دەیڤد لین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دەیڤد لین

لەدایکبوون
٢٥ی ئازاری ١٩٠٨ کڕیدون، ساری، ئینگلتەرا
مەرگ
١٦ی نیسانی ١٩٩١ (٨٣ ساڵ) لایمھاوس، لەندەن، ئینگلتەرا
نەتەوەئینگلیز
پیشەدەرھێنەر، فیلمنامەنووس


سێر دەیڤد لین (بە ئینگلیزی: Sir David Lean: لەدایکبووی ٢٥ی ئازاری ١٩٠٨ –کۆچی دوایی ١٦ی نیسانی ١٩٩١) دەرھێنەر، بەرھەمھێنەر، و فیلمنامەنووسی ئینگلیز بوو. لین بە یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی سینەمای بەریتانیایی دادەنرێت، بە درێژایی ژیانی پیشەگەری خۆی دەرھێنانی بۆ چەندەھا فیلمی مەزن و بەناوبانگ کردووە، ھەندێک لەوانە: دیداری کورت (١٩٤٥)، پردی سەر ڕووباری کوای (١٩٥٧)، لۆرانسی عەرەب (١٩٦٢)، دوکتۆر ژیواگۆ (١٩٦٥)، کچەکەی ڕایان (١٩٧٠)، ڕێڕەوێک بەرەو ھند (١٩٨٤)، و ھەردوو فیلمی ئارەزووە گەورەکان (١٩٤٦) و ئۆلیڤەر تویست (١٩٤٨) کە لە ڕۆمانەکانی چارڵز دیکنز وەرگیراون.[١]

لە سەرەتادا لین مۆنتاژگەری فیلم بوو لە ١٩٣٠کان، دواتر یەکەم فیلمی خۆی لەژێر ناوی «کە تیایدا خزمەت دەکەین» بڵاوکردەوە، کە ئەمەش یەکەم بەرهەمی بوو لەو چوار بەرھەمەی لەگەڵ نۆوێل کاوەرد ھەیبوو بەهاوکاری. لین دەستی بە بەرھەمھێنانی چەند فیلمێکی دیکە کرد لەو کاتە بە پشتگیری کۆمپانیا گەورەکانی هۆڵیوود، وە بە فیلمی «هاوینان» لە ساڵی ١٩٥٥ دەستیپێکرد. دوای بڵاوکردنەوە فیلمی «کچەکەی ڕایان» کاردانەوەی بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگران ئەوسا نەرێنی بوو و بە شکست لە قەڵەم ئەدرا فیلمەکە، ئەمە وایکرد کە لین بۆ ماوەی چواردە ساڵ پشووی لە فیلمسازی وەرگرێ، لەو ماوەیەدا لین پلانی بۆ چەند پڕۆژەیەکی فیلم داڕشتبوو، بەڵام ھیچ کامیان بڵاونەکرانەوە. لە ساڵی ١٩٨٤، لین بە فیلمی «ڕێڕەوێک بەرەو ھیندستان» گەڕایەوە ناو فیلمسازی، فیلمەکە کۆتا بەرھەمی لین بوو، وە ھەڵسەنگاندێکی باشی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بۆ کرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "David Lean", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2024-05-03, retrieved 2024-05-05