مێریتۆکراسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە


مێریتۆکراسی یان شیاومەزنی بریتییە لە سیستەمێکی فەرمانڕەواییکردن کە لەسەر بنەمای فەڕمانڕەواییکردن لە ڕێگای توانا (لێھاتوویی)، نەوەک لەسەر بنەمای سامان و نەژاد و ڕەچاوکردنەکانی تری پێگەی کۆمەڵایەتی، دامەزراوە. ھەرچۆنێک بێت وشەی مێریتۆکراسی ئێستا زۆرجار بەکاردەھێنرێت بۆ باسکردنی جۆرێکی کۆمەڵگا کە تێیدا سامان و داھات و باری کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پێشبڕکێکردنەوە دیاریدەکرێن لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەی کە براوەکان بێگومان شایستەی ئەو ئەنجامە بەدەستھاتووانەی خۆیانن. لە ئەنجامدا، ئەم وشەیەش مانایەکی داروینیزمی کۆمەڵایەتی لەخۆوەدەگرێت، کە بەکاردەھێنرێت بۆ باسکردن لە کۆمەڵگایەکی پێشبڕکێکارانەی شەڕانگێز، کە ڕێگە بە نایەکسانییەکی بەرفراوان دەدات لە داھات و سامان لە نێوان دانیشتووان، ئەمەش وەک وەزیفەیەکی شایستەیی و لێھاتوویی و شیاوی(merit)، بە پێچەوانەی کۆمەڵگا یەکسانەکان.[١]

حکوومەت و ڕێکخراوە مێریتۆکراتییەکان جەخت لەسەر زیرەکی (بەھرە) و خوێندنی فەرمی و تایبەتمەندییەتی، نەوەک ئەو جیاوازیانەی کە ھەن وەک چینی کۆمەڵایەتی و نەتەوە و ڕەگەز، دەکەنەوە. لە واری کرداریدا، توێژینەوەکان لەسەر جووڵەی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەکەن کە ھەموو ئەو مەرجانەی کە بە بێلایەنانە ڕەچاودەکرێن لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی منداڵەکانی ئەوکەسانە دەکەوێتەوە کە بە ڕێگەیەک لە ڕێگەکان سوودمەند دەبن. ئەمەش بە ھەمان شێوە دیاردەیەکی داروینیزمییە، لەکاتێکدا ھەموو دایک و باوکێک کۆشش بۆ دروستکردن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ منداڵەکانیان دەکات و گەیاندنی سوودەکانی زانیاری و ئازایەتی و سەرچاوەکانی خۆیان دەبەخشنە منداڵەکانیان بۆ ئەوەی سەرکەوتنی منداڵەکانیان دڵنیابکەنەوە. ئەمەش ھێزێکی غەریزییە لە نێو زۆر لە ئاژەڵە ئاڵۆزترەکانی سەر ڕووی زەوی، کە لە ناویاندا مرۆڤ تەنھا یەکێکە، ھەیە. زۆر لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان (ھەریەکە ڕێژەی سەرکەوتنی جیاوازیان بەدەستھێناوە) لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەوڵەت لە خوێندن و چاودێری کۆمەڵایەتی و لێبوردنی باج و بەخشینی پارە بۆ ھەرمنداڵێکەوە ھەوڵی خەفەکردنی ئەو فاکتەرانەی نایەکسانیان داوە. مێریتۆکراسییەکان باوەڕیان بە پرەنسیپی یەکسانی دەرفەتەکان لە ڕێگەی یەکسانی لەبەردەم یاسا و کۆمەڵگایەکی دوور لە نەژادپەرەستی و ڕەگەزپەرەستی و چەمکەکانی تر ھەیە بەڵام ئەوان نە پاڵپشتی لە یەکسانیبوون و نە داوای یەکسانبوون دەکەن. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە تۆ مافی ئەوەت ھەیە لە کیَ و کەی ویستت کاربکەیت بەڵام مافی ئەوەت نییە کارتپێبدرێت. یان بە داڕشتنێکی جیاواز بڵێین کەس ئەرکی لەسەر شان نییە کە کارت بۆ دابینبکات، چونکە کار بەدەستھێنان پاداشتی ئەوەیە کە لە ڕێگەی شایستەبوون و لێھاتوویەوە بەدەستیدەھێنیت.

