وێنەگری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەیەکی کۆن

وێنەگری یان فۆتۆگرافی کاری وێنەگرتنە. وشەی PHOTOGRAPHY لە بنەڕەتدا لە دوو وشە پێکهاتووە کە (PHOTOS) بەمانای (ڕووناکی) و (GRAPHOS)یش بە مانای (نووسین)دێت کە لە دوو وشەی یۆنانی وەرگیراون، واتە PHOTOGRAPHY بە مانای (نووسین بە ڕووناکییە). ئێمە لە کوردیدا وشەی وێنەگری لە بەرامبەر  PHOTOGRAPHY بە کاردێنین. دەتوانین وشەی وێنەگری وەک شوێن یا خود کارێک تەماشا بکەین کە لە ھەردووک دیتندا ھەمان نووسین بە ڕووناکی بەدیدێت. ھۆی بەدوا داچوون و ئەفراندنی ئەم زانستە لە لایەن زانایانەوە چی بووە؟ ئایا مرۆڤی ئەوساو پێویستی بەم زانستە ھەبووە؟ ئایا ھونەری شێوەکاری کە لە سەردەمانێکی زۆر زووتر لە  PHOTOGRAPHY وەک زمانێک و دواتر وەک ھونەرێک جێگای خۆی کردبۆوە، تێنویەتی مرۆڤی نەدەشکاند؟ یا خود دەتوانین بەراوردی ئەم دووە بە یەکەوە بکەین وەک ھونەر؟ بێگومان زانایانی ئەوکات زیاتر بەدوای زانستێک دەگەران کە خێراتر و درووستتر لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا وەکوو پیشەسازی، نجوم، جۆگرافی، ژیانی سەر زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریا و ئاسمان بیانگەیێنێتە ئامانج. کەواتە لێرەدا ئەم زانستە ھەنگاوێکی بڵندتر لەبەرانبەر شێوەکاری دەهاوێژێت کە سەرەتا وەک زمانێک و دواتر وەکوو ھونەر. PHOTOGRAPHY وەک زانستێک سەری ھەڵدا کە بەشی پیشەسازی کەم و کوڕیەکانی چارەسەر کرد و دواتر وەک ھونەر خۆی پێشاندا، ئێستاش ناتوانین نکۆلی لە کاریگەری ئەم سێ لایەنە لە سەر ھەموو بوارەکانی ژیاندا بکەین.

مێژووی‌ ھو‌نەری‌ فۆتۆگرافی لە کوردستاندا[دەستکاری]

یەکەمین وێنەگری کورد کە لە کوردستاندا ستۆدیۆی وێنەگرتنی دامەزراندبێت و ھونەری فۆتۆ و وێنەگرتنی لەناو کورداندا بڵاوکردبێتەوە و وێنەگرتنی کردبێتە پیشەیەک بۆ خۆی، بریتیە لە (محەمەد یووسف سەدیق غەزنەوی لە ١٨٩٤ – ١٩٦٤).

محەمەد یوسف غەزنەوی، خەڵکی شاری ئاکرێ بووە و لەسەرەتادا لە بەغدا ژیاوە و پاشان چووە بۆ مووسل، لە کۆتاییدا لە ئاکرێ نیشتەجێ بووە و ستۆدیۆیەکی وێنەگرتنی لەوێ کردۆتەوە. زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ھندی زانیوە.

ناوبراو، یەکەم وێنەگری خاوەن ستۆدیۆ بووە، یەکەم وێنەکانی لە نێوان ساڵانی (١٩١٢- ١٩٢٠) لە بادینانی گرتووە، گرنگترین ئەو وێنانەشی‌ کە لەکاتی‌ خۆیدا گرتوونی‌ و ئەمڕۆ لە بەردەستدان، ئەم وێنانەن : شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە (١٩١٢ گیراوە)، سوڵتان مەحمودخانی ئەفغانی لە (١٩٢٠ گیراوە)، تەکیەی شێخ عەبدولعەزیزی کوڕی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە (١٩٢٣ گیراوە)، وێنەگر لەگەڵ لەبیبەفەندی و عەبدوڵا ئەفەندی لە (١٩٣٠ گیراوە)، خەجێ و بەیبین لە (١٩٣٣ گیراوە)، یەکەمین قوتابخانەی ئاکرێ (١٩٣٣ گیراوە). هەروەها بەشێک لەو وێنە ناوبراوانە، لە گۆڤاری ڕاماندا، چەن ساڵێک پێش ئێستا، لە گۆشەی تایبەت بە فۆتۆ لە کوردستاندا – بڵاو کراوەتەوە.

بەم شێوەیە لە ساڵی (١٩١٢) بەولاوە محەمەد یوسف غەزنەوی، یەکەمین کوردە کە کامێرای وێنەگرتن و ستۆدیۆی وێنەگرتنی خۆی لەکوردستان دامەزراندبێت.

مێژوونووسی پایەدار، حوسێن حوزنی موکریانیش پێشڕەوی ھەرە چالاکی مەیدانی ھونەری‌ فۆتۆگرافەکانە کە ساڵی (١٩١٥) کاتێک کە لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێتەوە بۆ حەلەب، کامێرایەکی وێنەگرتن لەگەڵ خۆی دەھێنێت و لەناو چاپخانەکەی خۆیدا لە ڕواندز دایدەمەزرێنێت و بۆ کاری وێنەگرتنی ڕۆژنامەگەری و بڵاوکردنەوەی وێنە لەناو کتێب سوودی لێوەردەگرێت.

ئەکرەمی ساڵحە رەشە، دەڵێ: یەکەم ئامێری وێنەگرتن لەلایەن حوسێن حوزنی موکریانی و کابرایەکی لوبنانییەوە ھێنرایە سلێمانی و شێخ لەتیفی ددانسازیش لێی کڕین، لە زەمانی شێخ مەحموددا بۆ ئیش و کاری خۆیان بەکاری دەھێنا وەکوو لێ وەرگرتنەوە و لەڕوو نووسینەوە (استنساخ). دوایی ئەو ئامێرەی فرۆشت بە یەحیا ئەفەندی رەسام. ئیتر ئەو هەر بۆ وێنەگرتن بەکاری دەھێنا.

بە لام حوسێن حوزنی لە سلێمانی کە کامیرایەکی فرۆشتووەتە شێخ لەتیفی ددانساز، لە ھەمان کاتدا کامیرایەکی دیکەشی لە ڕواندز (لە چاپخانەکەی خۆیدا) ھەبووە بۆ کاری چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری و وێنەگری ئیشەکانی خۆی پێ کردووە. چونکە دەبینین حوسێن حوزنی موکریانی لە ساڵانی (١٩٢٦-١٩٤٢) دا دەیان ڕەسم و وێنەی فۆتۆگرافی لە ڕۆژنامەو کتێبەکانی خۆیدا بڵاوکردۆتەوە.

بەم شێوەیە نووسەری پایەدار گیوی موکریانی، درێژە بە ڕێگایەکانی ئەو دەدات. بەھەمان شێوەی ئەو بایەخی‌ بەم ھونەرە شارستانییە داوە و تەنانەت بە کامیرای خۆی چەندین دیمەنی زیندووی ژیانی کوردستان و کەسایەتیی گەلەکەی خۆی لە فەوتان ڕزگار دەکات و لە چوارچێوەی زیندووی فۆتۆگرافیان دەگرێت. بەشێکی زۆری وێنە نایابەکانی شاری ھەولێر لە ساڵانی (١٩٢٠-١٩٥٠) کە ئەمڕۆ لەبەردەستدان، بە کامێرای گیوی موکریانی گیراون و ئێستاش ئامرازەکانی وێنەگرتن و کامیراکەی لە چاپخانەکەیاندا پارێزراون[١]

وێنە و  وێنەگری (photo، photography)[دەستکاری]

