کارڵ شمیت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کارڵ شمیت (1888-1985)(بە ئاڵمانی: Carl Schmitt) مافناس، فەیلەسووف و تیۆریسیەنی ئاڵمانییە. زۆربەی بەرھەمەکانی شمیت سەبارەت بە سەروەری یان حاکمایەتی (sovereignty) و چۆنیەتی پاراستنی سامانی یاسایی (Legal Order) لە ڕێگەی بڕیاری حاکمن. بە باوەری شمیت حاکم کەسێکە کە سەبارەت بە باری ئاوارتە بڕیار دەدا. ئەم بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتی سامانی یاسایی ھەڵدەپەسێری، بەڵام لە بەرامبەردا دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنی کە سامانی یاسایی بتوانێ دواجار بگەڕیتەوە. شمیت لە کتێبی ئیلاھیاتی سیاسیدا دەڵێت: چەمکە سیاسیە گرینگەکانی سەردەمی ئێستا، گشتیان چەمکگەلێکی ئیلاھیاتین.

شمیت یەکێک لە ڕەخنەگرانی جیددی لیبرال دیمۆکراسیە. گرینگایەتی بارودۆخێکی لە بار بۆ تەنفیزی نۆرمە یاساییەکان (Legal Norms) و دەستوور (Constitution)، شمیتی لە جۆرێک تۆتالیتێریانیسم نزیک کردەوە، تا ڕادەیەک کە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی ھیتلێر و حیزبی ناسیۆنال سۆسیالیست، شمیت ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی دۆزینەوەی پێوەندیەکی دەستوری و یاسایی لە نێوان پێشەوا (Führer) و خەڵک دابوو.

ئەندێشەی شمیت[دەستکاری]

شمیت لە سەرەتادا ھۆگری تێگەیشتێکی نوێکانتی لە یاسا و دەولەت بوو، بە جۆرێک کە دەوڵەت و سامانی یاسایی ھاوسان بن. بەڵام واقیعەکانی پاش شەری یەکەمی جیھانی شمیتی لەم تێگەیشتە نوێکانتیە ھەڵبری و بەرەو جۆرێک ریالیسمی ھاندا.

پاش ئەم شیفتە، شمیت بۆ جڵەوکردنی قەیرانەکانی پاش شەری جیھانی یەکەم سەرقالی لێکۆلینەوە لە سەر چەمکی دیکتاتۆری دەبێ. شمیت لە کتێبی "لەبارەی دیکتاتۆری"دا لە نێوان دیکتاتوری حاکم و دیکتاتۆری کۆمیسێریایی جیاوازی دادەنێ. دیکتاتۆری کۆمیساریایی لە جەنگەی قەیران دا دێتە ئاراوە تا ھەل و مەرجێک برەخسێنێ کە تێیدا دەستوور و نەزمی یاسایی وەکار کەونەوە. بەڵام دیکتاتۆری حاکم بە پێچەوانە ھەوڵ دەدا دەستووری ھەنووکەیی بە مەبەستی داڕشتنی دەستوورێکی دیکە ھەڵوەشێنێ کە بە باوەری خۆی دەستووری ڕاستەقینەیە.

لە نامیلکەی چەمکی ئەمری سیاسی شمیت لە ھەوڵی دۆزینەوەی ئەمری سیاسی دایە. بە باوەری شمیت ھەر چۆنێک کە ئەخلاق بە باسکردن لە سەر خێر و شەر (چاکە و خراپە)ە، جوانیناسی بە جوان و ناحەز و ئابووری بە قازانج و زیان سەرقاڵ بووە، سیاسەتیش بە دۆست و دووژمنەوە سەرقاڵە. بەڵام پۆلێنبەندی دۆست و دوژمن ئەوەندە بە ھێزە کە بە ئاسانی پۆلێنبەندیە ھونەری، ئایینی و ئابوریەکان دەخاتە پەراوێزەوە.

شمیت لە کتێبی ئیلاھیاتی سیاسی دا حاکم وەک کەسێک کە لە سەر باری ئاوارتە بریار دەدا، پێناسە دەکا. حکم بەو کارە سنوورێک لە نێوان ژوورەوە و دەرەوە دیاری دەکا، لە حاڵیکدا کە خۆی ھەل ژوورەوە و ھەم لە دەرەوە دایە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • لەبارەی دیکتاتۆری
  • چەمکی ئەمری سیاسی
  • ئیلاھیاتی سیاسی
  • ئیلاھیاتی سیاسی (٢)
  • قەیرانی دێمۆکراسی پەرلەمانی
  • تیۆری پارتیزان

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ویکیپیدیای ئینگلیزی