مالمۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مالمۆ (بە سویدی: Malmö [ˈmâlːmøː]؛ بە دانیمارکی: Malmø [ˈmælmˌøˀ]) گەورەترین شارە لە دەڤەری سویدی (län) لە سکانیا (Skåne). سێیەم گەورەترین شاری سویدە لە دوای ستۆکھۆڵم و یۆتۆبۆری و شەشەم گەورەترین شاری ھەرێمی نۆردیک/ باکوورە و ژمارەی دانیشتووانی شارەوانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٥٧ ھەزار و ٣٧٧ کەس بووە. ھەرێمی گەورەی مالمۆ زیاتر لە ٧٠٠ ھەزار کەسی تێدایە و ھەرێمی ئۆریسۆند (Öresund) کە مالمۆ و کۆپنھاگن لەخۆدەگرێت، ٤ ملیۆن کەسی تێدایە.

مالمۆ دیمەنێکی شار

مالمۆ یەکێک بوو لەو شارانەی کە پیشەسازی سەرەتایی تێدا سەریھەڵدا بەتایبەت پیشەسازی وڵاتانی سکاندیناڤیا لە دوای تەواوبوونی پردی ئۆریسۆند Öresund لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لە شێوەی تەلارسازی نوێ، پاڵپشتی کۆمپانیا نوێیەکانی بایۆتێکنۆلۆژی و ئایتی IT، ھەروەھا لە ڕێگەی زانکۆی مالمۆ و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا، خوێندکارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بە تێپەڕبوونی کات، دیمۆگرافیای مالمۆ وەرچەرخانێکی گەورەی بەسەرھاتووە، لە دوای ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی نیوەی دانیشتووانی شارەوانییەکان پاشخانێکی بیانییان ھەبووە. شارەکە چەندین بینا و پارکی مێژوویی لەخۆدەگرێت، ھەروەھا ناوەندێکی بازرگانییە بۆ بەشی ڕۆژاوای پارێزگای سکۆنە Skåne County. ھەروەھا بارەگای یانەی تۆپی پێی مالمۆیە Malmö FF، کە خاوەنی زۆرترین پاڵەوانێتی نیشتمانییە و تاکە یانەی باکوورە کە گەیشتبێتە یاری کۆتایی جامی ئەورووپا.

مالمۆ کەشوھەوایەکی نەرمی ھەیە تێکڕای پلەی گەرمی بەرز لە زستاندا لە سەرووی بەستنەوە دەمێنێتەوە، لەگەڵ داپۆشینی بەفری درێژخایەن کە دەگمەنە.

نەخشەی مالمۆ

مالمۆ لە ڕووی زۆربوونی دانیشتووانەوە خێراترین شاری سویدە ژمارەی دانیشتووانی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٨٠٠ کەس زیادی کردووە. پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی شاری مالمۆ بگاتە ٥٠٠ ھەزار کەس.

مێژوو[دەستکاری]

بەخشینی چەک Malmö's 1437 grant of arms

مالمۆ، بەشک بوو لە دانیمارک و بۆ چەندین سەدە دووەم گەورەترین شار بوو لە دانیمارک. کۆنترین نووسراو لەبارەی مالمۆ وەک شارێک مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢٧٥. دەگوترێ کە شارەکە کەمێک پێش ئەو ڕێکەوتە دامەزراوە، وەک کەنار دەریایەکی قەڵادار یان شوێنی لەنگەرگرتن و کەشتیوانی قەشەکانی لوند بووە، کە دەکەوێتە دووری ٢٠ کیلۆمەتر (١٢ میل) لە باکووری ڕۆژھەڵاتی مالمۆ. ناوی ڕەسەنی شارەکە Malmhaug بوو، بە واتای «کەڵەکە بەرد».