لە بابەتی پێشووتر کورتە باسێکمان لەسەر زەرورەت و چۆنیەتی پێویستی مرۆڤ بە زانستی photography کرد، لێرەدا دێینە سەر ئەم بابەتە، وێنە و وێنەگری (photo، photography) و لەمەوبەدوا بە شێوەیەکی تێروتەسەل لە سەری دەرۆین و باسی لێی دەکەین. ناتوانین نکۆڵی لە تەواوی کاریگەری وێنە لە سەر ھەموو لایەنەکانی ژیاندا بکەین، ئەگەر زیادەڕۆیی نەبیت دەتوانم بڵێم لە دونیای ئەمڕۆدا و لە ھیچ یەک لە بوارەکانیدا ناتوانین بەبێ وێنە ھەڵبکەین، وێنە وەک سێبەرێک وەک هەورێک باڵی بە سەر ھەموو لایەنە تایبەتی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیاندا کێشاوە، وێنە بووەتە پێویستی ژیان، ئایا کەس تامەزرۆیی خوێندنەوەی پڕ تیراژترین ڕۆژنامە و گۆڤاری ھەیە کە بەتاڵ بێت لە وێنە؟ ئایا گەورەترین کۆمپانیای وەبەرھێنان دەتوانێت بەبێ وێنە ڕیکلام بۆ بەرھەمەکانی بکات؟ ئایا دیارترین ئەکتەری سینەمایی و یاریزانانی وەرزشیمان ھەر ئەوەندەی ئیستا خۆشمان دەویستن کە ئیستا خۆشمان دەوێن و ئایا بروامان وایە ئەوانیش بەبێ دەرکەوتن لە وێنەکان ئەوەندەی ئێستا لایەنگریان دەبوو؟ ئایا تا ئیستا بیرمان لەوە کردووەتەوە کە کاریگەری وێنەیک دەسەڵات لە سیاسییەک دەستێنێت و بە پێچەوانەش ئەوی تر دەباتە سەر کورسی دەسەڵات؟ ئایا تا ئێستا بۆمان نەھاتووەتە پێش کە بەپێی دۆخی کاریی ماوەیەک لە کۆرپەکەمان، خۆشەویستەکەمان، دوور کەوتبوبینەوە و بە دیتنی وێنەیەکی بچووکیان لە ناو جانتا، لە شاشەی یوتیوب یا شاشەی مۆبایلەکەمان ئارامی و ھەستێکی خۆش دایگرتبین؟ ھەستمان بەرامبەر بە ئەڵبۆمی وێنەکانمان چییە؟ ئایا دەتوانین ئەم ھەستەمان چ خۆش و چ ناخۆش بشارینەوە؟ ئایا دەتوانین ڕێز و خۆشەویستیمان بەرامبەر بە ھەیبەت و ماندووبوونی سەرکردەکانمان لە کۆنەوە تا ئێستا پێشان بەدەین و بەبێ بایەخ لێیان تێپەڕ بین؟ ئایا دیتنی وێنەیەک لە ساتێک بەقەد چەندین پەڕتووک زانیاری لەسەر بابەتەکە نادەن بە ئێمە؟ ئایا خوێندنەوەی سەدان لاپەڕە لە ژیان و داب و نەریتی ژیانی کۆمەڵگایەکانی تری جیھان بەبێ دیتنی وێنەیەک لەسەر چۆنیەتی ژیانیان، جلوبەرگ، شوێنی حاوانەوە، پێگەی جوگرافی و ... بەبێ وێنەیەک تام و چێژی ھەیە؟ ئەمانەی سەرەوە و سەدان نموونەی تر بەڵگەیە بۆ داپۆشینی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ئێمە بە وێنەیە و لێرەدایە کە نەقشی ھاتنە کایەی ئەم زانستە پڕ ڕەنگتر دەبێت.

 بەڵام ئێستا پرسیارێک دێتە ئاراوە و بۆ زانینی وەڵامەکەشی ھەر کامەمان بەپێی زانیاری و خواستی خۆمان وڵامەکەی بدەینەوە، ئەویش ئەوەیەکە ئایا ئاستی زانیاریمان لە سەر ئەم باسەدا چەندە؟ ئایا ئەو سەرچاوانە کامەن کە لە کۆمەڵگای ئێمە ئەم جۆرە زانیارییانە دەدەن بە خەڵک؟ ئایا جێگا و پێگەی وێنەگری لە کۆمەڵگایەکەمان لە کوێیە؟ ئایا ناوێکمان بەخێرایی دێتە سەر زمان کە خزمەتی ئەم بوارەی کردبێت و نەوەک کارێکی بۆ قازانجی ئابووری تاکەکەسی بەڵکوو وەک ویست و ئارەزوو، بە شێوەی (پڕۆفیشنال) کاری کردبیت؟ ئایا تەنها بە زانین و گوشینی دوگمەی (دێکلانشور) بووینەتە پڕۆفیشنال؟ ڕوانینمان بەرامبەر بە وێنە چییە و بە دوای چ لایەنێکی وێنەیەکدا دەگەڕێین؟ ئایا زانکۆ یا فێرگەیەکی تایبەتی ئەم بوارەمان ھەیە؟

تەفسیرو شیکردنەوی زانستیانەی ئەویکە وێنە چییە، لەڕاستیدا ھەر کەسێک بەپێی بۆچوونی خۆی دەتوانی وەڵام بداتەوە، دەتوانین بڵێین وێنە ئەو شتە ڕاستەقینەیە کە لە سەر پەڕ یا فلمێکی هەستیار بە رووناکی ساز دەبیت و ئێمە بە چاو دەێبینین و ئەمەش بە ھۆی کەرەستەکانی تایبەت بە وێنەگرییەوە دێنە ئاراوە. ئێستا پێویستیی مرۆڤ بە بواری وێنەگری، وایکردووە کە ئەم زانستە بەپێی نیاز لە ھەر بووارێک سوودی لێ وەردەگیرێت کە بووەتە ھۆی جیاوازیان.

کورتە مێژوویەکی سەرھەڵدان و پەیدابوونی کامیرای فۆتۆگرافی[دەستکاری]