لە دیموکراسییەتی نوێنەرایەتی کە تێیدا دەسەڵات بە شێوەیەکی تیۆری لە دەستی نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکانە، ڕەگەزە مێریتۆکراتییەکییەکان بریتین لە بەکارھێنانی ڕاوێژی شارەزا و پۆسپۆڕەکان بۆ یارمەتیدانی داڕشتنی سیاسەتەکان و خزمەتگوزارییە مێریتۆکراتییە مەدەنییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە. کێشەی بەردەوامی داکۆکیکردن بۆ مێریتۆکراسی بریتییە لە پێناسەکردنی ئەوەی کە بەتەواوی مەبەست لە لێھاتوویی (Merit) چییە و یان بە شێوەیەکی گرنگ کێ ئەم دیاریکردنە ئەنجامدەدات و لەسەر چ بنەمایەکیش.

ڕەچەڵەکی زاراوەکە[دەستکاری]

زاراوەی «مێریتۆکراسی» یەکەمجار، بە مانایەکی سووکایەتیپێکردن، لە کتێبەکەی میکایل یەنگ (Rise of the Meritocracy) بەکارھاتووە کە لە داھاتوویەکی خەیاڵی ترسناک و نامرۆڤایەتیانە دادەنرێت کە تێیدا پێگەی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی توانای زیرەکی و ھەوڵدان دیاریدەکرێت. لە کتێبەکەدا، ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە لە کۆتاییدا دەبێتە ھۆی ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کە تێیدا جەماوەری گشتی ھەڵدەگەڕێنەوە بەسەر نوخبەی فەرمانڕەوا کە لەخۆباییبوون و خۆیان جیاکردووەتەوە لە ھەستوسۆزی خەڵکی گشتی.[٢]

سەرەڕای بنەڕەتی نێگەتیڤانەی بەکارھێنانی ئەم وشەیە، زۆر کەس ھەن باوەڕِیان وایە کە سیستەمی مێریتۆکراسی شتێکی باشە بۆ کۆمەڵگا. لایەنگرانی مێریتۆکراسی دەڵێن سیستەمێکی مێریتۆکراسی زیاتر دادپەروەرانە و بەرھەمھێنەرترە لە سیستەمەکانی تر، و ڕێگە بە کۆتاییھێنان بەو جیاکاریانەی کە لەسەر بنەمای ڕەگەز و نەژادەوە دامەزراون دەدات (ھەر چەندە چینە کۆمەڵایەتییەکان ھێشتا بوونیان ھەر دەمێنێتەوە).

ڕەخنەی سەرەکی یەنگ لەبارەی مێریتۆکراسی بریتییە لەوەی کە سیستەمێکە تێیدا پێگەی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای خاسییەتی بابەتیانەوە دەستنیشاندەکرێت و دەبێت کە ئەمەش لە ھەر کۆمەڵگایەک پەیڕەو بکرێت ئەو کۆمەڵگایە بە کۆمەڵگایەکی نا یەکسان و نا جێگیر دەھێڵێتەوە. لە بەرئەوەی ئاراستەی ڕەخنەیی تریش ھەن لەو بارەیەوە، لایەنگران و ڕەخنەگرانی ئەو تیۆرە زۆربەی جار بەڵگەی ئەوە دەھێننەوە کە لێھاتوویی (Merit) لەلایەن نوخبەی فەرمانڕەواوە دیاریدەکرێت ئەمەش تەنھا بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەنە ئەو سیستەمەی کە لە بنەڕەتدا باری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای چینایەتی و لەدایکبوون و سامانەوە دیاریدەکات.

