چلەی ھاوین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
چلەی ھاوین
پۆستەری بڵاوبوونەوەی سینەمایی
دەرھێنەرئاری ئاستەر
بەرھەمھێنەر
نووسەرئاری ئاستەر
ئەکتەران
مۆسیقابۆبی کرلیچ
وێنەگری سینەماییپاڤێل پۆگۆرزێلسکی
مۆنتاژلووسیان جۆنستۆن
کۆمپانیای
بەرھەمھێنەر
بڵاوکردنەوە
دەرچوون
ماوەی فیلم١٤٨ خولەک
وڵات
  • ویلایەتە یەکگرتووەکان
  • سوێد[١]
زمانئینگلیزی[٢]
تێچوون٩ ملیۆن $[٣]
داھات٤٨ ملیۆن $ [٣]

چلەی ھاوین (بە سوێدی: Midsommar) فیلمێکی ترسێنەری فۆڵکی ٢٠١٩یە، لە نووسین و دەرھێنانی ئاری ئاستەرە. ھەریەکە لە فلۆرێنس پیوو و جاک ڕێینەر وەک دوو خۆشەویستی ناکارامە ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن کە لەگەڵ گرووپێک ھاوڕێ بۆ فێستیڤاڵێکی چلەی ھاوین گەشتی سوێد دەکەن، کەچی خۆیان لە چنگی دەستایینێکی گوناھکاردا کە پەیڕەوی بتپەرستیی سکاندیناڤیایی دەکەن، دەبیننەوە. ئەکتەرە پاڵپشتەکان ویلیام جاکسن ھارپەر، ڤیلھێلم بلۆمگرێن، ئێلۆرا تۆرچیا، ئارچی مەدێکوێ و ویڵ پۆڵتەر دەگرێتەوە.

فیلمەکە ھاوبەرھەمھێنانێکی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سوێدە، سەرەتا وەک فیلمێکی سلاشەری ڕاستەوخۆ پێشکەش بە ئاری کراوە کە ڕووداوەکانی لەنێوان دەستایینگەرە سوێدییەکاندا ڕوو دەدەن. ئەگەرچی بنەماکانی چەمکە ڕەسەنەکە لە بەرھەمی کۆتاییدا ماونەتەوە، بەڵام داڕشتنی سەرەکیی فیلمەکە بە دەوری پەیوەندییەکی بەرەودواوەچووەوە دەخولێتەوە، ئیلھامی لە جیابوونەوەیەکی دژوار کە ئاری خۆی ئەزموونی کردووە، وەرگرتووە. تراکە دەنگییەکە، لەلایەن ئاوازدانەری ئەلێکترۆنیی بەریتانی بۆبی کرلیچ (ناسراو بە دە ھاکسان کلۆک) دانراوە، ئیلھامی لە مۆسیقای فۆڵکی نۆردیک وەرگرتووە. فیلمەکە لە ھاوین و پاییزی ٢٠١٨ لە شاری بوداپێست فیلم گیراوە.

چلەی ھاوین بە شێوەی سینەمایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ٣ی تەممووزی ٢٠١٩ لەلایەن ئەی ٢٤ و لە سوێد لە ١٠ی تەممووزی ٢٠١٩ لەلایەن نۆردیسک فیلم بڵاو کرایەوە. داھاتی فیلمەکە ٤٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و ستایشی ڕەخنەیی وەرگرتووە، بەتایبەتی، ستایشی دەرھێنانی ئاری و ئەدای فلۆرێنسیان کردووە.

چیرۆک[دەستکاری]

دانی ئاردەر، خوێندکاری دەروونناسیی ئەمریکی، دوای ئەوەی خوشکەکەی بە پڕکردنەوەی ماڵەکە لە کاربۆن مۆنۆکسید، کوشتن-خۆکوژی ئەنجام دەدات و بەوە خۆی و دایک و باوکی دەکوژێت، بەقووڵی دەروونبریندار دەبێت. ڕووداوەکە زیاتر پەیوەندیی دانی لەگەڵ کوڕەھاوڕێکەی، کریستیان، خوێندکاری مرۆڤناسیی کولتووری، کە چوار ساڵە لێی دوورە، دوورتر و ئاڵۆزتر دەکاتەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھاوین، دانی دەزانێت کە کریستیان و ھاوڕێ خوێندکارەکانی، مارک و جۆش لەلایەن ھاوڕێ سوێدییەکەیان، پێلێ بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێکی چلەی ھاوین لە گوندی باووباپیری، ھۆرگا، لە دەشتەکیی ھێلسینگلاند، سوێد بانگھێشت کراون. فێستیڤاڵەکە لە ھەر ٩٠ ساڵێکدا تەنھا جارێک ڕوو دەدات، و جۆش، کە تێزەکەی لەسەر ئاھەنگەکانی چلەی ھاوینی ئەورووپی دەنووسێت، بە دەرفەتێکی یەکجارەکی لە ژیاندا دای دەنێت. کریستیان باسی گەشتەکەی بۆ دانی نەکردووە، چونکە بەتەمابوو پێش ئەو تراژیدیایەی کە بەسەر خێزانەکەیدا ھات، لێی جیا ببێتەوە. دوای دەمەقاڵێیەک، بەنابەدڵییەوە بانگھێشتی دەکات.