٢٠١٢-٠١-٢٠ فۆتۆگرافی زاراوەیەکی یۆنانیە لە دوو بڕگە پێک دێت فۆتۆ ( Photo ) بە واتای رووناکی وە ھەروەھا گرافی Graphos)) واتای نووسین. بەلکاندنی ھەردوو وشە بەیەکەوە دەبێتە(نووسین بە ڕووناکی) Photograph. زۆربەی سەرچاوە عەرەبیەکان مێژووی دۆزینەوەی کامێرای فۆتۆگرافی دەبەستنەوە بە یەکێک لە بیردۆزەکان بە ناوی (حەسەنی کوڕی ھەیسەم). ئەم زانایە لەکاتی توێژینەوەکانیدا لە بارەی ڕۆژ گیران و مانگ گیران، دیاردەیەکی بەدیکردوە لە کتێبی (میزان الحکمە) بە ڕوونی نووسیویەتیەوە کە تاوەکوو ئێستا لە کۆلێژی ئەندازەی زانکۆی (عین شمس) دەستنووسی ئەم بیردۆزەی پارێزراوە. لە دەستنووسی بیردۆزەکەدا ھاتووە و دەڵێت ( ئەگەر ھاتووە چەند تەنێک بەرامبەر کونێک بوون لە چەند شوێنێکی جیا جیادا وە ئەو کونە لەسەر دیواری ژوورێکی تاریکدا بوو ئەوا دیمەنی ئەو تەنانە لە سەر دیواری بەرامبەرکونەکە وەکوو خۆیان دەردەکەونەوە). ئەم دیاردەیە حەسەنی کوڕی ھەیسەم ساڵی ١٠٣٨ ز لە ژێر ڕەشماڵدا لێی کۆڵیوەتەوە. مێژوونوسە ئەوروپیەکانیش ئەم دیاردەیە بۆ زانای ئیتالی لیۆناردۆ داڤینچی دەگەڕێننەوە کاتێک لە ساڵی ١٤٩٠ ز سەندوقێکی دروستکرد بەناوی (کامیرا ئۆبیسکورا) CAMERA OBSCURA واتە کامیرای کوندار، کە بریتیبوو لە درووستکردنی سەندوقێکی قەبارە ٢×٢ م کە یەکێک لە لاکانیدا کونێکی دروستکردبوو بۆ تێپەڕبوونی رووناکی و دەرکەوتنی وێنە لە دیواری بەرامبەردا، لە ڕێگای ئەم دۆزینەوەیەدا نیگارکێشە بەناوبانگەکانی سەردەمی بوژانەوە لە ئەوروپا (ڕێنسانس) سوودی زۆریان وەردەگرت ئەویش کاتێک دەچوونە ناو سەندووقەکەوە پارچەیەک قوماشیان بە دیواری بەرامبەردا ھەڵدەواسیو بەسەر ئەو ھێڵانەدا دەھاتنەوە کە لە کونەکەوە دەھاتنە ژوورەوە. بەمەش وێنەیەکیان دەستدەکەوت کە کۆپی دیمەنە ڕاستییەکە بوو . بەڵام وێنەکە بەشێوەیەکی پێچەوانە دەردەکەوت. ھەمان ئەم دیاردەیەی داڤینچی و ھەیسەم ئەنجامیانداوە، چینییەکانیش پێیان وایە دۆزینەوەی سەندوقی تاریک دەگەڕێتەوە بۆ داھێنانی زانایەکی چینی بەناوی مۆتی ( MO TI ) لە ساڵی ٥٠٠ ز. ئەم دیاردەیەی سەندوقی تاریک لە کۆندا بۆ خۆرگیران و مانگ گیران و فەلەکناسی زۆر بەکار ھاتووە بۆیە ھەر گەل و نەتەوەیەک مێژووێکی لەگەڵیدا ھەیە. چونکە ھەندێک سەرچاوەش ھەن کە باس لە بیردۆزییەکانی فیساغۆرس و ئەرشەمیدۆس دەکەن لە بارەی تیشک و تیشکدانەوە و چەندین دیاردەی فیزیایی تر کە پیوەندیان بە مەسەلەی بینین و ڕووناکی و ئەندازەوە ھەیە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم وێنە فۆتۆگرافییەی کە لەسەردەمی ئەمڕۆدا ھەیە بنەچەکەی تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ ئەم دۆزینەوە فیزیاوییانە کە خۆیان لە دیراسەکردنی ڕووناکیدا دەبیننەوە بەڵکوو دۆزینەوەکە پەیوەندیەکی توندوتۆڵی بە زانستی کیمیاشەوە ھەیە کاتێک کە زانای فەرەنسی (نیسفۆر نیبس) لە ساڵی ١٨٢٦ توانی بۆ یەکەم جار وێنەی شەقامی بەر ماڵەکەی خۆی بکێشێت بە کامێرایەک کە لە شوێنی یان لە دیواری بەرامبەر کونی کامێراکەدا بۆردێکی ڕووپۆشکراوی دانا بە ماددەی ( کلۆریدی زیو) بەمەش توانی یەکەم وێنە لە مێژوودا لەسەر ئەم بۆردە ھەستوەرە لە ماوەی ھەشت کاتژمێردا تۆمار بکات. دیارە ئەم کامێرایە یان ئەم سندوقە تاریکە لە ماوەی ئەم سێ چوار سەد ساڵەی دوای دۆزینەوەکەی داڤینچی چەندین گۆرانکاری لە شێوە و قەوارەدا بەسەردا ھاتبوو. ھەروەھا دانانی بەربەستکەری ڕووناکی لە شوێنی کونەکەدا لە لایەن دانیال باریارو و ھاوێنەی چاویلکە لەلایەن جیرم جاردان لە ساڵی ١٥٣٠ز پاشان ئەسانیۆس کارشێ ھەڵسا بە دانانی ھاوێنەیەکی پێشکەوتووتر لەھی چاویلکەی ساڵی ١٦٤٠ز لە پاشان دانانی ئاوێنەیەک بە گۆشەی ٤٥ لەناو سەندوقەکە بۆ پێچەوانەکردنەوەی دیمەنەکە بۆ سەرووی سەندووقەکە، تاوەکوو نیگارکێش بتوانێت لە دەرەوەی سندوقەکەشدا وێنەی دیمەنی بەرامبەر ھاوێنەکە بکێشێت .لەم کورتە مێژووەی سەرەوەدا مەبەستمان گەشەکردن و پێشکەوتنی جۆر و شێوازی کارکردنی کامێرایە لەماوەی نێوان ١٤٩٠ تا ١٨٢٦ واتا لە داڤینچیەوە تا دەگاتە نیبس. ئەو وێنەیەی کە نیبس کێشای لە ماوەیەکی کەمدا ئاسەواری نەما لەبەرئەوەی پێکهاتە کیمیاویەکەی وەکوو پێویست نەبوو، بۆیە دوای ئەو زانایەک بەناوی ( لویس داجیر) لەساڵی ١٨٣٧ توانی زەمەنی وێنەکێشانەکە لە چەند کاتژمێرێکەوە بکات بە ٣٠ خولەک لەدوای ساڵێک دوای ئەوە زاناکان توانیان خوێی ھالیداتی زیو(ھایپۆ) بەکاربێنن بۆ وەستاندنی وێنەکە (تپبیت الصورە ) لە ساڵی ١٨٤١ فوکس تالبۆت جۆرە پەڕێکی تازەی دروستکرد ناوی نا کالۆ تایپ (Calo type) واتە وێنەگرتنی سەرسوڕهێنەر وە ئەم شێوازە بەردەوامبوو تا ساڵی ١٨٥١ بەڵام ئەم شێوازە کە بە کۆلۆدیۆنی تەڕ ناودەبرا و بریتی بوو لە تێهەڵسواندنی بۆردێکی شووشەیی لە نێو خوێی ئایۆدیدی پۆتاسیۆم و کۆلۆدیۆن، زۆری نەخایاند کە زانا ڕیتشارد مادوکس ھەڵسا بە دروستکردنی شێوازی کۆلۆدیۆنی وشک (wet Collodion) .لە ھەمان ئەو ساڵانەدا فۆکس تالیبۆت توانی وێنەی نێگەتیف بەدەست بێنێت تاوەکو بتوانێت چەندین جار وێنەکە لەسەر یەک تۆمار بکات. ئەم لێکۆڵینەوەو توێژینەوە زانستیانە بەردەوام دەبێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گۆڕانکاری سەیرو سەمەرەتر بەدوای خۆیدا دێنێت تاوەکو ساڵی ١٨٨٨ کاتێک جۆرج ئیستمان کۆداک لە داھێنانێکدا توانی فیلمی لولکراوی ١٣٥ ملم دورست بکات و کۆمپانیای (کۆداک) دابمەزرێنێت. لەسەر باڵاخانەی کۆمپانیاکەشیدا نووسیبووی تەنها پەنجە داگرتن لەئەستۆی ئێوه، ئەوانی تر خۆمان بۆتانی تەواو دەکەین. بەم کارش توانی کامێرا ڕەوانەی ھەموو ماڵێک بکات و مێژووی دوای داھێنی کامێرای ١٣٥ یش فریای ئەوە کەوت کە ڕووداوەکانی ھەردوو جەنگی جیهانی بە ئەمانەتەوە تۆمار بکات و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە سەدەی بیستیشدا لەم بوارەدا ھاتەکایەوە لە شێوەی دروستکردنی کامێرای کۆداکی فەوری و تەکنەلۆژیای ژمارەیی دیجیتاڵ کە خۆمان لەگەڵیدا ژیاوین و ئەو مێژووە هاوچەرخە دەبینین کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زانست بەرەو پێشەوەتر دەچێت.

جۆرەکانی کامێرا:

١. کامێرای جۆری ١٣٥ مم SLR: ئەم جۆرە کامێرایە وێنەگرە شارەزاکان بەکاری دێنن وە جۆری فیلمی ٣٦ -١٣٥ لەگەڵیدا بەکاردێت، لە خانەوادەی کامێرای تاک ھاوێنەی ڕیفلێکس دەژمێردرێت، دەتوانرێت ھاوێنەکەی بگۆڕدرێت بەپێی پێویستی و شێوازو ستایلی کارکردن بۆ مەبەستی زۆربەی بوارەکانی وێنەگرتن. کامێرای تاک ھاوێنەی ڕیفلێکس دیمەنی بەرامبەر کامێرا ڕاستەوخۆ وەکوو خۆی دەگوازێتەوە بەبێ ھیچ گۆڕانکاریەک واتە ئەو دیمەنەی کەلەمیانی دیاریکەری دیمەنەوە وێنەگر دەیبینێت ڕێک ئەو وێنەیەیە کە ھاوێنەکەی ئاڕاستەکراوە بەبێ ھیچ گۆڕانکاریەک لە گۆشەکەیدا.