زۆربەی جار بەرھەڵستکارانی چەمکی مێریتۆکراسی دەڵێن خاسییەتەکانی وەک زیرەکی و کۆشش ناتواندرێت بە شێوەیەکی ورد پێوانە بکرێن (بۆ نموونە، ڕەنگە یەکێک بپرسێت " کیَ زیرەکترە، اسحاق نیوتن یان ئەلبێرت ئەنیشتاین؟"). کەواتە، بە گوێرەی بۆچوونی ئەوان، ھەر پیادەکردنێکی مێریتۆکراسی پلەیەکی زۆری خەملاندن و مەزەندەکردن لەخۆوە دەگرێت و ئەم مەزەندەکردنەش بە شێوەیەکی بۆماوەیی شتێکی خراپە و لایەنگیری تێدادەکەوێت.

داروینیزمی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

داروینیزمی کۆمەڵایەتی بریتییە لە تیۆرێکی کۆمەڵایەتی کە وا ڕەچاودەکات تیۆری پێشکەوتنی داروین لە ڕێگەی دەستنیشانکردنی سروشتییەوە تەنھا مۆدێلێک نییە بۆ پێشکەوتنی خاسییەتە بایەلۆجییەکان لە ڕەوگەڵێکدا بەڵکو دەکرێت بە سەر دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەشدا بچەسپێندرێت. داروینیزمی کۆمەڵایەتی لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٩ تاوەکو کۆتایی شەڕی دووەمی جیھانی دروستبووە، ھەرچەندە ھەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەکرێت زانستی زیندەورزانی کۆمەڵایەتی (Sociobiology) ھاوچەرخ وەک فۆرمێکی داروینیزمی کۆمەڵایەتی پۆلین بکرێت. لایەنگرانی داروینیزمی کۆمەڵایەتی زۆرجار تیۆرەکە وەک پاساوھێنانەوە بۆ ئەوەی کە نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان بەھۆی بوونی مێریتۆکراسییەوەن بەکاردەھێنن. ھەندێکی تر ئەم تێورە بەکاردەھێننەوە بۆ پاساوھێنانەوە بۆ نەژاد پەرستی و ئیمپریالیزم. تا ئەوپەڕیشی لە ڕەخنەکاندا، بەشێک لە داروینیزمی کۆمەڵایەتی وا دەردەکەوێت کە پێشبینی چاکترکردنی توخمی وەچانانەوە و ڕێچکە نەژادییەکانی نازییەکان بکەن.

بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز، لەکاتێکدا داروینیزمی کۆمەڵایەتی بەسەر چەمکی پێشکەوتن و دەستنیشانکردنی سروشتی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەچەسپێت، ھیچ لە ئایدۆلیژیا سیاسی و نیمچە ئاینییە پەیوەندیدارەکان بەو تیۆرەوە نابنە بەشێک لە تێۆرە بنەڕەتییە بایۆلۆژییەکەی داروین بۆ پێشکەوتن. ھاوشێوەش، خودی داروینیزمی کۆمەڵایەتیش مەرج نییە پێویستبکات کە ھەڵوێستێکی سیاسی بەرھەمبھێنێت: ھەندێک لە ھەڵگرانی تیۆری داروینیزمی کۆمەڵایەتی باس لە حەتمییەتی بەرەوپێشچوون دەکەن، لەکاتێکدا ھەندێکی تریان جەخت لەسەر ئەگەری بەرەوخراپچوونی مرۆڤایەتی دەکەنەوە. تەنانەت ھەندێک ھەوڵی ئەوەیانداوە تا داروینیزمی کۆمەڵایەتی لەناو سیاسەتی چاکسازیخوازدا بچەسپێنن. تیۆری داروینیزمی کۆمەڵایەتی لە کارەکانی زۆر لە نووسەرانەوە وەرگیراوە، لە ناویشیاندا ھێربرت سپێنسەر Herbert Spencer و تۆماس مالسەس Thomas Malthus، بەڵام بێجگە لە گووتنی ھەندێک دەستەواژەی ڕوون لە بارەی "رزگاربوون و مانەوە بۆ گونجاوترینە" (داروین وەک سپێنسەر زاراوەی گونجاوترینی بەکارھێناوە بۆ ئەو مانایەی کە " بە باشترین شێوە ڕێک و گونجاوبێت لەگەڵ بارودۆخە ژینگەیییەکە")، ھاوچەرخترین لایەنگرانی داروینیزمی کۆمەلایەتی ھەرگیز ھیچ لە کارەکانی داروینیان نەخوێندووەتەوە و زانیارییەکی کەمیان لەبارەی بایەلۆجی ھەیە.

