ڕاوتەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەم ڕاوتەرەی کۆمپانیای سیسکۆ کە ساڵی ١٩٨٧ لە سێرندا جێگیر کراوە لەوانەیە یەکەمین ڕاوتەری ئەورووپا بووبێ.
Juniper SRX210
ڕاوتەرێکی ماڵی کە دەتوانرێ ھێڵی ئیسەرنێت و ھێڵی تەلەفۆنی پێوە ببەسترێتەوە.

ڕاوتەر (بە ئینگلیزی: Router) دەزگایەکە بۆ ناردنی پاکەتەکانی داتا لە تۆڕێکەوە بەرەو تۆڕێکی تر. ھەموو ڕاوتەرێک دەبەسترێتەوە بە دوو یان چەند ھێڵی داتاوە کە ھەرکامەیان لە تۆڕێکی جیاوازەوە دێن. کاتێ پاکەتێکی داتا دێتە ناو یەکێک لە ھێڵەکانەوە، ڕاوتەر بۆ ئەوەی بتوانێ بنەجێی ئەو پاکەتە (ئەو شوێنەی مەبەستیەتی بڕوا) دەستنیشان بکا، ناونیشانی ناو پاکەتە دەخوێنێتەوە. ئەو کات، بە بەکارھێنانی زانیارییەکانی ناو خشتەی ڕاوتینگەکەی یان سیاسەتی ڕاوتینگەکەی، پاکەتەکە بەرەو تۆڕی دواتر ڕەوانە دەکا. لە ئینتەرنێتدا ڕاوتەرەکان ئەرکی «ڕێبەریی ھاتوچۆ» یان لە ئەستۆیە. پاکەتەکانی داتا ئەوەندە لە ڕاوتەرێکەوە بەرەو ڕاوتەرێکی تر دەرباز دەکرێن تا ئەوەی کە بگەن بە تۆڕی مەبەستیان.