٢.کامێرای جۆری ١٢٠مم : ئەم جۆرە کامێرایە فیلمی گەورەی ٦×٦ سم ٦×٧، ٦×٩ ی دەخرێتە سەر، زیاتر بۆ مەبەستی ھونەری لەلایەن وێنەگرە پڕۆفیشناڵەکان بەکاردێت. ھەروەھا جۆری تاک ھاوێنەی ڕیفلێکس و جووت ھاوێنەی ڕیفلێکسیشی ھەیە کە ھاوێنەیەکیان بۆ دیاریکردنی دیمەنە و ئەوەی تریش بەرامبەر کونی ئیکسپۆزەرە. ئەم کامێرایەش توانای گۆڕینی ھاوێنەکانی تێدایە بەپێی ویستی وێنەگر.

٣-کامێرای کۆمپەکت ( کامیرای گیرفان ) : ئەم جۆرە کامێرایە زیاتر لەلایەن ئارەزومەند و گەشتیار و خەڵکی ئاسایی بەکاردێت، لەبەرئەوەی بە نرخێکی ھەرزان دەست دەکەوێت. جۆرەکانیشی بریتین لە کامێرای ١٣٥، ١٢٦، ١١٠. لەم سیستەمەدا دیاریکەری دیمەن بە شێوەیەکی جیا لەلای چەپی سەرەوەی کامێراکە شوێنی بۆ کراوەتەوە، واتە ئەو گۆشەیەی کە تۆماری دەکات دەقاو دەق بەرامبەر دیمەنەکە نییە و بە جۆرێک لە کەموکورتی کامێرای کۆمپەکت دەژمێردرێت، لەبەرئەوەی لە کامێرای تاک ھاوێنەی ریفلێکس SLR دیمەنەکان وەک چون لە دیاریکەری دیمەن دەیبینیت ئاواش لە وێنەکەدا دەردەچێتەوە. بەڵام لە کۆمپەکتدا وا نییە، گۆشەکانی بینین گۆڕانکاریان بەسەردادێت .

٤-کامێرای DSLR : واتە کامێرای دیجیتاڵی تاک ھاوێنەی ڕیفلێکس، ئەم شێوەیە بە ھەمان پرۆسەی کامێرای SLR ی نۆڕماڵ کاردەکات، تەنها لە شوێنی فیلمی ١٣٥دا ھەستەوەرێک دانراوە کە لە توانای دایە شەپۆلەکانی ڕووناکی بەشێوەی داتا تۆمار بکات، ئەم ھەستەوەرەش بریتیە لە پارچەیەکی ڕوپۆش بە خانەی ئەلیکترۆنی پێی دەوترێت سێنسۆر. کە تاکوو ژمارەی ئەو خانانە زیاتر بێت وێنەکە بە وردبینییەکی بەرزتر دەردەکەوێت و بە پێوەری پیکسل و مێگا پیکسل دەسنیشانی جۆری ھەستەوەری ناو کامێرا دەکرێت، کامێرای دیجیتاڵیش بە ھەمان شێوە، سیستمی کۆمباکت و SLR ی ھەیە.

*دوورە تیشکۆ چیە؟ ( البعد البۆری للعدسە): بریتیە لە مەودای نێوان سەنتەری ھاوێنە و سێنسۆری کامێرا، کە تاکوو ھاوێنەکە دوورە تیشکۆکەی کورت تر بێت ئەوا (قووڵی مەیدان) زیاتر دەبێت، ھەروەھا تا ھاوێنەکە دوورە تیشکۆکەی درێژتر بێت قووڵی مەیدان تیایدا کەمتر دەبێت.

قوڵی مەیدان(DEPTH OF FIELD DOF ): بریتە لە ڕوونی و ساف دەرکەوتنی نزیکترین دیمەنی پێش کامیرا تا دوورترین دووری کە بکەوێتە ناوەوەی پرۆسەی فۆکس کردن، بۆ نموونە کاتێک وێنەی کەسێک دەگرین باکگراوندەکەی لێڵە، واتە قووڵی مەیدان تیایدا کەمە وەکاتێک باکگراوندەکەی ڕوون و ساف دەردەکەوێت واتە قووڵی مەیدان تیایدا زۆرە، ئەم پرۆسەیە بەھۆی بەکارھێنانی ئیکسپۆزەری کامێراوە ئەنجام دەدرێت و تاکوو کونی ئیکسپۆزەر تەسک بێت ئەوا قووڵی مەیدان زیاتر دەبێت بە پێچەوانەشەوە تاکوو کونی ئیکسپۆزەر کراوە بێت ئەوا قوڵی مەیدان کەم دەبێتەوە، ئەم پرۆسە ھونەریە یەکێکە لە گرنگترین زانیاریەکانی سەر کامێرا کە پێویستە وێنەگر بەتەواوی شارەزایی لێی ھەبێت چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بەکارھێنانی ھاوێنەی کامێرا بە شێوەیەکی تەندروست. لێرەدا پێویستە بزانین کە ئیکسپۆزەری تەسک واتە F22‌F16‌F11 ھتد. ھەروەھا ئیکسپۆزەری کراوەش بریتیە لە ستۆپە کراوەکانی وەک F4‌F2.8.

جۆرەکانی ھاوێنە:

١- ھاوێنەی ستاندارد( نورماڵ ) ٥٠ ملم Standard : ئەم ھاوێنەیە دوورە تیشکۆکەی ( البعد البۆری ) ٥٠ ملیمە و ئەو گۆشەیەی کە تۆماری دەکات زۆر نزیکە لە گۆشەی بینینی چاوی مرۆڤ.

٢-ھاوێنەی گۆشە کراوە ( واید ئەنگڵ) ٢٨ملم Wide-angle: ئەم گۆشەیەی کە ئەم جۆرە ھاوێنەیە تۆماری دەکات فراوانەو زیاتر لەم شوێنانەدا بەکاردێت کە مەودای ھاتووچۆکردنی وێنەگر تیایدا کەمە. یاخود بۆ مەبەستی ھەندی جۆری وێنەی ڕیکلام و ھونەری بەکاردێت، لەبەکارهێنانی ئەم جۆرە ھاوێنەیەدا قوڵی مەیدان ( عمق المیدان ) زۆر زیاد دەکات ئەویش بەھۆی نزیکی مەودای نێوان ھاوێنەو ھەستەوەری کامێرا ( سینسۆر )، لایەنە خراپیەکانی ئەم جۆرە ھاوێنەیە ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە دوریەکانی روودەدات و قەبارەی تەنەکان دەگۆڕێت لە شێوەی ئاسایی خۆیان بەتایبەتی ئەگەر بێت و لە نزیکەوە وێنەی تەنەکانی پێ بکێشیت، بە پێچەوانەی ھاوێنەی ستاندارد کە قەبارەی تەنەکان وەکوو خۆیان دەردەکات بێ ئەوەی گۆشەکان بشێوێنێت.

٣-ھاوێنەی تەلی فۆتۆ ١٣٥ ملم TelePhoto: ئەم جۆرە ھاوێنەیە دوورە تیشکۆکەی درێژە و زیاتر بۆ مەبەستی وێنەگرتنی دیمەنی دوور بەکاردێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بۆ وێنەگرتنی پۆڕترێت زۆر گونجاوە کە لەبەر بەھۆی درێژی دوورە تیشکۆکەیەوە دەتوانێت دیمەنی بابەتەکە یان پۆڕترێتەکە لە باکگراوندەکەی جیا بکاتەوە واتە ئامانجەکە ساف و روون دەردەکەوێت و باکگراوندەکەش لێڵ دەبێت.