لایەنگرە تاکەکەسییەکان[دەستکاری]

کۆنفۆشۆس Confucius[دەستکاری]

«لە فێرکردندا دەبێت ھیچ جیاوازییەکی چینایەتی نەبێت» Analects XV.39.tr.Legge زۆر لە ھەوادارە ڕۆژئاوایییەکانی کۆنفۆشۆس وەک ڤۆڵتیر و H.G. Creel بیرۆکەی شۆرشگێرانەی نوێی کۆنفۆشۆسیان بەدیارخستووە: ئەو ھەڵسا بە گۆڕینەوەی بیرۆکەی مێرخاسی لە ڕێگەی خوێن بە مێرخاسی لە ڕێگەی چاکەکردن. جانزی کە بە زمانی چینی مانای ئەسڵزادە (nobleman) وردە وردە لە ڕێگەی بەکارھێنانی ئەو وشەیەوە لە قسەکانی کۆنفۆشۆس مانایەکی تری وەرگرت ---- بوو بە وشەیەکی تارادەیەک وەک وشەی ئینگلیزی (Gentleman) پیاو چاک. ئەو پیاوچاکە ئاسایییەی کە پەرە بە باشترکردنی خاسییەتەکانی دەدات دەکرێت پێی بووترێت گێنتڵمان، لەکاتێکدا کۆڕێکی بیَ شەرمی شایەک تەنھا «پیاوێکی بچووکە». ئەمەش بوو کە ئەو ڕێگەیدا ھەموو جۆرە قووتابییەک ببێتە پەیڕەوھەڵگری خۆی (فێرکردنەکانی ئەو بەمەبەستی ڕاھێنانی فەرمانڕەواکانی داھاتوو بوو) ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەو بە تەواوی پاڵپشتی لە پێکھاتەی دەرەبەگایەتی کۆمەڵگای چینی نەدەکرد.

ھان فێیزی Han Feizi[دەستکاری]

سەرباری کۆنفۆشۆسەس، فەیلەسوفێکی تری کۆنی چینی لە ھەمان سەردەم (دەوڵەتی شەڕکەر) داکۆکی بۆ سیستەمی مێریتۆکراسی حکوومەت و کۆمەڵگا کردووە. ئەمەش ھان فێیزی بوو کە بە بەھێزترین لایەنگری قووتابخانەی سەروەری یاسا ناوبانگی دەرکردووە (یان بە فەیلەسوفی یاساکاری ناسراوە). باوەڕی سەرەکی پاساوەکانی بریتییە لە سەروەری ڕەھای یاساکان، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆرلە ڕەگەزی مێریتۆکراسی لەخۆدەگرێت. یەکێکی تر لە یاساپەروەران شانگ یانگە کە یاساپەروەرێکی جێبەجێکاربوو (قانونی تگبیقی) و بووە ھۆی چاکسازیخوازییە مێریتۆکراسییەکانی دەوڵەتی کین (Qin) بە لابردنی ئەریستۆکراتییەت و پاڵپشتیکردن و بەرەوپێشبردنی تاکە کەسەکان لەسەر بنەمای بەھرەمەندی و زیرەکی و نوێکاری. ئەمە سووپای کینی گەیاندە ئاستە لێوارێکی زۆرگرنگ بەسەر ئەو نەتەوانەی تر کە پەیوەست بوون بە پەیڕەوکردنی سیستەمی کۆنی ئەرستۆکراسی بۆ حکوومەت. ئەم یاساپەروەرییەتییە، ھاوشان لەگەڵ بەھا دژە ئەرستۆکراتی و بەھا لاگیرەکانی بۆ مێریتۆکراسی، وەک بەشێکی سەرەکی لە فەلسەفە و سیاسەتی چینی، ھەرچەندە لە دوای کین دیناستی Qin Dynasty بەسەختی بێھێَزبووەتەوە، بۆ دوو ھەزارەی تر ماوەتەوە.

