فۆنیم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فۆنیم یان واچ لە زمانەوانیدا بە بچووکترین بەشی وتە (قسە) دەگوترێت کە دەبێتە ھۆی گۆڕینی واتای وشە.

واچەکان بچووکترین یەکەی دەنگیی سەربەخۆن کە جیاوازی واتایی پێک دەھێنن، بۆ وێنە لە کوردیدا «ر» و «ڕ» دوو واچن، لە بەر ئەوەی کە لە دوو وشەی وەک (کەر و کەڕ) دا دەبنە ھۆی جیاوازی واتایی، بەڵام لە بڕێ زماندا (وەک زمانی فارسی، ئینگلیسی و..) یەک واچن، چونکە واتا ناگۆڕن.

مۆرفیمەکان بە یارمەتی واچەکان درووست دەبن (یەک یان چەن مۆرفیمیش، وشەیەک پێک دێنن). بۆ وێنە: «تۆ» لە دوو واچی «ت» (/t/) و «ۆ» (/o/) پێک ھاتووە.

ئەو دەنگانەی کە لە سیستەمی دەنگی ھەر زمانێک دەبنە ھۆی جیاوازی واتایی لە وشەکاندا و دابەش ناکرێن، بە واچ دەناسرێن.

ئەرکی سەرەکی واچ بریتییە لە «جیاکردنەوەی یەکەکانی وتە لە یەکتر و بەدیھێنانی جیاوازی واتایی لە یەکەکانی وتەدا». لە تێکەڵ بوونی [یەکەکان و ڕیتەکانی دەنگی (قاڵب)] لەگەڵ [یەکەکان و ڕیتەکانی واتایی]، سیستەمی پێوەندی، واتە زمان بەدی دێت.

ھەر کۆمەڵگایەکی زمانی، شێوەی نووسینی ھەبێ یا نە، لە ژمارەیەکی سنووردار واچ کەڵک وەردەگرێ، کە پێویست نییە لە واچی زمانەکانی تر بچێ. بە وتەی زمانناسان، ھەموو زمانەکان واچین. بەگوێرەی دوامین لێکۆڵینەوە؛ «زمانی ھاوایی ١٣واچ، واتە کەمترین ژمارەی واچ و زمانێک لە دەستەزمانی قەوقازی ٧٥ واچ، واتە زۆرترین ژمارەی واچی لە زمانەکانی دنیادا ھەیە.»

نووسەی واچەکان لە نێوان / / دا دەنووسرێن و ئەم شێوە نووسینە لە شێوازی واچنووسی جانز دانیێڵ، وەرگیراوە.

گۆکردنی واچەکان لە یەک زماندا ھەمیشە وەک یەک نییە، ئەم جیاوازییەش نابێتە ھۆی خولقاندنی دوو واچی جیاواز، بۆ وێنە [د] و [ڎ] لە زمانی کوردیدا، لە باری فۆنۆلۆجییەوە یەکسانن، چونکە ھیچ دوو وشەیەک (بە واتای جیاوازەوە) لە زمانی کوردیدا پەیدا نابێ کە جیاوازی نێوانیان، تەنیا لە[د] و [ڎ] دا بێ. لە بڕێ شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا [د] و لە بڕێکی تردا [ڎ] باوە. وەک: (بادام و باڎام، سەد و سەڎ، و…) یان [س] و [ص] وەک: (سەد و صەد، سەوزی و صەوزی، و…)

دەبێ بزانین کە واچ لەگەڵ پیتدا جیاوازە. پیت شێوەی نووسراوی واچە و واچ شێوەی زارەکی پیتە. ئەم دووانە ھەمیشە پێوەندییەکی یەکسانیان نییە. لەوانەیە لە بڕێ زماندا، بڕێ واچ شێوەی نووسینیان بۆ دانەنرابێت؛ بۆ وێنە لە ڕێنووسی عەڕەبی زمانی کوردیدا، ھیچ پیتێک بۆ واچی بزرۆکە (I) دەستنیشان نەکراوە، وەک لە وشەی (سڕ) واچی بزرۆکە «I» لە نێوان واچی «س» و «ڕ» دا پیتی نییە و نانووسرێت.

لقێک لە زمانەوانی دەپەرژێتە سەر واچەکان و بە فۆنۆلۆجی دەناسرێت. زمانی کوردی ٣٧ واچی ھەیە، کە ٨یان دەنگدار و ٢٩یان بێدەنگن:

  • ٢٩ واچی بێدەنگ (نەبزوێن): ئ ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش ع غ ف ڤ ق ک گ ل ڵ م ن و ﻫ ی
  • ٨ واچی دەنگدار (بزوێن): ا، ی، ۆ، ێ، و، وو، ە، بزرۆکە I

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]