وێنەی فۆتۆگرافی وەک فۆرم و ناوەرۆک[دەستکاری]

٢٠١٢-٠١-٢٠ تەھا ئەحمەد ڕەسوڵ وێنەی فۆتۆگرافی لەڕووی پێکھاتەوە فۆرم و شێوەیە، پێکھاتەش گردبوونەوەی ھەموو خەسڵەتەکانی پانتایی و رووبەر و رەنگ و رووناکییە بەشێوەیەکی گشتگیر، ھەموو رەگەزە پێکھێنەرەکان تێیدا لە شێوازێکی رێکخراودا کارلێکی خۆیان دەکەن و ھەماھەنگ دەبن چونکە ئامانجی پێکھاتە گەیشتنە بە شێوازێکی تۆکمە و رێکوپێک، ھەربۆیە پێکھاتەیەکی باش ئەوەیە بینین پەرش نەکاتەوە بەسەر ھەندێک لە رەگەز و یەکەکانەوە یان لەمیانی ناھاوسەنگیی ئەگەر لەخۆی بگرێت، بەڵکو پێکھاتە بەمانای گشتگیریی و گەیشتن بە فۆرمێک کە رواڵەتەکەیەتی.وێنە لەھەمانکاتدا ناوەرۆکیش دەگەیەنێت ئەوەش بەپێی ھەموو ئەو ھێما و ئاماژە و سیمبۆلانەی کە ھەڵگریەتی یاخود واتا و ناوەرۆکەکانی، لە وێنەدا ناوەرۆکی بەرچاو و دیار ھەیە یاخود ھەر ناوەرۆکێکی دیکە کە دەبێتەوە فرەمانایی و لەگەڵ بەشدارییەکانی بینەردا پەلیان لێدەبێتەوە و لەگەڵ ناوەرۆک و گوتاری سەرەکیدا یەکتری تەواو دەکەن.لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە بەو چەشنە نەڕوانرێتە وێنە کە تەنھا فۆرمێکە و رۆڵی کێشکردنی سەرنجی بینەری ھەیە، بەڵکو بەو شێوەیەشە کە بڕوانرێتە پێکھاتەکەی کە ھەڵگری چ بیرۆکە و مانایەکیشە، یاخود جیھانەکان و رەھەندەکان بەرجەستە دەکاتەوە ئەگەر لە وێنەی پۆرترێتێکیشدا خۆی نمایش بکات کە وێنەگر ھەوڵی بەئەنجام گەیاندنی بۆدەدات.ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە بڵێین: ئەو پێوەر و پێودانگانە چین سەبارەت بە گوتارەکانی وێنە؟! بێگومان زمانی وێنە ھەموو خەسڵەت و تایبەتمەندییە ھونەریی و دەربڕینەکان و ستاتیکایە، لەبەرئەوە پێوەری حوکمدان و بڕیاردان لە چۆنێتی زمان و گوتارەکانی لە گەیاندنی بیرۆکە و ئاماژەکاندا خۆی دەنوێنێ کە وێنە بە ناوەرۆکێکی بەرچاو دەیخاتە روو یان مانای شاراوە کە شیاوی شرۆڤەکردنن، ھەروەھا ئەو ئەرکەش کە وێنەگر لەمیانی وێنەکەوە گوزارشتی لێدەکات بۆئەوەی بگاتە وەرگر، یاخود ھەموو ئەو کاردانەوە و پەرچەکردارانەی وێنەکە دەیبەخشێت لەڕووی سایکۆلۆژییەوە. یەکێک لە کۆڵەکەکانی وێنە بابەت و گۆشەنیگا و پێکھاتە و روونیی و ئاشکراییە، کاری ھونەریی وەختێ بینەر رامانی تێدا دەکات لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی رادەوەستێتەوە کە ئەویش پرۆسەی سەرنجڕاکێشان و رامان و وردبوونەوەیە، پاشان چێژوەرگرتن و خۆشنودی کە ئەوەیان پەیوەست دەبێتەوە بە پاشخان و ئاستی رۆشنبیریی وەرگرەوە کە لەگەڵ ناوەرۆکی وێنەکە و واتاکەیدا کارلێک دەکات. ئەو بنەمایانەی لە پێکھاتەی ستاتیکادا پێویستە وێنەگری فۆتۆگرافی رەچاوی بکات ئەوەیە پێکھاتە و خەمڵاندن سەبارەت بە وێنە بەمانای دانانی ھەموو وردەکارییەکان دێت یاخود رەگەزەکانی لە پەیوەندییەکی ھەماھەنگ و تەبادا پێکەوە ببەسترێنەوە، بەو شێوەیەی ھاوسەنگییەک رۆبنێن و بینەر ھەست بە ئارامی و خۆشنودی بکات بەرامبەری، ھەروەھا بابەتەکەی کار لە ھەست و نەستی بکات و سەرنجی رابکێشێ، لەدواجاریشدا ھەستێکی ستاتیکی تێدا بخوڵقێنێ.پێکھاتە پرۆسەی ھەستکردنێکی دروستە ھەربۆیە پێکھاتەیەکی باش ئەوەیە کاتێک بۆ ئامانجێکی دیاریکراو تێدەکۆشێت. وەختێ وێنەیەک دەگرین ھەڵدەستین بە گونجاندنی رووناکی لەگەڵ سێبەرەکاندا، ھەروەھا فیگەر و رەنگەکان بۆ بەرجەستەکردنی مەبەست تاوەکو خزمەتی ئەو جیاوازییە بکات کە دروستی دەکەن، ئەمە سەرباری بایەخدان بە گۆشەکان و ھەڵبژاردنی باشترینیان بۆئەوەی بینگە و گۆشەنیگاکەی بەدەربخات. سانایی و توانستی گوزارشتکردن گرنگترین فاکتەرن بۆ پێکھاتەی ستاتیکا، وەلێ ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە پێکھاتەی ستاتیکای وێنە بۆ خۆی ئامانج و مەبەستێک نییە ئەوەندەی ناوەرۆکەکەی شتێکی بنەڕەتییە، چونکە پێکھاتە ھۆکارێکی یاریدەدەرە بۆ بەرجەستەکردنی واتا و وێناکردن بە راستگۆیی و ئەمانەتەوە.پێکھاتەی ستاتیکا و جوانیی سەبارەت بە فۆتۆگرافەر ھەست و ئەندێشە و خەیاڵکردنە کە رەگەزی بینراوی بەھێز دەبەخشێتە وێنەکە، بەوەش دەرکپێکردنی مانا و واتای وێنە بەرھەم و ئاکامی چەندین فاکتەری خودییە کە لە رۆشنبیریی و چێژبینینی ھونەریی و ھەستی جوانیی و رەچاوکردنی رووناکیی و گۆشەنیگا و کاتی دیاریکراوی وێنەگرتنەوە دێتە ئاراوە. ئایا وێنەی فۆتۆگرافی واقیعێکی ھونەریی دەخەمڵێنێ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە لە فۆتۆگرافەرەوە دەست پێبکەین، لەبەرئەوەی فۆتۆگرافەر تەنھا پیشەوەرێک نییە ئەوەندەی لە گەوھەردا ھونەرمەندێکە و لەنێو رووداوەکاندا کاردانەوەی ھەیە و کاریگەریی ھەستەکانیەتی دەبنە پاڵنەری کارکردنی، بەرامبەر بە رووداوەکان ھەڵوێست وەردەگرێ و بە ھەستە راستگۆییەکانی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان بەھەند وەردەگرێت، لەبەرئەمە وێنەی فۆتۆگرافی تەنھا وێنەی بابەت و کار و جووڵە و کەسایەتییەکان نییە، بەڵکو سەباری ھەموو ئەمانەش ئەو پێوەرە جوانییەش رەنگ پێدەداتەوە کە گەوھەر و ھەستی ناوەکیی فۆتۆگرافەرە.بەمشێوەیە وێنەی فۆتۆگرافی بە زمانێکی باڵای دەربڕینەوە واقیعمان بۆ دەگوێزێتەوە، روانینێکی تایبەتمەند دەداتە واقیع و ھەموو بابەتەکان نەک کۆپیکردنەوە و لاساییکردنەوەیان، بەمانایەکی دیکە دیدگایەک دەبەخشێت کە بارگاوییە بە رەگەزی ھونەریی و پێکھاتەیەکی ستاتیکی، بە جۆرێکی دیکەش، گرتە و وێنەی فۆتۆگرافی پرۆسەیەکی ئەفراندنە بۆخاتری رێکخستنەوە و پەرەپێدانی ژیانی خودیی و کۆمەڵایەتی، ھەربۆیە فۆتۆگرافەری داھێنەر بەدوای ئەودیوی رواڵەتەکان و سیما بەرچاوەکاندا دەگەڕێت تاوەکو فۆرمی نوێ بەرھەم بھێنێت، وێنەگرتن کۆپیکردنەوەی شتەکان نییە ئەوەندەی سەرخستن و داھێنانە تیایاندا، فۆتۆگرافەر چاومان بە رووی جیھانی تیشک و رەنگەکاندا دەکاتەوە و بە شێوازێکی زیندوو دەیانپشکنێ وەک ئەوەی بۆ یەکەمجار بێت دەرکیان پێ بکەین.