لە سەدەی پازدەھەمدا شاری مالمۆ بوو بە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی دانیمارک و ڕووگەی ڕێبوار و گەشتیاران بووە، ئەوسا ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٥ ھەزار کەس بووە. گرنگترین شار بوو لە دەڤەری ئۆریسوند. لە ساڵی ١٤٣٧دا، شا ئێریکی پۆمێرانیا (پاشای دانیمارک لە ساڵی ١٣٩٦ تا ١٤٣٩) چەکی بە شارەکە بەخشی.

قەڵای مالمۆ ١٥٨٠ز

لە ساڵی ١٤٣٤ قەڵایەکی نوێ لە کەنار دەریا لە باشووری شارۆچکەکە دروست کرا. ئەم قەڵایە کە ئەمڕۆ بە مالمۆھوس ناسراوە، تا ناوەڕاستی سەدەی ١٦ شێوەی ئێستای نەگرتەبەر. چەندین قەڵای دیکە دروست کران، کە مالمۆی کردە شارێکی پڕ دژ و قەڵا، بەڵام تەنھا مالمۆھوس وەک خۆی ماوەتەوە.

فێرکارییەکانی لووەتەران لە ماوەی چاکسازیی پرۆتستانتی سەدەی ١٦دا بڵاوبوونەوە و مالمۆ بووە یەکێک لە یەکەم شارەکانی سکاندیناڤیا کە بە تەواوی (١٥٢٧–١٥٢٩) گۆڕا بۆ ئەم ئایینە پرۆتستانتییە.

لە سەدەی ١٧دا، مالمۆ و ناوچەی سکانێلاند دوای پەیماننامەی ڕۆسکیلدە لەگەڵ دانیمارک کە لە ساڵی ١٦٥٨ واژوو کرا، کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی سوید، بەڵام شەڕ بەردەوام بوو؛ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٦٧٧دا، ١٤ ھەزار سەربازی دانیمارک بۆ ماوەی مانگێک گەمارۆی ماڵمۆیان دا، بەڵام نەیانتوانی ئەو سەربازە سویدانەی کە بەدەستیانەوە بوو، شکست پێبھێنن.

تا سەرەتای سەدەی ١٨، شاری مالمۆ نزیکەی ٣ ھەزار دانیشتووی ھەبوو؛ بەڵام بەھۆی شەڕەکانی چارڵی دوازدەھەمی سوید (١٦٩٧–١٧١٨ حوکمڕانی کرد) و پەتاکانی تاعونی بوبۆنیک، ژمارەی دانیشتووان تا ساڵی ١٧٢٧ بۆ ١٨٠٠ کەس دابەزی فراوانتر دەبێت و ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ١٨٠٠دا ٤٠٠٠ کەس بووە. دوای ١٥ ساڵ بۆ ٦ ھەزار کەس زیادی کردبوو.[١٨]

سۆدەرگاتان لە ساڵی ١٩١٣

لە ساڵی ١٨٤٠ فرانس ھێنریک کۆکۆم ئەو وەرشەیەی دامەزراند کە لە کۆتاییدا کارگەی کەشتیوانی کۆکۆمس لێیەوە گەشەسەند و وەک یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی کەشتیوانی لە جیھاندا. ھێڵی سەرەکی باشوور لە نێوان ساڵانی ١٨٥٦ و ١٨٦٤ دروستکراوە؛ ئەمەش وای کرد مالمۆ ببێتە ناوەندێکی بەرھەمھێنان، لەگەڵ پیشەسازییە گەورەکانی قوماش و میکانیکی. لە ساڵی ١٨٧٠ مالمۆ پێش نۆرشۆپینگ کەوت و بوو بە سێیەم شاری سوید کە زۆرترین دانیشتووانی تێدابوو و تا ساڵی ١٩٠٠ مالمۆ بە ٦٠ ھەزار دانیشتوو ئەم پێگەیەی بەھێزتر کردبوو. مالمۆ تا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم بەردەوام بوو لە گەشەکردن. ژمارەی دانیشتووانی تا ساڵی ١٩١٥ بە خێرایی بۆ ١٠٠ ھەزار کەس و تا ساڵی ١٩٥٢ بۆ ٢٠٠ ھەزار کەس زیادی کردبوو.