جەنگیز خان Genghis Khan[دەستکاری]

مێریتۆکراسی بریتی بوو لە بنەمای سەرەکی بۆ ھەڵبژاردنی سەرکردەکان و ژەنەڕاڵەکانی ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆلی. جەنگیز خان ھەرکەسێک کە زیرەک و شیاوی پۆستەکانی زنجیرەی فەرمانداری سوپاکەی بایە ھەڵیدەبژارد. تەنانەت باوەڕی بەو سەرباز و ژەنەڕاڵانەش ھەبوو کە لەھێزی دوژمنەکانی بوون ئەگەڕ وەفایان بۆ سەرکردەکانی خۆیان ھەبووبێت. بۆ نموونە، جەنارەڵەکەی جەنگیزخان جێبە Jebe سەربازێکی ھێزی دوژمن بووە کە ئەسپەکەی جەنگیزخانی لە شەڕێکدا پێکاوە پێش ئەوەی ببێت بە خانێکی پایەبەرز لەلای جەنگیزخان.

ناپلیۆن Napoleon[دەستکاری]

فەرەنسای ناپلیۆنی (شۆڕگێڕی) بە ھەمان شێوە ھەندێجار دەکرێت وەک وڵاتێکی مێریتۆکراسی ڕەچاوبکرێت. دوای شۆڕشی ١٧٩٢ زۆر بە زەحمەت ئەندامێکی نوخبەی پێشووت دەبینی کە لە پێگەی دەشەڵات مابێتەوە. کەواتە کاتێک ناپلیۆن بەرەو دەسەڵات ھەڵکشا ھیچ بنکەیەکی کۆن و پێشینە نەبوو بۆ ئەوەی کارمەندانی خۆی لێیەوە دەستنیشانبکات و دەبوو ئەو کەسانە ھەڵبژێرێت کە ئەو پێی وابوو کە باشترین کەسن بۆ ئەو کارانە، لەناو ئەو کەسانەش ئەفسەرانی سووپاکەی و شۆڕشگێڕان بوون کە پێشتر لە ناو ئەنجومەنی خەڵک بوون، تەنانەت ھەندێک ئەریستۆکراتیش بوون وەک سەرۆک وەزیران تلیراند (Talleyrand). ھەرچۆنێک بێت دواتر پیادەنەکردنەکانی مێریتۆکراسی بوون بە دامەزراندنی ئەندامانی خێزان و ھاوڕێ و ھاوەڵان لە پێگە گرنگەکاندا (بە تایبەتیش لە سەرکردایەتییە ھەرێمییەکاندا)؛ سۆزداری (انتماْ) رەنگە فاکتەرێکی زیاتر گرنگتر بێت لە تەنھا لێھاتوویی (Merit) لە ئەداکردندا کە حاڵەتێکی ئاسایییە لە سیاسەتدا.

دەوڵەتە مێریتۆکراسییەکان[دەستکاری]

سەنگافۆرە Singapora[دەستکاری]