تێگەیشتن لە وێنەبۆئەوەی بزانین چۆن لە وێنەکان تێدەگەین و بچینە قووڵاییەکانیەوە و رەھەندەکانی لێک بدەینەوە، پێویستە سەرەتا ئەوە بزانین کە وێنە ئامرازێکی گەیاندنی پەیوەندی نێوان نێرەر و وەرگرە. نێرەری وێنە پێشنیاری روانینێکی بێلایەنانە ناکات بۆ شتەکان، وەرگریش بەپێی ئەزموونی جوانیی و ئەندێشمەندیی کۆمەڵایەتی وێنەکان دەخوێنێتەوە چونکە وێنەکان بەتەنھا دیالۆگ لەگەڵ ھەستی بینیندا ساز ناکەن بەڵکو ھەست و دەرکپێکردنی دەجووڵێنن و پاشخانی سۆز و میھر و لایەنە کۆمەڵایەتییەکان دەوروژێنن.لێرەوەیە دەبینین تێگەیشتنی وێنە پەیوەست دەبێتەوە بە رۆشنبیریی وەرگرەوە سەرباری تێگەیشتن لە ناوەرۆکەکان و رەھەندەکان و شیکردنەوەی ھێما و ئاماژەکان بەشێوەیەکی ورد و دروست، ھەروەکو زمانی ئاخاوتنی لێدێتەوە و بەپێی ئاستی توانست و ئەزموون و پاشخانی رۆشنبیریی تێگەیشتن لە ناوەرۆکەکانی دێتە ئەنجام، بەمانایەکی تر ئەو واتا و مانایەی وێنە ئاماژەی پێدەدات ھەموو ئەو شتانە نییە کە لە لێکدانەوەی بینەردا بوونیان ھەیە، بەڵکو دەبێتەوە بەشێک لێیان، وێنەش کە خاوەنی پێکھاتەیەکی تایبەتییە لەڕێی بینینەوە دەخوازێت فرەمانایی بەدەست بھێنێ و بەرەو رێکخستن پەل بکوتێ. وەک چۆن لاسایی و کۆپیکردنەوەی سروشت و واقیع باڵی کێشاوە بەسەر زۆرینەی کایە ھونەرییەکاندا، لێرەدا دەبێت لەوە بکۆڵینەوە کە تا چ رادەیەک ئەم پێودانگانە بەسەر وێنەگرتنی فۆتۆگرافیشدا دەچەسپێت. وێنەگر یان فۆتۆگرافەری داھێنەر ناخوازێت کۆپی سروشت بکاتەوە و لاسایی دەقاودەقی واقیع بکاتەوە، بەڵکو ئەویش وەک ھونەرمەندانی نوێخواز لەمیانی روانینی تایبەتییەوە دێت و سەرلەنوێ ھونەرییانە بونیادی دەنێتەوە، ئەمەش بەروونی ئەو وەختە ئاشکرا دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ رەنگەکانی سروشتدا دەکات، ھارمۆنیەت و گونجاندنی تۆنی رەنگەکانی سروشت ئەو کاتە ون دەبن کە وێنەگرێک لەڕێی لاساییەوە کارەکەی ئەنجام بدات، ھەربۆیە پێویستە فۆتۆگرافەری ھاوچەرخ و نوێخواز خۆی لە پرۆسەی کۆپیکردنەوە دەرباز بکات. ھونەرمەندی مەزن (جۆرج میلێ) دامەزرێنەر و دۆزەرەوەی ھونەری حەوتەم بەو شێوەیە وێنەی شتەکانی نەدەگرت کە ھەن و بوونیان ھەیە، یان ھەنگاویان لەگەڵدا بنێ بۆ دۆزینەوە و شیکردنەوەیان، بەڵکو بەو چەشنە وێنەی دەگرتن وەک لە گەوھەردا ھەستی پێدەکردن. دەکرێت بڵێین وێنەگری ھونەرمەند یاخود فۆتۆگرافەر لە بۆشاییەوە لەدایک نابێت، ئەو بەرھەمی کەلەپوورێکی مرۆیی بەرفراوان و دەوڵەمەندە، بەڵکو بەخششی سروشتە بە کارلێکی کەسێتیی ( خودیی ) و کۆمەڵایەتی و دیرۆک و مێژوویەکی مرۆیی کەڵەکەبوو.

