دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان - عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان - عێراق دامەزراوەیەکی حکومییە، بەپێی بڕگەی یەکەم و پێنجەمی ماددەی ٥٦ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢] ھەموارکراو، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزایرانی ھەرێم، پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە دانیشتنی ئاساییی ژمارە ١٣ی ٢٤ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری دەڕچوواندنی یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان - عێراقی دراوە. ئەم دەستەیە لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی ھەرێمدا، بوودجەیەکی تایبەتیی بۆ تەرخان کراوە و بە پەرلەمانەوە پەیوەست کراوە.[١]

ئامانجی دەستەی مافی مرۆڤ[دەستکاری]

ئامانجی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان - عێراق پارێزگاریکردنە لە مافەکانی مرۆڤ و پتەوکردن و داکۆکیکردن لێیان لە ھەموو لایەنەکانەوە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی مافەکانی مرۆڤ.[٢][٣]

ئەرکەکانی دەستەکە[دەستکاری]

یەکەم: ڕاو و ڕاوێژی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ پێشکەش دەکات و ڕاسپاردە بۆ وەزارەتەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە ھەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە.

دووەم: لە ڕیگەی چەسپاندنی بەھای لێبوردەیی و ماناکانی ھاوکاریی کۆمەڵایەتییەوە ڕۆشنبیریی مافەکانیی مرۆڤ و بابەتەکانی ژنان و منداڵان بڵاو دەکاتەوە.

سێیەم: چاودێریی گونجانی یاساکانی ھەرێم لەگەڵ بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان، پێشکەشکردنی پێشنیاز لەو بارەیەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

چوارەم: ھەڵسەنگاندنی پابەندبوونی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە حوکمەکانی بەڵگەنامە و بەندە تایبەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ھەردوو پەیمانە نێودەوڵەتییە تایبەتییەکانی مافەکانی شارستانی و سیاسی و مافە ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە، لەگەڵ دەرخستنی ئەو پێشێلکارییانەی کە دوور نییە بەھۆی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی ھەرێمەوە پەیدا ببن.

پێنجەم: ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی خولاوخول و دەرچوواندنی بڵاوکراوە و چاپەمەنی دەربارەی ڕێگاکانی باشترکردنی مافەکانی مرۆڤ لەناو ھەرێمی کوردستاندا لەگەڵ بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت لەبارەی چمکەکانی مافەکانی مرۆڤەوە.

شەشەم: سەردان و چاودێریکردنی بەندیخانەکان و بنکەکانی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و دەستبەسەرکراوانی بنکەکان و، لێپێچینەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی خولاوخول دەربارەی بەندییەکان و سپیردراوان بە چاکسازیی کۆمەڵایەتی و دەستبەسەرکراوان.

حەوتەم: وەرگرتنی سکاڵا لە خەڵک و لە کۆمەڵە و ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانیی مرۆڤ و دڵنیابوون لە ڕاستییان و ئاگاداریی داواکاری گشتی بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی و بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی دەکات.

ھەشتەم: ھاوکاری لەگەڵ ڕیکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا لەگەڵ کۆمەڵە ھزری و ئابووری و کۆمەڵاتییەکان ھاوکاری دەکات. ئەڵقەی لێ توێژینەوە لەگەڵ ھاووڵاتییان لە ھەرێمدا بە جۆرێک ڕێک دەخات کە ڕۆشنبیریی پابەندبوون بە بەندە یاسایییەکان و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان و بابەتەکانی مافەکانی مرۆڤەوە مسۆگەر بکەن - لەپێناوی سەروەریی یاسا و ڕێزگرتنی مافەکانی مروڤدا.

نویەم: لەگەڵ ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا ھاوکاریی و ھاودەنگی دەکات بە ئامانجی نوێنەرایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.

دەیەم:

ئەلف. ڕاپۆرتی ساڵانە ئامادە دەکات بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی واقیعی مافی مرۆڤ لە ھەرێمدا و بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەرز دەکاتەوە، لەگەڵ پێشاندانی ڕاسپاردەی بە کردار بۆ پاراستن و بەھێزکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان.

بێ. ڕاپۆرتی خولاوخول لەبارەی مافی مرۆڤ بە پەرلەمانی کوردستان دەدات و لە دەزگاکانی ڕایگەیاندندا بڵاوی دەکاتەوە.

ئەنجومەنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان - عێراق[دەستکاری]

ئەنجومەنی ئەم دامەزراوە پێک دێت لە:[٢]

  • سەرۆکی دەستە / سەرۆک.
  • بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ / بڕیاردەر.
  • نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران، پلەکەی لە پلەی تایبەت کەمتر نەبێت / ئەندام.
  • نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری / ئەندام.
  • نوێنەری داواکاریی گشتی / ئەندام.
  • دوو ئەندام لەوانەی کە کاری دادوەری، یان یاسادانان، یان یاسایییان بۆ ماوەیەک کردبێت کە لە دە ساڵ کەمتر نەبێت.

پەیکەری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان - عێراق[دەستکاری]

دەستەکە لەم فەرمانگانەی خوارە پێک ھاتووە:

  • فەرمانگەی کارگێڕیی و دارایی.
  • فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ.
  • فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن.
  • ڕاوێژکاران کە ژمارەیان لە دوو زیاتر نەبێت، دەبێ شارەزا و پسپۆڕ بن لە بوارەکانی مافی مرۆڤدا.
  • دەستەی ئەنجومەنی کارگێڕی کە لە سەرۆک و بەڕێوەبەری فەرمانگەی دەستە و ڕاوێژکاران پێک دێت.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Kurdistan Parliament". Kurdistan Parliament (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-05-07.
  2. ^ ئ ا "ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له‌هه‌رئمى كوردستان". ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له‌هه‌رئمى كوردستان. Retrieved 2021-05-07.
  3. ^ "پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان؛ لە ڕەهەندەکانی مافی مرۆڤدا". www.kdp.info. Retrieved 2021-05-07.