لە نێو ئەو دەوڵەتە یەک نەتەوەیییە نوێیانە، کۆماری سەنگافورە ھەوڵی ئەوەدەدات ببێت بە دەوڵەتێکی تەواو مێریتۆکراسی، جەختکردنەوەیەکی زۆر دەخاتە سەر دەستنیشانکردن و ڕێگەخۆشکردن بۆ ھاوڵاتیانی گەنجی زیرەک و لێھاتوو بۆ پێگە و پۆستە سەرکردایەتییەکان. ھەروەھا بە ڕێژەیەکی زۆر پێ لەسەر باوەڕپێکراویەتی ئەکادیمی دەچەسپێنێت، کە وەک پێوەری بابەتیانە ڕەچاودەکرێن ھەم بۆ پێوانەکردنی زیرەکی و ھەمیش بۆ پێوانەکردنی کۆششکردن. مێریتۆکراسی بریتییە لە چەمکێکی سەرەکی سیاسی لە سەنگافورە، بەشێکی بەھۆی ئەو بارودۆخە بووە کە دەوروخوولی سەرھەڵدانی سەربەخۆیی ئەو شاروڵاتەیداوە. سەنگافورە لە ساڵی ١٩٦٥ لە مالیزیایی ھاوسنوری جیاکرایەوە لەبەر لەئەنجامی نەویستنی زۆرینەی گرووپە پەناھەندەکانی (بەتایبەتی بە ڕەگەز چینییەکان) بۆ ڕازیبوون لەسەر ھەڵوێستی تایبەتی کۆمەڵگە چوونییەکە خاوەن خاکەکە (بە تایبەتی مالیزییەکان). حکوومەتی فیدرالی مالیزی پاساوی بۆ بەخشینی مافێکی تایبەتی پێشینە بە مالیزییەکان دەھێنایەوە وەک بەشێک لە مافی لەدایکبوون کە ئەوان خەڵکە خاوەن خاکەکەبوون. سەرکردە سیاسییەکان لە سەنگافورە زۆر بە توندی دژایەتی ئەو سیستەمەیان کرد لە بری ئەوە بانگەشەیان بۆ یەکسانی لە نێوان ھەموو ھاوڵاتیانی مالیزیا دەکرد، لە گەیشتن بە زانکۆکان و گرێبەستە حکومییەکان و دامەزراندنە سیاسییەکان و ھتد، تا دەگات بەوەی کە شایستەترین کەس پاڵیوراو بێت نەوەک ئەو کەسەی کە لەسەر بنەمای پەیوەندییەکان و باکگراوەندی ئیتنیکی دەستنیشاندەکرێت. ئەم دژایەتیکردنە پێشینەیەی نێوان ئەو ویلایەتە و حکوومەتی فیدرالی گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە چارەسەرنەکرێت. سەنگافورە جیاکرایەوە و بوو بە شاروڵاتێکی سەربەخۆ.

تا ئەمرۆش، سەنگافورە بەردەوامە لەسەر پەیڕەوکردنی مێریتۆکراسی وەک یەکێک لە بنەما ڕەسمی و ڕێنیشاندەرەکان بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتی ناوخۆ. ھەرچەندە تێبینیکاران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەخنە لەم شارولاتە دەگرن لەسەر ئەوەی کە ئەم بنەمایە بەشێوەیەکی یەکپارچە بەسەر ھەموو لایەنەکاندا جێبەجێناکات بەڵام ڕێکەوتنێکی فراوان ھەیە کە سەرەڕای ئەوەش سەرکەوتنە ئابورییە گەورەکانی ئەو شارولاتە بەشێکی لەئەنجامی جەختکردنەوەی بەھێزە لەسەر بەرەوپێشبردن و پێگەیاندنی سەرکردەی زیرەک و لێھاتووە.

میرنشینی گەورەی فینلەندا[دەستکاری]

نموونەیەکی تر بریتییە لە فینلەندای سەدەی نۆزدەم کە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئۆتۆکراتەکان (کارزانەکان) فەرمانڕەوایی دەکرا، ھەرچەندە لە ڕووی پراکتیزەکردنەوە ئەمە بۆ چینی خوێندەوار بەجێھێڵدرابوو. ھەرچەندە باوان و سامانی بە میراتگیراو کاریگەریان ھەیە لەسەر دەرفەتەکانی ئاستی خوێندەواری کەسێک، خوێندن و بنەماڵە مەرجی سەرەکی بوون بۆ پێشکەشکردن بۆ فەرمانبەرییەتی و پۆستە حکومییەکان و بەرزبوونەوەی پلە تیایاندا. تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش بڕوانامەی ئەکادیمی ھەر بە فاکتەرێکی گرنگ مایەوە بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی کە داوایان لە دەنگدەران دەکرد متمانەیان پێببەخشن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "meritocracy". Dictionary.com.
  2. ^ Fox, Margalit (25 January 2002). "Michael Young, 86, Scholar; Coined, Mocked 'Meritocracy'". The New York Times.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]