دووانەی رووناکی و سێبەرچ وێنەگرتنێک بوونی نییە بەبێ رۆشنایی، کامێرا چاوێکە و لەمیانی تیشک و رووناکییەوە شتەکان دەبینێت، فیلم پشت بە تیۆری تیشک و سێبەر دەبەستێت بۆئەوەی وێنەیەکی روون و ئاماژەبەخش بەرھەم بێنێت، ھەموو ئەمەش زۆرینەی وێنەگران رەچاویان کردووە ھەر لە وێنەگرتنی رەش و سپییەوە، فۆتۆگرافەر لەمیانی ئەمەوە دەتوانێت تۆنی جیاکاریی لەنێوان سێبەر و رووناکیدا پرۆسێسە بکات. ئەمڕۆ دەبینین کەم تا زۆر وێنەگرتنی رەنگاورەنگ شتێک لەو دووانەییە دوورکەوتۆتەوە و گەرمی و بزاوتن و ئامادەگیی ھەیە.لێرەوە پێویستە ئەوە بوترێت کە چوونیەکی و ھاوسەنگی لە وێنەدا پشت بە دوو فاکتەر دەبەستێت، ئەوانیش خودیی و بابەتین، دەرککردنی چوونیەکی نێوان رەنگەکان و گونجاندنیان پەیوەست دەبێتەوە بە ھۆکارە خودییەکان و بۆ بینەران دەگەڕێتەوە ئەوەش بەپێی ئاستی ئەزموون و پاشخانیان، ھەرچی فاکتەرە بابەتییەکانیشە پەیوەست دەبنەوە بە ئاوێتەبوون و گردبوونەوەی رەنگەکان لەگەڵ یەکتردا. بۆیە دەبێت وێنەگر بزانێت چۆن یاساکانی تیشک و سێبەر بەکاربھێنێ یان ناتەبایی لە چڕبوونەوە و تۆخبوونەوەی رەنگەکاندا، ھەروەھا لە شێوەکان و پێکھاتە و رووبەر و پانتاییەکان و ھەموو ئەو شتانە، بەواتای توانستی بینین و ھزریی ھەبێ و ھەست و نەستی وەربگێڕێتە سەر ئاماژەی بینراو تاوەکو کاربکاتە سەر بینەر و پەیامەکەی بگەیەنێت.ئایا ئەرکی ھونەری فۆتۆگرافە کە چێژ و چەشەی ستاتیکی تێپەڕێنێ تاوەکو ھەست و ویژدان وەبەربھێنێ، لەوێشەوە بەرھەمھێنانی ھزر و مەعریفە؟!بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەڵێین ھونەر داھێنانە، کردەیەکە و پێویستی بە ھزر و مەعریفە ھەیە، چونکە کاری ھونەریی پرۆسەیەکی ئەقڵییە نەک ھەڵچوون و ئیلھام و سروش، وەک ( ھیگڵ )یش ناڵێین کە پێویستە ھەر بەرھەمی ھزر بێت، ئەویش وەک لۆژیک و فەلسەفە وایە ھەروەک چۆن ( پۆل ڤالێری ) جەختی لێدەکاتەوە کە ھەموو کارێکی ھونەریی ھاوکێشەیەکی بیرکارییە و پێویست دەکات شیبکرێتەوە، یان وتەکەی ( شۆبنھاوەر ) کە پێی وایە کاری ھونەریی بارگاوییە بە ھزر و ئیرادەوە، لەمەوەیە کە کاری ھونەریی پەیوەندییەکی ئەوتۆی ھەیە بە مەعریفەوە لەبەرئەوەی ھەم دەیگەیەنێت ھەم دەیخوڵقێنێ.رۆشنبیریی و داھێنانرۆشنبیریی بەشێکە لە پرۆسەی داھێنانی ھونەریی جیانابێتەوە، ناکرێت داھێنانێک مەزندە بکەین لەدەرەوەی رۆشنبیرییەوە، مرۆڤی نارۆشنبیر ناتوانێت لە ھیچ کایە و بوارێکدا داھێنان بکات، ھونەریش کوڕی رۆشنبیرییە و رۆشنبیریی پاڵشپتی ھونەرە، لەپاڵ رۆشنبیریشدا لێھاتوویی و دەستڕەنگینی ئامادەگیی ھەیە و ھەردووکیان دەبنە مایەی خوڵقاندنی ھونەر و داھێنان.ئەفراندن و ئەزموونی تایبەتی ( لێھاتوویی ) لە رۆشنبیریی و مەعریفە جیانابنەوە و لە یەکێتییەکی تۆکمەدان، ھونەرمەندی فۆتۆگرافەر ناتوانێت رووبەڕووی کارە ھونەریەکەی خۆی ببێتەوە بەبێ پاشخانی رۆشنبیریی و دەروونیی، ھەموو رەگەز و پێکھاتەکانی وێنەکە دەبێت بڕژێنەوە ناو مەعریفە و پاشخانی رۆشنبیریی ھونەرمەندەوە و بەھەمووشیان ستاتیکا و ناوەرۆکی بابەتەکە دەخەمڵێنن.ئەو تەکنیکە نوێینەی ئەمڕۆ ھاتوونە ناو کایەی فۆتۆگرافەوە بەرھەمی ئەو تەکنۆلۆژیایەیە کە بەم دواییە سێبەری رژاندۆتە سەر ھەموو کایە و بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لەلایەکەوە ھاتنەژوورەوەی کۆمپیوتەر و ئەلکترۆنەکان بۆ ناو وێنەگرتنی فۆتۆگرافی، ھەروەھا کامێرای دیگیتاڵ ( پێوانەیی ) سەریھەڵدا کە خەرمانێک لە وێنەی زۆر ئەمبار دەکات لە یادەوەریی ئەلکترۆنیدا، سەرباری چەندەھا کامێرای دیکە کە بەرنامەگەلێکیان ھەیە و کۆمپیوتەرێکی بچووکیان لەگەڵدایە، ھەروەھا ئێستا دەکرێت وێنە و گرتەکان بخرێنە سەر فیلمێک بە پێوانەی ٣٥ ملم بۆ وێنەی ئەژمار و پێوانەیی سی دی و پیشاندانی لە شاشەوە.وێڕای ئەم پێشکەوتنەش لە تەکنیک و ئامێردا کە دەرفەتی باشیان رەخساندووە بۆ فۆتۆگرافەر تاوەکو توانستەکانیان بەدەربخەن و کەسێتییان بسەپێنن بەسەر وێنەکاندا، وەلێ توانستی دەستڕەنگینی و لێھاتوویی تایبەتی، ھەستکردن و چێژی باڵا و روانینێکی قووڵ و تایبەتمەند رۆڵی کاریگەر و ئەوتۆیان ھەیە بۆ خوڵقاندنی ھونەرێکی ستاتیکی و مەعریفی، ئەگەرچی تەکنۆلۆژیا زۆرجار کاریگەریی خۆی ھەیە بەسەر کایەکەشدا، یان رێنمایی دەکات بۆ پەلھاویشتنی دیکە، بەڵام لەدواجاردا ئەوە ھەر ھونەرمەندە ھەماھەنگ دەبێتەوە بە ئامێر و ئامرازەکان و ئەو زمانە بەرھەم دێنێتەوە کە دەبێتەوە دەربڕینی ئەو بینگە و دیدگایەی بە جیھانی ناوەکییەوە لێکدراوە و، لەڕێی شێوازەوە تایبەتمەندیی دەبەخشێتەوە وێنەکان کە وەک پەنجەمۆری تایبەتن و پەیوەستن بە داھێنانی خودییەوە.

سەرچاوە:( العرب اون لاین ) ئەم نووسینانە:١- الصورە فوتوغرافیە شکل أم مچمون؟ محمد حلیوە ٢٠١٠٫٢- أحکام علی خگاب الصورە، فادی حسن٢٠١١٫٣- فھم الصورە الفوتوغرافیە لدی المرسل و المتلقی، کاگم نعمان ٢٠١١٫٤- علاقە صورە فوتوغرافیە بالمعرفە و الپقافە، عبدالمعگی محمد ٢٠١١.

