بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مەسعوود محەممەد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەسعوود محەممەد
لەدایکبوونمەسعوود محەممەد عەبدوڵڵا جەلیزادە
١٩١٩
کۆیە
مردن١ی نیسانی ٢٠٠٢(٢٠٠٢-٠٤-٠١) (٨٢–٨٣ ساڵ ژیاوە)
ھەولێر
شوێنی گۆڕگۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە
پیشەنووسەر و توێژەر
زمانکوردی (سۆرانی)
نەتەوەکورد
خزمەکانمەلای گەورە (باوک)
ماڵپەڕی فەرمی
https://www.mamosta.net/

مەسعوود محەممەد (١٩١٩، کۆیە – ١ی نیسانی ٢٠٠٢، ھەولێر)[١] بیرمەند، توێژەر، و نووسەرێکی کورد بوو. بە زمانی کوردی و عەرەبی بەرھەمەکانی دەنووسی.

مەسعوود محەممەد ساڵی ١٩١٩ لە کۆیە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایک بووە. گەشتی خوێندنی لە ساڵی ١٩٢٦دا لە کۆیە دەست پێ کردووە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە ھەولێر ساڵی ١٩٤٠ تەواو کردووە و ساڵی ١٩٤٥یش[١] کۆلێژی مافی لە بەغدا تەواو کردووە و بووەتە پارێزەرێکی یاساناس. لە خوێندنی کۆلیژی مافدا ھاوپۆل و دۆستی دڵسۆزی دڵداری شاعیر بووە و بە یەکەوە زۆربەی ئێواران سەردانی ساڵۆنی وێژەی خاتوو (بەھیە فەرەجوڵڵا)ی کچە کوردی میسریان لە گەڕەکی ئەعزەمییەی بەغدا کردووە، ئەوسا ئەو خاتوونە زانایەی کورد مامۆستای (کۆلیژی کچان) بووە لە بەغدا. لەو ماڵەدا بەردەوام کۆڕی فەلسەفی و ھزری دەبەسترا.

کارەکان

[دەستکاری]

مامۆستا مەسعوود لەوساوە بیری کەوتە سەر فەلسەفە و شیکردنەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەو مامۆستا لێھاتووە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریدا گەلێک فەرمانی گرتە ئەستۆ وەک: نوێنەری خەڵکی ناوچەی کۆیە لە پەرلەمانی عێراق لە ھەردوو دەورەی ساڵانی ١٩٥٣ و ١٩٥٤ و لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨یش کرا بە ئەندامی لێژنەی چاکسازیی کشتوکاڵ لە عێراقدا و لەگەڵ چەند یاساناسێکی دیکەدا یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و ئاودێریی دانا و ئەو یاسایە لە ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٥٨دا بە ناوی (یاسای چاککردنی کشتوکاڵ لە کۆماری عێراق)دا بڵاو کرایەوە. مامۆستا مەسعوود محەممەد لە ساڵی ١٩٦٤دا بە ناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان کرایە وەزیری دەوڵەت لە کابینەی (تاھیر یەحیا)دا،[١] تاکوو ساڵی ١٩٦٥ و لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ٢٠دا کرا بە ئەندام لە (ئەنجومەنی گشتیی خدمە) و لەپاش دامەزراندنی (کۆڕی زانیاریی کورد) لە ٢٩ی ئابی ١٩٧٠ دا لە شاری بەغدا کرا بە ئەندامی کارای ئەو کۆڕە و بە جێگری سەرۆکی دەستەی کۆڕ و کاتێکیس. لە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا (کۆڕی زانیاری عێراق - دەستەی کورد) مامۆستا مەسعوود وەک سەرۆکێکی کارا لە کۆڕدا مایەوە.

پاش ڕاپەڕین

[دەستکاری]

لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەھاری ساڵی ١٩٩١دا و کشانەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق لە کوردستان، مامۆستا گەڕایەوە کوردستان. مەسعوود محەممەد ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠٠٢ لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی ھەولێر کۆچی دواییی کرد و ھەواڵی مەرگی ئەو ناودارە بە ھەموو لایەکی کوردستاندا بڵاو بووەوە و ڕۆژی ٢ی نیسانی ٢٠٠٢ لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە لە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوکی بە خاک سپێردرا.

