سکیما (کانت)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە فەلسەفەی کانتدا، سکیما (لە یۆنانییەوە: σχῆμα، «فۆرم، شێوە، بیچم») بەو ڕێسایە دەوترێ کە بە ھۆیەوە کاتیگۆرییەکان، یا ھەمان تێگەیشتە پەتییە نائەزموونییەکان، لەگەڵ کارتێکەرییە ھەستەکییەکاندا یەکانگیر دەبن. لە ئاکامدا، بیناوی سووژە (ئەوەی لە ڕێی ھەستەکانەوە پێی دراوە) دەبێ بە نوێنەری ئۆبژەیەکی دەرەکی. گوایە ھێزی خەیاڵ و کات دەست بە دەستی یەکتر دەدەن تا ئەم سکیمایانە بەرھەم بێنن.

ڕوونکردنەوە[دەستکاری]

کانت دەڵێ ناسیاری دوو شت دەگرێتەوە: یەکەم ھەستپێکردن (perception) یا بیناو (intuition)، واتە ئەوەی لە بۆشایی و کاتدا پێمان دەدرێ و، دووەم، پیادەکردنی کاتەگۆرییەکان بە سەر ئەوەی بە بیناو ھاتووە. پرسیار ئەمەیە کە، ئەگەر چەمکە پەتییەکانی تێگەیشتن (کاتەگۆرییەکانی کانت) و ئەوەی لە ڕێی ھەستەکانەوە پێمان دەگات، لە بنەڕەتەوە لەگەڵ یەکترا فەرقیان ھەیە، ئەدی ئەوە چییە کە ئەم دوانە پێکەوە دەلکێنێ و ئەم پیادەکردنە دەڕەخسێنێ؟ کانت لە کتێبی ڕەخنە لە ئەقڵی پەتیدا، بەشی سکیماتیزم -ی تەرخان کردووە بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسە کە «... چۆن دەتوانین دڵنیا بین کاتەگۆرییەکان مانا و دەلالەتیان ھەیە؟»

ئەزموونی ھەستەکی شوێنی خۆی لەسەر زەینا دادەنێ و وێنەیەک لە ناو زەینا دروست دەکا. تێگەیشتەکانی پاش ئەزموون کە لەم وێنانەوە سەرچاوە دەگرن خاوەن مانا و دەلالەتن. ئۆبژەی ھاوتایان لە ئەزموونا دەدۆزرێتەوە و ئەمانیش دەلالەت دەکەن بە سەر ئەو ئۆبژەیە کە ھەستەکانی ورووژاندووە و شوێنی خۆی لەسەر زەینا داناوە. بەڵام، لەو لاوە، تێگەیشتە پێش-ئەزموونییەکانی کانت ئۆبژەی ھاوتایان لە ئەزموونا نییە (چونکە پێش ئەزموونین). کانت وتەنی، ئەو کاتە مانایان دەبێ کە لە سکیمایەکی (شێوە یا تەرح یا گەڵاڵە یا بیچم) زەینییەوە سەرچاوە بگرن.

لە نێوان کاتیگۆرییەک و ئەوەی ئەو کاتیگۆرییە بۆی بە کار دەبردرێ قەڵش و کەلێنیکی قووڵ ھەیە. کانت پێی وایە شتێکی تر پێویستە بۆ ئەوەی بە سەر ئەم کەلێنەدا پردێک لێ بدرێ. شتێ کە ھەم لە تێگەیشیە پەتییەکە بچێ و ھەمیش لەوەی لە ھەستدا پێمان دەدرێ، شتێ کە ھەم ھەستەکی بێ و ھەم ئەقڵی. کانت ئەم شتە ناو دەنێ سکیما و بەو ئەنجامە دەگات کە ئەم سکیمایە دەبێ کات بێ. کاتە کە ھەم ھەستەکییە و ھەم ئەقڵی. کەوابوو، کاتیگۆری سەرەتا دەبێ ببەسترێ بە کاتەوە تا شیاوی بەکارھێنان بێ.

بۆ نموونە، سکیمای کاتیگۆریی چەندێتی ژمارەیە، ژمارەش نوێنەرایەتییەکی زەینییە پێکھاتوو لە چرکەساتگەلی یەک لە دوای یەک. سکیمای کاتیگۆریی چۆنێتیش بریتییە لە پڕکردنەوەی کات بە ھەست. سکیمای پێویستیش بوون لە ھەموو کاتەکاندایە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • Hartnack, Justus. Kant's theory of knowledge. Translated by Hartshorne, M