کلاسیزم

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

رێبازی کلاسیزم یان (کلاسیسیزم ) (بە ئینگلیسی|Classicism) یەکێکە لە رێبازە ئەدەبیەکان و بزاڤە هونەریەکان لە سەدەکانی پێش زایین تا کۆتایی سەدەی ١٨ زایینی.

رەچەڵەکی زاراوەی کلاسیزم[دەستکاری]

لە بارەی رەچەڵەکی زاراوەی کلاسیزم چەندین بۆچوونی جۆراوجۆر هەن :

  1. لە "کلاسیسکاس" (Classicus)ەوە هاتوە کە بە واتای چین دێت.
  2. لە ووشەی Classise لاتینەوە هاتوە کە بە واتای پارچەیەکی کەشتی دێت.

واتای زاراوەی کلاسیزم قۆناغ لە دوای قۆناغ پەرەی سەندووە و واتای تازەی پەیدا کردوە ، لە وانە  :

  1. لە زمانی هاوچەرخی ئینگلیسی و فەرانسەویدا Classe بە واتای پۆل بە کار دێت.
  2. لە سەدەی بوژانەوە (رێنێسانس)دا و بە تایبەت لە لایەن هوومانیستەکان،(ئۆمانیست)ەکانەوە ، کلاسیک بە شاکارە رۆمانی و یۆنانییەکان ئەوترا.
  3. ئەو ئەدەب و هونەرە دەگرێتەوە کە لە سەدەی حەڤدەمدا باو بووە.
  4. لە کۆتایی سەدەی هەژدەمدا کلاسیک بەو ئەدەبیات و هونەرە بەرزە ئەوترا کە شایانی شوێن پێ هەڵگرتن و لاساییکردنەوە بوو. گۆتەی شاعیری ئەڵمانی بە ئەدەبی باشی ئەوت :"کلاسیک" و بە ئەدەبی خراپیشی ئەوت :"رۆمانتیک".
  5. ئەو بەرهەمانە دەگرێتەوە کە لە سەر رێساکانی نووسەرانی گریک (ئەسکیلۆس و ئۆریپید و سۆفۆکلیس و ئەرەستوو) دەڕۆیشتن.
  6. ئەمڕۆش کلاسیک بە هەموو ئەو بەرهەمانە دەوترێ کە پەسەند و رەسەن و دانسقەن ، هەروەها بەو بەرهەمانەی پێش رۆمانسیزم سەریان هەڵداوە.

یەکەم جار نووسەری رۆمانی، ئۆلیژیلۆس (Auliscellius)بوو ، کە لە سەدەی ٢ی زایین دا ، لە کتێبی شەوانی ئەتیکا ئەم زاراوەی بەکار هێنا. ئەمەش لە دوو شوێنی جیادا :

١- Scriptor Classicus واتە : نووسراوی چینی سەرەوە

٢- Proletarius Scriptor واتە : نووسراوەی چینی پرۆلیتاریا

ئەم دوو شێوە بەکارهێنانە ، خۆی لە خۆیدا سیفەتێکی چینایەتی دایە ئەدەب : ئەدەبی کلاسیکی دایە پاڵ چینی سەرەوەی کۆمەڵ.

سەرچاوەکانی کلاسیزم[دەستکاری]

دەستوور و بنەماکانی کلاسیزم لە چەندین سەرچاوەی ئێستەتیکییەوە، کە خۆربەیان سەرچاوەی یۆنانی کۆنن، هەڵێنجراون :

١- هونەری شێعر (poetica) نووسینی ئەرەستوو (٣٢٢-٣٨٤ پ.ز)

٢- هونەری شێعر، نووسراوەی هۆراس (Horace) (٦٥-٦٨ پ.ز)