ئێدوارد بۆبات

٢٠١٢-٠١-٢٠

Edourd boubat1923 – 1999 ئێدوارد بۆبات

 ئەنوەر 

ئیدوارد بوبا 1999-1923 Edourd boubat یەکێکە لە گرینکترین ھونەر مەندانی فۆتۆگراف فەرەنسی داری جەنگی جیھانی دووەم.کارەکانی ئەو بەو ترادیسیۆنە گەورەی ھونەری فۆتۆگراف فەرەنسی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت کە ئەوانی تریش براسای :BRASS و ھنری کارتێیە بریسۆن BRESSON و ڕۆبێرت دوانۆ )ن DOISNEAU .ھونەرمەندی ناوبراو بایەخ و گرینگی بە وێنەگرتنی خەڵکی ئاسایی و قۆناغی دوای جەنگ داوە .ئەو لەماوەی بەنجا ساڵی کاروانی ژیانی ھونەرییدا ، بەپێچەوەانەوی زۆربەی وێنەگرانی نەوەی خۆی ھیچ ڕۆڵ و بایەخی بە بابەت و ڕووداوە سیاسیەکانی ڕۆژگاری خۆی نەداوە .بۆیە نە(لاشە ،خوێن ،و دیمەنی جەنگ ) لە بەرھەمەکانی ئەودا بەدی ناکەین . لەبڕی بابەتی تراجیدی ئامێز و کارەستبار . ئەو ژیانی ڕۆژانە ، جوانی ژیانی و بابەتی سەرنج ڕاکێشی بەرجەستە کردووە .وێنەی ئافرەت،ئاژەڵ و دارو درەخت و دیمەنی سروشتی کێشاوە ، سەرباری بابەتی سەرەکی کە گرینگی تایبەتی بە وێنەکێشانی منداڵان دابوو.بۆبا بەوە ناسراوە کە ساتە شاعیرەکانی ژیانی وێنە کردووە . ھەربۆیە شاعیری فەڕەنسی ناودار جاک بریڤێر JACGUES PREVERT بۆبای بە پەیامنێری ئاشتی ناو ببات و وەسف بکات . ئەو ھەمیشە بەدوای ئاشتی و ساتە ھێمنەکانی گەڕاوە . ئەو گرتە فۆتۆییەی کە پیاوێکی پرتوگالی مناڵەکەی لە ئامێز گرتووە . بەسەر شان و ملیەوە، خەوتووە،ئەویش دەڕوانێتە دیمەنی دەریاکە( بەھێمنی لە دیمەنی دەریاکە ڕادەمێنێ). نمونەی ئەم جۆرە ( ئیماژ)نەن .ھەروەھا پۆرترێتی کەسایەتیە ناودارەکانی وەک (سارتەر،باشلار و جان جینێ ..ھتد کێشاوە .بەکار ھێنانی ڕۆناکیشی کوالێتی بەکارەکانی ئەو بە خشیوە. سێ توخم بەسەر کارەکانی (بۆبا) زاڵە :ژیانی ھونەرمەند،شیعر،تەم و مژ .میشێل گێرا لە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی بەم جۆرە گوزارشتی لە بۆبا کردووە:( ئەو فۆتۆگرافەرێکی بلیمەت بوە و ھەروەھا وێنەی قەشەنگ و بلیمەتی کێشاوە ).لەرووی تەکنیکی یەوە بەھرەمەندو توانایەکی دەگمەنی ھەبوە،بەرجەستە کردنی ساتە ئەفسوناویەکان دا ھاوتای ھینری کارتییە بریسۆن بوە و ئەندێشەی ھونەری خۆی ئەزموون کردوە.ئێدوارد بۆبا ی فۆتۆگرافەر شاعیرە لەگەڵ کامیرا .ئافرەتێک ئامێری مۆسیقی ئۆکۆردیۆن لە یەکێک لە شەقامەکانی پاریسی دەژەنی.پیاوێکی بەتەمەن لە قاوەخانەیەکی پاریسی لەتەک سەگەکەی دانیشتووە و خەریکی خوێندنەوەی ڕۆژنامەیە .مناڵەکان خەریکی ڕاکردن و یاریکردن و بەفرە خلیسکانێن .ژنێک لە باڵەکۆن دەڕوانێتە ڕوبار .گرتنەوەی بەفر بەدەم . ئافرەتێکی بەساڵا چوو لە یەکێک لە شەقامەکان دانیشتووە و سەگەکەی لە باوەشی گرتووە و دەڕوانێتە ھاوێنەی کامیرا.ژنێک خەریکی ڕێکخستنی گوڵە و لە پشیلەکەی ڕادەمێنێ کە لەقەراغ پەنجەرەکەدا دانیشتووە .ژوان و یەک گەیشتنی ئەڤینداران ،و دەست لە ملانێ و ماچ و موچ و بابەتی ڕۆمانسی بوەتە تێمە و ئیماژی بۆبا .لیلی ویا لیلیا ئەو کچە فەڕەنسیە کە سیماو ڕوخسارێکی ووردی ھونەری ھەیە بۆتە (مۆدێل) ی پۆرترێتەکانی .نەوەی نامۆ ویا وون بوو لە ھاید پاڕک ) کە لەڤیستڤاڵی مۆسیقی لە ھایدپاڕک ساڵی ١٩٧٠ سازی کردوە.فۆتۆیێکی ترە کە گوزارشت لە ڕەوشی ژیانی گەنجی حەفتەکانی سەدەی ڕابردوو دەکات. لە فۆتۆکانیدا ھەست بە خۆرسکی ژیان و عەفویەت ،ناسکی ،سۆز،گەرمی،لایەنی ھەستەوەری ژیان و ساتە خۆشە بەسەر چووەکان دەکەین. ھەر بۆیەش کەشێکی نۆستالجیی باڵی بەسەر فەزای کارمەندان کێشاوە . لەگەشتەکانیدا بۆ ووڵاتانی ئەوڕوپا . ئەفریقیا .ئەمریکا وە ئوستراڵیا و چین و ھیندستانەو ...ھتد فۆتۆی کێشاوە ھەروەک کرێکاران لە بەڕازیل ، ژیانی ڕۆژانەو ژیان و ڕەوشتی خێزان داری لە ھندستان بۆبا جەخت دەکاتە سەر ستانی خۆرسک ، مەسلەی وێنە کێشان لای ئەو تەنیا مەسلەی فکرو تێڕامان نییە . ( من کاتێک وێنە دەگرم ، لەو چرکە ساتەدا بیر ناکەمەوە ) .لە دیدارێکی ھونەرییدا ئەم پرسیارە ئاراستی بۆبا کراوە . وێنەکانت بەوە وەسف کراون ( ڕۆمانتیکی بن؟ ) ئەو بەنەرێنی وەڵامی پرسیارەوە دەداتەوە ( کارەکانی من ڕۆمانتیکی نین بەڵکو ( ھیومانیستس) ین ، من حەزم بە پۆلێن کردن نییە ، وەلێ من ھەمیشە لەگەڵ ئەو وێنەگرە فۆتۆگرافیانەی وەک دوانۆ و بریسۆن و فۆتۆگرافەری ئەمریکی (یوجین سمیت) م کە بایەخ بە خەڵک و مرۆڤایەتی دەدەن)پوختەی ژیانی ھونەرمەند :ئیدوارد بۆبا (١٩٩٩-١٩٢٣)لە شاری پاریس لە دایک بووە ، ھەر لەوێش خوێندوێتی ، لە مۆنماتەر ژیانی بردۆتە سەر، سەرەتا خەریکی خوێندنی گرافیک و تایپۆگرافی بووە ، و دوای جەنگ لە گارگەیەک دا کاری کردووە سەرەتا وێنەی ڕۆژانەی یەکشەمەی کێشاوە. ساڵی ١٩٤٦ (کچە بچکۆڵەکەی گەلا ھەوڵوەریوەکان) کە بە فۆتۆیێکی بەرایی ( یەکەمین فۆتۆی) ھونەرمەند دەژمێردرێت . وێنەیەکی قەشەنگ بووە .لە گۆڤاری US CAMERA بڵاو کراوەتەوە ، سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە .بۆبا ساڵی دواتر خەڵاتی (کۆداک) ی KODAK PRIZE پێ بەخشراوەساڵی ١٩٤٩ بە براسای BRASSI ،رۆبێرت فرانک ROBERT FRANK و ھنری کارتییە بریسۆن –HENRI CARTER BRESSON ئاشنابوە .دواتریش ساڵی ١٩٥٠ دان بە بەھرەی ھونەرمەند نراوە .پاشان لەگەڵ ھەریەک لە ھونەرمەندانی فۆتۆگراف براسای و دوانۆ لە پێشانگایەکی ھاوبەش کردووە . ستڵی ١٩٥٠ بەرھەمەکانی لە گۆڤاری کامیرای SWISS MAGZINE CAMERA بڵاو کردۆتەوە.لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٦٠ گرێبەستی لەگەڵ گۆڤاری REALITE ساز کردوەو بۆتە ستافی گۆڤاری ناوبراو .بۆبا فۆتۆکانی لە ھەر دوو گۆڤاری ئیفینتی INFINITY و ریالیتی REALITES پەخش کردوە .ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە بریکاری ڕاڤو RAPHO دەکات ، چۆتە ڕیزی ئەو ئەو دامەزراوە فۆتۆگرافییەوە . بە ووڵاتانی ئەێوڕوپاو ئەفریقیا و ئەمریکای لاتینی و مەکسیک ..ھتد گەڕاوە.لەساڵی ١٩٦٨ بەدواوە ئەو وەک فۆتۆگرافەرێکی ئازاد و سەربەخۆ کاری کردوە .ساڵی ١٩٤٣ لەگەڵ سەدان ھەزار ھاوڵاتی تری فەرەنسی سوخرە دەنێردرێتە شاری ( لایبزگ ) ی ئەڵمانی ،لەوێ بە گوتەی خۆی کارەساتی جەنگ و بۆردومان کردنی ئەم شارە لەلایەن ھێزی ھاوپەیمانەکان و بلێسەی ئاگری جەنگی بینیوە.ھەروەک ھونەرمەند ئاماژەی بەوە کردوە :(ئێمە تاوانی نازییەکانمان بینی ،من ەکارەساتم بینی ).بۆبا بە پێشانگای تاکە کەسی و بەشداری لە پێشانگای ھاوبەش لە زۆربەی گالێری مۆزەخانەکانی ئەوڕوپا و ئەمریکا و مەکسیک و کەندا کردوە.گرینکترینیان ئەو پێشانگا RETROSPECTIVE کە لە کۆشکی ھونەری فۆتۆگرافی ئەوڕوپی MAISON EUROPPENN DE LA PHOTOGRAPHIC بۆ ھونەرمەندی ناوبرا لە ساڵی سازکرا.گرینکترین خەڵاتەکان : بۆبا چەندین جار خەڵات کراوە ھەروەک خەڵاتی کۆداک KODAK PRIZE ی وەرگرتوە . 

ساڵی ١٩٧٣ خەڵاتی ئۆکتا ڤیۆس ھیل ) ی دواتریش ساڵی ١٩٨٨ خەڵاتی HASSELBLD ی پێ بەخشراوە 

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ http://pukcenter.org/index.php?option=com_content&view=article&id=2195%3A2009-02-03-15-27-23&catid=35%3A2009-10-30-02-49-32{{بەستەری مردوو|url=http://pukcenter.org/index.php?option=com_content&view=article&id=2195%3A2009-02-03-15-27-23&catid=35%3A2009-10-30-02-49-32 |date=ئەیلوولی ٢٠١٨ }}
  • www.kurdishphotography.tk

 http://www.kurdishphotography.tk/2017/07/blog-post_26.html[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]