە ڕێگەی سەرچاوەی تر لە کۆتایی ھەر لاپەڕە شرۆڤەی زیاتری بۆ دراوە.

کتێبی دەنگی[دەستکاری]

ساڵی ٢٠٢٣ کتێبی کوردبوون لەسەر ئیزنی وریا ماملێ لە ڕێگەی پۆدکاستی ڕێگاوە وەک کتێبێکی دەنگی تۆمار کرا و لە ٣١ ئەڵقەدا بڵاو کرایەوە کە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.

چاپەکان[دەستکاری]

  • ٤٩ کتێب، بەھاری ٢٠٢٢ سوێد
  • چاپی دووەمی ٤٩ کتێب ( لە دوو بەرگی جیاوازدا: ڕەق و نەرم)
  • ڕەھەند لە باشووری کوردستان

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  • ژمارەی ٢ی گۆڤاری ڕانانی کتێب کە پاییزی ٢٠٢٣ لەلایەن چاپەمەنیی ٤٩ کتێبەوە لە وڵاتی سوێد لەکۆی ١٩٥ لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە.
  • کوردبوون و چەند باسێکی دی، لە نووسینی شێرکۆ ھەژار ساڵی ٢٠٢٣

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کوردبوون، ۆەمەدی مەولوودی ٢٠٢٢
  1. ^ "چاپ و بڵاوبوونەوەی بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی". کوردستان و کورد.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "کوردبوون، ئاوێنەی ڕەنجی کوردایەتی". Kurdistanmedia (kurdistanmedia.com) (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ Group, Pro-Kurd Software. "وریا ماملێ: کتێبی". نووچە نێت | ڕاستگۆیی بێ لایەنی (بە ئینگلیزی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "برکی کوردبوون". گۆڤاری تیشک.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)