ئەرەستوو و هۆراس لەم دوو شاکارەی خۆیاندا بنەما و دەستوورەکانی کلاسیزمیان داڕشتبوو. ئیتالیاییەکان لە سەدەی ١٥ و ١٦مدا چەندین جار ئەم دوو شاکارەیان لە یۆنانییەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی ئیتالیایی، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بنەماکانی کلاسیزم . لە هەمان کاتدا، نووسەرانی مەزنی گریک و رۆمان(پێش لە دایکبوونی مەسیح) وەک: ئەسکیلۆس، ئۆریپید، هۆمیرۆس... سەرچاوەیەکی دیکەی کلاسیزمی ئەورووپیی بوون کە لە لایەن نووسەرانی ئەورووپای سەردەمی رێنێسانسەوە، تەنانەت هەر لە پێشتریشەوە لاساییان دەکرایەوە. تەنانەت هەندێ رەخنەگر وای دەبینن کە ئەدەبیاتی سەردەمی گریک (سەردەمی یۆنان و رۆمانی دێرین) بە کلاسیزمی کۆن دادنرێت، ئەو کلاسیکەی دواتری ئەورووپاش کلاسیزمی نوێیە.

٣- بەرهەمەکانی نووسەرانی سەردەمی رێنێسانس (Rennaissance) لە ماوەی سەدەی ١٥م و ١٦مدا، هەروا بەرهەمی نووسەرانی بزووتنەوەی رۆشنگەری (Enlightenment) لە کۆتایی سەدەی ١٧ تا کۆتایی سەدەی ١٨م، بوونە چەند سەرچاوەگەلێکی دیکەی کلاسیزم. بەتایبەتیش کاتێ لە ساڵی ١٦٧٤دا رەخنەگری فەرەنسی، نیکۆڵا بوالۆ (١٦٣٦-١٧١١) کتێبە گرنگەکەی خۆی (هونەری شێعر Art Poethique)ی بڵاوکردەوە و دەستوور و بنەماکانی کلاسیزمی تێدا شی کردەوە و چەسپاندنی؛ توانی گیانێکی هاوچەرخانە بە ڕێبازەکە بدات و کتێبەکەی وەک سەرچاوەیەکی تیۆریی گرنگی کلاسیزم پێسکەش بکات.

دەستوور و یاساکانی کلاسیزم[دەستکاری]

  1. لاساییکردنەوەی سروشت
  2. لاسایی کردنەوەی کۆنینەکان
  3. کۆن گێرانەوە
  4. عەقڵانییەت Rationalisme
  5. فێرکەر و خۆشبین
  6. روونی و کورتبێژی
  7. لە راستیی چوون Verissemblance
  8. مەوزووعی بوون Objectivite
  9. نەزاکەتی ئەدەبی
  10. قانوونی سێ یەکێتییەکان
    1. یەکێتیی بابەت
    2. یەکێتیی کات
    3. یەکێتیی شوێن

کلاسیزم و ڕوونی[دەستکاری]

کلاسیزم لە نووسینی هوونراوە لەلایەن ئەوڕووپیەکانەوە ئارەزووی لەڕوونیە واتە لە پێشوودا لای ئەوڕووپیەکانەوە هەر چ بەرهەمێکی ڕوون و ئاشکرایی مەبەستەکانی هەبووایە دەچووە نێو ڕووکاری کلاسیزم هەر بۆیەش ڕەخنەگری فەڕەنسی بواڵۆ ئاماژەی بەوە کردووە هەر نووسەرێکی ڕێبازی کلاسیزمی لەبەرهەمەکەی هەر ناڕوونیەکی تیا بێ ئەوا لەبەر کەم ئەقڵی نووسەرەکەیە کە نەیتوانیوە دەسەڵاتی بەرامبەر بەرهەمەکەی بشکێت.

کلاسیزمی کوردی[دەستکاری]

لە کلاسیزمی کوردی بەوە جیا دەکرێتەوە کە گیانێکی نەتەوایەتی تیایە کە ئەم گیانەش لە شێوەزار و ووڵاتانی تر نەبووە جگە لەم گیانەش نووسەرانی کورد کلاسیزم بەکاردەهێنن بۆ نووسینی بەرهەمی خۆشەویستی و غەزەل و پێداهەڵدان و ئاینی و چەند مەبەستێکی تریش.

سرچاوە[دەستکاری]

  • رێبازە ئەدەبیەکان ؛ فەرهاد پیرباڵ ؛ چاپی سێیەم - ئەندێشە ٢٠٠٩