لەگەڵ گەیشتنیان بە گوندەکە، سایمن و کۆنی دەناسن، کە دوو خۆشەویستی خەڵکی شاری لەندەنن و لەلایەن ئینگمار، برای پێلێ (لە ڕاستیدا باشترین ھاوڕێیەتی) بانگھێشت کراون. ئینگمار قارچکی ھەلوەسەبزوێن پێشکەش بە گرووپەکە دەکات، و دانی گەشتێکی خراپی ھەیە، ھەلوەسە بە خێزانە مردووەکەیەوە دەکات. ڕۆژێک دوای گەیشتنیان، گرووپەکە ئامادەی ڕێوڕەسمێکی ئێتێستووپا دەبن، کە تێیدا دوو کەسی بەتەمەن بە بازدان لەسەر زنارێکەوە بۆ سەر بەردەکانی خوارەوە خۆیان دەکوژن. کاتێک یەکێک لە بەتەمەنەکان لە کەوتنەخوارەوەکە ڕزگاری دەبێت، ئەندامانی گوندەکە لاساییی ناڵەی ئێشەکانی دەکەنەوە، و دەستوبرد کەللەسەری بە مێکوتێک پان دەکەنەوە. ڕدێنسپیی گوندەکە، سیڤ، ھەوڵی ھێمنکردنەوەی کۆنی و سایمن دەداتەوە، بە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ھەموو ئەندامێکی کۆمەڵگەکەیان لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا ئەم کارە دەکات و بە بڕوای ئەوان شەرەفێکی مەزنە.

ھەروەھا کریستیانیش بڕیار دەدات تێزەکەی لەسەر گوندی ھۆرگا بنووسێت، ئەمەش جۆش لەبەر دزینی ئایدیاکەی تووڕە دەکات. دانی کە بەھۆی ڕێوڕەسمەکانەوە بێزار بووە، ھەوڵی ڕۆیشتن دەدات، بەڵام پێلێ قەناعەتی پێ دەکات بمێنێتەوە. بۆی ڕوون دەکاتەوە کە ئەویش دوای ئەوەی دایک و باوکی لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لەنێو چوون، ھەتیو بووە و گوندەکە بووەتە خێزانە نوێیەکەی. کۆنی و سایمن داوای ڕۆیشتن دەکەن و گوایە یەک بە یەک بە ئۆتۆمۆبیل دەبرێنە وێستگەیەکی شەمەندەفەری نزیک. لەکاتی لێکۆڵینەوەکانی تێزەکەیدا، بە کریستیان دەوترێت کە بۆ ئەوەی خۆیان لە تولازی بەدوور بگرن، ھەندێک جار کەسانی بێگانە بۆمەبەستی «جووتبوون» دەھێنرێنە نێو گوندەکەوە. بۆی پێشنیار دەکرێت و ھان دەدرێت بەشداری بکات، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە. دوای ئەوەی مارک بەنائاگادارانە میز بەسەر دارێکی پیرۆز دەکات، لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی مێینەی گوندەکەوە فریو دەدرێت و لە گرووپەکە دوور دەکرێتەوە. ئەو شەوە، جۆش بەدزییەوە لە جێگەکەی ھەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەنھێنی وێنەی یەکێک لە دەقە پیرۆزەکانی گوندەکە بگرێت، سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە بەتەمەنەکان پێشتر پێی ڕاگەیاندبوو کە قەدەغەیە. جۆش سەری بەتوندی بە مێکوتێک لێ دەدرێت و بۆ دوور ڕادەکێشرێت، پاش ئەوەی لەلایەن پیاوێکەوە کە دەموچاوی مارکی مردووی لەسەردایە سەرقاڵ دەکرێت و دەگیرێت.

ڕۆژی دواتر، ھەردووک دانی و کریستیان بەجیا ناچار دەکرێن خواردنەوەیەکی ھەلوەسەساز بخۆنەوە. دانی کێبڕکێی سەمای کۆڵەکەی ئایار دەباتەوە و تاجی شاژنی ئایاری لەسەر دەکرێت. دوای ئەوە، کریستیان ماددەی ھۆشبەری پێ دەدرێت و بەشداریی نەریتێکی جووتبوون کە بۆ دووگیانکردنی مایا، ئەندامێکی لاوی ھۆرگا دیزاین کراوە دەکات، لە کاتێکدا ئەندامە مێینە ڕووتە گەورەکانی تر سەیر و لاساییی ئاخوئۆخەکانی مایا دەکەن. دانی نەریتەکە دەبینێت و تووشی زراوتۆقین دەبێت، لە کاتێکدا ژنانی گوندەکە دەوری دەدەن و لاساییی ھاوارەکانی خەم و پەژارەی دەکەنەوە. دوای نەریتەکە، کریستیانی ڕووت ھەوڵی ھەڵھاتن دەدات. قاچە بڕاوەکەی جۆش بەچێنراوی لەنێو باخچەیەکی گوڵ و تەرمی سایمن کە دوای ئەوەی تووشی ھەڵۆی خوێناوی کراوە بەنمایشکراوی لە تەویلەیەک دەدۆزێتەوە. پاشان کریستیان لەلایەن بەتەمەنێکەوە ئیفلیج دەکرێت.

بۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی، سەرکردەکانی گوندەکە ڕوونی دەکەنەوە کە بۆ خاوێنکردنەوەی گوندەکە لە خراپەکارییەکانی دەبێت نۆ قوربانیی مرۆڤی پێشکەش بکرێت. چوار قوربانیی یەکەم (مارک، جۆش، سایمن و کۆنی) کەسانی بێگانەن کە لەلایەن پێلێ و ئینگمارەوە ھێنراون، لە کاتێکدا چوار قوربانییەکەی تر دەبێت خەڵکی گوندەکە بن. وەک شاژنی ئایار، دانی دەبێت یان کریستیان یان ئەندامێکی گوندەکە ھەڵبژێرێت بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی کۆتایی. دانی کریستیان ھەڵدەبژێرێت، کە دەخرێتە نێو جەستەی ورچێکی قاوەیی بێئەندامەوە و لە پەرستگەیەکی دارینی سێگۆشەیی شانبەشانی قوربانییەکانی دیکە دادەنرێت. ئەو ئەندامانەی گوندەکە کە دەبێت بکرێنە قوربانی ماددەی ھۆشبەریان پێ دەدرێت و پێیان دەوترێت کە ڕێگری لە ھەستکردن بە ترس یان ئێش دەکات، بەڵام بە کریستیان نادرێت و توانای جووڵەشی نییە. پێکھاتەکە ئاگری تێ بەر دەدرێت، و ئەندامانی گوندەکە لاساییی ھاوار و ناڵەی ئێشەکانی ئەو کەسانە دەکەنەوە کە بە زیندوویی دەسووتێنرێن. دانی سەرەتا بە ترس و خەفەتەوە دەگری، بەڵام دواتر وردە وردە دەست بە زەردەخەنە دەکات.

کاست[دەستکاری]

مۆسیقا[دەستکاری]

ئاری مۆسیقاژەنی ئەلێکترۆنیی بەریتانی بۆبی کرلیچ (دە ھاکسان کلۆک)ی بۆ دانانی مۆسیقای فیلمەکە وەرگرت، فیلمەکەشی لەکاتی گوێگرتن لە ئەلبومی ھەڵکۆڵینی ٢٠١٣ی بۆبی نووسیوە.

ئاری فیلمەکەی لەکاتی گوێگرتن لە ئەلبومی ھەڵکۆڵینی ٢٠١٣ی مۆسیقاژەنی ئەلێکترۆنیی بەریتانی دە ھاکسان کلۆک نووسیوە. دواتر ئاری بۆ دانانی مۆسیقای فیلمەکە وەری گرت، لەژێر ناوی ڕاستەقینەی خۆی بۆبی کرلیچ وەرگیرا. بۆبی پێش دەستپێکردنی فیلمگرتنی فیلمەکە دەستی بە دانان و ئامادەکردنی مۆسیقاکە کردووە، ئیلھامی لە مۆسیقای فۆڵکی نۆردیک وەرگرتووە، و لە نزیکەوە ھاوکاریی ئاری کردووە. فیلمەکە کەڵک لە مۆسیقای دایجێتیک وەردەگرێت، کە تێیدا ڕووداوەکانی سەر شاشە لەگەڵ مۆسیقاکە تێکەڵ دەبن.[٤][٥][٦]

ئەلبومی تراکە دەنگییەکە لە ٥ی تەممووزی ٢٠١٩ بەڕێگەی میلان ڕیکۆردز بڵاو کرایەوە.[٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Midsommar (2019)". British Film Institute. Retrieved July 18, 2021.
  2. ^ "Midsommar". BBFC. Retrieved July 18, 2021.
  3. ^ ئ ا "Midsommar (2019)". Box Office Mojo. IMDb. Archived from the original on August 12, 2019. Retrieved October 6, 2019.
  4. ^ "The Quietus | Features | A Quietus Interview | The Haxan Cloak Talks His 'Midsommar' Score". The Quietus (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-02-25.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ Lobenfeld, Claire (2019-12-09). "The Haxan Cloak on the score and sound design of Midsommar". Fact Magazine (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-02-25.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  6. ^ Nast, Condé (2019-07-02). "The Haxan Cloak and Midsommar Director Ari Aster on Making the Year's Creepiest Film Score". Pitchfork (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-02-25.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ Nast, Condé (2019-06-19). "The Haxan Cloak Releasing Score for New Film Midsommar". Pitchfork (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-02-25.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]