ملوانکەی شین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ملوانکەی شین ناوی کتێبێکە کە کۆمەڵە شیعرێکی مامۆستا شەریف حسەین پەناھی ی لە خۆی گرتووە. پێشەکیی ملوانکەی شین نووسینی مامۆستا ھێمن ە. ئەم کتێبە تەنیا بەرھەمی شەریفە کە تا ئێستا چاپ بووە. ساڵی ١٣٥٨ ک. ە (١٩٧٩ ز) پێنج کەڕەت بە فەرمی لە چاپ دراوە:

  • چاپی یەکەم: ٣٠٠٠ دانە، خەرمانانی ١٩٧٩ ز
  • چاپی دووھەم: ٥٠٠٠ دانە، گەڵارێزانی ١٩٧٩ ز
  • چاپی سێھەم: ٥٠٠٠ دانە، بەفرانباری ١٩٧٩ ز
  • چاپی چوارەم: ٥٠٠٠ دانە، بەفرانباری ١٩٧٩ ز (لە مەھاباد)
  • چاپی پێنجەم: ٥٠٠٠ دانە، رێبەندانی ١٩٧٩ ز
  • چاپی شەشەم: ٥٠٠ دانە، بەفرانبار 2024 ز سلێمانی)

زۆربەی شیعرەکانی ئەم دیوانە شیعرە، لە لایەن گۆرانیبێژەکانەوە کراون بە گۆرانی.

وەرگێڕان[دەستکاری]

کتێبی ملوانکەی شین بە زمانی فارسی لە لایەن عەبدولڕەحمان فەھیمی وەرگێڕاوەتەوە و لە بڵاوکردنەوەکانی گوفتمان و ئابڕەنگی تاران چاپ کراوەتەوە.

پێشەکییەکەی مامۆستا ھێمن[دەستکاری]

لە یەکەم لاپەڕەکانی ملوانکەی شین دا وتەکانی مامۆستا ھێمن سەبارەت بە شەریف و کتێبەکەی وەکوو پێشەکی چاپ کراوە. ئەمە دەقی ئەو پێشەکییەیە:

یەکەم جار لە بەزمێکی شاعیرانی مەھاباددا ناسیم و شێعریم بیست و خۆشم ویست. دوایەش بۆ رەخنە لێگرتن زۆربەی شێعرەکانی بۆ خوێندمەوە. بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم خۆشم لێ ھاتن و بۆنی شێعرم لێ کردن. خەیاڵی ناسک و ھەستی ھونەرمەندانە و مەزموونی شاعیران ەم تێدا بەدی کرد. ھەر کەسە جۆرە بۆچوونێکی لە شێعردا ھەیە. من زیاتر لە خەیاڵی ناسک و مەزموونی ورد و نوێ دەگەڕێم، تا رواڵەتی جوان و رازاوە و کێش و قافیەی سەیر و سەمەرە، یا باشتر بڵێم شێعرم لە نەزم خۆشتر دەوێ. شێعرێکم پێ باشترە کە لە دڵەوە ھەڵقوڵێ و بە دڵەوە بنووسێ.

بەشی زۆری شێعرەکانی شەریف وان. سۆز و عاتیفە و کوڵ و کۆی دەروونی خۆنی. ھەستی خوێنەر یا گوێگر دەبزوێنن و حاڵەتی شاعیر لە کاتی نووسینی شێعرەکەیدا لە پیاوی ورد دەگەیەنن. بە بڕوای من ئەگەر ئەم شاعیرە زیاتر خۆماندوو بکا و پتر ھەوڵ بدا، شاعیرێکی نەک باش، بەڵکوو گەورەشی لێ پەیدا دەبێ. ھونەر سنووری بۆ نییە، ھیچ ھونەرمەندێک نەگەیشتووەتە دوندی ھونەر و ناشگاتێ، بەڵام ھی وا ھەیە زۆر بەرەو ژوور دەچن.

وەک تێگەیشتووم شەریف دەزانێ تازە وردە ھەنگاو بەرەو مەنزڵ ھەڵدێنێتەوە بۆیە بە ھیوام زۆر بەرەو ژوور بچێ. وا ھەست د ەکەم شەریف وەک من لەو بڕوایە دایە کە شێعر کۆن و نوێی نییە و باش و خراپی ھەیە. نەزم نە بە وشەی جوان و وەزنی سەنگین و قافیەی گران دبێتەوە شێعر، و شێعریش نە بە وشەی ساکار و کێشی سووک و لە کار نەھێنانی قافیە نزم دەبێتەوە بۆ نەزم. شێعر و نەزم دوو جۆرە ھونەرن کە دەبێ خوێنەری ورد، حوکمیان لە سەر بدا. بەڵام چەن خۆشە شێعر ئەوەندە باش بێ کە ھەم فۆڕمی لێک و لووس و رێک و پێک بێ و ھەم ناوەرۆکی ھەست بزوێن و دڵڕفێن.

خۆزیا شەریف ئەو ئامۆژگارییانەی ھەمیشە لە پێش چاو بێ: ھەرگیز لە شێعری خۆی رازی نەبێ و پێی وابێ کە دەتوانێ لەوەش باشتر شێعر بڵێ. تا شێعر دنەی نەدا، لە خەوی رائەپەڕێنێ و ھەستی نەبزوێنێ دەست نەداتە قەڵەم. ئەوەشی لە بیر بێ کە زمانەکەمان پێویستی بە خزمەت ھەیە و ھەوڵ بدا وشەی رەسەنی کوردی بەکار بێنێ و لە وشەی دەسکرد و داتاشراو بپارێزێ. تەنانەت لەکارھێنانی وشەی بێگانەی لە وشەی ناڕەسەنی کوردی پێ باشتر بێ. ھیوادارم دیوانی دووەمی ئەم شاعیرە زیاترم رازی بکا.

ھۆنراوەکانی ملوانکەی شین[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ملوانکەی شین، شەریف حسەین پەناھی، چاپی شەشەم، ١٩٧٩ ز.