بیر و بۆچوون

[دەستکاری]

مامۆستا مەسعوود محەممەد جگە لەوەی بیرمەندێکی گەورەی کورد بوو؛ ڕووناکبیرێکی مەزنی کوردستانیش بوو، سەرچاوەکانی فەلسەفەی ھێگڵ و مارکسی بەوردی خوێندبووەوە و لەگەڵ باری ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان بەراوردی دەکردن و لەگەڵ ھەندێک لایەنی ئەرێنی و دژی ھەندێک لایەنی نەرێنیی بوو. مەسعوود محەممەد بە نووسین دەھاتە گۆڕەپانی دەمەتەقێ و وتووێژ و ڕاستیی باوەڕی خۆی بوێرانە دەردەبڕی. شێوازێکی تایبەتی ھەبوو لە نووسینەکانیدا، کە لەگەڵ بەرنامەی لێکۆڵینەوەی زانستیدا نەدەگونجا وەک ئەوەی ئەوەندە گوێی بە پۆلێنکردنی بابەتی نووسینەکانی نەدەدا، ناونیشانی سەرەکی و سەردێڕی لاوەکی بەسەر یەکەوە پێشکەش دەکرد و باکی نەبوو گەر پتر لە سەد لاپەڕە لە نووسینەکانی لەژێر یەک ناونیشان یاخود بێ ناونیشان بخاتە بەر دەم خوێنەری بابەتەکانی. مەسعوود محەممەد لە ژیانی بیرمەندیدا زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی بەپێزی لە دووتوێیی پەرتووکی قەبارە گەورەدا بە چاپ گەیاندووە.

بەرھەمەکان

[دەستکاری]

کتێبە کوردییەکان

[دەستکاری]
  1. حاجی قادری کۆیی - بەشی یەکەم - بەغدا - کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٣
  2. حاجی قادری کۆیی - بەشی دووەم - بەغدا - کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٤
  3. حاجی قادری کۆیی - بەشی سێیەم - بەغدا - کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٦
  4. وردبوونەوەیەک لە چەند باسێکی ڕێزمانی کوردی - کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٤
  5. چەپکێک لە گوڵزاری نالی - بەغدا - کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٦
  6. چەند حەشارگەیەکی ڕێزمانی کوردی - بەغدا - کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٦
  7. مرۆڤ و دەوروبەر - بەغدا - کۆڕی زانیاریی عێراق - دەستەی کورد ١٩٨٤
  8. بەرەو شەقامی ئاخاوتنی کوردی - بەغدا - کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٨
  9. زاراوەسازیی پێوانە - وەشانی یەکەم: «گۆڤاری ڕۆشنبیریی نوێ»، ژمارە ١١١، ١١٢، ساڵی ١٩٨٦ - وەشانی دوەم: «زاراوەسازیی پێوانە»، ژمارەی سپاردنی بە کتێبخانەی میللی ٣٨٠، بەغدا، ١٩٨٨
  10. بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە ھەر کوێیەک بێت! دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، کۆماری عیراق، بەغدا ١٩٨٤
  11. حەماغای گەورە - بەغدا ١٩٨٦
  12. دەستەودامانی نالی - سوێد - ستۆکھۆڵم - ١٩٩٧ چاپی یەکەم
  13. گەشتی ژیانم - سوێد - ستۆکھۆڵم - ١٩٩٢ چاپی یەکەم

کتێبە عەرەبییەکان

[دەستکاری]
  1. اعادة التوازن الی میزان - مختل - المجمع العلمی الکردی - بغداد ١٩٧٧
  2. الی غورباتشوف العظیم
  3. لسان الکرد
  4. من هموم الحياة
  5. التفسیر البشری للتأریخ
  6. المجتمع البشری لماذا یشبە مستشفی المجانین - اربیل ١٩٩٩

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا ب ھەواڵی کۆچی دوایی ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، کوردسات ئۆنلاین، دوا سەردان ١١٫١٢٫٢٠١٣

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]