ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی (بە ئەڵمانی: Kritik der reinen Vernunft) کتێبێکە نووسراوی فەیلەسووفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت. جاری یەکەم ساڵی ۱۷۸۱ چاپ بووە. شەش ساڵ دواتر، لە ۱۷۸۷دا، پاش نەختێ پیاچوونەوە و دەستکاری لە لایەن نووسەرەوە، سەرلەنوێ چاپ کراوەتەوە. لەم کتێبەدا ئەوەی کانت بەتەمایەتی، دیاریکردنی پانتایی و سنووری میتافیزیکە. لە پێشەکیی یەکەم چاپدا، کانت مەبەستی خۆی لە ھەڵبژاردنی سەردێڕی «ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی» ئاوا ڕوون دەکاتەوە: «... مەبەستی من ھەڵسەنگاندنی ھێزی ئەقڵە بە شێوی گشتی، بە گەڕانەوە بۆ ھەموو ئەو مەعریفەتەی کە ئەم ھێزە، سەربەخۆ و ئازاد لە ھەر چەشنە ئەزموونێک، دەتوانێ تێبکۆشێ بۆ بەدەستھێنانی. لە ئاکامدا، ئەوەی من بەم ڕەخنەیە دەمەوێ پێی بگەم، بڕیارێکە لەبارەی لواوی یا نەلواویی میتافیزیک بە شێوەی گشتی و، دەستنیشانکردنی سەرچاوەکان و ھەروەھا پانتایی و سنوورەکانی ئەو میتافیزیکە بە پێی پرەنسیپ.»[١]

ڕەخنە لە ئەقڵێ پەتی، ھەندێ جار «یەکەم ڕەخنە»شی پێ دەوترێ، چونکە بە شوێنیا، ساڵی ۱۷۸۸، کانت «ڕەخنە لە ئەقڵی کرداری»ی نووسی و، ساڵی ۱۷۹۰یش، «ڕەخنە لە ھێزی حوکم».

کانت بنەڕەتی کارەکەی خۆی لەسەر فەلسەفەی ئەزموونباوەڕانێ وەک جۆن لۆک و دەیڤید ھیووم و، ئاوەزباوەڕانێ وەک لایبنیتس -ەوە دانا. دەرھەق بە سروشتی بۆشایی و کات، ئیدیاگەلێکی تازەی ڕانا و، بۆ سکێپتیزمەکەی ھیووم کە دەیوت مرۆڤ ناتوانێ لە بوونی پەیوەندیی نێوان ھۆ و بەرھۆ دڵنیا بێ، چارەسەرگەلێکی بینی. ھەروەھا، بۆ ئەوەی دێکارتیش کە دەیوت ماریفەتمان لەبارەی جیھانی دەرەوەی سووژەوە جێی شک و گومانە. عیززەتوڵڵا فوولادوەند لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێ:

«کانت کۆشکی پڕشکۆی ڕەخنە لە ئەقڵی پەتیی بۆ ئەوە ھەڵدا تا بەڵکوو دەرەتانێ بێ بۆ ھەڵاتن لە دەست سکێپتیزمی ھیووم، کە بە بەڵگەھێنانەوەکانی، بنەڕەتی فکری زانستیی شەقولەق کردبوو. کانت فەلسەفەی ڕەخنەییی داھێنا و ھەموو چەکەکانی جبەخانەی ئەزموونباوەڕان و ئاوەزباوەڕانی بە کار گرت تا بنەڕەتی زانست و فکرکردنەوەی زانستییانە لە کاریگەرییە وێرانکەرەکەی سکێپتیزمی ھیووم ڕزگار بکا و مەعریفەتی مرۆڤ لەسەر بنچینەیەکی قایم و بێ کون و درز دابنێ.[٢]»

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ نظری, بھروز (1401). نقد عقل محض. ققنوس. p. 36.
  2. ^ فولادوند, عزت اللە (1399). فلسفە کانت. خوارزمی. p. 33.